په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١١\٢٠١٢

منارەی داھێنان.
- خوێندنەوەیەک بۆ چیرۆکی (منارەی ئاوەدانی)ی (کاروان کاکەسوور) -


بڵند رۆستەم        

میلان کۆندێرا: ئەدەب فاکتەری ئاشکراکردنی لایەنە شاراوەکانی مرۆڤە.
سارتەر: ئەدەب واتە ئاشکراکردنی دنیا و مرۆڤ.

چەمکی دەق و دۆزینەوەی پێناسەیەکی گشتی بۆ دەق بەر لە نووسینی دەق، پێویستی نییە و دەکرێ بەبێ ئەوەی لە خۆمانمان پرسیبێ دەق چییە، قسە لەبارەی دەقەوە بکەین و چەندین دەق لە ئاست و بواری جیاجیادا بنووسین. کردەی نووسین خۆی گوزارشتکردنە لە مانا و پێناسەی دەق. (پۆل ڕیکۆر) پێی وایە دەق گوتارێکە لە ڕێگەی نووسینەوە نەبێت. ناچەسپێت. لەو ڕوانگەیەوە قسە لەبارەی چیرۆکێکەوە دەکەم، کە (منارەی ئاوەدانی)یە، بەبێ ئەوەی پێناسەی چیرۆکم کردبێت. ئیشی چیرۆک کردنەوەی نیشتیمانێک نییە بە ڕووی دنیادا. ڕۆشنبیران لە یابان ھاوڕِان لەسەر ئەوەی بنەماڵەی (میچی) فاکتەری کرانەوەی یابان بوون بە ڕووی شارستانیەت و ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوادا نەک ھونەر و چیرۆک و نووسین بە گشتی. (منارەی ئاوەدانی) بە وێستگە و ئایدیا و میتۆدێکی دیاریکراوەوە نابەستمەوە، ھاوکات دژی ئەو ترادسیۆنە دۆگمایانەم کە ئەدەب پۆلێن دەکەن. میتۆدەکان لە ڕێگەی ئەو مەعریفەیەی ھەڵیانگرتووە، لەسەر گرفت و کەلێنی میتۆدی بەر لە خۆیان ئیش دەکەن. میتۆدخوازی خانەبەندکرنی ئەدەبە، ئەمەش زوڵم کردنە لە دەق. بەرھەمەکانی (ساموێل بێکت) دەدرانە پاڵ مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم، بەڵام مۆدێرنیزم و پۆستەکەی تێپەڕین، کەچی ھێشتا دەقەکانی ئەو نووسەرە خوێنەری خۆیانیان ھەیە و تێنەپەڕیون. (دیۆستۆڤیسکی) دەقەکانی بە نەیاری ڕیالیزمی سوریالیزم دادەنران و (لینین) لە بیستەکاندا گوتبووی ڕقی لە خاوەنی ڕۆمانی (برایانی کارامازۆف)ە. (لینین) کۆتایی ھات و (ستالین)یش بە دوایدا، بەڵام دەقەکانی (دۆستۆیڤسکی) ئێستاش دەخوێندرێنەوە و لای ھەندێک بە سیمبوڵ و سوپەر ناودەبرێن.

بەشێک لە کلاسیکیاتی چیرۆکنووس و ڕەخنەگر ئەو کاتە خۆی مانیفێست دەکا کە ئیش لەسەر سۆز دەکرێ. نزیکبوونەوە لە سۆز بە مانای دوورکەوتنەوەیە لە شوناس (مەبەست لە سۆزێکی نائەقڵانییە، چونکە زۆربەی سۆزەکان لە بۆشاییدا دروست نابن و بە فکرەوە دەبەسترێنەوە). شتە چەسپاوەکانیش سوود لە سۆز وەردەگرن. مەرج نییە قوڵبوونەوە لە ھەموو بابەتە ھزرییەکان و گەڕانەوە بۆ لقە ئاڵۆزەکانی فەلسەفە و گەڕان بە دوای یاساکان بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپی یاسایی بۆ قسەکردن لەبارەی چیرۆکەوە بە تایبەتی ئەو چیرۆکانەی (کاروان کاکەسوور) دەیاننووسێ، پێویست بن (لێرانەدا باسی یاسا دەکەم و باسی فکر ناکەم، چونکە یاساکان بەرھەمی سۆز و فکرن و سۆزیش وەکو بەشێکی دانەبڕاو لە فکر باسی کراوە).


چیرۆکنووس بەبێ بوونی خوێنەری جدییش دەتوانێ زۆر جار داھێنان بکا. دژی ئەو بۆچوونەی (عەبدولموتەلیب عەبدولا)م، کە پێی وایە داھێنان ئەوکاتە دەردەکەوێ، کە ئامادەگیی ھۆشیارانەی خوێنەر و بیرکردنەوە و چێژی خوێندنەوە بوونیان ھەبێت و داھێنان بێ بەشداریی خوێنەر لەنگە. (عەبدولموتەلیب) ئاستی داھێنانی بەستۆتەوە بە ڕێژەی خوێنەرەوە. ئەو بۆچوونە خەساندنی داھێنانە وەکو چەمکێک و سەندنەوەی ئازادییشە لێی وەکو کردەیەک. داھێنان پێویستی بە ئامۆژگاری و سنوور نییە. ئەمە بەتاڵکردنەوەی وزەی داھێنانی پێ دەڵێن.


چیرۆک وەکو ژانرێکی ئەدەبی، زۆر جار لقی زانستی و فکری و کەڵکەڵەی ھزری مۆدێرنی لێ دەبێتەوە. بۆ لێدوان لەبارەی چیرۆکگەلێکی لەو شێوەیەوە، ئەوەندەی پێویستیمان بە دۆزینەوەی توخمە چیرۆکییەکان و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی دەقە ئەدەبییە جۆراوجۆرەکان ھەیە، دوو ئەوەندە پێویستیمان بە گەڕانەوە ھەیە بۆ ڕووتێکردنی زەینی و سەرچاوە فەلسەفی و ئایدۆلۆژی و کۆمەڵناسی و زانستییەکان بە گشتی. بە خوێندنەوەی ھەندێک چیرۆک، دەگەڕێینەوە بۆ گەردوون و نھێنییە گەردونییەکان، ئەمە بۆ ئەو چیرۆکانەی گرنگی بە ڕووداوە بینراوەکان دەدەن و کەمتر ئیش لەسەر ئەفسانە و خەیاڵ دەکەن، ئەو چیرۆکانە سەردێری نزیک لە زەینیان ھەیە. ئەو چیرۆکانەشی لە دەرەوەی گەردونەوە سەرچاوە دەگرن و وەکو چیرۆکی ناواقیعی پێناس دەکرێن و جێگیرمان دەکەن لە ناو ئەو فەزایەی چیرۆکەکەی تێدا دەخوێنرێتەوە. جێگیرکردنەکە زادەی گەڕان و ئاشکراکردنێکی بەردەوام بووە لە سەرەتادا، فێرە جۆرێک لە ھۆگریمان دەکەن بە بابەتە سەیر و نامۆکان و تەسکردنەوەی بازنەکانی واقیع، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بەرەو کامڵبوونی ئەدەبیاتمان ببەن. چیرۆکنووسەکەش ھەوڵ دەدا وەکو بۆھیمی یان پێشەنگ دەربکەوێ. (رۆبەرت مۆزیل)ی چیرۆکنووس لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ:


ددان بەوەدا دەنێم کە ئەوەی دیرۆکی نییە، من لە بەردەمی ڕووداوە واقیعییەکاندا نیم، دەتوانین لە بڕی ئەوان ڕووداوی تر بگێڕینەوە.


نووسیومە (مارکیز)ی ڕۆماننووس لە ڕۆمانی (خەزانی بەتریارک)دا پەنای بۆ سەرچاوەی شێوەکاری بردووە. مارکیز لە تەمەنی ٩ ساڵیدا گەشتێک بە نێو ڕووباری (مەجدۆنیا)دا دەکات و لە ڕۆمانی (خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلێرا)دا دووبارە بۆ ئەو گەشتە و دیمەنەکانی ئەو ڕووبارە دەگەڕێتەوە. (مارکیز) پێی وابوو شێوەکارەکان وێنەی ڕووباری (مەجدۆنیا)یان جوان کێشاوە. (کاروان)یش لەو چیرۆکەدا دیمەنە جوانەکانی ئەوروپا بە ‌لاوە دەنێت و بۆ وێنەیەک دەگەڕێتەوە ڕۆژھەڵات، کە وێنە منارەی چۆلییە. سەرەتای چیرۆکەکە ئاوایە:


لە کاتێکدا دەستت لەناو قوڕەکەدایە و دەتەوێت ئەسپێک بۆ (ئالان)ی خوشکەزات دروست بکەیت، خۆشت نازانی بۆ بیر لەوە دەکەیتەوە، کە تۆ ئەوەتا وا تەمەنت لە چل تێدەپەڕێت و ھێشتا منارەی چۆلیت لە نزیکەوە نەبینیوە.

چیرۆکی (منارەی ئاوەدانی)ی (کاروان کاکەسوور) ڕاڤەیەکی دیکەی جیاوازی داھێناوە بە پشت بەستن بە زمانی ئۆرگیناڵ. لە ڕێگەی چیرۆکەکەوە جیاوازی لەنێوان چیرۆکی مەعریفی و ئیبداعی و چیرۆکی پەرپوتدا دەبینین. دەقەکە ورد نووسراوە و ڕەچاوی وردبینیی مەعریفی کراوە و پێمان دەڵێ کەڵەکەبوونی شتە دووبارەکان ئاماژەن بۆ فکرێکی تەسک و نووتەک و سەرچاوەیەکی شێواو و تەسلیمبوو بە ھیچ. (سەلامە موسا) کە نووسەرێکی مسرییە و بەرھەمی دیاری ھەن، وای داناوە کە نابێ نووسەر لە دەربڕینەکانیدا وردبینی مەعریفی لە بوارەکانی فەلسەفە، ئەدەب، ئەخلاق ڕەچاو نەکا.


چیرۆکەکە پێشکەش بەو کەسە کراوە، کە وای لە چیرۆکنووس کردووە بە ناچاری واز لە یاریی تۆپی پێ بھێنێت. وازھێنان لە تۆپی پێ بەبێ مردنی ئەو حەزە لە ناخدا، وازھێنانە لە کردەیەک بە قسەی جێناوی سەربەخۆی کەسی سێیەمی تاک، قسەیەک ھێندە کاریگەریی دەبێت، تۆپ دەبێتە بۆمبێکی دانراوە، بەڵام فوتباڵ وەکو ھونەرێکی نزیک لە چیرۆک و ئەدەب و فکر و جوانی، لە ناخیدا ڕەگی خۆی قایمتر دەکا:


پێشکەشە بەو ھاوڕێ یاریکەرەم، کە لە بەھاری ١٩٨٢ لە ستادیۆمی ھەولێر لە بەرچاوی دەیان کەس گاڵتەی پێ کردم و پێی وتم: (بڕۆ واز لە تۆپ بێنە، چونکە تۆ نە لە تۆپ تێدەگەی و نەدەزانی شووتی لێ بدەی)... ھەر بە ڕاستی لەو کاتەوە من نەمتوانی یەک شەقی تر لە تۆپ ھەڵبدەم و وازم لە تیمەکەمان ھێنا، بەڵام ئەوە وای لێ نەکردم لە خەیاڵی خۆمدا دەست لە یاریی فوتباڵ ھەڵگرم.

ئەو چیرۆکە قسەکردنە بۆ ئەوی دیکە، بەڵام ھەست بە خودئاگایی و بێزاریی نووسەرەکەی دەکەی لە قەیرانەکان، ئەمەش ھاوتەریبە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەدەبیات، کە دەرەنجامی قەیرانەکانن. دوای شکستی شۆڕش، ئەدەبیاتی کلاسیک لە دەقەکانی (شارل بۆدلێر) و (گۆستاڤ فلۆبیر) چڕ بۆوە کە پڕ بوون لە کێشە و قەیران. (سارتەر) باوەڕی بە کاریگەریی بیۆگرافی ھەبوو لەسەر دەق و پێی وابوو ئەو نووسەرەی خودئاگایانە دەنووسێ بەرەو جۆرێک لە عەفەویەت دەچێت. من لەگەڵ ئەو بۆچوونەی (سارتەر) ناکۆکم، بە تایبەتی کە ئێستا خەریکم قسە لەبارەی چیرۆکی منارەی ئاوەدانییەوە دەکەم و ھیچ عەفەویەتێک نابینم. (کاروان) باسی قەیرانی مەملەکەتێک دەکا لە دەرەوەی ئەو مەملەکەتە. کاتێ ئەو چیرۆکە دەخوێنینەوە و دواتریش دەبیستین نووسەرەکەی لە دانیمارک دەژیێ تووشی شڵەژان دەبین، ئەمەش جیاکەرەوەی چیرۆکی (کاروان)ە لە چیرۆکی (شێرزاد حەسەن، عەتا نەھایی، عەتا موحەمەد، یوسف عیزەدین و... ھتد)

ئەگەر بەراوردێک لەنێوان (کاروان کاکەسوور) و (شێرزاد حەسەن)دا بکەین، دەبینین (شێرزاد) کێشەی بەردەوامی ھەیە و نەیتوانیوە بە ھەمان ھەناسەی (حەسار و سەگەکانی باوکم) درێژە بە ئەزموونی نووسینی خۆی بدا، کاتێکیش دەگەینە سەر خەونی جاڵجاڵۆکان و ژنێکی منگن تووشی نائومێدی دەبین. بەردەوامی نەبووەتە کێشە لە بەردەم ئەزموونی نووسینی (کاروان)دا. (بەختیار عەلی) لە شوێنێکدا لەمەڕ بەرھەمێکی (کاروان)دا پێی وایە ئەگەر ئەو بەرھەمەی (کاروان) باشترین کۆمەڵە چیرۆکیش نەبێت کە لەو چەند ساڵەی دوایی خوێندوویەتیەوە، ئەوا بێگومان یەکێکە لە باشترینەکان. ئێستا کە من ھاتووم قسە لەبارەی منارەی ئاوەدانییەوە دەکەم، ماوەیەکی زۆر بەسەر وتەکەی (بەختیار)دا تێپەڕیوە، بەڵام ھەمان بۆچوون دوبارە دەکەمەوە. ناڵێم ئەو بۆچوونەی من تەواو عەقڵانییە، بەڵام دڵنیام لەوەی پێچەوانەکەی نییە.. عەقڵانیەت لە پێناسە کۆنەکەیدا بریتییە لە پشتبەستنێکی قایم بە عەقڵ و نەگەڕانەوە بۆ واقیع و ئەزموون بە مەبەستی شیکردنەوە و گەیشتنە ئەنجام. مەبەستی من لە عەقڵانیەت ئەو بۆچوونە تەقلیدییە نییە، من باوەڕم بە گەڕانەوە بۆ واقیع ھەیە. عەقڵانیەت (rationalism) لە لای (فاروق ڕەفیق)، ئەو قوتابخانە فەلسەفیەیە کە لە سەرەتاکانی سەرھەڵدانی فەلسەفەی مۆدێرنیتە و پێگەیشتنی شانبەشانی ئەزموونگەرایی empiricism)) ھاتە کایەوە. (فاروق) پێی وایە عەقڵانیەت ناوێکە بۆ کۆمەڵێک تیۆری جیاواز، کە خاڵی ھاوبەشی نێوانیان باوەڕە بە عەقڵی مرۆڤ کە دەتوانێ وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکانی ناو کایەی فەلسەفی بداتەوە، بەڵام من عەقڵانیەتم بۆ (منارەی ئاوەدانی) بە مانای گەڕانەوەیەکی ھێواش بۆ عەقڵ بە ‌کار ھێناوە و ئەو ڕۆڵە گەورەیەم نەبەخشیوەتە عەقڵی مرۆڤ. مرۆڤ کە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لە چلۆنایەتیی ناخ و نھێنییەکانی خۆی بگات، مەحاڵە بتوانێ وەڵامی ئەو پرسیارە گەورانە بداتەوە، کە فەلسەفە دەیانکات، مەبەستم لە گەورەیی پرسیارەکان لە ڕووی قەبارەوەیە نەک لە ڕووی بەھاوە. عەقڵ لای من چیتر ئەو ئەرکە قورسەی لەسەر نییە کە (فاروق) و بەشێکی زۆری فەلسەفەکارەکانی ڕۆژئاوا بۆیان دیاری کردووە، بە تایبەتی لە مەسەلەی پەیوەست بەو بەشەی ئەدەبەوە. ھەڵبەتە ئەوان ئەو ئەرکە بە ئەرکێکی قورس دانانێن، بەڵکو بە فاکتەری جووڵانەوەی عەقڵی دادەنێن. بە پێچەوانەوە من بە ماندووکردنێکی بێمانای عەقڵی دادەنێم و ھیچی تر. دیسانەوە وتە بەناوبانگەکەی (کارل مارکس) دەھێنمەوە: بیرکردنەوە لێناگەڕێ بژیم.

من بۆ قسەکردن لەبارەی ئەو دەقەی (کاروان)ەوە عەقڵم نەکردۆتە سەنتەر. ئەرکی عەقڵ لە چیرۆکدا ئاشکراکردنی شتە پەنھان و نادیارەکان نییە بە پشتبەست بە کەرستەی بەرجەستە. گەر وامان کرد ناچار دەگەڕێینەوە بۆ ئەو غەریزانەی قاچێکیان لە نادیارە و قاچێکی تریان لە دنیادایە، بە مەبەستی فەراھەمکردنی ژیان و گەیشتن بە حەقیقەتی پێویستبوونی بوونی چیرۆک و غەریزەی مانەوە.

ئەو بۆچوونەی (شۆپنھاوەر) کە پێی وایە دەبێ لە بەرانبەر بوونی جیھان شیوەن بگێڕین نەک پێبکەنین، ڕەت دەکەمەوە. شیوەن گێڕان بۆ بوونی جیھان بە شێوەیەک لە شێوەکان کەمکردنەوەی بەھای ئەدەب و چیرۆکە، بە تایبەتییش کە ئەو ئەرگۆمێنتانەی (شۆپنھاوەر) پشتی پێ بەستوون، لەگەڵ ئەو ئەرگۆمێنتانە تێکناگرنەوە کە من بۆچوونەکانی خۆمم پێ سەلماندوون لە باسەکانی پێشترمدا. پێشم وایە بۆچوونەکانی (شۆپنھاوەر) ئەنجامی نەبوونی ھەندێ گوتاری سەرەکییە. ئایدیا فەلسەفییەکان و فەلسەفە وەکو یەکێک لە جدیترین کایەکانی مەعریفە ناکوژێنمەوە و بەھایان کەم ناکەمەوە، بەڵام دەبێت پرسیارە فەلسەفییەکان لە دەرەنجامی تێگەیشتنی تەواو لە ئەدەبی مۆدێرندا سەرچاوە بگرن.


مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو چیرۆکە تووشی وەسوەسەی بڕیاردانمان دەکا. بۆچوونەکانمان لە دێرێکیەوە بۆ دێرێکی تری دەگۆڕێن، کاریگەری چیرۆکەکەش لەسەر خوێنەرێک بۆ خوێنەرێکی تر جیاوازە. لە لای (رۆلان بارت) تێکستی نووسراو زیاتر لە واتایەک ھەڵدەگرێ و فرەدیو و فرەناوەرۆکە. واتاکەی لە خوێنەرێکەوە تا خوێنەرێکی تر جیاوازیی ھەیە. (دێریدا) پشتئەستوور بە ھەڵوەشاندنەوە و شۆڕبوونەوە بۆ نێو ھەیکەلیەتی زمان و گوتاری سەنتەریزمی لۆگۆسی خود سەنتەریدا، بە گومان بوو لەوەی دەق یەک واتا ھەڵبگرێ، بەڵکو ڕەچاوی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەق دەکرد. ئەمەش بناغەی فەلسەفەکەی (دێریدا) و ئەو گۆڕانانە بوو کە لە ھزری فەلسەفیدا ڕوویان دا. بەمەش زەبرێکی کوشندەی لە بونیادی گوتاری ھزری و ئەپستمی ڕۆژئاوا دا.


من ھەستم بە سادەبوونەوە و ژیان کرد لە دنیای نێو چیرۆکەکە، بە پێچەوانەی چیرۆکەکانی (کافکا) و (جیمز) کە دنیا لە چیرۆکەکانیان وەکو شتێکی ئاڵۆز و بێمانا دەردەکەوێ. جیاوازیی (کافکا) لەگەڵ (جێمز) لەوە دابوو، (کافکا) بە دوای مانایەک بۆ دنیا دەگەڕا، بەڵام (جێمز) باوەڕی بە ھیچ نەبوو. جیاوازیی دنیای (کاروان) لەگەڵ ھەردووک چیرۆکنووس لە بوونی مانایەکە بۆ دنیا، تەنانەت ئەگەر ئەو مانایە سەرچاوەکەی بێمانایش بێت. کوژرانی (ست ساماڵ) بە دەستی (ساماڵ)ی کوڕی و کوژرانی (ڤیان) لەسەر قسەی باوکی مانا و دەلالەتە شاراوەکانی دنیایان لە پشتە، لەناو کوشتنیشدا ھێشتا دنیا ھەناسە دەدا. نامەوێ (کاروان) لەگەڵ (کافکا) و (جێمز)دا بەراورد بکەم، بەڵکو دەمەوێ دەقەکانیان بە یەکدا بدەم، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو بەیەکدادانەوە مانا مانیفێست بکەم. ئەو بەراوردکردنانە ئەوەندەی زیانیان بۆ دەق ھەبووە سوودیان پێ نەگەیاندووە. (ئەحمەدی مەلا) پێی وایە دەکرێ (مەحوی) لەگەڵ (سەعدی شیرازی)دا بەراورد بکرێت، چونکە ھەست بەوە دەکرێت (مەحوی) (شیرازی)ی بە کوردی نووسیوەتەوە. ئەو بۆچوونەی (ئەحمەدی مەلا) دیوانەکەی (مەحوی) لە نێو گوڵستانی (شیرازی)دا بەند دەکا، گوڵستانێک ئەگەر ھەموو گوڵە جوانەکانی دنیای تێدا بێت حاجیلەی کوردەواریی تێدا نییە. ئەو بۆچوونە دەرەنجامی نەخوێندنەوەیەکی وردی (شیرازی)یە بە زمانی فارسی.


چیرۆکەکە لە دروستکردنی ئەسپێکی قوڕینەوە دەست پێ دەکا. ئەسپی قوڕین دەکرێ وەکو دیارکەری ژینگەی کۆمەڵایەتی و ناکۆمەڵایەتی و کاتی چیرۆکەکە چاوی لێ بکرێ. ڕاستەوخۆ بۆ دیاریکردنی کاتی ڕووداوەکە ئیش نەکراوە و بایەخ دراوە بە لێکتەنراوی. بۆ ئاشکراکردنی ناوی کارەکتەری سەرەکییش کە (زێرەڤان)ە، ھونەرێکی دیکە بە کار ھاتووە و چیرۆکنووس ڕاستەوخۆ نەیگوتوە کارەکتەرەکەمان (زێرەڤان)ی ناوە:


ئەگەرچی تۆ تاکە ڕیزێرڤ نەبوویت، بەڵام ئەو ناوە تەنھا بەسەر تۆدا بڕا و ھەر ئاوا بانگ دەکرایت... سەرەتا وات دەزانی وشەکە ھەندێک لە ناوی خۆتەوە نزیکە، یان با بڵێین لەنێوان (ریزێرف) و (زێرەڤان)دا زۆربەی پیتەکان ھاوبەشن.....

گرنگترین ئەو چەمکانەی پەیوەستن بە دەقەکەوە:

ئەو کاتەی چەمکەکان جگە لە مانا بنەڕەتیەکانیان مانایەکی دیکەی دوور لە مانا ڕاستەقینەکەی خۆیانیان پێ دەدرێ، جۆرە گەمەیەکی زمانەوانی دێتە پێشەوە و چێژێکی ئەدەبی دەبەخشێ. وشەی (mach) کە بە مانای یاریی نێوان دوو تیم دێت، نزیک کراوەتەوە لە وشەی (ماچ)ی کوردییەوە. وشەی (coach) کە بەمانای ڕاھێنەر دێت، پێوەندییەکی ئەدەبی بۆ دروست کراوە لەگەڵ وشەی (کۆچ)ی کوردی. کۆمەڵە چەمکێکیش زەق کراونەتەوە:

١- ترس و چێژ:

 

لە دەقەکەدا پێوەندییەک لەنێوان ترس و چێژدا ھەیە. لە ترسان لەو چیرۆکانەی باسی منارەی چۆلی دەکەن تا ترسان لە (ست ساماڵ) کە مامۆستایە لە یەکێ لە قوتابخانەکانی کچان و بە ھۆی لە سێدارەدرانی مێردەکەیەوە بە بەردەوامی جلی ڕەش دەپۆشێ، ھاوکات چێژ وەرگرتن لە لایەنێکی چیرۆکەکان و جوانیی (ست ساماڵ). نەترسان نیشاندانی ئادگاری مرۆڤی ڕاستەقینە نییە. لای من شتێک نییە بە ناوی مرۆڤی ڕاستەقینە و مرۆڤی وەھمی. (میشَێل فۆکۆ) بە ھۆی ئەو ڕەخنە بەھێزانەی ئاڕاستەی کران، خەڵکی لە فەلسەفە ڕادیکالییەکان دوور خستەوە، پێی وابوو شێتەکان مرۆڤی ڕاستەقینەن، چونکە شێت دەرک بەو مەعریفەیە دەکا کە گەیشتن پێی ئەستەمە و شێتیی لە دیاردەیەکی پزیشکییەوە کرد بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی. بۆچوونی من زیاتر لە وتەکەی (پاسکال)ەوە نزیکە کە پێی وابوو شێتەکان تا ئەندازەیەک شێتن، نکوڵیکردن لەو شێتییە بۆ خۆی جۆرێکی ترە لە شێتی. (فۆکۆ) دەڵێ: شێتی ھونەرمەند و ئەدیب لەودیو خەیاڵدانیەوە خۆی مەڵاس داوە. (زێرەڤان) شێت نییە و چیرۆکەکەش شێتانە شێتیی نەگێڕاوەتەوە. بوونی ھەر ڕەفتارێکی شێتانەش لە چیرۆکەکەدا پێوەندیی بەو ترس و چێژەوە ھەیە، کە پێشتر باسمان کرد، نەک بە ڕادەی ژیری و پیاوبوونەوە.


٢- بوون:

 

فکری (ھایدگەر) بە ڕەتکردنەوەی ئایدیاکانی (دیکارت) دەست پێ دەکا. گەورەترین کاریگەریی لەسەر فەلسەفە و میتافیزیکی ڕۆژئاواییدا ھەبوو. بە بەردەوامی دەیپرسی: بوون چییە؟، ئەو پرسیارەی لە سەردەمی (سوقرات)ەوە تا سەردەمی (دیکارت) بە لاوە نرابوو. (ھایدگەر) ئامادەگیی تێدا نەبوو دەست لەو پرسیارە ھەڵگرێت و دەیگوت ئەو کەسە فەیلەسوف نییە پرسیاری زۆر و زەبەند دەورووژێنێ و بەبێ وەڵام دەیانھێڵێتەوە، ئەو کەسە فەیلەسوفە کە ھەموو ژیانی بۆ تاقە پرسیارێک تەرخان دەکا. ئەنتۆلۆجیا لە فەلسەفەی ھاوچەرخدا بەھای بۆ گەڕایەوە. باسی بوون باسێکی قوڵە و گێڕانەوەی مەحاڵە، بەبێ بوونی پێناسەیەکی گشتیی بوون (وجود) و عەدەممان کردبێت بە دژی یەکترمان داناون. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو چەمکە لە چیرۆکەکەدا مامەڵەیەکی تایبەتییە بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی (ئەرستۆ)وە، کە پێی وایە بوون گشتگیرترین و ھەمەکیترینە و دەکرێ بە فەلسەفەی یەکەم ناوی ببەین وەکو جیاکارییەک لەگەڵ فەلسەفەی دووەم کە زانستی سرووشتە. لە چیرۆکەکەدا باسی بوون و پێوەندیی مردووەکان بەم دنیایەی ئێمەوە و ھێنانەوەی مردووەکان لە منارەی چۆڵی ھاتووە.

٣- کۆمەڵایەتیبوون:


ئەگەر چیرۆکنووس بکەوێتە نێو نەستی کۆوە، مانای وا نییە کەوتبێتە ژێر کاریگەریی فیکری مێگەڵ و کۆنەپارێزانەوە. نزیکبوون لە کەسێک یان کەشێک مانای تێگەیشتن نییە لێی. (فوئاد ڕفقە)ی شاعیری لوبنانی کە وەرگری خەڵاتی گۆتەیە دەڵێ "من زۆر لە گۆتەوە نزیک بوومە،‌ بەڵام لێی تێنەگەیشتم، چونکە دەتوانم لە فەیلەسوف، شاعیر، زانا، پیاوی یاسایی تێبگەم، بەڵام تێگەیشتن لە کەسێک کە ھەموو ئەوانەی لە خۆ گرتووە،‌ ئاستەمە". منارەی ئاوەدانی پێوەندیی بەو کەشوھەوا کۆمەڵایەتییەوە ھەیە، کە نووسەر تێیدا ژیاوە، پێچەوانە لەگەڵ بڕێک لە فەیلەسوفەکان کە پێیان وایە پێوەندیکردنی بەھا ڕۆحییەکان بە ئەدەبیشەوە بە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان، مانای تێگەیشتی لاوەکیی ئەو بەھایە دەگەیەنێ..

٤- عیشق:


ستوونێکی ئامادەیە لە دەقەکەدا، ئەوە عیشق بۆ منارەی چۆلییە وا لە (زێرەڤان) دەکا، دەست لە دروستکردن ھەڵبگرێ و بەرەو دروستکراوێک کە منارەکەیە بچێت. عیشق پەنھانە لە تێکستەکە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ بوونی نەبێت. دیاریکردنی جۆری ئەو عیشقە تۆزێک زەحمەتە. (ستاندال) عیشق پۆلێن دەکا بۆ جۆرەکانی: ١- عیشقی پەرۆشی، passion-love)٢- - عیشقی جوانیناسانە) ، aesthetic love) -٣- عیشقی فیزیکی "عاشقبوون بە جەستە"). عیشقی (زێرەڤان) لە جۆری یەکەمەوە نزیکە. دوای چل ساڵ عیشقی بینینی منارەی چۆڵی لە نزیکەوە لە ‌لای سەر ھەڵدەدا وەکو بابەتێکی ئایدیاڵ، ئەمەش کۆکە لەگەڵ (سپیونزا) کە پێی وابوو عیشق دەبێت ئاسوودەییەکی پشت بەستوو بە مەعریفە و ھۆکارەکانی بێت. جوانی وەکو ھۆکارێکی مەعریفە، بە شێوەیەکی سەربەست بوونی نییە، بەڵکو بینینی بەستراوەتەوە بە شتە وەھمی و بەرجەستەکان بە دەقیشەوە، کە لەنێوان وەھم و بەرجەستەکاندایە. مەرج نییە لەناو ھەموو جوانییەکدا ویست لە ناو بچێت و لە شکۆمەندا بمێنێتەوە وەک ئەوەی (شۆپنھاوەر) دەبێژێ. ویست لە شکۆمەندی کارای (شۆپنھاوەر) و شکۆمەندی میکانیکی (کانت)دا بوونی ھەیە.

٥- خۆکوشتن:


ئایا خۆکوشتن لەنێو چیرۆکدا تاوانە یان ھەڵەیە؟. تازەگەریی ڕۆژئاوایی لەسەر فەردانیەت و بنچینەی میتافیزیکای شاردنەوە وەستاوە و ئەو فەردانیەتە ژنیشی گرتۆتەوە.

رەخنەی (شۆپنھاوەر) لە یەھودگەرایی و زانا یەھودییەکان لەوەدایە، خۆکوشتنیان حەرام کردووە بەبێ ئەوەی لە کتێبەکانیاندا حەرام یان حەڵاڵ کرابێ.
بە ڕای (شۆپنھاوەر) خۆکوشتن ڕێگرە لە بەردەم زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر ویستدا، بەڵام ھەمان بۆچوونی (ئەرستۆ) و (ژان ژاک ڕۆسۆ) و (زەینۆن)ی ھەیە، کە ھەر کاتێ مرۆڤ لە ھەموو لایەکەوە پاڵی پێوە بنرێت بۆ خۆکوشتن و ئیتر ژیان بۆ ئەو قەفەسێکی داخراو بێت، دەکرێ خۆی بکوژێ. (شۆپنھاوەر) خۆکوشتنی بە تاوان دانەناوە و بەھەڵەی داناوە. (ئەمیل دۆرکھایم) بۆچوونێکی تا ڕاددەیەک نزیکی ھەیە لە (شۆپنھاوەر). ئەو لە کتێبی (خۆکوژی)دا خۆکوشتن بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبەستێتەوە. (فرۆید) دەیگوت خۆکوشتن سەرەتای لەدایکبوونە. بە بۆچوونی من بۆی ھەیە ئەو تێزەی (شۆپنھاوەر) بۆ دەقە ڕۆژئاواییەکان قسە ھەڵبگرێ، بەڵام بۆ چیرۆکە ڕۆژھەڵایەتییەکان بە تایبەتی ئەو چیرۆکانەی (کاروان کاکەسوور و سادقی ھیدایەت و مەحمود دەوڵەت ئابادی و عەزیز نەسین و..... ھتد) دەیاننووسن بایەخی نابێت، مەگەر نووسەر بیەوێ لە ڕێگەی خۆکوشتنەوە بەھای خۆکوژەکە دیاری بکا، بیەوێ لە ڕێگەی کوژرانی ژیانەوە جوانیی ژیان پێشان بدات (ماناکەی). ئەو جیھانبینییەی (شۆپنھاوەر) کاریگەریی لەسەر (نیتشە) ھەبوو و ئەویش لە قۆناغێکی دیاریکراودا دنیای بە ڕەشی دەبینی و پێی وابوو مرۆ ئەگەر بیەوێ حەزەکانی بێنێتە دی ئیشی لەسەر وەھم کردووە، دواتر بە ئەزموون ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنێ، تەنانەت ڕەتی ئەلکھول و ماددە بێھۆشکەرەکان دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێ ئەلکھول و مەسیحیەت یەک سەرچاوە کۆیان دەکاتەوە، ئەویش بێ ھۆشکردنی خەڵکە.

٦- ژن:


ژن لە چیرۆکەکەدا یەکسانە بە (ڕۆح + جەستە). لە دەقەکەدا تەنیایی وەرسکەرە، بەڵام تەنیایی ژن کوشندەیە. تەنیایی کوشندە بە مانای مانەوەی تەنھا لەگەڵ خود نایەت، بە مانای سڕبوون و متبوونی ئەبەدی دێت. ژنی سڕبوو تەنیایە، بەبێ ئەوەی حەز لەو تەنیاییە بکا یان بیری لێ کردبێتەوە. (ست ساماڵ و ڤیان) دیارترین نموونەن. بیرکردنەوە لە ژن بەرھەمی مەعریفەیە، واتە ئەوە مەعریفەیە ئەو ڕۆڵە دەگێڕێ کە ژن وەکو کێشە سەیر بکرێ. ژن وەکو کێشە لە بەردەم ئاراستەکردنە ناڕەواکانی پیاودا ھاتووە. دەقەکە پێمان دەڵێ: بەھۆی بوونی ناکۆکییە فکری و جیاوازییە میتۆدییەکانی نێوان ژن و پیاو، کارەکتەری ژن لە ‌لای بەشێکی گەورەی پیاوانی دنیا، خەسڵەتی عیشقە مۆدێل و خودی پێ دراوە و زۆرجاریش لەو ڕوانگەیەوە پەراوێز خراوە. تاقیکردنەوە و تەفسیرکردنی ڕەوتی ئایدیاکانی ژن، لە ڕێگەی دنیابینی و مەرام و نیازی لۆژیکناسە پیاوەکانەوە، زوڵمێکە بەرانبەر ژن ئەنجام دەدرێ. پیاو قەت لە ژن و چلۆنایەتیی ناخ و کێشە و مەعریفەی ژن تێناگا، ئەگەر لەو بازنە کۆنەی ھەیەتی دەرنەچێت و بڕیارەکانی باکگراوندێکی ژنانە لە خۆ نەگرن. لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری، فلتەرێک نییە بەشێک لە حەقیقەتی ژنبوونی لە خۆ گرتبێت، بۆیە بۆچوونە دروستەکان دەبنە دۆگما. لەو وڵاتانەی نەتەوە جیاوازەکان تێکەڵبوونە و وڵات بەرەو پلورالیزمێکی کۆمەڵایەتی چووە، مەودای نێوان ژن و پیاوی ھاونەژادی و ھاونیشتیمانی لە کشاندایە. ھۆی تر کە ڕۆڵیان ھەبووە لە دروستبوونی ئەو مەودایە، لاوازبوونی ئینتیمایە بۆ ڕابردوو و تڕادسیۆن و ھۆشیاری مێژوویی.


بە گشتی لە دیدی تاکەکانەوە، جیاوازییەکی زۆر ھەیە لەنێوان ئەو ژنانەی بوونە بە دایک لەگەڵ ئەو ژنانەی ھێشتا نەبوونەتە دایک. ئەو جیاوازییە لە چیرۆکەکەدا ھاوار دەکا. زۆرن ئەو شاعیر و نووسەرانەی ئافرەتیان بە شەیتان داناوە و باسی دایکی خۆیانیان وەکو فریشتەیەک کردووە کە ھیچ وزەیەکی ئەھریمەنی تێدا نییە. ئەمە لە وتاری (دایکانێکم ھەن، میھرەبانترن لە گەڵای درەخت...)ی (رێبوار سیوەیلی) لە پەرتووکی (نەتەوە و حیکایەتدا) بە ڕوونی دەردەکەوێ.

٧- حەقیقەت:


چیرۆکەکە فەزا و زەمینەی ئازاد و فرەڕەنگ لە ناخی بونیاد و ستراکچەرەکان ڕەنگرێژ دەکا و ڕووگە فینۆمینۆیەکان کەشف دەکا لە خەیاڵگە و ژێرخانی ئەدەبیدا. گەرەکیەتی دیدگا و ڕوانینێکی ترمان پێ ببەخشێ بۆ چیرۆک. دەقەکە بۆتە ئەو فەزا ڕوونەی تێیدا حەقیقەت بۆ نێو بیری وەھم شۆڕ دەبێتەوە، تاوەکو حەقیقەتی گەورە لە گۆشەیەکدا بەرجەستە ببێت. زۆربەی کەناڵەکانی گەرەکیانە خۆیان بە جیاوازگەری و ئیستاتیکا و زەخرەفە و سحر بارگاوی و لێورێژ بکەن. دواجار ھەموو ئەمانە دەبنە پاشکۆی شتێکی گرنگ کە داھێنانە. دەقەکە سێ قاچی ھەیە، قاچی یەکەمی لە ڕێگەی ئاشکراکردنی بچمی ڕاستەقیەنەی حەقیقەتەوە بەردەوامی بە خۆی دەدا، واقیع بە ژیرییەوە ڕاڤە دەکاتەوە، ئەو قاچە دەکەوێتە نێو فەزایەکی یۆتۆپی و وەھمییەوە. قاچی دووەمی لە عەقڵدا ڕەگی خۆی داکوتاوە و پەردە لەسەر واتا ئابرووبەرەکان و کۆد و مەرجە کۆنکرێتییەکان و مۆرالییەت و ئاکاری خەسێنەر و سکێچە تەماوییەکان و ئەو بیمارستانەی تێیدا نامرین، لا دەدا. نەمردن جیایە لە ژیان، نەمردن جۆرێکە لە ژیانکردنی خاڵی لە جوانی. قاچی سێیەمی نادیارە و نازانرێ دەکەوێتە کوێ؟، بەڵام ئاماژەکان پێمان دەڵێن بوونی ھەیە.


زۆربەی ڕۆشنبیرانی کورد ھەرکە گوێیان لە ناوی (سادقی ھیدایەت) دەبێت، وێنەی کەسێکی ڕەشبین لە ژیانیان دێتە بەرچاو کە خۆی و کارەکتەری سەرەکیی نێو یەکێک لە چیرۆکەکانی بە غاز دەخنکێنێ، بەڵام من پێچەوانەی ڕەخنەگرە فرەنسییەکان پێم وایە چیرۆکی (زندە بگور) و ڕۆمانی (بوفاکور) گوزارشت لە فکری (ھیدایەت) ناکەن، بەڵگەش سەرەتای چیرۆکی (زندە بگور)ە و پێشم وانییە کارەکتەرەکە گوزارشت لە (سادقی) بکا. (سادقی) ڕەخنەگرانی لە گومانێکدا جێ ھێشتووە کە لەگەڵ خۆیدا باوەڕی ھەڵگرتووە. (زێرەڤان) نە دەتوانرێ بخرێتە نێو بازنەی خۆشبەختیی ڕاستەقینەوە، نە لە دەرەوەی دابنرێ. ئەمە خاڵی ھاوبەشی نێوان چیرۆکی منارەی ئاوەدانی و کاتیاشە. لە چیرۆکی کاتیای (سادقی ھیدایەت)دا حەقیەقەت لە زۆر شوێن شووم و نادیارە، نادیاری جیایە لە شاردنەوە. لەو چیرۆکەی (کاروان)دا حەقەیقەت تا ئەو شوێنە بڕ دەکا کە درۆکان دەست پێ دەکەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکی حەقیقەتدا، (کاروان) سەرکەوتنی زیاتری بە دەست ھێناوە بە بەراورد لەگەڵ (ھیدایەت)دا.

٨- ئەفسانە (fable):


جیاوازی لەنێوان ئەفسانە (fable) و حەقیقەت (datum)دا ئەوەیە، ئەمیان حەقیقەت دەبینێ و ئەویان ئەفسانە. ئەفسانە جیاوازە لە درۆ (churlish)، چلۆنایەتیی حەقیقەت ڕێژەی ئەو جیاوازییە دیاری دەکات. یۆتۆپیا نزیکترە لە ئەفسانە وەک لە درۆ، بەڵام یەکسان نییە پێی. ئەفسانەکان ھۆکار بوون بۆ مانەوەی حەقیقەتەکان لە ناویشیان حەقیقەتی جەنگەڵستان (خورانی بێھێز لەلایەن بەھێزەکانەوە). ڕاستەقینەکان ئەفسانەکانیان داھێناوە نەک بە پێچەوانەوە، مرۆڤ (human) وەکو ڕاستەقینەیەک لە ئەفسانەوە نەخوڵقاوە. (کەمبڵ) پێناسەی ئەفسانەی گۆڕی لە گەڕان بە دوای مانا بۆ ئەزموونکردنی مانا. (کەمبڵ) داوا دەکا ئەفسانەی گەلانی دنیا بخوێنینەوە نەک ئەفسانەی ئایینەکانی خۆمان، گوایە فێرمان دەکەن چۆن بۆ ناخ بگەڕێینەوە. چیرۆکی (مەسیح) لە ئینجیلدا داوای قەبوڵکردنی مەرگمان لێ دەکا، مەرگی مەسیحی کوڕی خودا. (جۆزیف کەمبڵ) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (بیڵ مویز)، مەرگی (مەسیح) بە سەرەتای گەیشتن بە ئازادی ناوزەند دەکا، بەڵام ئەو مەرگە سەرەتای سەفەری ئازادییە بە کەشتیی ژیان بۆ وڵاتی ونبوون. دابەشکردنی ئایین (religion) بەسەر جومگەکانی (بیروڕا و ڕیچوەڵ و ئەفسانە) یەکانگیر نییە لەگەڵ بۆچوونی من. ئەفسانەکان بچووکترین پنتیان لەناو ھەر ئایینێکدا ھەبێت خۆی زاڵ دەکا بەسەر بیرورا و ڕیچوەڵ و کۆی ھەیکەلیەتی ئایین، دواجار ئایین دەبێتە ھاوواتای ئەفسانە. ئەگەر لە دیدێکی ئەدەبی سادەوە ئەفسانە پۆلێن بکەین، ئاوای لێ دێت:

١- ئەفسانەی نێو دەقەکان (چیرۆک، شیعر، ڕۆمان،..... ھتد)، بۆ نموونە لە ڕۆمانی (دۆن کیشۆت)ی (سێرڤانس)دا ئەفسانەیەک ھاتووە:


خودا لەسەرەخۆ وازی لە عەرشەکەی ھێنا و بووە فەرمانڕەوای گەردوون، خێر و شەڕی جیا کردەوە، شتەکانی مانادار کرد. (دۆن کیشۆت) لەماڵەکەی ھاتە دەرەوە و جیھانێکی بینی کە نەیدەتوانی بیناسێتەوە. جیھان لە ونی دەسەڵاتی باڵادا، سەرلەنوێ دەستی پێ کردەوە. تاقە حەقیقەتی ڕەھا تەقییەوە بۆ چەندین حەقیقەتی ڕێژەیی و خەڵکی لەنێوان خۆیاندا دەستیان بە دابەشکردنی کرد. لێرەوە جیھانی نوێ و لەگەڵیشیدا ڕۆمان پەیدا بوو، کە وێنەی ئەو جیھانەیە.

رەخنەگران وەکو ئەفسانەی دەرەوی دەق کە جۆری دووەمی ئەفسانەیە و دواتر قسەی لێوە دەکەین، مامەڵەیان لەگەڵ ئەو ئەفسانەیە کردووە. ھەندێکیان بە ڕەخنەیەکی عەقڵانی لە ئایدیالیزمە شێواوەکەی (دۆن کیشۆت)ی دادەنێن، کەچی ھەندێکی تر بە ستایشکردنی ئەو ئایدیالیزمە ناوی دەبەن. ھەردوو بۆچوونەکە ھەڵەن، چونکە وەکو شتێکی ئاکاری مامەڵەیان لەگەڵ ئەفسانەکەدا کردووە نەک لە چوارچێوەی ڕۆماندا. بۆچوونەکانی (ئەدمۆند ھۆسرل) گرنگیی خۆیان ھەیە کە فەیلەسوفێکی ئەڵمانی سەدەی بیستەمە و دامەزرێنەری فینۆمینۆلۆجیایە و دوای ئەوەی (ھایدگەر) دەبێتە سەرۆکی زانکۆی فرایبۆرگ لەژێر ترسی نازییەکان ناوی (ھۆسرل) لە لیستی مامۆستایانی زانکۆکە لا دەدا.


٢- ئەفسانەی دەرەوەی دەق، ئەمیشیان دوو لقی لێ دەبێتەوە: (ئەو ئەفسانانەی لە دەرەوەی دەقن، بەڵام لە ڕێگەیەکەوە دەچنەوە سەری) و (ئەو ئەفسانانەی سەر بە سەدەیەکی تر و گەلێکی تر و دنیایەکی ترن)

لە ناو دەقی (منارەی ئاوەدانی)دا ئەفسانە ڕووە و حەقیقەت مل دەنێ و ھێندەی نەماوە بگاتە لای، لە دەرەوەشی ئەفسانە کۆنە کوردییەکان بە تایبەتی ئەوانەی مۆرکی شەڕ و ئاوارەبوونیان پێوەیە خۆیان لێی نزیک دەکەنەوە و گەرەکیانە دەستی تەوقەی بۆ درێژ بکەن.

٩- حاڵەتەکان (circumstance):


لە فەزای چیرۆکەکەدا حاڵەتە ھەستییەکان (consciousness)، حاڵەتە نەستییەکان، سەلماندنی ترسناک (alarming proof) و جدییەتی ڕێساکان و شتی تریش لەسەر خوانی ئەدەبدا کۆ بوونەتەوە. دژەکان بە یەکەوە لکاون و وەکو تەواوکەر و ئاسایی دەبینرێن. نووسەر خودی خۆی پیرۆز و ئەوی تری کافر نەکردووە، لە ھەندێ شوێنی دەقەکە خود و بەرانبەرەکەیت بۆ جیا ناکرێتەوە. نووسەر لە دنیای چیرۆکەکەدا کە جیایە لە دنیای ڕاستەقیەنە، خودێکە باوەڕی بە بەیەکەوە ژیان و ڕای بەرانبەر ھەیە، بە پێچەوانەی (تۆماس ھۆبز)ی فەیلەسوفی ئینگلیزی کە ململانێ گرێ دەدا بە چاکسازیی خود و باوەری وایە ژیان بریتییە لە ململانێ بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین دەسەڵات و ئەوە مردنە کۆتایی بەو ململانێیە دەھێنێ. قسەکردن لەبارەی بەیەکەوە ژیانەوە بۆ خۆی فەلسەفەیەکی فرەڕەھەندە. (دۆن کیشۆت) توانای دروستکردنی پێوەندیی نەبوو لەگەڵ خەڵکیدا، بۆیە تەنھا لە خەیاڵی خۆیدا پاڵەوان بوو. (دۆن کیشۆت دالامچا) ھەڵناکا لەگەڵ بۆچوونی جیاواز و ئەو دنیا قازانجخواز و بێڕەحمە مۆدێرنەدا. (فۆکۆ) پێی وایە (دۆن کیشۆت) دابڕانێکی ئەپسمۆلۆژیی تازەیە.


من تا ئەندازەیەک باوەڕم بە ڕێساگەلی ڕێککەوتن ھەیە کە لە زمانناسی (سۆسێر) باسی کراوە. بۆ نموونە: ئێوە لەودیو دەرگای ژوورەکەم دانیشتون و خەریکی قاوە خواردنەوەن. یەکێک لە ئێوە بانگم دەکا: خەریکی چی؟ لە وەڵامدا دەڵێم: چایە دەخۆمەوە. بەبێ ئەوەی منتان لێ دیار بێت و پەرداخە چایەکەمتان بینیبێت، ھەر یەکەتان وێنەیەکی لا دروست دەبێت. یەکێکتان چایەکە لە نێو ئیستیکانێک دەبینێت، دووەمتان لە نێو ژێرپیاڵە، سێیەمتان لە نێو قۆریی چا، ئیتر بەو جۆرانە. پێوەندیی چیایەتی و لۆژیکی نییە لەنێوان چایەی بەردەمی من و ئەوەی نێو خەیاڵدانی ئێوە. لە بازنەی ئەو ڕێساگەلانە و دەقەکەی (کاروان)دا بە ڕەوای دەبینم ئەگەر لەسەر ھەندێک شت ڕێک بکەوین کە پێشتر ھەموومان نەمانبینیبن تەنھا یەک دووانێکمان بینیبێتیان.

١٠- زمان (language).


لە کتێبی (ویستی ھێز- The will to power)دا کە ڕاڤە لەپاڵ میتافۆڕە، (نیتشە) نووسیویەتی: تاقە شوێنی بیرکردنەوە فۆڕمی زمانە، ئەگەر ڕازی نەبین، چیتر بیر ناکەینەوە.

زمان ئەوکاتە ئەو ڕۆڵە دەبینێ کە پێوەندییەکی سازگار تەرخان بکرێت لەنێوان تێکست و ڕاڤەکاردا. (گادامێر) چەمکی پێکەوەبوونی بۆ مانیفێستکردنی ھەمبەرێتیی نێوان ڕاڤەکار و دەق بە کار ھێنا. (ریکۆر) ئەو زاراوەیەی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر دەربڕی لە ڕێگەی تەرخانکردنەوە. زمانی چیرۆکەکە سەرکەوتوو بووە و بووەتە شوێنی بیرکردنەوە بە ‌ھۆی ئەو پەیوەستبوونە زۆرە بە ڕووداوەکانەوە. لە کتێبی (حەقیقەت و میتۆد)ی (گادامێر)دا ھاتووە کە باسەکەی (شلایر ماخێر) لەمەر ھێرمێنۆتیک و ھونەری ڕاڤە ناسینی تێگەیشتنی باش (good) و خراپ ((bad، ڕاڤەکردنی دەق بەرەوە باشتر تێگەیشتنمان دەبات. (کاروان) خولیایەکی زۆری ھەیە و زمانی دەقەکەی نەکردووە بە سیمبولێکی خەیاڵپەروەری. (فرۆید) لە (راڤەی خولیاکان)دا جیاوازی کردووە لەنێوان زمانی خولیا و زمانی سیمبولێکی خەیاڵپەروەری، پێی وایە ئەوەی دووەمیان زمانێکی ناکارایە.
(لامارتین) بە پێچەوانەی (نیتشە) لەوە نارەحەت بوو کە زمان لە توانایدا نییە گوزارشت لە ھەڵچونەکانی بکا.


دەقی ئەدەبی لە یەکە زمانییەکان پێک ھاتووە. ڕاستە شیکردنەوەی ھونەری بەرھەمە ئەدەبییەکان لەسەر بنەمای تیۆر و میتۆدەکانی زمانناسی ڕێگایەکی ئاسانە، وەلێ جوان نییە. فۆرمالیستەکان و پێکھاتەگەرایەکان شیکاری دەقە ئەدەبییەکانیان متمانەی تێدا نەبوو، مامەڵەیەکی ڕەمزییان لەگەڵ ھونەرەکانی دیکە دەکرد، ئەوەی لە بوارەکانی (سینەما و وێنە و مۆسیقا و بیناسازی و کایە جیاوازەکانی تر) بۆمان ماوەتەوە شتێکی ڕەمزییە. من نەگەڕاومەتەوە بۆ ئەو بیردۆز و میتۆدانە لەکاتی قسەکردن لەبارەی ئەو دەقەوە، کە پەنجەمان لەسەر شل کردووە. ماف و فەلسەفە و دین بارگاوین بە میتافیزیک، لێکۆڵینەوە بە گەڕان، دەبێ چیرۆک بارگاوی بکرێ بە گێڕانەوە.

پۆلێنکردنی ئەدەبیات لە ئاماجەکانی نووسەری شارە. نھا ئەگەر ئێمە ئەدەبیاتی کوردی پۆڵێن بکەین بەم جۆرەی لێ دێ:

١/ ئەو ئەدەبانەی مرۆڤێک لە خۆیاندا ھەڵدەگرن، لەکۆتاییشدا دەیخنکێنن. مرۆڤەکە تەکنیکە.
٢/ ئەو ئەدەبانەی سیحربازێک لە خۆیان ھەڵدەگرن، سەرەنجام دەیسووتێنن. سیحربازەکە زمانە.
٣/ ئەو ئەدەبانەی پڵنگێک لە خۆ دەگرن، دواجار کەوڵی دەکەن. پڵنگێک ناوی ڕۆشنبیرییە.

کەم دەقی ئەدەبی ھەیە (زمان و تەکنیک و ڕۆشنبیریی ئەدەبی) بە یەکەوە گرێ بدا. زاراوەی ئەدەب بە کردار پێناسە نەکراوە. ئەدیبەکانمان بە ئەدەبێک دەڵێن داھێنان کە ھێشتا باڵق نەبوە (خۆی نەناسیوە). (کاروان) لەو دەقەدا کاری بۆ ئەو گرێدانە کردووە.

١١- کورتبڕی:


درێژدادری ئەنفلەوەنزای ئەدەبە. وشە ڕیزکردن بە مەبەستی دروستکردنی ڕستە، ڕستە ڕیزکردن بە مەبەستی دروستکردنی بابەت، لایەنی خراپی نووسین پێشان دەدەن. (خوان ڕۆڵفۆ)ی نووسەری بەناوبانگی مەکسیکی، بە ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ) کە لە ١٥٠ لاپەرە زیاتر نەبوو، بوو بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننووسەکانی دنیا و دوای ئەو ڕۆمانەش بۆ ئەبەد دەستی لە نووسین ھەڵگرت. ڕۆمانەکە لە جەوھەردا (٣٠٠) لاپەڕە بووە و لە(١٥٠) لاپەڕەدا چڕ کراوەتەوە. (ئۆکتاڤیۆ پاژ) کە نزیکترین ھاوڕێی (رۆڵفۆ)یە وەھا باسی دەکا: بۆ (ڕۆڵفۆ) بێدەنگی کوشندە بوو، ھاوڕێکانی داوای ڕۆمانی تازەیان لێ دەکرد، بەڵام ئەو وا ھەستی دەکرد ھەموو شتێکی لە (پیدرۆ پارامۆ)دا گوتووە.. (مالارمێ) نەیگوتووە ئەدەب ماندووکردنی پیتەکانە، بەڵکو ئەو دەیگوت "ئەدەب پەرەپێدانی پیتەکانە".. ئەو کاتەشی (بلانشۆ) دەڵی " گرنگ نییە چی دەنووسی؟ دووبارەکردنەوە گرنگە وەک ئەوەی یەکەمین جار بێت نووسیبێتت "، پرینسیپێکی دیاریکراو ھەیە تەواو جیاوازە لەو پرینسیپەی درێژدادڕەکان ئیشیان لەسەر کردووە. درێژدادڕی جیایە لە زۆرنووسین. زۆر جار باسی زۆرنووسینی (نیتشە) دەکرێ. نووسین بۆ ئەو گوزارشت نەبووە لە فەلسەفەیەکی ئەبستراکت، ئیشی لەسەر دامەزراندن نەکردووە، بەڵکو کاری ئەو سەرەولێژکردنەوەی ماناکان بوو، بۆیە وەکو شاعیرێک یان داھێنەری میتۆلۆجی چاوی لێ دەکرا، تا ئەو کاتەی (ھایدگەر) ھات و وەکو دوا فەیلەسوفی ڕۆژئاوا خستییە نێو خێزانی میتافیزیکی.

نموونە لەسەر کورتبڕیی نێو چیرۆکەکە:

- دایکت وەک بڵێی مار پێوەی دابێت......
- ھیچ لەوە تێنەدەگەیشتی ئەوانە چۆن و کەی و لەکوێ بە یەکتر گەیشتوون...
- ئەگەرچی سوور دەزانی (ڤیان) ناتوانێت قسەت لەگەڵ بکات، چونکە ماوەکەی تەواو بووە.....
- بێگومان تۆ لە دەرفەتێکدا ھەموو ئەمانەی لێ دەپرسی...

١٢- یاخی بوون:


یاخیبوون لای (کامۆ) بۆ یاخیبوونی میتافیزیکی و یاخیبوونی مێژوویی دابەش دەبێ. یەکەمیان سێ لقی لێ دەبێتەوە: ١- (رەتکردنەوەی ڕەھا - مارکیز دیساد)

٢ - (رەتکردنەوەی نەجاتبوون - ئیڤان کارامازۆف)
٣- (شیکاری ڕەھا -نیتشە).

یاخیبوونی نێو چیرۆکەکە تێکەڵەیەکە لە ھەردوو جۆری یاخیبوون، فیزیکییە، چونکە دێرەکان بە ئاشکرا نارازین لەو بارودۆخە مرۆییەی نووسەر ھەیەتی. مێژووییە،‌ چونکە پەیوەستە بە شۆڕشی کوردییەوە. یاخیبوونی (کاروان) نیشانەیەکی کە ناوی سادەیییە دەچێتەوە سەر (کامۆ). (کامۆ) دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی ١٩٥٧دا لە لایەن ئەکادیمیای سویدی، نامەیەک بە سادەییەوە بۆ خێزانی (نیکۆس کازانتزاکیس) دەنووسێت و تێیدا دەڵێ: (کازانتزاکیس) شایستەتر بوو لە من بۆ ئەو خەڵاتە. سادەیی (کامۆ) ئاوێتەی سادەیی (کازانتزاکیس) دەبێت و درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە (نیتشە)، لەوێدا (کازانتزاکیس) بە ئاشکرا و بە سادەییەوە پێیەوە دیارە چۆن سوودی لە (نیتشە) وەرگرتووە و ھەر ئەویش دیدی (کازانتزاکیس)ی بۆ ھونەر گۆڕی و پێی وابوو ھونەر ھەرچەند ڕەق بێت واتای ژیان دەگەیەنێ. ئەو سوود وەرگرتنە ئاساییە، (ئەفلاتون) کە زۆر جار بە باوکی فەلسەفە دادەنرێ لە سەرەتادا لەژێر کاریگەریی (ھیراکلیتس / ٥٤٤- ٤٨٣ پ ز) و (فیساگۆرس / ٥٨٠ - ٥٠٠ پ. ز) و (سوقراتدا) بوو. لە ناو ھەندێ لە دێرەکانی چیرۆکەکەکدا ھەستم بە سادەیی نووسەرەکەی کرد، وێنەی نووسەر لەناو فەزای بیرکردنەوەی کارەکتەرەکانی وێنەیەکی تەماوییە، ئەوە فەزای گشتیی چیرۆکەکەیە وێنەی نووسەرمان پێشان دەدا. لە چیرۆکەکەدا ھاتووە:

- بۆنی عەترەکانی تەفرەیان دەدای.
- وات دەزانی کەنارییەک لەناو قوڕگیدایە.
- ئەگەرچی ئەوان وایان دەزانی تۆ لە داخی ئەو نازناوەت وازت ھێنا.....
- کەواتە ئەو چەند جارەی یەکتریتان دەبینی، ئەو مردبوو لە گۆڕستان گەڕابۆوە.
- ھیچ لەوە تێنەدەگەیشتی ئەوانە چۆن و کەی و لە کوێ بە یەکتر گەیشتوون؟.....


١٣- داھێنان و پاسۆلۆژی.


لای دەروونناسی نەمساوی (سیگمۆن فرۆید) دامەزرێنەری قوتابخانەی دەروونشیکاری، داھێنان (innovation) پەیوەست نییە بە حەدەسەوە (intuition) و حاڵەتێکی پاسۆلۆژییە. (فرۆید) لە ڕێگەی بیردۆزی دەروونشیکارییەوە، شیکردنەوەی بۆ ھونەری (داڤینشی) و (دیستۆڤسکی) و (شێکسپیر) دەکرد، پێی وابوو ھونەر (art) ھیچ نییە جگە لە فاکتەرێک بۆ پڕکردنەوەی کەلێنە سێکسییەکانی مرۆڤ و حاڵەتێکی سێکسیی پاسۆلۆژییە. دابونەریتی کۆنی کۆمەڵایەتی کە مامەڵەیەکی لاواز لەگەڵ سێکساندندا دەکا، ھۆکارە لەپشت ھونەرەوە. بە بۆچوونی من ئەو بۆچوونەی (فرۆید) بەرھەمی نەخوێندنەوەی داھاتووی ئەوروپا و پێگەی سێکس (sex) لە داھاتووی ڕۆژئاوایە، ئەوکاتەی سێکس زۆربەی سنوورەکان دەبەزێنێ. بۆی ھەیە جوانترین ھونەر ھونەری ئەو ھونەرمەندە بێت کە بۆشایی سێکسیی نییە ئەمە بۆ جڤاتی ڕۆژھەڵاتی و ڕۆژئاوایی) دروستە. داھێنانی چیرۆکەکەمان، بەرھەمی فکرێکی نزیک لە منارە و دار و بەرد و چەک و سێکسێکی تەماوی و خوێنە، نەک نزیک لە مەمک و باسک و پشت و بنھەنگڵ و داوێنی ژنی ئەورووپی.


(فیلیپ ڕۆس) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (میلان کۆندێرا) ویستی بۆچوونی ئەو بزانێ بۆ سێکس وەکو ڕۆماننووسێک. (کۆندێرا) وەھا وەڵامی دایەوە: باسی سێکس چیتر قەدەغە نییە. ڕاوەستان بە وێناکردنی گشتی یان ددانپێدانانی سێکسەوە، سەر‌نجڕاکێش نییە، بەڵکە وەرسکەرە.


لەو دەقەدا کار بۆ جیاکاری و تێکشاندنی فۆڕمە دووبارەکان و بەخشینی مانایەکی تازە بە دێرەکان کراوە. (بلۆم) سوور بوو لەسەر ئەوەی شاعیر بەر لە ھەر شت لە خۆی دەپرسێ: چۆن ئەدەبێکی جیاواز بنووسم؟ شیعرێک بە خەیاڵی کەسدا نەھاتبێت... چۆن چۆنی جیاکاری دروست بکەم؟. لە باسی (فۆڕمشکاندن)دا ئەم باسە زیاتر کەوتە سەر پای خۆی و پۆلێن کرا لە تیۆرییەک لەمەڕ (میتۆدی خوێندنەوە یان ھەڵوەشاندنەوەی دەق). (بلۆم) نووسی: ئەدەب فێرمان دەکا لەپێناوی داھێنان و واتای تازەدا، فۆڕم تێک بشکێنین.

(دێریدا)بە پێچەوانەی (ئەفلاتون)ەوە پێی وابوو ھەموو وشە و نیشانەیەک پەیوەستە بە جیاکارییەکی واتادار. ھەر سێ ئاراستەی فیکری (ھیومانیزم - humanism) و (فەلسەفەی ئەفلاتون) و (فەلسەفەی ئەرستۆیی) کە زۆر جار فکری فەلسەفی ئیتاڵیی سەردەمی ڕۆشنگەری دیاری دەکەن، سەرەڕای جیاوازیی پرەنسیپەکانی نێوانیان، باوەڕیان بە تاکگەرایی (individualism) ھەبوو، لە چیرۆکەکەشدا جیاوازیی فکریی کارەکتەرەکان ڕێگر نەبووە لە بەردەم کۆکبوون لەسەر مەسەلەگەلێک کە تەنھا لە ساتی خوێندنەوەی چیرۆکەکە ھەستیان پێ دەکەین، نەک لە کاتی قسەکردن لەبارەیەوە. جیاوازییەکان ڕێگر نین لە بەردەم گەیشتن بە ھاوبەشەکان، جیاوازیی بزوێنەری ھاوبەشی و ھاوبەشی فەزای بە زیندوو ھێشتنەوەی جیاوازییە. قەشە (ئۆگەستین ٣٥٤-٤٣٠ز) کە بیرۆکەکانی ڕەنگدانەوەی ململانێی نێوان بیری مەسیحی و یۆنانی کۆن بوون، لە باسی کۆمەڵگادا کەمتر باسی جیاوازییەکان دەکا تا ھاوبەشەکان، لای ئەو کۆمەڵگە بریتییە لە کۆمەڵێک خەڵک کە بیروباوەڕی ھاوبەش کۆیان دەکاتەوە.

١٤- فەلسەفە:


رەنگە کاری چیرۆک ورووژاندنی پرسیاری فەلسەفی بێت. یەکێک لەو پرسیارانەی ورووژاندنی لە چیرۆکدا بە ئاسایی دەبینم:
"بناغەی دروستبوونی گەردون چییە؟"

ئەو پرسیارە گرفتێکی بنەڕەتی بووە لە بەردەمی فەلسەفە و فەلسەفەکار و فەزای فەلسەفی لە ڕۆژئاوا و ڕاڤەی کۆسمۆلۆژی بۆ کراوە. کێشەیەکی بنەڕەتیی ھەر سێ قۆناغەکەی فەلسەفەی یۆنانی بوو، کە ھۆکاری ڕاستەقینەی بوونیان بۆ ھۆکاری ماددی دەگەڕاندەوە. مەبەستم لە:

١- قۆناغی فەلسەفەی بەر لە (سوکرات).
٢- قۆناغی (سوکرات) تاوەکو (ئەرستۆ).
٣- قۆناغی دوای (ئەفلاتون) (ئەو قۆناغە تاوەکو سەرەتای چەرخەکانی ناوەڕاست درێژەی کێشا).

ھەر بۆ نموونە:


- تاڵین (٥٦٠-٥٤٨پ. ز) بناغەی دروستبوونی بوونی بۆ ئاو دەگەڕاندەوە.
- ئەنکسمندریس (٦١٠ - ٥٤٥پ. ز) بۆ ھەوای گەڕاندۆتەوە
- ھیراکلیس بۆ ئاگر و پارمەندیس بۆ ھەبوونی دەگەڕێنێتەوە.
- ئەنبادوکلیس دەیگەڕێنێتەوە بۆ پێنج توخمی (ئاگر، ھەوا، ئاو، خۆڵ و کاریگەری). ئەو توخمانەش وەکو خودای ئەفسانەیی باسیان لێوە کراوە.

فکر لەو چیرۆکەدا بۆ چەند بەشی جیاواز دابەش دەبێتەوە. دابەشبوون بە مانای پەرتەوازەبوون و شەقبوون نایەت، بەڵکە گەڕانەوەی فکرە بۆ بەشەکانی. ئەو دابەشبوونەی خەیاڵی خوێنەر پێوەندییەکی ڕاستەوانە و دانەبڕاوی لەگەڵ کۆبونەوەی فکری نووسەر و یەکگرتنەوەی پارچەکانی خەیاڵی ھەیە، بۆ ئەوەی بکێشن بە یەکتردا و وەکو بروسکە بگرمێنن و دەقێکی ئەدەبی بەرھەم بھێنن. بەرھەمەکە وەکو شتێکی دەستەمۆ لەسەر لاپەڕەکان خۆی ئاشکرا دەکا، خوێنەر پێویستی بەوە نییە بگەڕێتەوە بۆ خەیاڵدانی (کاروان) و شرۆڤەی فکری و مەعریفی و دینی بۆ بکا. خوێندنەوەی چیرۆکەکە ڕێگاکەمان بۆ کورت دەکاتەوە، وشەکان دەبنە ماسی و کۆی دەقەکەش دەبێتە دەریا نەک کۆمەڵە ماسی، چونکە وشەکان لە خەیاڵدا نوقم بوونە و مامەڵەی ئێمە بە تەنھا لەگەڵ وشەکاندا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەو خەیاڵەشە کە لە پشتی وشەکاندا خۆی مەڵاس داوە و وشەکان لە ناویدا مەلە دەکەن. لە یادمان نەچێت خەیاڵی پشت وشەکان یەکسان نییە بە خەیاڵی نێو خەیاڵدانی چیرۆکنووس. وشەکان گرنگ نین، ماناکان گرنگن. زۆربەی ئەو وشانەی لە چیرۆکەکەدا ھاتوون لە ژیانی ڕۆژانەماندا بە کاریان دەھێنین، بەڵام ئەوە ماناکانن جیاوازییەکان دروست دەکەن.

دەق بەردەوام فکر بەرھەم دێنێ و کاڵی دەکاتەوە. دەکرێ دەقی ئەدەبی ببێتە مەڵبەندی بەرھەمھێنانی بیرۆکەی فەلسەفی و پڕۆسەی بەرھەمھێنانی ئایدیا و جیھانبینییەکان. (فۆکۆ) لە کتێبێکی ئەدەبی سەدەی شازدەھەمەوە چەندین تێزی فەلسەفی ھەڵھێنا، کە (دۆنکیشۆت)ی (سێرڤانس) بوو. دەقی ئەدەبی بە تەنھا گوزارشت نییە لە ئەدیببوونی نووسەر، زۆر جار ھەوڵێکە بۆ بەرھەمھێنانی فکری فەلسەفی، ھەندێجار بارودۆخەکە دەگۆڕێ. فکری فەلسەفی و ژیانی فەیلەسوفەکان ئاراستەمان دەکەن بۆ نووسینی دەقی ئەدەبی. بەردبارانکردنی (ژان ژاک ڕۆسۆ)، دادگایکردنی (سوقرات)، خۆکوشتنی (نیتشە)، دەکرێ ببنە بیرۆکەی نووسینی چەندین ڕۆمان و چیرۆک و شیعر و بابەتی ئەدەبیی تر. خۆکوشتنی (گۆگۆل) و ژیانی (ئەکاکی ئەکاکیفیجی) نێو (پاڵتۆ)، زیندانیکردنی (مەرسۆ)ی نێو (نامۆ)ی (ئەلبێر کامۆ)، (راسکۆڵنیکۆف)ی (دۆیستۆڤسکی)، ئەمانە تێزی فەلسەفی بە دوای خۆیاندا دەھێنن.

(ماتاڤلی ١٨٥٢-١٩٠٩) کەسێکی شارەزا بوو لە شیکاری ڕیالیستییانەی ئەخلاقیاتی ھاونیشتیمانیانی، کاریگەری زۆری (فلۆبیر) و (بەلزاک)ی لەسەر بوو.

ئەدیبێکی وەکو (پیرز گالدوی ١٨٤٥-١٩١٠) لە ڕۆمانەکانیدا باسی ژیانی خەڵکی مەدرید دەکا و ھاوکات ھەوڵی سەلماندنی ئایدۆلۆژیا و تیۆرییەیەکی دیاریکراو دەدا. لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەدەب و فەلسەفە دەستەخوشکن.

گرنگترین ئەو پرسیارە فەلسەفییانەی چیرۆکەکە دروستیان دەکا:

- مردووەکان لە کوێی زیندووەکاندان؟
- خۆکوشتن سەرەتای ئەبەدیەتە یان ئەبەدیەت سەرەتای خۆکوشتنە؟
- دایکانمان چیی ئێمە بوونە لە سەرەتادا؟ (بەر لە بوونی ئێمە).
- منداڵی یانی چی؟
________________________________________
سه‌رچاوه‌کان:
١- منارەی ئاوەدانی، کاروان کاکەسوور، گۆڤاری ئاییندە، ژمارە نەوەد و یەک.
٢- corto. maria.. siete void dal medio o dal vicino oriente ?.. Roma.. 1999.
٣- corto. maria.. grazie.... Roma... 2000.
٤- informa zione sulv aggio?.. anna guanti …Roma …1965.
٥- مدرنیتە و اندیشەی انتقادی... بابک احمدی... چاپ چھارم اسفند، ١٣٨٠.
٦- مدرنیتە و مدرنیسم.. مجموعە مقالاتی در سیاست، فرھنگ و نظریە ھای اجتماعی.. ترجمە و تدوین: حسین علی ، تھران ١٣٧٨.
٧- ازدواجیة العقل.. دراسە تحلیلیة نفسیة.. کتابات حسن حنفی.. جورج طرابیشی.
٨- سۆران ئازاد، کاردانەوەی ھزر (فکر) لە ڕۆمانی کوردیدا، دەنگەکان، ٢٠١٢.
٩ - کۆمەڵێک سەرچاوەی تریش کە بۆچوونی کۆمەڵێک نووسەرم تیادا بینی بۆ ئەدەب.


ماڵپه‌ڕی بڵند رۆستەم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک