په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

منداڵانى کورد بێ مامۆستا فێرى ئینگلیزى دەبن.


شوان سدیق   

 تەنها قوتابخانەکانى هەولێر پێویستیان بە 332 مامۆستاى زمانى ئینگلیزى هەیە.


کەمى مامۆستاى ئینگلیزى ئەم ساڵ وا لە قوتابیان دەکات، کێشەکانى تریان لە بیر بچێتەوە، ئەگەرچى هەوڵدراوە، بۆ دابین کردنى مامۆستاى ئینگلیزى، بەڵام رێگا چارەى گونجاویش زۆری ماوە بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەى ئەو کەموکوڕیانەى کە هەیە. بە پێى ئامارى پەروەردەى گشتى پارێزگاى هەولێر ئەم ساڵ لە سنوور پەروەردەى ناوبرا 865 مامۆستاى ئینگلیزى هەیە، پێویستیشى بە 332 مامۆستاى تر هەیە، بۆ ئەوەى قوتابیان لەوانەى ئینگلیزى بێبەش نەبن، جەلال هەمزە کاکەڕەش سەرپەرشتیارى پسپۆرى یەکەم لە بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى گشتى هەولێر ئاماژەى بە کەمى مامۆستاى ئینگلیزى کرد و گوتى" کەمى مامۆستاى زمانى ئینگلیزى ئەمساڵ بووە بە گرفتێک لە بەردەم خوێندنى قوتابیان، دەربارەى کەمى مامۆستاى ئینگلیزى تا ئێستا لە هەولێردا 865 مامۆستاى وانەى ئینگلیزى هەیە،کە ئەم ژمارەیەش کەمە" .


ئەگەر مامۆستا لە هەر پسپۆریەک کەم بێت، ئەوا بەرێوەبەرایەتى قوتابخانە ناچارە پەنا بۆ وانەبێژ ببات، نرخى وانە گوتنەوەش تا ئەو ساڵ کەمبوو، بۆ هەر وانەیەکى 40خولەکى برى 1500دینار تەرخانکرابوو، ئەمەش وایکردبووە، هەموو مامۆستایەک وانەبێژى نەکات، جگە لەمەش دەرچوانى زمانى ئینگلیزى زۆربەیان دەچنە لە کۆمپانیا ئەهلیەکان کار دەکەن، مامۆستا جەلال هەمزە وتى"بۆ ئەوەى تائێستا مووچەى وانەبێژى کەم بووە، ئەو قوتابیانەى کە دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکانن و لەو بوارەدا زانیاریان هەیە، دەڕۆن لە بانکێکى ئەهلى یان لە کۆمپانیایەک کار دەکەن و نابن بە مامۆستا، جا ئومێد بۆ بوونى مامۆستاى ئینگلیزى ئەوەیە، زۆربوونى ئەو سیستمى موچەیە کە ئێستا هەیە، جگە لەمەش کۆلێژەکانى سۆران و کۆیەى دەتوانن پێداویستى مامۆستا لە ناوچەکەیان دابین بکەن ،بۆ ئەوەى قوتابیانى ئەو ناوچەیە سوودى لێوەر بگرن" .


پەروەردەى گشتى هەولێر ئەم ساڵ پێویستى بە 332 مامۆستاى ئینگلیزی هەیە، لە کاتێکدا ناوى چەندین دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکان تۆمارکراوە بۆ مامۆستای، جەلال هەمزە بەڕێوەبەرى یەکەى پسپۆرى دەڵێت"جێگاى باوەڕ نیە، بەدامەزراندنى ئەو مامۆستایانە، ئەو بۆشاییەى لەوانەى ئینگلیزیدا هەیە پڕ ببێتەوە"، هۆکارە کەشى گەڕاندەوە، بۆ ئەوەى مامۆستا لە بوارى ئینگلیزى کەمترن، سەبارەت بەڕێگا چارەى گونجاو بۆ کەمکردنەوەى ئەو بۆشاییەى کە ئێستا هەستى پێدەکرێت، جەلال هەمزە ئاماژەى بەوەکرد ئەوان داواى ئەوە، دەکەن کە ساڵانە هەقى پارەى زیاترى ئەو مامۆستایانە بگەڕێنرێتەوە، کەلە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکى تر هاتوو چۆ دەکەن، وانەى ئینگلیزى و بیرکارى دەڵێنەوە، پێشى وایە ئەمە بەشێکى ڕێگا چارەیە، هەرچەندە ئێستا وانەى ئینگلیزى بووە بەوانەیەکى سەر دەمیانە و پێویستى بەخوول و ڕاهێنانى مامۆستایان هەیە.


دواى 35 ساڵ پێڕەوکردنى سیستمى خوێندن، پار ساڵى ڕابردوو وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى کورستان، سیستمى نوێى پەروەردە و خوێندنى هێنایە کایە و گۆڕانکاریەکى بنەڕەتى لە سیستمى پێشتردا کرد، لەڕووى تیوریى پراکتیکەوە ئەگەرچى کەمو کوڕەیەکان چارەسەر نەکراون و کۆمەڵێک تێروانین و سەرنج و ڕەخنە لەو بارەیەوە هەیە، بەتایبەتى نەبوونى بینایە بۆ قوتابخانەکان، لە کاتێکدا هەر بیناییەک دووتا سێ دەوامى تێدا دەکرێت، بێگومان ئەم شێوە خوێندەنەش کاریگەرى ئەرێنى هەیە بۆ سەر ڕەوشى خوێندن، جەلال هەمزە کاکەرەش سەرپەرشتیارى پسپۆرى یەکەم لەبەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى گشتى. سەبارەت بە گۆڕینى سیستمى نوێى پەرەوەردە وتى" سیستمى کارکردنى ئێمەش گۆڕاوە، لە یەکەى سەر پەرەشتیارى پسپۆریەوە گۆڕدراوە، بۆ بەڕێوەبەرایەتى سەرپەرەشت کردنى ئامادەیى، لەگەڵ دەست بەکاربوونمان بە نیازین ئەمساڵیش یەکەى ژمێریاریش بکرێتەوە" دەربارەى ئەرکى ئەوان جەلال هەمزە گوتى" ئەرکى ئێمە ئەوەیە پلانمان هەبێت لە بەسەرکردنەوەى قوتابخانەکان لە پێدواسیتیەکانیان و بەسەرکردنەوەى ناوچەکانى دەووربەر، بەسەرکردنەوەکانمان دوو جۆرە هەڵسەنگاندن و رێنماییە، سەردانى ڕێنماى لەوەرزى یەکەم ئەنجام دەدرێت، لە مانگى 10 سەردانى ڕێنماییەکان دەست پێدەکات، بەتایبەتى بۆ ئەو مامۆستایانەى تازە دامەزراون، پێوسیتیان بەڕێنمایی هەیە، لە وەرزى دووەمدا سەردانیان دەکەینەوە، تاچەند ئەو مامۆستایە رێنماییەکانى جێبەجێکردووە. دواتر فۆڕمى تایبەتمان هەیە، بۆ هەڵسەنگاندن و تواناى ئەو مامۆستایە،"
ئەو سەرپەرەشتیارى پسپۆریە، لە درێژەى قسەکانیدا ئاماژەى بەوەدا، ئەگەر مامۆستاش کەموڕى تێدابێت لەو تاقیکردنەوەی کە ئێمە بۆى ئەنجام بدەین، ناتوانین دوورى بخەبنەوە، لەپیشەى مامۆستاییەکەى، هۆکارەکەشى گەراندەوە بۆ کەمى مامۆستا وئەو سیستمە بەرێوەبردنەى ئەمرۆ کە لە سەر بنەماى چەندى ئیش دەکەن، نەک لەسەر بنەماى چۆنى کاراى ئەو کەسە "هەر بە پێى سیستەمى نوێى خوێندن زمانى ئینگلیزى لە پۆلەکانى سەرەتایى دەخوێندرێت بۆ ئەوەى نەوەى کوردیش فێرى زمانى ئینگلیزى بێت، کە جاران لە پۆلى پێنجەمى سەرەتاییەوە زمانى ئینگلیزى دەخوێندرا، لەگەڵ ئەوەدا پێویستى قوتابخانەکان بۆ مامۆستاى ئینگلیزى زیادبووە، بۆیە منداڵانى کورد بآ مامۆستا دەیانەوێت فێرى ئینگلیزى بن.


هەولێر