په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

من بۆچى منم؟
تێڕامانێک لەڕۆمانى (قەڵاى سپى) ئۆرهان پاموک.


پێشەوا محەمەد 


ئەوەى کە بۆهیچ کەسێک گومانى تێدا نییە ئەوەیە، لەگەڵ هاتنە دنیاى هەریەکێکداو هەڵسوکەوتکردن لەتەک ئەوانى تردا وەک بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتى، ئیدى دەبێتە خاوەنى چەند مافێک و لەهەمانکاتدا چەند ئەرکێکیش. لەخۆڕایى نییە ئەوەى کەلەسەرزەوى ڕوودەدات بەچاک و خراپ و بەهەموو ئەو جوانى و ناشیرینیانەوە کەبوون و لەناوچوون و دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە، هەمووى لەئەستۆى مرۆڤـەکاندایەو هۆکارى سەرەکى هەموو گرفت و هەموو سەروەرییەکانیش هەر بۆئەو بوونەوەرە دەگەڕێتەوە کەپێى دەوترێت مرۆڤــ.


ڕاستى ... مرۆڤەکان کەهاتوونەتە دونیاوەو سەراپاى زەوییان داگیرکردووە، بەشێوەیەکى گشتى و هاوکات تاک بەتاکى مرۆڤـەکانیش لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکى گەورەدان. خۆئەگەر لەڕوانگە دینییەکەشەوە سەیرى بکەین، دەبینین ئەوکاتەى مرۆڤـ بەرپرسیارێتى لەلایەن خواوە بەسەر زەویدا وەرگرتووە، پێشتر هیچ یەکێک لەبوونەوەرەکانى ترو هیچ چیاو ئەستێرەو فەزایەکى تر ئامادەى گرتنە ئەستۆى ئەم زەوییەیان نەبووە، هەربۆیەشە مرۆڤ بکەرى سەرەکى هەموو ئەو هاوکێشە سادەو ئاڵۆزانەیە کەلەسەرزەوى ڕوودەدەن و هەڵبەت دەرئەنجامى هەموو ئەوکارو هەموو ئەو فەزایانەش کە مرۆڤ خۆى دەیخوڵقێنێت دەکەوێتەوە سەرشانى خودى مرۆڤ خۆى.


بێشک و وەک لەسەرەتاشەوە باسمانکرد هەریەکێک لەئێمە وەک چۆن خاوەن مافین بەهەمان شێوەش خاوەن ئەرکین لەسەر زەوى. ئەرک و ماف وایان کردووە کە هەرکاتێک مرۆڤێک نەیتووانى بەوئەرکە هەستێت کەلەسەرشانییەتى، ئەوا ڕاستەوخۆ ئەرکەکەى دەکەوێتە سەرشانى ئەوانى دى و دەبێت سەربارى جێبەجێکردنى ئەرکەکانى خۆیان، ئەوانى دى ئەرکى کەسانى ناهۆشیارو نابەرپرسیش بگرنە ئەستۆو ئەنجامى بدەن. ئاشکرایە خۆشبەختى گەورە بۆئەو جوگرافیاو بۆئەو وڵاتانەیە کەژمارەى ئەوانەى هەستى بەرپرسیارییان کەمەو ئەوانەى هەستناکەن (بۆچى هەنو بۆچى ئەوەن کەهەن) گەلێک کەمتر بێت لەوانەى کەهەست دەکەن (بۆچى هەنو دەزانن بۆ ئەوەن کەهەن) و درک بەو بەرپرسیارییەتەش دەکەن کەلەسەر شانییانە.


ئەوکاتەى بۆیەکەم جار مرۆڤ پرسیارى ئەوە لەخۆى دەکات (من بۆچى منم؟) یان (من بۆچى هەم؟) هەرئەوکاتەش دەگاتە ئەو ئەنجامەى کەوەک مرۆڤ لەبەردەم بەپرسیارییەکى قورس و گرنگدایە و هەستان بەبەرجەستەکردنى ئەو ئەرکەى دەشکەوێتە سەرشانى یەکێکە لەوکارانەى کەپێویستە ئەنجامى بدات. لەهەمانکاتدا هەرئەوپرسیارەشە واى لێدەکات بکەوێتە کەڵکەڵەى گەڕان بەدوواى ئەوەدا کە ئاخۆ چى پێدەکرێت و چى بکات بۆئەوەى (چییەتى بوونییەتى خۆى) بسەلمێنێت. بێگومان پرسیارکردن لەوەى (من بۆچى منم؟) گەیشتنە بەو دەرئەنجامێک کەپرسیارگەلى وەک (من چى بکەم؟ ، بۆچى بیکەم؟ ، دەتووانم چى بکەم و .... هتد) لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. پڕئاشکرایە کاتێکیش مرۆڤ گەیشتە ئەو ئاستەو تووانى پرسیارى (چییەتى بوونیەتى) خۆى بکات، ئیدى ئەگەر بەمەودایەکى درێژیش بگاتە ئەوەى ئەنجام گیرى بکات، بەڵام مەترسى ئەوەى لێناکرێت بۆ هەتا هەتایە ئەنجامگیرى نەکات و هەست بەو ئەرکە نەکات کەدەکەوێتە سەرشانى. بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە ئاخۆ چەندن ئەو کەسانەى دەتووانن ڕووبەڕوو ئەم پرسیارە لەخۆیان بکەن و بتووانن لەبەردەمیدا وەڵامیان پێبێت و هەوڵى گەڕان و ئەنجامگیرى بدەن؟ ئاخۆ چى لەوکارەسات و چى لەو نەهامەتییانە بکرێن کەلەئەنجامى درک نەکردن و پرسیارلەخۆنەکردن لەوەى (من بۆچى منم؟) ى کۆمەڵێکى زۆر لەخەڵکى دووچارى مرۆڤەکانى ترو کۆمەڵگە دەبێتەوە؟ ئایا چیبکرێت بۆئەوەى پێش هەر کارێک مرۆڤ پرسیارى ئەوە لەخۆى بکات (بۆچى ئەوەیە کەهەیە؟).


ئەوەى ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە ئەو نەهامەتییەى ئەمڕۆکە مرۆڤى تێدا دەژیت، بەشێکى زۆرى دەرئەنجامى نەکردن و نەبوونى ئەو پرسیارەیە لاى تاکەکانى کۆمەڵگەکان. هەست نەکردن یاخود خۆ بەلاڕێدابردن لەبەرانبەر ئەم پرسیارە، واى کردووە جیاکردنەوەى مرۆڤەکان لەیەکدى زۆرئەستەم و تەنانەت لەهەندێ کات و شوێن و لەهەندێ شتى تایبەتدا کارێکى نەکردە بێت، ئەم حاڵەتە واى کردووە مرۆڤەکان تەنها لەشکڵ و شێوەدا لەیەکدى جیاوازبن و لێکچوونێکى مەترسیدار لەهەموو بووارەکانى تردا لەلایەن مرۆڤەکانەوە بۆیەکترى بەرجەستە ببێت. دیارە لەوەها کۆمەڵگەیەکیشدا تەنها بەیەک دونیابینى و تەنها بەتاک ڕەهەندى و یەک ڕەنگى و یەک هەڵوێستى ئاشنا دەبین، لەهەمانکاتدا بوونى جیاوازى و لەوى دى نەچوون و خود بوون کۆمەڵێک چەمکن کەلەم کۆمەڵگایانەدا بوونیان نییە. ئەوەشى کەکێشەکە قوڵتردەکاتەوە بریتى نییە لەوەى کەمرۆڤەکان نەگەیشتبنە ئەو ئاستە ڕۆشنبیرییەى کە پرسیارى (من بۆچى منم؟) بووروژێنن (هەڵبەت ئەم جۆرە لەمرۆڤیش هەیە، بەڵام بەشێوەیەکى کەمتر.) بەڵکو کێشەکە ئەوەیە مرۆڤەکان درک بەبوون و هەروەها بەگرنگى ئەو پرسیارە دەکەن، بەڵام بەهۆى هەندێک پڕوبیانووى نابەجێوە، یاخود هەندێکیان ئەوە لەخۆیان ڕانابینن ئەو بەرپرسیارێتییە بگرنە ئەستۆ، خۆى لێدەدزنەوەو خۆى لێ گێلدەکەن. لەبەرانبەر ئەم خۆ گێلکردنەش و بۆخۆڵکردنە چاوى ئەوانى دى و بۆئەوەى خۆیان بەکەسێکى بەرپرسیارو بەمشور بناسێنن لەشوێنى ئەوەى پرسیار بکات (من بۆچى منم؟) دەپرسێت (تۆ بۆچى ئەوەیت؟) یاخود (ئەو بۆچى ئەوەیە؟) یان (ئەو بۆچى هەیە؟). بەداخەوە ئەم جۆرە لەتاوانبارکردنەى ئەوى دى و خۆ بەپاک زانین و خۆ بەدوورگرتن لەگرتنە ئەستۆى بەرپرسیارییەتییەکان کەدەکەوێتە سەرشانى هەموو مرۆڤێک، خراپ ڕۆچووەتە ناو هزرى ئینسانەکانەوەو بەئاشکرا لەکردەوەو ڕەفتارو ئەوکارانەدا دەردەکەوێت کە ئێمەى مرۆڤى کورد بەتایبەتى، ئەنجامى دەدەین و بەداخەوە هێندەشى نەماوە هەست بەوکارەساتە نەکەین کەفکرەو بیرکردنەوەیەکى لەوجۆرە بەسەر کۆمەڵگەو بەسەر مرۆڤەکانى تردا بەگشتى دەیسەپێنێت. بەدڵنیاییەوە بۆ دەربازبوونیش لەمەترسى ڕوودانى وەها کارەساتێک دەبێت یەکەم هەنگاوێک کەمرۆڤەکان بەمەبەستى چارەسەرى دەینێن بریتى بێت لەوپرسیارەى کەبەبێ جیاوازى تاک بەتاکى ئێمەى مرۆڤ لەخۆمانى بکەین : (من بۆچى منم؟) و بەدوواى وەڵام و بەدوواى ڕێگەیەکدا بچین کەبەواقعى بیسەلمێنێت (من بۆچى ئەوەم کەهەم؟).


ڕۆمانى قەڵاى سپى ئۆرهان پامووک یەکێکە لەو تێکستە بێوێنانەى کەهەر لەسەرەتاى ڕۆمانەکەوە هەتا کۆتایى لەپەیوەندییەکى قوڵدایە لەگەڵ مرۆڤ و لەگەڵ ناخى مرۆڤەکاندا. ڕۆڵێکى ناوازە کەئەم ڕۆمانە دەیەوێت بیبینێت ئەوەیە کەمرۆڤ بخاتە بەردەم پرسیارگەلێکى زۆرو زەوەندەى تایبەت بەبوونییەتى خۆیى و ئەو بەرپرسیارییەتەى لەسەرشانییەتى، گرنگترینیشیان ئەم پرسیارەیە: (من بۆچى منم؟) کەلەبەردەمماندا قوتى دەکاتەوەو ئەوەمان بەگوێدا دەدات ئاخۆ دەزانین یان دەتووانین بزانین ئێمە کێین و (بۆچى ئەوەین کەهەین؟). ڕەنگە زیادەڕۆیى نەبێت ئەگەر بڵێین هێڵى سەرەکى و فکرى ڕۆمانەکە بریتییە لەماهیەتى ئەو پرسیارەو ئەو دەرئەنجامانەى ئەو پرسیارە بەدوواى خۆیدا دەیهێنێت، پڕ ئاشکراشە پرسیارێکى لەوجۆرە چەندین پرسیارى ترى هاوشێوە بەدوواى خۆیدا دەهێنێت و تێڕامانیش لەهەریەکێ لەو پرسیارانەش لەسەروەستانێکى مەزنیان دەوێت.


لەسەرەتاى ئەم ڕۆمانەدا ڤینیسیاییەک لەکەشتییەکدا لەلایەن چەتە دەریاوانەکانى توورکەوە دەستگیردەکرێت و لەگەڵ ئەوەى سەرجەمى سەرنشینەکانى ئەو کەشتییە دەکوژرێن، بەڵام ئەم پیاوە ڤینیسییە پڕوپاگەندەى ئەوە دەکات کەسەرى لەدەرونناسى و فیزیاو چەند ئیشێکى تریشدا دەردەچێت و ئەم پاساوە وادەکات، بەمەبەستى سود لێبینینى، لەلایەن چەتەکانەوە نەکوژرێت. دوواتر ئەم پیاوە ڤینیسییە لەلایەن تورکێکەوە (خۆجە) کەهەمان خولیاى هەیە وەردەگیرێت و وەکو کۆیلەیەک مامەڵەى لەتەکدا دەکرێت. ئیدى لێرەوەو لەو پەیوەندییەى کەلەنێوان خۆجەو پیاوە ڤینیسییەکەدا ڕوودەدات ساتە ڕاستەقینەکان دەستپێدەکەن و لەم یەکتر ناسین و لەو ئیشکردن و فکرەو بۆچون و ئەو بیرەوەریانەى ئەم دووانە بۆیەکى دەنووسن و دەگێڕنەوە، ئەو پرسیارو ئەو گومانانە دەخرێنە ڕوو کەپێویستە یەک بەیەکى مرۆڤەکان لەبەردەم ئەو پرسیارو گومانانەدا بووەستن و وەڵامیان بۆیان هەبێت.


هەڵبەت ئەم ڕۆمانە پرسیارگەلێکى زۆرو بێوێنە سەبارەت بەمرۆڤ و بەچییەتى مرۆڤ و بەبوونییەتى مرۆڤ دەوروژێنێت، بەڵام گرنگترینیان ئەو پرسیارەیە کەلەسەرەتاى دانیشتن و پێکەوە کارکردنى خۆجەو پیاوە ڤینیسییەکەدا لەژورێکداو لەسەرمێزێک و لەبەرانبەر یەکدا دەیوروژێنێت، ئەویش ئەو پرسیارەیە (من بۆچى منم؟). لەسەرەتادا خۆجە ئەم پرسیارە دەوروژێنێت و پیاوەکەى تر گاڵتەى پێدێت، چونکە ناتووانێت وەڵامى بداتەوە کەئەو بۆچى ئەوە، بەڵام دوواترو لەدرێژەى کارکردن و گفتوگۆکانیاندا پیاوە ڤینیسییەکەش کەڵکەڵەى (من بۆچى منم؟) دەکەوێتە سەریەوەو ئەویش بەدوواى وەها کارێکدا دەگەڕێت کە چییەتى بوونییەتى خۆى بۆ بسەلمێت و بۆى ئاشکرابکرێت کەئەو ئەوەو خۆیەتى و ئەوانى دى نییە. هێزى ئەم پرسیارەو کاریگەرى لەسەر ئەو دووانە (پیاوە ڤینیسییەکەو خۆجە) هێندە کاریگەرە کەهەمیشە ئەم پرسیارە لەمێشکیاندا دێت و دەچێت و بەردەوام پڕۆژە دوواى پڕۆژەو داهێنان دوواى داهێنن بۆیەکترى پێشنیازى دەکەن و هەوڵى سەرکەوتن و بەرجەستەکردنى فکرەکانیان دەدەن، ئەم دووانە هیچکاتێک بیر لەقورسى و ئەستەمى ئەو فکرەو پڕۆژەو داهێنانانە ناکەنەوە کەبەمێشکیاندا دێت، بەڵکو هەرشتێکیان مەبەستبێت لێبڕاوانە کارى بۆدەکەن و دەیانەوێت ئەوەى مەبەستیانە ئەنجامى بدەن، هەموو ئەمانە تەنها لەپێناوى ئەوەدا دەکەن کەبەرلەوەى بۆئەوانى ترى ڕوون بکەنەوە کەئەمان کێن ئەوە بۆخۆیان بسەلمێنن کەبۆچى هەن و بۆچى ئەوەن کەهەن. هەر لەسەرەتادا ئەم پرسیارە خۆجە دووچارى گرفتێک دەکات ئەویش ئەوەیە لەکاتێکدا سەرقاڵى ئەوەیە ڕوونى بکاتەوە ئەو بۆچى ئەوە، لەسیاقى پرسیارەکە لادەدات و دەچێتە سەر پرسیارکردن لەوانى دى و دەپرسێت (بۆچى ئەوانى دى هەن؟) و ( بۆ ئەوان، ئەوان نین؟) پرسیارەکە لەسەرخۆى لادەبات و ناتووانێت خۆى بدۆزێتەوە. دووابەدوواى ئەم پرسیارانە پیاوە ڤینیسییەکە بەدوواى ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێت کەهەم خۆیى و هەم خۆجەش بتووانن وەڵامیان بۆ پرسیارى (من بۆچى منم؟) پێبێت و لەئەنجامدا دەگاتە ئەوەى کەپێویستە بۆ ناسین و بۆزانینى چییەتى بوونى ئەوان، بەنووسینەوەى بیرەوەرییەکانیان دەستپێبکەن و هەرلەسەرەتاى منداڵیانەوە بەچاک و خراپەوە دەست بەنووسینەوەیان بکەن و هەڵوەستە لەسەریان بکەن و بەشکست و خراپەکارییەکانیاندا بچنەوەو لەو ڕێگەیەوە بتووانن بزانن ئەوان بۆچى ئەوەن کەهەن. بێشک خستنە بەرچاو و پیادەکردنى وەها ڕێگەچارەیەک بۆئەو مەبەستەیە کەمرۆڤ هەتا ڕابردووى خۆى نەناسێت و نەیهێنێتە بەرچاوى خۆى نازانێت کێیە، هەتا ئەو هەڵەو ئەو خراپکارییانەى لەڕابردوودا کردوونى نەیهێنێتەوە یادى خۆى ناتووانێت ڕێ لەدووبارەکردنەوەیان بگرێت. لەلایەکى تریشەوە ئەوەى نەتووانێت ڕابردووى خۆى بێنێتەوە پێشچاوى خۆیى و دەرسى لێوەربگرێت، ناتووانێت بەرنامەیەک بۆداهاتووش دابنێت و مەحکومیشن بەدووبارەکردنەوەى ئەو هەڵانەى لەڕابردوودا ئەنجامیانداوە، هەربۆیەشە ئەو مرۆڤانەى کەناتووانن ڕابردووى خۆیان ببینن، هەر ئەوەانەشن کەبەرلەوەى پرسیار بکەن لەوەى (من بۆچى منم؟) دەپرسن (ئەو بۆچى ئەوە؟). دیارە لەسەرەتادا خۆجە ناتووانێت ئەو پرسیارە لەخۆى بکات و لەوانى دى دەکات، ئەوانى تر بەتاوانبار دەزانێت و دەڵێت سەرجەمى خراپەکارى و نەهامەتیەکان لەئەستۆى ئەوانى دیدایە. بەڵام پیاوە ڤینیسییەکە دەستدەکات بەنووسینەوەى بیرەوەرى و ڕابردووى خۆى بەچاک و خراپەوەو خۆجەش دەیخوێنێتەوە، دەکەوێتە ژێر ئەو کاریگەرییەوەو گفتووگۆیەکى ناوازە لەنێوان خۆجەو پیاوە ڤینیسییەکەدا ڕوودەدات: خۆجە: "مرۆڤ وەک ئەوەى چۆن لەسەیرکردنى ئاوێنەدا دیمەنى خۆى دەبینێ، لەسەیرکردنى بیرى خۆیدا، ناواخنى مێشکى خۆى دەبینێ." هەڵبەت پیاوە ڤینیسییەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری خۆجەوەو ئەویش لەسەر مێزەکەو لەبەرانبەرى دادەنیشێت و لەپەڕەیەکدا دەنوسێت (من بۆچى منم؟) ئەم پیاوە نووسینەکانى خۆجە دەبینێت کەلەجیاتى ئەوەى خۆى تاوانباربکات و خراپییەکانى خۆى بنوسێتەوە، خراپى و تاوانەکانى ئەوانى تردەنوسێتەوەو بەخۆجە ڕادەگەیەنێت پێویستە خراپییەکانى خۆشت دەربخەیت و پێى دەڵێت: " تۆش وەک هەموو مرۆڤێکى تر لەکەموکوڕى بەدەرنیت. ئەگەر بەدووایاندا بگەڕێیت ئەوا کڕۆکى خۆت دەدۆزیتەوە." خۆجە: " خراپەکار ئەوانى ترن. هەڵبەتە هەموو کسێکیش نا، بەڵام هۆى چەوتى شتەکان بۆناتەواوى و خراپى ئەوانى تر دەگەڕێتەوە." دوواتر پیاوە ڤینیسییەکە بەتووندى وەلامى دەداتەوە: " خۆیشت لایەنى خراپ، زۆر خراپت هەیەو پێویستە ئاشکرایان بکەی." ئەم گفتووگۆیانە بەکەشێکى گرفتئامێزو بەڕەفتارو کردەوە گەلێکى تووندوتیژانەى هەردوولاوە بەردەوامیان هەبوو نووسینیش هەروەها، هەندێ جار پیاوە ڤینیسییەکە زیادەى بەو خراپى و تاوانانەشەوە دەنا کەوەختى خۆى کردوونى و ئێستا دەیاننوسێتەوە، لەم کاتانەدا خۆجە داواى لێدەکرد ئەوەى ئەو دەیەوێت پیاوە ڤینیسییەکە ئەوە بنووسێت، بەڵام وەک ئاشکرایە لەبەرئەوەى هیچ کەس ناتووانێت بڕیارى ئەوە بدات بۆچى کەسێک ئەوەیە کەهەیە، بۆیەش ناتووانێت ئەوشتە بنووسێت کەکەسێکى تر دەیەوێت. بێگومان ئەم منازەرەیە یەکێکە لەجوانترین و پڕ ماناترین ئەو منازەرانەى کەلەنێوان ئەو دووانەدا ڕوودات. ئەم نووسین و ڕاهاتن لەسەر خۆنووسینەوەیە نەک نووسینەوەى ئەوانى دى، وایان لێدەکات ئەو ڕک و کینەى لەسەرەتاداو لەکاتى گفتوگۆکاندا دووچارى دەبوون کۆتاییان پێبێت و هێواش هێواش بەرەو خۆدۆزینەوە هەنگاویان دەنا. هەموو ئەمانە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەروەها خستنەوە پێشچاوى هەڵەو تاوانەکان و ڕەخنەکردنیان و شیکردنەوەیان، چەندە کارێکى مەزن و گرنگە.


گەمەیەکى زۆر جوان و زۆر زیرەکانەى ترى ئۆرهان پامووک لەم ڕۆمانەدا بریتییە لەو تێکەڵاو کردن و لەهەمانکاتدا لەو جیاکارییەى کەلەنێوان هەردوو گێڕەرەوەکەدا (پیاوە ڤینیسییەکەو خۆجەدا)ئەنجامى دەدات. هەرلەسەرەتاوە هەتا بەشە کۆتاییەکانى ڕۆمانەکە ئێمە لەبەردەم دووگێڕەرەوەو دوو کەسایەتى و دوو کارەکتەرى جیاوازین بەدوو ڕابردوو هەروەها بەدوو تایبەتمەندى جیاوازەوە، بەڵام ئەم جیاوازییانە تا کۆتایى ڕۆمانەکە نین و لەچەند جێگەیەکى ڕۆمانەکەدا بەتەواوى خوێنەر ئەو بۆچوونەى لا پوچ دەبێتەوە کە پیاوە ڤینیسییەکەو خۆجە دووکەسى جیاوازبن، بەڵکو لەهەندێ شوێن و لەهەندێ چرکە ساتى ڕۆمانەکەدا تەواو گەواهى ئەوە دەدەین کەخۆجەو پیاوەکەى تر یەکێکن نەک دووان.


لەکۆتاییدا ماوەتەوە ئەوەبڵێم ئەم ڕۆمانە بەتەنها نووسینێکى لەم شێوەیە ناتووانرێت بەتەواوى ڕۆمانەکەدا گوزەر بکەین و سەرجەمى دیوە نادیارەکانى کەشف بکەین، بەڵکو پێویستى بەدیدگەل و بەخوێندنەوەى زیاترى تر هەیەو پێویستى بەکەشفکردنى زیاتر هەیە. دیارە ئەم نووسینە بەشێوەیەکى سەرەکى تەنها هەڵوەستەى لەسەر پرسیارى (من بۆچى منم؟) کردووە، بەڵام چەندین پرسیارى ترى هاو شێوەى تێدایەو ڕاستەوخۆش ڕووبەڕووى یەکبەیەکمان کراوەتەوەو سەرجەمى ئەو پرسیارانەش چ لەئاستى تاکە کەس و چ لەئاستى گشتیدا پێویستیان بەلەسەروەستان و قسە لەسەرکردن و ڕاڤەکردن هەیە.
__________________________________
سەرچاوە: قەڵاى سپى، ڕۆمان، نوسینى: ئۆرهان پامووک، وەرگێڕانى: بەکر شوانى، بڵاوکراوەى دەزگاى ئاراس،2008

 


Peshawa_1988@yahoo.com