په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٣\٢٠١٤

    من بە کزەبایەک رائەژێم...

شوان عوسمان

 

''کاتێک لە عەتری نیشتیمان ئەبم. هیچ عەترێک نابێت بۆنێکی خۆشم پێبدات...''.

بایەک دێ لەوێ ،لێرە ناچێت،
لە بۆنی نیشتیمان ئەکا...
بایەک لەوێ بۆمن دێ وعەتری نیشتیمانم پێ دائەکا..
من لە تەنیایی ئێرەدا رائەچەنم ، کاتێک تەنیا ئەبم..
لە دووری خاکم بێ خاک ئەبم..
من کە پڕم لە بۆنی گوڵە رۆژئاواییەکانی غوربەت،
جادەکانی مەنفا پڕم ئەکەن لە بۆنی غەریبی دوای باران..
جێ پێیەکانی خۆم هەڵئەگرم ،بەرلەوەی رەش ببمەوە لە زستانێکدا...
بایەک بەوێدا ئەمباو بە کۆڵانەکانی منداڵیم وەر ئەکاو
بەبام ئەکا..
بەرلەوەی بارانێک هەڵبکاو من بەرەو وڵاتی هەورە رەق وتووڕەکانم،
بباتەوە..
بەوێدا بەنەرمی دێمەوە لەگەل بارانێک ،بەرلەوەی شەو دابێت،
ئیتر خۆم لە تاریکی نەبینمەوە....
ئەمەوێ لەگەل یەکەم کزەبای بەیانیەک بگەڕێمەوە ،تا رێیەک ماوە بۆمن،
تا بایەک لەوێوە بۆنی بارانی لێ بێ..
بایەک لەوێوە دێ پڕە لە نەسیمی زاکیرە ،بەمندا ئەچێ وبەمندا ئەرژێ..
تامن چیتر بێرەدا نەڕژێم ،لێرەدا لە خوڕەیەک ولە گڤەیەکی بادا لەناو نەچم..
من کە پڕم لە رژان ،هەمیشە غەریبیم لێ ئەڕژێت...
ئای باکانی وڵات بیرتان ئەکەم کاتێک پڕم ئەکەن لەغەریبی نەسیمەکانتان،
لە ساتی دوور کەتنەوە..
دووریت پیرم ئەکا بەرلەوەی پیر بم ،ئەی نیشتیمان...
تامن لێرە بم ،من لە با ئەبم،
هیچ شنەبایەک ناگاتە نەسیمێکی سوبح وئێوارانی ئەوێ..
هەموو بایەکان ئەمبەن لوولم ئەدەن ،بەوێدا تووشی وەرانم ئەکەن...
لە وەرانێکیشدا بەرەو ماڵێک ئەبمەوە ،بەرلەوەی وردتر بوەرێم،
پەرت تر ببارێم..
تا بە دەنگی شوڕەئاوێکی کوێرەکانیەک ئەگەم..
من ئەبێ تا زووە بەرپێم ئەبینم ،ئەبێ بڕۆم،
تا تاوێک لەوێ لەبن چنارێکی(بێترمە
*)دانیشم..
ئنجا بە جۆگەلەکانی نیشتیمانم،
شۆڕ ببمەوە...

___________________________________
* (بێترمە) ئەو گەڕەکەی شاری (شەقڵاوە)یە کە لە ناو زاکیرەم رەش نابێتەوە پڕە لە منداڵی منداڵیم....

 

٢٧\٢\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک