په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٦

من سێزدە بندیوار دەناسم!

کاروان ئەحمەد قادر   


نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم لە داخی ئەم ١٣ بندیوارە (ئەنجومەنی دادوەریی)ی ١٣ ملیۆنییە! ئاخر لە کاتی بوونی دەیان ١٣ کێشەی گەورەی سیاسی و یاسایی و مافی مرۆڤ و رۆژنامەوانیی و ئابووریی و فڕاندن و کوشتن و داگیرکاریی و خیانەتی گەورە و چەندین کێشەی تردا ١٣ وشەتان نەدرکاند!

 

چاک دەزانن کە نیو ١٣ رۆژنامەنووس - سۆرانی مامەحەمە و کاوە گەرمیانی و دکتۆر عەبدولستار تاھیر شەریف و سەردەشت... - کوژران و نوقەتان لێوە نەھات؟! پێم بڵێن تاوانیان چی بوو جگە لە ئاشکراکردنی باندی لەشفرۆشیی و پەیوەندییان بە بە بەرپرسانەوە، یان ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو و ئاشکراکردنی بێتوانایی بارزانی باوک لە دروستبوونی پارتیدا، یان باندەکانی داگیرکاریی خاک و زەویواری ئەم دەڤەرە؟! لە ھەموشیان بەدبەختتر سەردەشت بوو کە تەنیا لەسەر خەوبینینێک بە عاشقبوونی کچەکەی بارزانییەوە لە پێناو خۆشبەختیی خۆی و خێزانەکەیدا فڕێندرا و کوژرا و دوای کوشتنەکەشی بە تیرۆریست بە خەڵکیان ناساند! پێم بڵێن ئەو کاتە ئێوە لە کوێ بوون؟!

 

دەی من باوەڕم بە چ شتێکی ئەم ١٣ بەڕێزە بێ لە کاتێکدا بەرپرسی کارگێڕیی و سیاسیی و یاسایی تیرۆر دەکرێن. پێم بڵێن عەمید پڵنگەکەی زێرەڤانی و دادوەری عەسکەریی پارتی و فەرەیدون جوانرۆیی و (ملازم)ەکەی ئاسایش (کە بەرپرسی کامیرایەکان بوو کاتی تەقینەوەکانی بەردەرگای ئاسایش) و جەوھەر نامیق سالم و زانا حەمە ساڵحی قایمەقامی سلێمانی و خالیدی خولەسووری سەرۆک خێڵی غەوارە و سەیدا موشیری ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووتان لەبیرە کە کوژران و تیرۆرکران؟

 

ئەی چاوتان خوێنی دەیان گەنجی خوپیشاندەری نەبینی لە ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٥ خەڵتانی خوێن کران و دەنگتان لێوە نەھات و، بە ھەر ١٣ کەستان کەسێکتان دادگایی نەکرد! ئەگەر تاریکەشەویش بووبێ دەبووایە چاوتان کڵپەی گڕی بارەگایەکانی یەکگرتوو و گۆڕان و کەناڵی تەلەفزیۆنی نالیاتان ببینیایە. ئاخر لە نەبوونی ئێوەدایە بکەر نادیارە و لێژنە و (سولحی عەشایەریی) جێگەی دادگا دەگرێتەوە!

 

پێم بڵێن رۆژێک لە رۆژان پرسیتان کێن ئەوانەی بازرگانیی نەوت لەگەڵ داعش دەکەن لە کاتێکدا جۆگەیەک خوێن رژاوە لە جەنگی دژی داعشدا ،یان پرسیتان ئەوانەی بازرگانیی بە مرۆڤ و خاکەوە دەکەن کێن و چین؟ پرسیتان کێن ئەوانەی کە ٨٠ ملیارد دۆلاریان دەستکەوتوە و چۆن بردوویانەتە دەرەوە؟! نا، دڵنیام نەتانپرسیوە و بۆ ١٣ چرکەش بیرتان لێ نەکردۆتەوە!

 

ئێوەیەک لەسەر جوولاندنی (کەیسی مستەشارەکانی ئەنفال) سزای سیاسیی دادوەر ھاوژین دەدەن و خۆتانی لێ بێبەریی دەکەن، ئێوەیەک بەرپرسەکەی گومرگی برایم خەلیل دەستگیر دەکەن چونکە ئاشکرای کردوە کە داھاتی برایم خەلیل بۆ گیرفانی پارتییە نەک لەسەر گەندەڵیی. ئێوەیەک لەسەر ٨٠٠٠٠٠ مووچەخۆری بندیوار و نایاسایی زمانتان نەبی لە کاتێکدا ٥ مانگە فەرمانبەری راستەقینە مووچەی وەرنەگرتوە، ئەی بۆ چ شتێک زمانتان ھەیە؟!

 

پێم بڵێن دەنگتان نەبێ لەسەر بەدەستەوەدانی سەدان کیلۆمەتر خاک و ھەزاران منداڵ و گەنج و پیر و پەککەوتەی ئێزیدیی بێ تاوان، ویژدانتان نەجوولێ و مافیان نەستێنن لەوانەی کە بە ئاشکرا و بە مەبەست و بە رێککەوتنی ژێربەژێر جێیانهێشتن و دەنگتان لێوە نەیەت. ئەی ئیشتان چیە و بۆ چ شتێک دەنگتان هەڵدەبڕن؟ کوا دەسەڵاتتان؟ ئاخر منێَکی ھاوڵاتی لەم ناوچەیە کە یاسای جەنگەڵ تێیدا سەروەرە تۆ مافم نەستێنی کێ بیستێنی؟!

 

بە دەیان ١٣ کێشە روویاندا و جارێک چاوتان نەکردەوە و ١٣ قسەتان نەکرد! دەیان ١٣ کچ و ژن خۆیان سوتاند لە تاو نایەکسانیی کومەڵایەتی و دەستدرێژیی سێکسیی بەڵام ١٣ کەستان بەسزا نەگەیاند!

 

ئێوە تەنھا دوو جار دەمتان کردەوە و دوو رستەتان درکاند، ئەویش رازیی نەبوون بە کەمکردنەوەی مووچەکانتان و درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی نایاسایی بارزانی! خۆزگە ئەو دوو جارەش دەنگتان لێوە نەھاتبا، چونکە جارێک بۆ بەرژەوەندیی خۆتان و جارێکیش بۆ بەرژەوەندیی حیزبێک و بنەماڵەیەک دوو وشەتان درکاند نەک بۆ گەل و بۆ گشتیی!

 

لە کۆتاییدا دەڵێم ھەروەک چۆن دەگوترێ ژمارە ١٣ شوومە، رەنگە ئەم نووسینەش بۆ من شووم بێ و مەرگی خۆمی پێوەبێ، چونکە حیزب پشتگیریی ئەم ١٣ بەرێزەیە، بەڵام ویژدانی زیندوو ھیچ کات بێدەنگ نابێ ئەگەر ژیانی تەنیا ١٣ رۆژیش مابی!

 


rozhnamanws@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک