په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٨\٢٠١٣

    منبوون،

    واتە مەرگ تەنها نییە!


گۆران رەئوف

ئەى لاقەکراوترین بوونى ژیان، ئەى حەقیقەت

تا ئەوەى گوڵ تێبگا سەفەرى من بۆ ناسکى ئەو بووە
لە هەمبەر ئەم سەدە دڕکاوییەدا!
تا ئەوەى شەونمەکان تێبگەن
کەسێک هەیە لەبەر توانەوەیان بوونى خۆى دەسڕێتەوە!
تا ئەوەى باران هەستبکات لە پاش کەوتنەخوارەوەى
کەسێک هەیە...
خۆى لەو باڵەخانە بەرزانەوە فڕێدەداتە باوەشییەوە!
تا ئەوەى مەرگ هەست بە غەریبى خۆى نەکات و
تێبگات نائارمترین رۆح خۆشیدەوێت!
من دەگەڕێمەوە بۆ هەڵمبوون.

ئەى دیوە پەراوێزەکەى ژیان، ئەى حەقیقەت

لەبەرئەوەى هەرگیز ناتوانم لەگەڵ ئەم ئادەمییە ئارایشتانەدا بگونجێم.
لەبەرئەوەى چرکەیەک بیرم لەوە نەکردۆتەوە کە ببمە دۆست لەگەڵ
ئەم رەنگە جادوییانەى ڕۆژگاردا.
لەبەرئەوەى بەم هەموو جوانیمەوە بۆ ژیان هێشتا
لە ژێر پێى ئەو نابووتییانەدام کە گشت گەمەکان دەبەنەوە.
لەبەرئەوەى رەهێڵەکان تێبگەن تووڕەبوونیان هیچ شتێک زیادناکات..
تێبگەن بەو هەموو هێزەیانەوە ناتوانن قوڕى شەقامەکان نەهێڵن!
من خۆمەکوژم.

ئەى ترسناکترین چەمکى ژیان، ئەى حەقیقەت

ئاخر حەقیقەت بەم ناسکییەوە ناگاتە ئەنجام!
ئاخر ناسکیی تەمى پەنجەرە و
رووخۆشیی ئەم خانووە چۆڵانەى وەهم
هیچ زیاد ناکەن بۆ ئەم مەنفایەى دڵ!
ئاخر هێندە گەڕاومەتەوە بۆ پاکیزەیى منداڵیی
ئەویش دەیوت بەم غەمگینیەتەوە بتبینم خۆمدەکوژم!
ئاخر هێندە بە کووچەکانى شەودا گەڕاوم و
نەمتوانیوە برووسکەیەک بکەم بە یەخەى کۆڵانێکیەوە
ئەویش دەیوت گەر بتبینمەوە بەم جلکە رەشانەتەوە
ئەوا لە تاریکیی خەونەکانى تۆدا خۆم بەداردا دەکەم!
بۆیە پێویستە بڕۆم... بڕۆم!

ئەى غەمگینترین چاوەکانى گشت سەدەکان، ئەى حەقیقەت

تا ژیان تێبگات لەو هاوارانەم
کە بۆ دواین جار لە ژێر پاڵەپەستۆى دەنگەژێکانمەوە
وەک ورچێکى بریندار دەنەڕێنم و دەڵێم
بڕۆ هەر بێباکبە...
بڕۆ تا ئەو جێیەى جوانییە جادوییەکانت دەبینیەوە!
تا لەبەر ئاوێنە درۆزنەکانى کۆمەڵگادا وەک دزێک بناسرێم!
تا گشت دونیا گۆرانى بۆ خەونە یاخییەکانم بڵێنەوە و
لە ژێر هاوارەکانى دەنگیانەوە گوێیان لە گریانە شەرمنەکانى من بێت!
من دواهەمین پیاسەى خۆم لەگەڵ نامەکانى کافکادا دەکەم و
بۆ ئەبەد دەنوم!

ئەى بە رەونەقترین پۆشاکى پەراوێزبووى هەموو چاخەکان، ئەى حەقیقەت

نەکا لە ناکاودا بکەومە فریوى چێژى ئەم بریسکە پووچانەوە!
نەکا لەپڕ لە جوانیی سۆزانییەکى ئەم زەمەنە لەشفرۆشەدا عەشق ببینمەوە!
نەکا وەک گەڕیدەیەکى شەکەت باوەش بکەم بە سێبەرى ئەم دار سێوە کرمۆڵانەدا!
نەکا لە تەنیشت خەونەکانى دایکمەوە بیر لە پاکیی خوشکێکى شەیتان کەمەوە!
بۆیە دەڕۆم و لەگەڵ ئاوازە نامۆکانى ژیاندا خۆم دەتەقێنمەوە

ئەى حەقیقەت، ئەى نەخۆشییە خۆشەویستەکەم

بەرلەوەى وەک ئەو نامانە بناسرێم،
کە بەر لە خوێندنەوەیان هەنجن هەنجن کراون.
بەرلەوەى وەک پشیلەیەکى چاوشین
هەوڵ بۆ ئەو پلە گۆشتانەبەم
کە لە چوارچێوەى شووشە ئەبەدییەکاندا بەندکراون.
بەرلەوەى گوێبیستى ئەو میوزەکەبم
کە فریوى سەرابەکانى ئەم سەدەیان خواردووە.
ئەوا لە ژورەکەى خۆمدا و
بە دەم گریانە بێدەنگ و تەنهاکانمەوە
خۆم دەدەم لە پەتى سەرابى چاوەکانى ئەمیرم!

 

ماڵپەڕی گۆران رەئوف

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک