٢١\٣\٢٠١٥
من بەس
رۆژنامەنووس نیم.

عەلی حسێن کەریمی
کاری رۆژنامەوانی یاخود بوون بە
رۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ پێویستی بە خوێندنی زانکۆ یاخود پەیمانگا هەیە،
بەڵام لە کوردستان زۆربەی رۆژنامەنووسان خاوەنی بڕوانامەی
رۆژنامەنووسیی نین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی کوردستان.
هەرچەندە ئەمە لە نرخی رۆژنامەنووسیی کەم ناکاتەوە، کە تۆ خاوەنی
بڕوانامە نەبووی ئیدی شایەنی ئەوە نی متمانەت پێ بکرێ لە بواری
رۆژنامەنووسییدا.
لە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو چەندین رۆژنامەنووسی چالاک و دیار هەیە لە
دەزگای گەورەگەورە ئیش دەکا بە بێ ئەوەی خاوەنی بڕوانامەی
رۆژنامەنووسیی بێ، بۆ نمونە جیمیس سوانویک، کە بۆ چەندین کەناڵی
بەناوبانگی وەرزشیی ئیشی کردوە.
کار واتە دابینکردنی ژیانی رۆژانە، ئەمە لە کوردستان بۆ زۆربەی
رۆژنامەنووسان ئاسان نییە کە کارێکی رۆژنامەنووسییان دەست بکەوێ وەکو
پیشەی یەکەمی رۆژانەیان.
هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دوای چەندین دەزگای گەورە گەورەی بە ناو ئازاد
و ئەهلی پەیدابوون.
بەڵام تا ئێستا چەند کەسێک لەم دەزگایانە ژیانیان لەسەر پیشەکەیانە،
ئەمە هۆکاری ئەوە نییە کە پێوستیان بە رۆژنامەنووسی تر نەبێ، بەڵکو
هۆکارەکەی ئەوەیە چاویان لەوەیە کە بێ بەرامبەر باشترین بابەتیان بۆ بێ
لە لایەن رۆژنامەنووسانەوە.
قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نییە کە ئێمە داواکاری
دامەزراندنی رۆژنامەنووسی پتر لە دەزگاکانان بکەین، قسە لەسەر ئەوەیە
کە کاتێک تۆ چاوەڕێی ئەوە دەکەی بابەت و ڕێپۆرتاژی باشت بۆ بێ لە لایەن
رۆژنامەنووسانی ترەوە دەبێ هەقی ئەوەشیان پێ بدەی کە ئەوەی دەستت
کەوتوە.
بەڵام ئەمە زۆر بە کەمیی روودەدا لە کوردستان، راستە دەزگاکانی
راگەیاندن وا لە رۆژنامەنووس دەڕوانن کە ئیدی بابەتەکەی یاخود
ڕێپۆرتاژەکەی بۆ بڵاو بکەیتەوە, ئەمە پاداشتەکەیەتی، چونکە کەسەکە
تەنها ئەمەی بەلاوە گرنگە کە ناوی لەسەر رووپەڕی رۆژنامە و گۆڤارەکان
دەربچێ، ئەمە لە ناو خەڵک دەیناسێنێ، دەکرێ ئەمە زۆر جار لە ناخی
هەندێک کەس هەبێ.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردووی کارکردنی مندا،
من بابەتم بۆ زۆر لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی باشووری
کوردسان ناردوە.
بەڵام هەتا ئێستا هەقی یەک بابەتم
وەرنەگرتوە.
نەک هەر ئەمە بەڵکو چەند سەربردەی ناخۆشیشم تۆمار کردوە، جارێکیان
پەیوەندییم بە دەزگایەکی
راگەیاندنەوە کرد وتم چەند بابەتێکی ئامادەکراوم لەبەر دەستە
ئایا ئێوە ئەم بابەتانەتان دەوێ یاخود بڵاوی
دەکەنەوە بەڵام بە مەرجێک هەقی
بڵاوکردنەوەکەم بدەنێ.
هەرچەندە رۆژنامەکە ناسراوە کە چەند ساڵێکیش
سەرنووسەری رۆژنامەیەکی ئەهلی ئازاد بوو کە
تا سەرئێسقان پێیوابوو بەرگریی
لە ئازادی و یەکسانی مافی مرۆڤ دەکا،
دژی گەندەڵی دەجەنگێ.
سەرەتا زۆر بە گەرمیی وەڵامی دامەوە تاکو بابەتەکانی بە دەست گەیشت،
بەڵام دواتر هەر ئامادەش نەبوو وەڵامی ئیمەیڵەکانم بداتەوە.
دوای چەبد مانگێک هەر بۆ تاقیکردنەوە ئیمەیڵێکی ترم بۆ نارد، وتم چەند
پرۆژەیەکی ئامادەکراوم هەیە، راستەوخۆ ئیمەیڵی بۆ کردمەوە، وتی بۆ ئەم
ئیمەیڵە بینێرە.
نەک هەر ئەم بەڵکو چەندین دەزگای ئازاد و ئەهلی لە کوردستان هەمان
هەڵوێستیان بەرامبەر بە من و بەرامبەر
چەندین رۆژنامەنووسی تر دووبارە کردۆتەوە.
بۆیە پێویستە من ئەوە بڵێم من هەرگیز پێویستم بەوە نییە خەڵک بمناسێ و
ناشمەوێ بناسرێم بەڵام دەمەوێ کاری رۆژنامەنووسیی وەک پیشە هەڵبژێرم
نەک دەرچوونی ناوم لەسەر رووپەڕی رۆژنامە و گۆڤارەکان و ماڵپەڕەکان.
لە راستییدا من
پێموایە هەموو رۆژنامە و گۆڤارەکان خیانەتی رۆژنامەنووسییان
بەرامبەر بە رۆژنامەنووس کردوە، واتا هەمان ئەو شتەیان کردوە کە پێیان
وابووە دژی دەوەستنەوە.
بۆیە کاری راگەیاندن لە کوردستان بەدبەختییە
و بێ نرخ کردنی
کاری رۆژنامەنووسییشە.
بۆیە من زۆر بە ئاسایی دەڵێم بەس رۆژنامەنووس نیم تەنانەت کارەساتە بە
خۆم بڵێم رۆژنامەنووسی کوردی.
چونکە رۆژنامەوانی کوردی لە هەمان باری کارەساتی رەوشتەکییدا دەژی کە
کۆمەڵی کوردی تێیکەوتوە.
سکۆتلەند
alihusainkarimi1986@gmail.com
|