١٤\٨\٢٠١٢
منداڵانی
کوردستان بپارێزن لە شمشێرو تیری دراما کۆرییەکان.
ماوەیەکە
ھەندێک کەناڵی تەلەفزیۆنی لە کوردستان، ھەڵدەستن بە پەخشکردنی زنجیرەی
دۆبلاژکراوی کۆری، کە لەبەشێک لەو زنجیرانەدا خوێنڕشتنو توندوتیژی
بەدیدەکرێتو ھەندێک لە گەورەو بچووکی خەڵکی کوردستانیش سەیری ئەو فیلمو
درامایانە دەکەن.
ئێمە وەک کۆمەڵێک توێژەری کۆمەڵایەتیو دەروونی، بەپێویستمانزانی ئەم
راگەیەندراوە بۆ رای گشتیو کەناڵەکان بخەینەڕوو، و ھەڵوێسەیەک بکەین.
لای ھەمووان روونە، کە لەم سەردەمەدا تەلەفزیۆنو ھۆکانی دیکەی
راگەیاندن رۆڵی بنەڕەتییان ھەیە لە پەروەردەکردنو پێگەیاندنی کەسێتی
منداڵ، بۆیە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن بەرپرسیارن، بەرامبەر بە نەوەی
داھاتوو.
تەماشاکردنی فیلمو دراما توندوتیژەکان بەگشتی کاریگەری سلبیان ھەیە
لەسەر لایەنی دەروونیو رەفتاری منداڵان، چونکە لای منداڵ توانا
عەقڵییەکان پێنەگەیشتووەو زۆربەی رەفتارەکانی بەھۆی لاساییکردنەوە
ئەنجامدەدات، بۆیە تەماشاکردنی درامای توندوتیژئامیز رۆڵی سلبی
دروستدەکات لەسەر منداڵانو وایان لێ دەکات کە لاسایی دیمەنو مەشھەدە
توندوتیژەکان بکەنەوەو کاری توندوتیژ ئەنجامبدەن، و زیان بەیەکتر
بگەیەنن، بێئەوەی ھەستبکەن کە رەفتارەکەیان زیانبەخشە.
ھەروەھا لەبەر نەبوونی ھۆشیاری و ژووری تایبەت بە منداڵان، لای بەشێک
لە خێزانەکانیش وادەکات کە ڕێگەبدەن، منداڵەکانیان تەماشای ئەو فیلمانە
بکەن.
بۆیە بەرای ئێمە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەو مێژووی لەسەر کەناڵەکانی
تەلەفزیۆن ھەیەو بۆیە پێشنیاردەکەین:
١- لەکاتی پەخشکردنی ئەو فیلمو درامایانەی کە کوشتنو خوێنڕشتنو
توندوتیژیی کردایو گوفتارییان تیایە، بەبەردەوامی لەسەر فیلمەکان
بنوسن، کە تەماشاکردنی ئەم فیلمانە بۆ منداڵ گونجاونییە.
٢- ئەکرێت ئەو جۆرە فیلمو درامایانە لە کاتێکدا پەخشبکەن کە زۆربەی
منداڵان نوستون، ئەگەر بکرێت لە کاتژمێر ١٢ی شەو بەدواوە پەخشبکرێن
باشترە، ھەرچەندە لامان روونە کە بەشێکی خێزانەکانی کوردستان، ژووری
نوستنو نانخوادنو دانیشتنی زۆربەی ئەندامانی خێزانیان یەک ژووری
ھاوبەشە.
ھاوکات داواکارین لە دایکان و باوکان کە ئاگاداری منداڵەکانیان بن،
بۆئەوەی تەماشای ئەو فیلمو درامایانە نەکەن کە نەشیاوە، بەتایبەت
ئەوانەی کە منداڵ فێری توندوتیژی رەفتاریو گوفتاری دەکەن.
ھەروەھا داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پۆلیس، کە رێگریبکەن لە
ھاوردەکردنی شمشێرو تیرو تەقەمەنی کە لە ھەندێک لە فرۆشگاکان بە
منداڵان دەفرۆشرێن و دواجار دەبێتە زیان و کێشە بۆ منداڵان.
منداڵانی کوردستان نەوەی دوارۆژی میللەتەکەمانن، پێویستە کەشی
منداڵانەیان بۆ بڕەخسێنرێت بۆ پەروەردەکردنیان، نەک ناچاربکرێن تەماشای
فیلمی گەورەساڵان بکەن و لاسایی ژیانی گەورەساڵان بکەنەوە.
ناوەکان:
جێگر سلێمان
حازم عەلی
حەلیمە فەتاح
کارزان موحەمەد
کاروان بابەکر
نەبەز ئەحمەد
ھادی ئەمین
ھاورێ ئەکبەر
ھێمن ساڵح
ھێمن ئەحمەد
ھەرێم ئیرمان
|