په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٠\٢٠٢٢

منـداڵانی بەهـرەمەنـد.


رەزا سـاڵح      


لە روی زانستییەوە، چەندین زاراوە هەن کە گوزارشت لە چەمکی (منداڵی بەهـرەمەند) دەکەن و هەمان مەبەست دەگەیەنن. وەک (منداڵی بەتوانـا)، (منداڵی داهـێنەر)، (منداڵی بـلـیمەت)، (منـداڵی هـەڵـکەوتـوو)، (منـداڵی لـێهـاتـوو)، (منـداڵی بـاڵادەسـت)، (منـداڵی زۆرزان) ، ... هـتـد.

ئـەم زاراوانە هـەرچـییەکـبن، گوزارشـت لە پـۆلـێک لە منـداڵانی نائـاسـایی دەکـەن، کە دەکەونە ژێر چەتری پەروەردەی تایبەتییەوە و لە رووی زیـرەکی ئەقـڵییەوە جیاوازیان لەگەڵ منداڵانی ئاسایی هاوتەمەنیاندا هەیە، لەوان بە جۆش و خرۆشتر و هـۆشیارترن.

بێگومـان هـەمـوو خـێزانەکان حـەزدەکـەن کە منـداڵـەکانیـان بەهـرەمەنـد و داهـێنەر و جیـاواز و ناوازەبـن، تا شانـازی بە خۆیـان و بە داهـێنانەکانیـانەوە بـکەن. بەڵام حـەز شتێکە و توانـا و بەهـرە شـتـێکی تـرن.

دەشێ منداڵانی بەهـرەمەنـد، لە بوارێک یا زیاتر لە بوارێکـدا هەڵکەوتووبن، وەکو لە رووی هـزری و داهـێنان و کۆمەڵایەتی و جەستەیی و هـونەریی (موزیک، هەڵپەڕکێ، سەما، گـۆرانی، شـانۆ) و لە بواری ئاکـادیمی و وەرزشی و تەکنەلـۆژی و بـوارەکانی کەدا. ئەم منداڵە بەهـرەمەنـدانە پێویستییان بە ستراتـیژی و میکانیـزمی جیاواز هـەیە. پێویستییان بە بەرنامە و پـرۆگرامی پەروەردەیی پێشکەوتوو هـەیە، کە لە ناوەڕۆکـدا جیـاوازبێـت لەگەڵ بەرنـامە و پـرۆگـرامەکانی منـداڵانی ئاسـاییـدا، چـونکە بەرنـامە و پـرۆگـرامە گشتییەکان، حـەز و ئارەزوو و هـیوا و خەونەکانیـان مەسـت ناکـەن.

منداڵانی بەهـرەمەند لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاینیدا هەڵدەکەون.


لە توێـژینەوەکانی پسپۆرانـدا، ئەو راستییە دەرکەوتـووە، کە زۆربەی بەهـرەمەنـدان و بـلیمەتـان و داهـێنەران و سەرکـردە هـەڵکەوتـووەکـان، لە خـێـزانە کـەم دەرامـەت و هـەژارەکانـدا پێگەیـشـتوون و هـەڵکەوتـوون.

تا ئێستا گەلێ پێناسەی جیاواز بۆ دیاریکردنی چەمکی (بەهـرەمەنـد) کراوە. بە کورتی و بە چـڕی باس لە هـەنـدێ لەو پێناسـانە دەکـەین:

پێناسە کلاسیکـییەکان، سەرنج وردیان لەسەر ئەوەیە کە توانای ئەقـڵی، کە گوزارشـت لە بەهـرەمەنـدی و زیـرەکی دەکات، تەنیا پێـوەرە بـۆ پێناسەکردنی منـداڵی بەهـرەمەنـد.
ئەم پێناسەیەش، بۆ بـۆچـوونی (هـۆلـینگ ۆرس) و(تیـرمـان) دەگەڕێتەوە. سەرنجـیان لەسەر توانای گشتیی ئەقـڵی بووە. کە لەڕێی تاقیکردنەوەکانی زیرەکییەوە دەردەکەوێت.
کەمترین رێـژەی زیـرەکـیشیان بە (١٤٠) نمرە دیاریکردووە. کە سنووری نێوان منداڵی بەهـرەمەنـد و منـداڵی ئاساییە.

(رینـزولی) بەم شێوەیە پێناسەی بەهەرمەندی دەکات:"منداڵی بەهـرەمەند، ئەو کەسەیە کە تـوانایەکی ئەقـڵیی باڵای لە داهـێنانـدا هـەیە".

سەبارەت بە پێناسەی (ویـتی) ش، کە ئەو پێناسەیەیە کە کۆمەڵەی ئەمريکی پەسەندی کـردووە و پشـتی پێـدەبەسـتن، ویـتی دەڵێـت:"منـداڵانی بەهـرەمەنـد ئـەو کەسـانەن کە هـەمیشە لە بـوارەکانی مـوزیـک و هـونەر یان سەرکـردایەتیکردنی کـۆمەڵایـەتیـدا، بە پلەیـەکی سەرنجـڕاکێـش نمـایشکاری بـەرزن".

هەریەکەش لەم زانا پسپۆرانەش (وڵاس، کوچان، کۆکس، دکتۆر ماکینون، ماریا شیڤـل) و زایانی کەش، هەریەکەیان کۆمەڵێک سیما و تایبەتمەندییەکانی منداڵانی بەهرەمەندیان دیاری کردوون.

کـۆمەڵـەی نیشـتمانی منـداڵانی بەهـرەمەنـد (دی سی) لە واشـنتۆن لە ئەمریکا. جەخـت لەوە دەکـاتەوە کە هـەرچەنـدە پێناسەی زۆر بۆ بەهـرەمـەنـدی هـەیە، بەڵام هـەمـوویان تـوخـمێکی هـاوبـەش لەخـۆدەگـرن، واتـە:"بەهـرەمەنـد، کەسـێکە کە ئاستـێکی نـاوازە نیشان دەدات. یا لە ئـەدای کارکردن لە یەکێک یا لە چەنـد بوارێکی دەربـڕیندا، توانـای نیشـانـدانی هـەیە".

بە کورتی، بەهـرە توانـایەکی جیـاوازە و ئامادەییـەکی رەمـەکی نائاساییە لە لای کەسی بەهـرەمەنـد. دەشێـت توانـایەکی بـۆمـاوە بێت یا وەرگـیراو بێت. توانایەکی ئەقـڵی بێـت یا تـوانـایەکی جەسـتەیی بێـت.

نیشانەکانی منـداڵانی بەهـرەمەنـد.

لەوانەیە بپرسن کە چـۆن منداڵانی بەهـرەمەند بناسن. نیشانەکانی منداڵانی بەهـرەمەنـد زۆرن، ئەمانەی خـوارەوە بە کـورتی بەشـێکـن لە نیشانـەکانی بەهـرەمەنـدی:

١ـ منداڵانی بەهـرەمەنـد وەکو مامۆستا دەردەکەون. لە منـداڵانی مامناوەنـد، خـێراتر و ئاسانتر فێردەبن و زانستی وەردەگرن، بە تایبەتیـش لە فـێربوونی زمانـدا بەهـرەیەکی باشیان هـەیە، خـاوەنی وشـە و زاراوەیەکی زۆرن و دەتـوانن لە پێکهـێـنانی رسـتەدا سوودیان لێوەربگرن و بەکاریان بهـێنن. بە ئازادی و ئاسانی و جـوانی و بوێـریشەوە گوزارشت لە هـزر و بیـرۆکە و راکانیـان دەکـەن.
٢ـ منـداڵانی بەهـرەمەنـد، کـراوەن، خـۆدەرخـەرن و خۆیـان دەبنـە پێـشـەوە.
٣ـ خـوێنەری خووگرتـوون، هەمیشە خولیا و شەیـدای خوێنـدنەوەی گۆڤـار و کتێبی بابەت هەمەچەشـنەن. لە خـوێنـدنەوە مەسـت نابـن و حـەز بە زانینی زیـاتر دەکـەن.
٤ـ ئەرکەکـانی قـوتابخـانەیان، لە ماڵەوەدا بە خـێرایی و بە ئاسانی جـێبەجـێـدەکەن و پشـت بە تواناکانی خۆیـان دەبەسـتن.
٥ـ کۆمەڵایـەتین و بە هـۆی زیرەکییانەوە، هـاوڕێتی و ئاشنایەتی لەگەڵ کەسانی تەمەن گـەورەتـر لە خۆیـان دەکـەن. رۆحـی یارمـەتی و هـاوکـاری و دادپـەروەرییـان هـەیە.
٦ـ بـڕوا و متمانەیەکی زۆریان بە خۆیان هەیە. هەردەم هـیوادار و گەشبینن، بوێرن و دودڵنین. هەڵوێستی ئەرێنیان هەیە. خاوەنی ئیرادەیەکی بەهـێزن و ئەستەم بوونی نییە لە لایان. نوێخواز و داهـێنەر و ئەزموونخوازن. لە گفتوگۆ و قـسەکردندا شەرم ناکەن.
٧ـ زۆر دەپـرسـن و زوو تێـدەگـەن و هـەردەمیش وێـڵی دوای زانـین و راسـتییەکـانن.
٨ـ بە شێـوازێکی نـوێ و نـاوازە، توانای چارەسەرکردنی گرفـت و کـێشەکانیان هـەیە.
٩ـ خاوەنی خەیاڵـێکی بەرز و فـراوانی نائاسایین. چـیرۆکی خەیاڵـئامـێز دەگێڕنەوە. بە وردەکارییەکی زۆرەوە، باس لە داهـێنان و لە جیهـانە خەیـاڵییەکان دەکەن.
١٠ـ دڵیان بە کـارە رۆتینیـیە دووبـارەکانی رۆژانە دانـاکەوێـت. وێـڵی دوای داهـێنان و ئافرانـدن و پـێشکەوتـنن.
١١ـ جـوانخوازن و حەزیان لە چـێژی جوانییە. لە رووە جـوانەکانی شتەکان دەڕوانـن.
١٢ـ منداڵانی بەهـرەمەند توندڕەو و دەمارگیر نین، میانـڕەون. ئامادەییەکی زیاتریشیان بۆ داننـان بە هـەڵەکانیانـدا هـەیە. رێـزیـش لە دایـکان و باوکـان و لە مامۆسـتاکانیان و لە هـاوڕێکانیان و لە کەسانی تر دەگـرن. رای جیـاواز قـبووڵ دەکـەن و هەسـتی کەس بـرینـدار ناکـەن.
١٣ـ خاوەنی هەست و سـۆزن، هـەردەمیش گەشبین و هـیواخـواز و کۆڵنـەدەرن بۆ گەیشـتن بە هـیوا و بە ئامانجـەکانیان. لە لایان ناکرێ و ئەستەمیش بـوونیان نییە.
١٤ـ سەرنـج وردن و زوو تێدەگەن و دانامێنن و خێرا وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە.
١٥ـ بە هـۆی زیـرەکی و باڵادەستی و بەهـرەمەندییانەوە، حەز بە رابەری و پێشەنگی و بـە سەرکـردایەتیکـردنی هـاوڕێکانیـان دەکەن.
١٦ـ لە تەمەنێکی بچـوکدا فـێری قـسەکردن دەبن و زووش پێ دەگرن، زووش فـێری خوێنـدنەوە و نووسین دەبـن. لە قوتابخانەشدا لەچاو هـاوڕێ خوێنـدکارەکانیانەوە کە بەهرەمەند نین و ئاسایین، ئەمان ئاست بەرزترن و نمرەکانیشیان لە وانەکاندا باڵاترن.
١٧ـ رووخۆشـن و حەزیـان لە گفـتوگـۆ و سـوعـبەت و لە قـسەکـردن و لێکـدانەوەیە.
١٨ـ خـاکین و زیـادەڕۆیی ناکـەن و خۆیـان هەڵناکێـشن و کەمتر شانـازی بە خۆیـان و بە کارەکانیانەوە دەکـەن.
١٩ـ حەزیـان لەو یارییـانەیە کە ئاسان نین و پێویستییان بە بیرکردنەوەی قـووڵ و بە یاسا هـەیە. وەکوو یـاریی شەتـرەنج و یاریی هەڵـوەشاندنەوە و پێکەوەنـانی شـتەکان.
٢٠ـ تەندروستییەکی باش و تەنێکی بەهـێزیـان هـەیە.
٢١ـ توانایەکی باشیان لە گوزارشتکردن لە هـزر و لە خەیاڵ و لە بیرۆکەکانیان هەیە. توانای رەخنەگرتنیشـیان لە خۆیـان هـەیە.

رۆڵی خـێزان لە گەشەکردنی بەهـرەی منداڵان.

(بـلـوم) لەو باوەڕەدایە، کە خـێزان رۆڵـێکی گـرنگی لە پێکهـێنانی بەهـرەی منـداڵـدا هەیە. گەر خـێزان هـانی منـداڵەکەی نەدات و بەهـرەکانی بە هـەنـد نەزانێت و رێـز و پـێزانینی بۆ توانـاکانی منـداڵە بەهـرەمەندەکەی نەبێت و لە ماڵەوەدا کەشوهـەوایەکی گۆنجاوی گەشەکـردنی و پێـشکەوتنی بۆ نەڕەخـسێنێـت، بەهـرەکانی منـداڵەکەیـان بە کپی و پەنگخـواردوویی و شاراوەیی لە دەروونیدا دەمـێنـنەوە و دەریان نابـڕێـت.

هەریەکەش لە (گـینسبۆرگ) و (هـاریسۆن) یش، جەخـت لەسـەر ئـەوە دەکـەنەوە، کە تا ئەمـڕۆش بەشـێکی زۆری خـێزانـەکان نابـەڵـدن لە گـرنگی رۆڵیـان، لە دۆزینـەوەی منـداڵانی بەهـرەمەنـد.

یەکەم هەنگاو کە پێویستە دایک و باوکی منداڵ بینێن بۆ دیاریکردنی منداڵەکەیان، ئایا بەهـرەمەندە یا ئاساییە. ئەوەیە کە لە لایەن دەروونناسێکی پسپۆری مـۆڵـەتپێدراوەوە، منداڵەکەیان هەڵسەنگـێندرێـت، کە شارەزایی و ئەزموونی مامەڵەکردنی لەگەڵ منداڵانی بەهـرەمەنـدا هـەیە.

مامۆستاکانیش رۆڵێکی گرنگیان لە دۆزینەوەی قـوتابییە بەهـرەمەنـدەکانیان هـەیە. لە میانـەی سەرنـج و تێبینیـیەکانیـان، لە کـاتی وتـنـەوەی وانەکـانیانـدا. دەتـوانـن منـداڵە بەهـرەمەندەکانیان بناسن و ئەوەش بزانن کە توانا و بەهرەکانیان لە چی بوارێک دایە.

چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منـداڵانی بەهـرەمەنـدا.

١ـ پێویسـتە ئێـوەی دایـکان و باوکـان، گرنگی و بایـەخی بەهـرەمەنـدی بـزانن و بـۆ گەشەکـردن و هـانـدانی منداڵەکانتـان بیـقـۆزنـەوە.
٢ـ بـوار و كەشوهـەوایەکی هـێمن و گونجاو بۆ منداڵە بەهـرەمەندەکانتان بڕەخـسێنن. کـاتێک کە دەیـانەوێـت شـتـێک دابهـێـنن یا بیـر لە بابـەتـێکی دیـاریکـراو دەکـەنەوە.
٣ـ لەو بـوارانەی کە منـداڵاکانتان بەهـرەیان تێیانـدا هـەیە، هـانیان بـدەن کە متمانەیان بە تواناکانی خۆیان هەبێت. توانای ئەنجامدانی کاری گەورەیان هەبێت. چونکە متمانە و بـڕوابەخـۆبـوون، هـۆکارێکـن بۆ دەرخـستـنی تـوانـا و بەهـرە متـبوو و شـاراوەکانیان.
٤ـ دابینکـردنی کتێب و گۆڤـاری بابـەت هەمەڕەنـگەی بەسوود، بە پێی تەمەنی منـداڵە بەهـرەمەندەکانتان. کە لە میانەی خوێنـدنەوەیانـدا، خەیاڵیان فـراونتر دەکەن و ئیلهام و مەیلێکی زیاتریان بۆ داهـێنان و ئافـراندن دەبێت. لە ماڵەوەشدا کتێبخانەیان بۆ دابنێن و بە کـتێب و گۆڤـاری هەمەڕەنـگەی گۆنجـاو لەگەڵ تەمـەنیـاندا، بیانـڕازێننـەوە.
هەروەهـا دابـین کردنی کارەستەکانی ئەو یارییـانەی ئارەزوویان لـێیان هـەیە. چونکە یاریکـردن هـۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەکردنی بەهـرە و توانا و ئارەزووەکانی منـداڵانی بەهـرەمەنـد. بە تایبەتیـش یارییـە زەینیـیەکان کە پێـویستییان بە بیـرکـردنەوە هـەیە.
٥ـ هەرگـیز نابێـت گـاڵتـە بە تـوانـا و بە خـەیـاڵ و بیـروڕا و بە بیـرۆکەکـانی منـداڵە بەهـرەمەنـدەکانتان بکەن و پێیان پێبکەنـن یا گاڵتە بە کـار و بە پـرۆژەکانیان بکـەن. گـەر ساکاریشبن، بەهـەنـدیان بزانـن. ئەگـینا بـڕوا و متمانەیـان بە خۆیـان نامێنێـت و بەهـرەکانیشیان دەتاسـێن و لەنـاودەچـن.
٦ـ هـەنـدێ کێـشە بخـەنە بەردەم منـداڵە بەهـرەمەنـدەکانتـان، تا بـزانن چـۆن بیـریان لێـدەکەنەوە و چی چـارەسەرێـکی گـونجـاو بـۆ چـارەسەرکـردنیـان دادەنـێن.
٧ـ گێڕانـەوەی چـیرۆک بۆ منـداڵان لە پێـش نـووستـنـدا زیـاتر گەشـە بە بەهـرەکانی منداڵانی بەهـرەمەنـد دەکەن. لێکـۆڵینەوە تـازەکان ئەوەیان سەلـمانـد، کە گێـڕانەوەی چـیرۆک بۆ منـداڵان زۆر بەسوودە. ئەو منداڵانەی چـیرۆکیان بۆیان گێڕاونەتەوە، لە قـوتابخـانەدا زیـرەکترن لە ئەو منـداڵانەی کە گوێیـان لە چـیرۆک نەبـووە.
٨ـ راهـێنانی منـداڵانی بەهـرەمـەنـد، لەسـەر بە دروسـتی بەکـارهـێنانی ئامێـرەکانی کـۆمپیـوتـەر و ئینـتەرنـێـت و ئـایپـاد. کە لەمیانـەیـانەوە دەتـوانـن زیـاتر فـێربـن و وەربگرن و زیاتر گەشە بە بەهـرە و ئارەزووەکانیـان بکەن.
٩ـ پێویستە قوتابخانەکان رۆماڵێکی گشتی بۆ ناسینی قوتابییە بەهـرەمەندەکانیان بکەن.
بە جیـاوازیان بـزانن و پـۆلی تایبـەتی و پـرۆگـرام و بەرنـامەی تایبەتییـان بۆ دابـڕێـژن.
١٠ـ پێـویستـە ئـەو مامـۆسـتایـانەی کە وانـە بە پـۆلی منـداڵانی بەهـرەمەنـد دەڵـێـنەوە، کـۆرس و خـولی تایبـەتییـان بـۆ بکـرێتـەوە و بە بـاشی رابـهـێـنرێـن، تـا لـە لە بـارەی چـۆنیـیەتی مامەڵـەکـردن لەگـەڵ منـداڵانی بەهـرەمـەنـدا هـۆشیار و شارەزابـن.


٢٣\١٠\٢٠٢٢
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک