١٢\٣\٢٠١٤
من ئاشنام پێت.

خوناو سمایل
کە هەموو دونیا بێ دەنگ دەبوو، دەنگی چرپە چرپی هاتنی پێیەکانتم لە هەر
هەموو دەنگێك پێویستتر بوو... کە ڕوناکی چراکانی شار لەو بەرەبەیانە
زووە ساردانە دەکوژێندرانەوە. چاوانی تۆ وەك گزنگی یەکەمین خۆرهەتاو لە
بەرامبەرم لە شەقامە دوورو درێژەکە دەدرەوشانەوە و تا تێدەپەڕیت
تێتڕادەمام... لە نێو تاقو لۆقی هاتوچۆکەرانی قەراغی روبارەکەی ئەوبەر
و و کەلێنی پێك تێپەڕینی پاس و تاکسی و ئۆتۆمبیلەکانی جادە دووسایدەکە
و شۆستەکان... لە هەر کونجێك بوای دتەمدۆزیەوە... تانم دەدا چاوانم تا
ونت نەکەم.
نا... مەڵێ ناتناسم!! چۆن نامناسی.
من بە زمانی هەر هەموو جەستەم، لێوم، دڵم،
نیگای تیلکە چاوانم بۆم دەناردی کە خۆشم ویستووی... دەبێ جارێك لە
جاران جریوەی ئەو چۆلەکە بچوکەی دڵمت بیستبێ کە بەبینینت بە سەما
دەکەوت.
نا مەڵێ نەمبینیوی!! چۆن نەبینراو بووم من؟
شاڵە ڕەنگ هەنگوێنیەکەی ملمت بیر ناێێ کە لە خۆشی بینینت شاگەشکە دەبوو
و بە خوناوی هەوای رۆژە پایزیەکان تەڕی دەکردی و لە خۆی هەڵدەدا تا
ریشاڵە شۆڕەکانی دامێنی لەو ڕوو و ڕوخسارەت بخشێنی و بە عەتری هەستە
سەوزەکانم عەتر بارانت بکا ؟ ... دەبا لێوەکانت بە قسە بێن و شایەتی
بدەن کە لە ساتی پێكدی تێپەڕینمان خەندەی خۆشیان لێدەنیشت و هەر بەو
خەندەیەش چەندین ئومێدی نەهاتەدیمیان بۆم ئاو دەدا.
دەزانم دەمناسی و دەشزانی دەتناسم... چۆن ناتناسم من؟ منێك کە یەقینم
لەوەی تۆێێكم لە هەموو خەڵکی ئەو شارە بە نزیکترلە خۆم زانیوە وهێشتاش
ڕووت هەیە بڵێی نەمناسیوی!
بڕۆ... بەس ئاوڕان بەو دواوەیە بدەرەوە، بڕۆو... با زێدە ترت ئاشنا
نەبم!
با لە بیرکەم کە چەند ئاشنام بەو دانیشتنەی تاوێك بەر لە ئیستا لە سەر
یەك لە کورسیە بچوکەکانی دەرەوەی ئەو قاوە خانەی ئەو سوچە ونە ڕێم
پێگرتی و بە سۆزی گەرمی هەموو دڵم گوتم " سلاو"، بە سەرسامی وەڵامت
دامەوە... گوتت "سلاو"... شپرەزەیێك دایگرتی و ویستم ئارامت کەمەوە و
گوتم "چۆنی؟ بەئاستەم گوتت "سوپاس" ... ڕەنگی خەمێك خۆی خزاندە سەر
روخسارت و نیگاکانتی داتەپاند، چاوەڕوانی ورتەی تر بووم و هیچت
نەدرکاند، کە هیچی ترم لێ نە بیستی، گوتم "مسۆگەر دەمناسی"، گووتت "بە
داخەوە نەمبینیوی" خۆتت تەریك گرت و ویستت نەتدوێنم و نەمدوێنی، ترسی
گومان لەو هاتنەم سوورتری کردم و گوتم بە ڕاستتە؟
زەردە خەنە نەبوو ئەو لێوانەم لێك ترازان و وێك کەوتنەوە... دودڵ بووم
و نەمویست چیتر بەو خورپانەی تیخیان دەدام باوەڕ بهێنم و دیسان بڵێم:
نا.... تۆش ئاسنای پێم...
چاوەکانت تێم ڕامان و بە رەقێێك گوتت: باوەڕ ناکەم تۆش بە من ئاشنا بی...
باوەڕکە من ئاشنام پێت... گوێم بە گرژی دەنگە ژێکانت نەداو خۆمم خستە
دەست لەرزە لەرزەی ئەو دڵە بچووکەم... کە تێت ڕادەمام زێدەتر ئاشقت
دەبووم.
جگەرەیەکت دەرهێنا و دیقەتێکت داێێ... زانیم دەتویست شەرمەزاری
چاوەکانی خۆتی تێدا بشاریەوە... نەمویست درۆی نیگاکانت سپی کەمەوە...
بە دەنگی ڕاکێشانی کورسیە دارەکە، کەزەمینی قاوەخانەکەی بە جیڕە جیڕ
هێنا، یەك دوانێك لەو دەورو بەرە تێمان ڕامان.
بەر لەوەی بڵێی "ببوورە دەبێ بڕۆم..." من گوتم "هاتبووم ئەو بێدەنگیەی
نێوانمان بشکێنم... بڵێم کە پایزیشم بە بۆنەی ئەو پایزەی رووی لە
تەمەنەت کردووە خۆشویستووە... بڵێم کە یەکەم جار لەو ڕێگاو بانە
دەرکەوتی، مۆمی دەیان هیوام لە خۆم دا داگیرساند" لە گێژاوی ئەو
غوربەتە پڕ تاسەیە ئاسۆی هەڵهاتنت تیشکی زێڕینی باریکیان خستە ئەو
تەمەی دڵم. یەکەم جاری بینینت نەمزانی كێی.. بەم بەرە بەیانە بۆ کێ
هاتوی و بۆ کوێ دەچی... چاوەکانم بە دوات کەوتن... هەمان پاسمان گرت و
بە ئەنقەست لە نزیکتەوە دانیشتم... بە دەم باوشکی خەواڵوو خۆتت وێك
هێنایەوە... تۆ نوستی و من تێت ڕادەمام... پایزیەکەش بە هاژەهاژی
بایەکەی پاسەکەی سوكتر دەهەژاند و دەیلاواندینەوە.
لەو پایز تا ئەو پایزەی ئێستا... ئەوە ساڵێك ڕەتی دا.
ساڵێکە من نوقمی شەکراوی خەیاڵکردنی ئەو بەیەكگەیشتنەمانم... هێزی
هەموو هەستەکانم کۆکردەوەو هاتم ئەو بێدەنگیە بە قسە بێنم... زۆر
چاوەڕێت بووم و نەهاتی... هەر دەمگوت دێی و هەر نەهاتی!! سەبری ئەو بێ
دەنگیەم نەما و ناچار خۆم هاتم... هاتم و نازانم ڕاستم یان هەڵەم؟
ئێستاش کە هێندە سووری لەسەر نەناسینم دەبا وابێ و با بە یەکتر
نەناسیاو بین!
لە قاوەخانەکە هەستای و ویستت خۆت لە وشەکانم بدزیەوە... تەماشاێێکی من
وکاتژمێرەکەی دەستی خۆت کرد... گوتت دەبێ بڕۆم... دودڵ دیار بووی...
ویستت شتێك بدرکێنی... لە تەنیشتمەوە بە دەنگێکی نزم گوتت "ببوورە"...
بە کەلێنی تەنگ و تریسکی نێو کورسیەکاندا رەت بووی ورۆیشتی...
پەلەپەلییەك قاوی دای و دەرچووی. لە بەردەم دەرگا بچوکەکەی قاوەخانەکە
دیسان تەماشای کاتژمێرەکەت کردوو بە دوودڵییش ئاوڕێکی منت داوە...
برۆکانت گرژ وێك هێنابوونەوە... هێشتاش شەرمەزاریم لە چاوانت
دەخوێندەوە... ئەو باوەشەی کە سالێکە هەموو شەوێك خەونەکانی خۆمی تێدا
دەخەوێنم، قژ زەردەکی ئاوریشمی هاتو لەباوەشیت گرت... خۆی تێ ئالاندی...
پەنجەکانتم چەند خاو و ترسنۆك هاتە بەرچاو کە تاڵە زەردەکانیت بۆ
سەراوبن دەکرد و نەتدەویست بتبینم!!
ڕۆیشتی... یانیش رۆیشتن!
وا دەڕۆی و جار جارە ئاوڕك بەو دواوەیە دەدەیەوە... ئاوڕەکانت دەکەونە
سەر نیگا پڕ تاسەکانی چاوەکانم ودوور دەکەوییەوەو دەرۆی... لە نیگا
دوورەکانت دەتخوێنمەوە... دودڵی ودەڵێی شتێکت لەلام جێماوە! پڕ تاسەم
بۆت چونکە دەتناسم و زۆر ئاشنام پێت... دەزانم کە هەر دێیەوە... لەو
پایزە یان لە یەکێکی تر...
١٧\١١\٢٠١٣
- درامێن
ماڵپهڕی خوناو
سمایل
|