١٧\٨\٢٠١٥
چیڕۆک بۆ منداڵان:
میـنا و نـازە.

رەزا ساڵح
شایەک
هەبوو، تەنها کچێکی بچووکی جوان و روخسارشیرینی هەبوو،
کچەکەی ناوی مینا بوو، تەمەنی یانزە ساڵ بوو.. شا و شاژن
مینایان زۆر خۆش دەویست.. هەموو بابەتێکی
یاریکردنی جوان و سەیریان
بۆ کڕیبوو.. چەند مامۆستایەکی تایبەتیش فێری نووسین و خوێندنەوە
و زانست و زانیاری گشتییان دەکرد.
شا هەستی بەوە کرد، کە مینا دڵتەنگ و بێزارە، زۆر کەم
پێدەکەنێت.
شا چەند پزیشکێکی پسپۆر و چەند شارەزایەکی بانگ کرد.. تا چارەیەک
بۆ بێزاری و دڵتەنگییەکەی مینای کچی بدۆزنەوە.. بەڵام هیچیان پێ
نەکرا.
شا رایگەیاند و بەڵێنی دا.. کە هەر کەسی
بتوانێت مینای کچی دڵخۆش بکات و بیهێنێتە
پێکەنین.. بە قەی سەنگی خۆی زێڕی خاوێنی پێدەبەخشێت.
لە گوندێکی قەشنگ و خۆشی نزیکی شانشیندا، خێزانێکی جووتیار هەبوو.. بە
خۆشی و بە شادی دەژیان.. پیاوەکە ناوی شاباز و، ژنکەشی ناوی شاناز بوو،
کچ و کوڕێکی جوانیشیان هەبوو.. کچەکەیان ناوی نازە بوو، تەمەنی دوانزە
ساڵ بوو.. کوڕەکەشیان ناوی دیاکۆ بوو، تەمەنی دە ساڵ بوو.
نازە: باوکە، من دەتوانم خۆشی و شادی بخەمە دڵی مینای کچە شامانەوە.
شاباز (بە پێکەنینەوە): نازە گیان.. ئەو هەموو پزیشک و شارەزایانە،
هیچیان پێ نەکرا، پێم ناڵێیت تۆ چیت پێدەکرێت..؟!
ئەم هەواڵە گەیشتە شا، یەکسەر ناردی بە دوای شاباز و نازەی کچیدا.
شا (بە پێکەنینەوە): نازە خان.. بیستم کە وتووتە دەتوانیت مینای کچم
دڵخۆش بکەیت و.. بیهێنیتە پێکەنین.. ئەمە راستە..؟!
نازە: بەڵی خاوەن شکۆ راستە.. من دەتوانم خۆشی و شادی بخەمە دڵی میناوە..
بە مەەرجێک.. بەڕێزتان بە ئەم مەرجانەی من قایل بن.
شا (بە سەرسوڕمانێکەوە): مەرج.. بڵێ، چین مەرجەکانت..؟!
نازە: دەبێت بۆ ماوەی نۆ مانگ مینا لەگەڵ ئێمەدا بژێت.. جلوبەرگێکی
سادەش لەبەر بکات.. ئێمە چیمان خوارد، دەبێت ئەو خواردنە لەگەڵ ئێمەدا
بخوات.. ئازادیی یاریکردن و تێکەڵبوونی
لەگەڵ منداڵانی گوندەکەماندا هەبێت.. لەم ماوەیەدا ئەوەش لە بیری خۆی
بەرێتەوە کە کچە شایە.
شا (هێندەی تر لە مەرجەکانی نازە سەری سوڕما): مینا.. کچی شیرینم ،
گوێت لە نازە بوو.. بەم مەرجانەی رازی دەبی..؟ پێت جێبەجێ دەکرێن..؟
مینا: بەڵی باوکە گیان من بە هەموو داواکانی نازە رازیم و جێبەجێیان
دەکەم.
مینا ماڵئاوایی کرد و.. لەگەڵ شاباز و نازەدا بەرەو گوندەکەیان
بەڕێکەوتن.
مینا لەگەڵ نازە و دیاکۆ و، منداڵانی گوندەکەدا بوون بە هاوڕێ.. پێکەوە
یارییان دەکرد، پێکەوە دەچوون بۆ قوتابخانە.. بەهار بوو دوای نیوەڕوان
دەچوون لە ناو گوڵزارێکی سروشتی.. پڕ لە گوڵاڵە سوورە و گوڵە زەردە و
گوڵە حاجیلە، پێکەوە تیر یاری و چاوشاركێیان دەکرد و.. گۆرانیان دەوت و
هەڵدەپەڕین.. تا خۆیان مەستی شادی و خۆشی دەکرد.. ئینجا هەریەکەیان
تاجەگوڵینەیەکی لە گوڵی رەنگاوڕەنگ دەکرد و، لە سەری خۆی دەکرد.. بە
چەپڵەڕێزان و بە خۆشی و شادییەوە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە.. پێکەوە نانیان
دەخوارد.. شەوانیش داپیرەی نازە نەنە (گـوڵە) چيرۆک و هەقایەتی خۆشی بۆ
دەگێڕانەوە.. بە خۆشییەوە دەیکردنە خەو.
لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، مینا دڵی پڕبوو لە خۆشی و شادی.. لیۆ بە بزە و
دەم بە پێکەنین بوو.. دڵتەنگی و ژیانی تەنیایی ناو کۆشکی شاهانەی لە
بیرچوونەوە.. بوو بە کچێکی سادە و خاکی.. زۆر دڵخۆش و رووخۆش و قسەخۆش
بوو.. بوو بە هاوڕێیەکی دڵسۆزی منداڵانی گوندەکە.
دوای نۆ مانگەکە.. شا و شاژن چون بۆ گوندەکە.. خەڵکی گوندەکە و.. مینا
و نازە و هاوڕێکانیان بە گۆرانی و چەپڵەڕێزان پێشوازیان لە شا و لە
شاژن کرد.. شا و شاژن کە مینایان بە دڵخۆشی و رووگەشی و پێکەنینەوە
بینی.. زۆر گەشانەوە و دڵخۆشبوون.. تێر تێر مینایان ماچ کرد.. تێریش
نازەیان ماچ کرد و زۆر سوپاس و ئافەرینیان لێکرد.. بە قەی سەنگی خۆشی
زێڕیان پێ بەخشی.. خەڵاتیشیان بە هەموو منداڵانی گوندەکە بەخشی.
شا: دەی مینا ماڵئاوایی لە هاوڕێکانت بکە و.. با بچینەوە بۆ کۆشک.
مینا: بە مەرجێک دێمەوە بۆ کۆشک.. کە رێم لێ نەگرن.. رۆژانە دێمەوە بۆ
ئەم گوندە.. چونکە من ناتوانم نازە و هاوڕێکانم و، نەنە گوڵە و تەواوی
خەڵکی دڵسۆزی ئەم گوندە و.. ژیانی خۆش و سادەی گوندەکە لە یاد بکەم.
شا بە مەرجەکانی مینا رازی بوو.. بڕیاریشی دا کە قوتابخانەیەکی تازە و
باخچەیەکی جوان و قەشەنگیش بۆ منداڵان لە گوندەکەدا دروست بکەن.
٢٠١٥ -
نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|