١٩\٣\٢٠١١ (میم)ەکەى شێرزاد حەسەن و (مان)ەکەى یەکێتی و پارتى.
ئه‌و دوو حیزبه بە درێژایى حوکمرانییان نەخشەى سیاسی‌یان داڕشتووە کە بە شێوەیەک بتوانن کۆنترۆڵی نەستى سەرجەم تاکەکانى ئەم ولاتە بکەن (بەو تاکانەشى کە لە دەرەوەى بازنەى هزرى ئەم دوو حیزبەن) و هه‌ڵسوکه‌وتکردنی سیاسەتێک لە رێگەیەوە بتوانن هێلیکى سوور لە نێوان خواستەکانى ئەمان و خواستەکانى ئەوان نەخشە بکەن و هەوڵی چاوترساندنى تاک ده‌ده‌ن و رێگرییان دەکەن لەبەردەم هەر کاردانەوەیەک تەنانەت مەدەنیش بێ، پێویستە بزانین کە هه‌ر جۆرە کاردانەوەیەکى مەدەنى ده‌بێ بە مافى سروشتیی و هه‌ڵسوکه‌وتێکی ره‌وشته‌کیی پێناسە بکرێ، مافى هەموو کەسێک و هه‌موو گروپێکه بۆ رووبەڕووبونەوەى هەر تاوانیک کە لە لایەن زۆردارنەوە بەرامبەر بە زۆرلێکراوان ئه‌نجام ده‌درێ چالاکى مەدەنیانە ساز بکەن، لە دونیاى رۆژئاوادا ئەم جۆرە کاردانەوانە بە سەرپێچیی مەدەنى دەناسرێن و ستراتیژییه‌تى ئەم سەرپێجییانە وەستانەوەیە لە دژى هەر تاوانێک کە ئەنجامەکەى زۆرترین کەس تێیدا زەرەرمەند ده‌بێ، بۆ نموونە (بزافى دژە ئه‌تۆمیی) لە ولاتى ئه‌لمانیا، یەکێک لە شێوازەکانى کارى ئەم بزاڤە گرتنى ئەو شەقامانەیە کە ئۆتۆمۆبیله‌کانى ئەو کارگانە هاتوچۆى تێدا ده‌که‌ن، لە کاتێکدا ره‌نگه ئەو جۆرە چالاکییانە جۆریک لە سەرپێچیی یاسایى دروست بکه‌ن بەڵام ئامانجەکه‌یان رێگەگرتنە لە ئەنجامدانى تاوانی گەورەتر.. رەنگە بە هۆیەوە ملیۆنان کەس لەبەردەم هەرەشەى لەناوچوون بن.
گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ئەو باره‌ی سەرەوە لەگەڵ سیاسەتى هەردوو حیزبى دەسەلات لە هەرێمی کوردستان.. دەبینین هەر یەکەیان لە دوو جەمسەرى جیاوازدان چونکە بە بۆچوونی حیزبییانه‌ی ئەوان هه‌ر سەرپێچییه‌کی مەدەنى کاریگەریی هەیە لەسەر کۆمەڵێک شت کە بە هەمان زمانى پاڵه‌وانەکەى رۆمانى (میم) دەریدەبڕن وەکو (گەلەکەمان، حکومەتەکەمان، ئاڵاکەمان، په‌رلەمانەکەمان ..... هتد) کە له حەقیقەتدا هەردوو گوزارشته‌که هەمان نێوه‌رۆکیان هه‌یه بەلام بە ریتمی جیاواز خۆیان دەرده‌خه‌ن، هاوکات پێمان دەڵێن هەر سەرپێچییەک کاریگه‌ریی خراپى ده‌بێ لەسەر ئەو وشانە، ( ئەوان خۆیان بە خاوەنی رەهاى ئەم وشانە ده‌زانن) وەکو ئەوەى گەل خاوەنیان نەبێ، هەر بۆیە دەبێ بە پره‌نسیپه‌کانى ئەوان کار بکەین چونکە لادان لەو پرەنسیپانە کاریگەریی خراپی هەیە لە سەر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی(مان).
|