٢٥\١٠\٢٠١٠ منداڵانی کورد و زمانی کوردی له تاراوگه‌دا.
ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌کی زۆری ڕه‌وه‌ندی کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، له‌گه‌لێ له وڵاتانی جیهاندا په‌نابه‌رن،به‌شێکی زۆریان بوونه‌ته هاوڵاتیی ئه‌و وڵاتانه و به‌زمانی فه‌رمی ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌دوێن..به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زمانی زگماکی کوردیمانیان له یاد نه‌کردووه و له ماڵه‌وه و له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا هه‌ر به کوردی ده‌دوێن ، له هه‌موو شار و وڵاتێکیشدا کۆمه‌ڵه‌ی کولتووری کوردی و چه‌ندین ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه و گروپی ڕۆشنبیری و هونه‌ریی کوردی هه‌ن و جۆره‌هاش کۆڕ و سمینار و چالاکی کوردی ئه‌نجام ده‌درێن.له هه‌موو وڵات و شارێکیشدا به بۆنه‌ی خۆشترین و دێرینترین جه‌ژی کورد « نه‌ورۆز » ڕه‌وه‌وندی کوردمان به جلی کوردییه‌وه ئاهه‌نگی سروود و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکیێ قه‌شنگ و شیاو سازده‌که‌ن و جه‌ژنه پیرۆزه له یه‌کتری ده‌که‌ن و سۆزی هاونه‌ته‌وه‌یی و هاونیشتمانی و هاوزمانیشیان له‌لا شیرین‌تر و به‌هێزتر ده‌بێت. ساڵانه‌ش یادی مه‌رگه‌ساتی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال به‌رز ڕاده‌گرن و،ڕێوڕه‌سم و کۆڕی شایسته‌یان بۆ ده‌گێڕن،باسی ئه‌م دوو تاوانه بێوێنه‌یه بۆ خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه ده‌گێڕنه‌وه. هه‌ندێ له وڵاتان ،ڕێ به منداڵانی بێگانه ده‌ده‌ن،که زمانی دایکیان له‌بیرنه‌که‌ن،چونکه ئه‌وان له‌و باوڕه‌دان که هه‌ر منداڵێک زمانی ڕه‌سەنی خۆی باش بزانێ ، ده‌توانێ به ئاسانی و زووتر فێری زمانی ئه‌و وڵاته‌ش ببێت ،زووتریش له کولتووریان نزیک ده‌بێته‌وه..سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌مه یه‌کێکه له‌و مافانه‌ی که ڕێکه‌وتنامه‌ی مافی منداڵ که له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه ده‌ریکردووه..فێربوونی دوو زمان یا سێ زمان و ئاشنابوون به کولتوورێکی تازه‌ش ،ئاسۆی تێگه‌یشتن و زانیاری و ڕۆشنبیری منداڵ فراوانتر ده‌کات.
له وڵاتانی سکه‌ندناڤیا ( سوید ـ نه‌رویج ـ دانمارک ) منداڵانی بیگانه له قۆناخی قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تیدا(له پۆلی یه‌که‌م تا نۆیه‌م) بۆیان هه‌یه له هه‌فته‌یه‌کدا کاتژمێرێک تا دوو کاتژمێر زمانی دایک فێربکرێن و بخوێنن ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دایک یا باوکی منداڵه‌که به ڕێی قوتابخانه‌که‌یه‌وه ،داواده‌کات که مامۆستای زمانی دایک بۆ منداڵه‌که‌ی دابین بکه‌ن.. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و منداڵه له دوورترین دێ بێ ،یا ته‌نها یه‌ک منداڵیش بێ ،داواکه‌ی ڕه‌تناکه‌نه‌وه و مامۆستای زمانی دایکی بۆ ده‌نێرن..منداڵانی کوردیشمان له‌و وڵاتانه‌دا ، له‌و هه‌ل و شانسه بێبه‌ش نین ،تا ڕاده‌یه‌کی باش سوودیان له‌م مافه وه‌رگرتووه..به هۆی کۆمه‌ڵێک مامۆستای دڵسۆز و لێهاتووه‌وه،که تا ڕاده‌یه‌کی باش سه‌رکه‌وتنیان به پرۆسه‌ی زمانی کوردی به‌خشیوه ،به هه‌زاران منداڵی کوردیان فێری خوێندنه‌وه و نووسین و ڕێزمانی کوردی کردوون.. ئاشنای ئه‌ده‌ب و کو‌لتوور و جوگرافیای کوردستان و مێژوو و سه‌روه‌رییه‌کانی گه‌له‌که‌مانیان کردوون.. زۆربه‌ی منداڵانی کوردمان ده‌توانن به زمانی په‌تی کوردی گوزارشت له هه‌ست و سۆزی خۆیان بکه‌ن..سوودێکی گرنگی تری خوێندنی زمانی کوردی له هه‌نده‌راندا ئه‌وه‌یه، له هه‌ر قوتابخانه‌یه‌کدا هه‌فته‌ی جارێک کۆمه‌ڵێ منداڵانی کورد به‌یه‌کده‌گه‌ن، ده‌شێ هه‌ریه‌که‌یان خه‌ڵکی شارێک و به‌شێکی کوردستان بن،هه‌ستی هاونه‌ته‌وه‌یی و هاوزمانی هاوکوردستانی و هاوکولتووی و هاوخوێنی و هاوداب ونه‌ریتی و هاو... هتد،لایان دروست بووه،هێنده‌ی ترش برایه‌تی و هاوڕێتیان خۆشتر و به‌هێزتر بووه.. کۆگردی و هاوڕێتی ئه‌م منداڵه فێرخوازنه زیاتر ته‌شه‌نه‌ی کردووه و بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که خێزانه‌کانیشیان یه‌کتری بناسن و ببنه ئاشنا و یه‌کتری به‌سه‌ر بکه‌نه‌وه.. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خوێندنی زمانی کوردی له تاراوگه‌دا بێ گرفت و کێشه و بێ که‌م وکوڕی نییه.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه و جێی داخه به‌لای ئێمه‌وه ،ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک له دایک و باوکان و خێزانی کوردمان له هه‌نده‌راندا ،گوێ و بایه‌خ به گرنگی زمانی کوردیمان ناده‌ن.هه‌ر له منداڵییه‌وه ،هانی منداڵه‌کانیان ده‌ده‌ن که به کوردی نه‌دوێن ،خۆشیان له ماڵه‌وه به کوردی قسه‌ناکه‌ن ، یا زۆر به که‌می به کوردی ده‌دوێن ، بۆیه منداڵه‌کانیان کوردی نازانن ، یا به کوردییه‌کی زۆر سه‌قه‌تی بچڕبچڕ ده‌دوێن.هه‌ست و سۆزی کورد و کوردستانپه‌روه‌ریشیان کاڵه یا هه‌ر نییانه.که لێشیان ده‌پرسی تۆ کوردی ؟ ده‌ڵی من: نه‌رویجیم ، یا سویدیم ، یا دانمارکیم. ئه‌م گوناحه‌ش له ئۆباڵی دایک و باوکیاندایه.. هه‌قیشمان که لۆمه و گله‌ییان لێبکه‌ین..
من چه‌ند ساڵێک له پارێزگای هۆرده‌لاند له نه‌رویج وانه‌ی زمانی کوردیم ده‌ووته‌وه..له ساڵی «٢٠٠٢»دا له قوتابخانه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیی شاری«بێرگن»دا ،ناوی دوو قوتابی کوردی خوشک و برایان دامێ که خه‌ڵکی شاری «سنه»ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانن ، دایکیان داوای مامۆستای زمانی کوردی ی بۆ کردبوون..دوو دیاری قنجم بۆیان کڕی و چووم بۆ قوتابخانه‌که‌یان.. به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که هه‌ردوو قوتابییه‌که‌ی هێنا ،(کچه‌که له پۆلی چواره‌م )و (کوڕه‌که‌ش له پۆلی یه‌که‌م) بوو.. ده‌ستیانم گوشی و دیارییه‌کانم دانێ..وتم من ناوم «ڕه‌زا شوان»ه ، ڕه‌نگه زیاتر له ده جار له کچکه و له کوڕه‌که‌م پرسی: تۆ ناوت چییه؟ ته‌نها سه‌ریان با ده‌دا . پرسیاره‌که‌م گۆڕی :چاوم ، ده‌ستم ، سه‌رم ، ئاو ، نانم پێشاندان و پرسێم ئه‌مه چیه؟ هیچ و‌ڵامیان نه‌دایه‌وه..ده‌بڵێن ئاو، ده‌بڵێن..بابه..هه‌ر سه‌ریان با ده‌دا.؟ به‌ڵام که به نه‌رویجی لێم پرسین ناوتان چییه ؟ یه‌کسه‌ر ناوی خۆیان وت..ته‌له‌فۆنم بۆ دایکیان کرد ..دایکیان وتی : « به‌ڵی نه کچه‌که‌م و نه کوڕه‌که‌شم ، کوردی هیچ تێناگه‌ن و ناشتوانن به کوردی بدوێن..» منیش پێم وت :« جا خوشکی به‌ڕێزم..من چۆن بتوانم فێری ئه‌لفوبێی کوردی‌یان بکه‌م؟ وادیاره تۆ و باوکیشیان له ماڵه‌وه به کوردی قسه‌ناکه‌ن و هه‌ر به نه‌رویجی ده‌دوێن ؟» وتی:«به‌ڵێ ڕاسته وایه» ئه‌وه‌شم پێوت که« ئۆباڵی ئه‌و دوو منداڵه له ئه‌ستۆی تۆ و باوکیاندایه..». به‌ڵام گه‌لێ منداڵی کوردیشمان هه‌ن که له هه‌نده‌ران له دایک بوونه و گه‌وره‌بوونه ،چونکه دایک وباوکیان له ماڵه‌وه هه‌ربه زمانی کوردی خۆیان و منداڵه‌کانیان ده‌دوێن ،ناڵیم کورییه‌که‌یان پێرفێکته به‌ڵام زۆر باشن و دانامێنن ، له قوتابخانه‌شدا به په‌رۆشیشه‌وه پێشوازی له وانه‌ی زمانی کوردی ده‌که‌ن.
گرفتێکی تری زمانی کوردی له تاراوگه‌دا ، ئه‌وه‌یه هه‌ندێک خۆشک و برا، که زمانی کوردی ده‌ڵێنه‌وه ،له‌ڕاستیدا مامۆستای پیشه‌یی نین، یان شاره‌زای بواری وانه وتنه‌وه و چونییه‌تی فێرکردنی منداڵ نین ،بێ ئه‌ز‌موونن و نابه‌ڵه‌دن له بواری په‌روه‌رده‌کردن و فێرکردن و ده‌روونناسیی منداڵ و جیاوازی ئاستی هۆش و زه‌ینی منداڵاندا ،کڵۆڵن له شێواز و ڕێبازه سه‌رکه‌وتووه‌کانی فێرکردنی ئه‌م سه‌رده‌مه.. ئه‌و توانایه‌شیان نییه که بتوانن به ئاسانی و ساده‌یی فۆرم و بابه‌ته‌کان به ژیان و ژینگه‌ی مندڵانه‌وه گرێ بده‌ن، یان بتوانن بۆ ئاسانکردنی فێرکردن ،که‌ره‌سته به‌رجه‌سته‌ییه‌کانی فێرکردن چ ڕاستی چ نموونه و وێنه‌یی وهه‌ستی به‌کاربهێنن..بۆیه ئه‌و قوتابییانه‌ی که ده‌که‌وننه لای ئه‌م مامۆستایانه‌وه زوو له وانه‌ی کوردی بێزار ده‌بن و ده‌تۆرێن له‌وانشه وازی لێبهێنن..تا مامۆستا لێهاتووتر بێ ، که‌سایه‌تی هه‌بێت ،ڕووخۆش و قسه‌خۆش بێ ، قوتابییه‌کانی خۆشبوێ ،هه‌ست به‌وه بکا که هه‌ڵگر و گه‌یه‌نه‌ری په‌یامێکی پێرۆز و هه‌ستیاره..زیاتر سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ ، وه‌کو کورد ده‌ڵێ: « باخی گوڵ گه‌ش و جوان، بۆ ئازایه‌تی باخه‌وانه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه»یان وه‌کو ده‌ڵێن با«نان بۆ نانه‌وا و گۆشت بۆ قه‌ساب»بێت. .چونکه کۆمه‌ڵێک مه‌رج هه‌یه ده‌بێ له مامۆستای سه‌رکه‌وتوودا هه‌بێ.
دایکان و باوکانی به‌ڕێز و مامۆستایانی دڵسۆزی کوردمان،ئه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی که به ته‌نگی منداڵه‌کانمان و چاره‌نووس و داهاتووی گه‌له‌که‌مانه‌وه دێن.. بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانی کوردنمان له تاراوگه‌دا بتوانن به زمانی شیرینی کوردی بدوێن..بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانمان له مێژووی کورد و جوگرافیای کوردستان و فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌ریتی ڕه‌سه‌نی گه‌له‌که‌مان نابه‌ڵه‌د نه‌بن..بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانی دیاربه‌کر و مه‌هاباد و که‌رکوک و قامیشلی و هه‌موو شوێنه‌کانی تری کوردستان ،به یه‌کتری نامۆ نه‌بن..بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانمان سۆز و خۆشه‌ویستیان بۆ کورد و کوردستان کاڵه‌وه نه‌بێت..بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانمان شانازی به کوردبوون و کوردستانیه‌تی خۆیانه‌وه بکه‌ن..بۆ ئه‌وه‌ی...هتد. پێویسته کوردیله‌کانی ئه‌مڕۆمان که نه‌وه‌ی داهاتووی کوردستانن ،به کوردی گۆشیان بکه‌ین ،به زمانی کوردی له‌گه‌ڵیاندا بدوێین ،فێری کوردایه‌تی و کوردستانپه‌روه‌رییان بکه‌ین..فێری به‌ها جوانه‌کانیان بکه‌ین ،فێری ئه‌وه‌یان بکه‌ین که‌له کوێدا بژین هه‌ر کوردین‌وکوردستانیش نیشتمانی یه‌که‌ممانه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش من ئه‌م پێشنیارانه‌م هه‌یه:
(١)تا ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵان له ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانتاندا به کوردییه‌کی په‌تی بدوێن، هه‌ڵه‌کانیشیان ڕاست بکه‌نه‌وه . (٢) سیدی ئه‌لفوبێی کوردیان بۆ بکڕن و بۆیان لێبده‌ن. (٣) گۆشه‌گیریان مه‌که‌ن و با تێکه‌ڵی منداڵانی کوردی هاوته‌مه‌نیان ببن..چونکه له یه‌کترییه‌وه وشه‌ی تازه ده‌بیستن و سۆزی هاونه‌ته‌وه‌یی و هاوزمانیشیان لا دروست ده‌بێت. (٤) به زمانی په‌تی کوردی ، به شێوه‌یه‌کی ساده و ئاسان ،به تام و چێژه‌وه ، چیرۆکی کورتی به سوودیان بۆ بگێڕنه‌وه ، دا‌واشیان لێبکه‌ن جارێ یا زیاتر با منداڵه‌کان خۆشیان هه‌مان چیرۆک بگێڕنه‌وه ،ئافه‌رینیان بکه‌ن و له پاداشتی جوان گێڕانه‌وه‌یان خه‌ڵاتیان بکه‌ن. (٥) سیدی سروود و گۆرانی کوردی بۆ منداڵان بۆیان لێبده‌ن . (٦)ڕایانبهێنن بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژانه سه‌یری ماوه‌ی به‌رنامه‌کانی منداڵان له که‌ناڵه ئاسمانییه کوردییه‌کان بکه‌ن . (٧) فێری مارشی نه‌ته‌وه‌ییمان«ئه‌ی ڕه‌قیب» یان بکه‌ن. (٨) له جه‌ژنی نه‌ورۆزدا جلی کوردیان له‌به‌ربکه‌ن و ئاڵایه‌کی بچووکی کوردستانیش له به‌رۆکیان بده‌ن و مۆمێکی گه‌و‌ره‌ش داگیرسێنن. (٩) دایک و باوک و مامۆستاکان، پێوسته به پراکتیکی منداڵه‌کان فێری زمان و هه‌موو کار‌و هه‌ڵسوکه‌وت و خوویه‌کی باشیان بکه‌ن ،نه‌ک به شێوه‌ی تیۆری وشک. (١٠) به کوردی و به پراکتیکی فێری ژماره‌کانیان بکه‌ن. (١١)ئه‌لبوومێک بۆ منداڵه‌کانتان بکه‌ن به زۆرترین وێنه‌ی جوانی هه‌مه‌جۆره بیڕازێننه‌وه ، بۆ نموونه وێنه‌ی ( شاره‌کانی کوردستان،وێنه‌ی سه‌رکرده نه‌مره‌کانی کورد، باڵنده ، ئاژه‌ڵ، گوڵ ، جۆره‌کانی میوه ،جۆره‌کانی پیشه ،....هتد ) به کوردی ناوه‌کانیان فێری منداڵه‌کانتان بکه‌ن. (١٢) له کوردستاندا چه‌ند گۆڤارێکی ڕه‌نگین و به‌سوود به کوردی بۆ منداڵان ده‌رده‌کرێن له‌وانه : (په‌پووله ـ هه‌نگ ـ باوه‌گوڕگوڕ ـ که‌ڤر ـ دنیای منداڵان ـ ...هتد) هه‌و‌ڵبده‌ن زۆرترین ژماره‌کانی ئه‌و گۆڤارانه بۆ منداڵه‌کانتان دابین بکه‌ن. (١٣) کڕینی کتێبی کوردی (هۆنراوه ـ چیرۆک ـ شانۆگه‌ری) بۆ منداڵان، تا فێری خوێندنه‌وه و نووسین ده‌بن ، دایک و باوک و یا مامۆستاکان ده‌توانن جار و بار ئه‌و کتێبانه‌یان بۆ بخوێننه‌وه. (١٤) دایک و باوکان و مامۆستاکان و خوێنه‌رانی دڵسۆز، ده‌زانم هه‌ریه‌که له ئێوه‌ش کومه‌ڵێک سه‌رنج و تێبینی و ڕا و پێشنیاری جوان و به‌سوودتان ده‌رباره‌ی ئه‌م باته لا هه‌یه، چونکه گرنگی فیربوونی زمانی کوردیمان له لایه‌ن منداله‌کانمانه‌وه له تاراوگه‌دا هه‌موومان دگرێته‌وه. چیش بچێنین ئه‌وه ده‌دوورینه‌وه.
|