په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١١\٢٠١٢

منداڵی شەرمن و گۆشەگیر.


رەزا ساڵح        


منداڵ یەکەمین خشتی بنیاتنانی مرۆڤی پێشکەوتووی داھاتووە .. ھەر ئەم منداڵە روحسووک و دڵپاک و چاوگەشانەی ئەمڕۆمانن .. کە لە داھاتوودا دەبنە رابەر و بەڕێوەبەر و سەرکردەکانی گەلەکەمان .. ئەگەر بە شێوەیەکی راست و دروست پەروەردە و رێنمایی و ئاراستەیان بکەین .. ئەگەر پێداویستییەکانی پێشکەوتنیان بۆ دابین بکەین .. زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەکردنی بەھرە و توانا و ، بۆ حەز و ئارەزووەکانیان بڕەخسێنن .. ئەگەر پاڵپشت و ھاندەریان بین .. ئەگەر دوور لە کولتووری زەبر و توندوتیژی و چاوسوورکردنەوە ، بە ھێمنی و بە زمانێکی نەرم و شیرین لەگەڵیاندا بدوێین و .. بە شێوەیەکی راست و دروستی پەروەردەیی و زانستی رەفتار و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین .. بێگومان نەوەیەکی بەھێز و دروستیان لێدێتە کایەوە .. کە متمانە و باوەڕیان بە خۆیان دەبێت و ، لە ئاستی بەرپرسێتی و بەڕیوەبردن و سەرکردایەتیدا دەبن .. دەبنە نەوەیەکی ھۆشیار و زرنگ و پێشکەوتووخواز .. کە توانای داھێنان و بەرھەمھێنان و ، وەرگرتن و بەخشینیان دەبێت .

پسپۆرانی بواری پەروەردە ، ھەموو ھاواڕان لە بارەی گرنگی و ھەستیاریی قۆناخی منداڵی .. لە دروست کردنی کەسایەتی مرۆڤی داھاتوودا .

ئەگەر بە نابەڵەدی و نادروستی و سەقەتی ، منداڵەکانمان گۆش و پەروەردە بکەین و ، ئاوڕیان لێ نەدەینەوە و ، بیان دەینە دەستی قەدەر و چارەنووسێکی نادیارەوە .. ھەڵبەت ئەنجامێکی خراپ و ، داھاتوویەکی تاریک و ، کەسایەتی سەقەت و بێ کەڵک و بەدبەختیان لێ دێتە کایەوە .. رەنگدانەوەیەکی خراپیشیان لەسەر ژیانی تاک و گۆمەڵگای کوردیمان دەبێت .. ئۆباڵ و گوناحی ئەم ئاکامە خراپە نەخوازراوەش لە ئەستۆی ھەموومان دایە .. چونکە کورد وتەنی : ( چی بچێنین .. ئەوە دەدوورینەوە .. ) وتراویشە : ( شانازیی باخچەی گوڵ گەش و جوان .. بۆ دڵسۆزی و ماندووبوونی باخچەوانەکەی دەگەڕێتەوە .. )

ئەگەر ئێمەی باوکان و دایکان و مامۆستاکان .. نەبینە نموونەی باشی و دروستی و راستی بۆ منداڵەکانمان .. کەواتە نابێ چاوەڕێی ئەوەش لە منداڵەکانمان بکەین کە بە باشی و دروستی پەروەردە ببن .. چونکە منداڵان تا رادەیەک چاولێکەرین و لاسایی گەورەکان دەکەنەوە .. وەکو کورد دەڵێ : " گەورە ئاو دەڕێژێ و .. بچووکیش پێی تێ دەنێ .. "

دێینە سەر سەرباسی بابەتی ئەمجارەمان .. منداڵی شەرمن و گۆشەگیر .

شەرم چییە .. ؟ بەپێی قسەکانی شارەزایان و توێژێنەرانی شەرم کردنی مرۆڤ .. بەم شێوەیە راڤەی ‏شەرم دەکەن : شەرم جورێکە لە راڕایی و ترس و دوودڵیی کۆمەڵایەتی ، کە دەبێتە ھۆی دروست بوونی ھەستێکی نێگەتیڤانە لە نێوان دوو دڵی و پەشۆکاندا .. کەسی شەرمن خۆی تەنگ بە خۆی ھەڵدەچنێ و تێکەڵ بە خەڵکی نابێ و گۆشەگیر دەبێ .

ھەندێکی تر لە شارەزایان ، شەرم بە نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەزانن ، کە بەسەر کەسایەتی کەسێکدا زاڵ دەبێ و ، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر بیر و ھۆش و توانای داھێنانی دەبێ .. ناشتوانێ بە باشی مامەڵە و رەفتار لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی لێی دەژی بکا .

کەسانی زۆر شەرمن ، کە بەجاری خۆیان پەراوێزدەکەن و تێکەڵ بە خەڵکی و کۆمەڵگا نابن .. بە تایبەتیش سڵ لە کەسانێکی نامۆ دەکەنەوە .. ئەم کەسانە بە ( گۆشەگیر ) ناودەبرێن .

کۆمەڵێکی تری توێژێنەران ، شەرم بە ھەستێکی جیھانی دەزانن .. کە پێویستە ھەموو مرۆڤێک ، ئەگەر بۆ جارێکیش بێت .. لە ھەڵوێستێکدا تاقی بکا‌تەوە .

زۆرترین شەرم و ، مەترسیدارترین شەرم .. ئەو شەرمانەن کە تووشی منداڵان دەبن .. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە ، کە دایکان و باوکان ھەست بەم کێشەیە نەکەن ، یا بە ھەندی نەزانن و گوێی پێ نەدەن .

شەرمی منداڵان.

‌منداڵان لە قۆناخەکانی گەشەکردندا ، بە تایبەتیش لە ساڵی یەکەمدا ، بە سروشتی شەرم دەکەن ، بە زۆریش لە کەسانێکی نامۆ .. لە ساڵەکانی دواتریشدا .. بە رێژەیەکی جیاواز شەرم دەکەن .. تا زیاتریش ئاشنای ژیانی کۆمەڵایەتی ببن .. زیاتر دەگونجێن و کەیی دەبنەوە و روویان دەکرێتەوە و شەرمیان نامێنێت .

ھەندێ لە منداڵان بە سروشتی زۆر ھەستیارن و پتر تووشی شەرم دەبن .. کەچی ھەندێ لە منداڵانی تر ھەر لە قۆناخی منداڵیدا ، کراوەن و کۆمەڵایەتین .. دەتوانین بە ئاسانی ئەم جیاوازییە بەدی بکەین .. منداڵی کۆمەڵایەتی ، کە کەسانێکی نامۆ دەبینێ زەردەخەنە دەکا و ، رووی خۆی خۆش دەکا و ، ھەندێ جموجووڵی سەیر دەکا ، بۆ ئەوەی سەرنجی ئەو کەسانە بە لای خۆێدا رابکێشێ.. کەچی منداڵی شەرمن ، کە میوانێکی نەناسراو ، یا کەسانێکی نامۆ دەبینێ .. دەترسێ و رادەکا بۆ باوەشی دایکی و ، لە سەر سنگی دایکیدا ، دەموچاوی خۆی دەشارێتەوە ، تا ئەو کەسانە نەیبینن یا نەیان بینێ .

بێگومان منداڵی شەرمن ، دەبێتە کێشە بۆ خۆی و ، بۆ خێزانەکەی و بۆ کەسوکاریشی .. چونکە ناتوانێ بە باشی رەفتار بکا و ، ناشتوانێ بە ئاسانی تێکەڵ بە ھاوڕێ و کۆمەڵ ببێت .. لەوانەشە تووشی گۆشەگیری خەمۆکی ببێت .. گەلێ لە ھەل و دەرفەتەکانی ژیانیشی لەدەست دەدا ، کە دەکرێ بیان قۆز‌ێتەوە .. لەوانەشە شەرم ببێتە کێشە و گرێیەکی دەروونی و ، بە درێژایی ژیانی ئەو کەسە لێی نەبێتەوە .. دەبێ ئەوەش بزانین ، کە شەرم کردن سیمایەکی کەسایەتییە و ، خەوشێکی رەوشتی نییە .. ئەگەر چارەسەری پێویست بۆ ھۆیەکانی بکەین .. نابێتە پاشکۆی ھەمیشەی مرۆڤ و لێی دەبێتەوە .. چەندین منداڵ کە منداڵی شەرمن بوون .. بەڵام دوایی بەرەبەرە روویان کراوەتەوە و شەرمیان نەماوە .

‏نیشانەکانی شەرمی منداڵان.


نیشانەکانی شەرم زۆرن .. ئەمانە ھەندێ لە نیشانەکانی شەرمی منداڵانن :

١ـ منداڵی شەرمن ، کە رووبەڕووی کەسانێکی نامۆ ، یان مامۆستاکانی دەبێتەوە شەرم دەکا و دەشەڵەژێ و .. دەموچاوی سوور ھەڵدەگەڕێ .

٢ ـ لەگەڵ کەسانی نامۆ و میوانی نەناسراودا تەوقە ناکا .. لەوانەیە لە رووشی نەیا بێت بەخێرھاتنیان بکا .. لە شەرما دەچێتە ژوورێکەوە و نایەتە دەرەوە .

٣ ـ ئەو توانا و ئازایەتییەی نییە .. کە بە ئاسنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا ببەستێ .. بە تایبەتیش لەگەڵ منداڵانی ھاوتەمەنی خۆیدا .

٤ ـ دوودڵە و دەترسێ .. ھەست بە ئاسوودەیی و ئارامی و دڵنیایی ناکا .

٥ ـ منداڵی شەرمن ، کە قسە لەگەڵ یەکێکدا دەکات بە تایبەتیش لەگەڵ کەسێکی نامۆدا یان لەگەڵ مامۆستاکانیدا .. شەرم دەکا و بە باشی قسەکانی بۆ نایەن .. یا دەمی تێک دەئاڵی و ، لێدانی دڵی زیاد دەکا و ، دەستەکانی دەلەرزن .. ھەندێ جار ئارەقیش دەکا و ، تفی خۆی قووت دەدا .. لە کاتی قسەکردنیشدا چاو نابڕێتە چاوی بەرانبەرەکەی .

٦ ـ حەز بە کۆگردی ‌ناکا و .. لە ماڵ ناچێتە دەرەوە بۆ یاری کردن لەگەڵ منداڵانی تردا .. حەزی بە تەریکی و گۆشەگیرییە .

٧ ـ ھۆگری وەرزش و چالاکییە ھەمەجورەکانی قوتابخانەکەی نییە و بەشداریش لە ( تیپی سروود ، شانۆ ، تۆپێن ، موزیک ... ھتد ) ناکا .. ئەگەر بەشداریش بکات خاوە و شەرم دەکا و ، بە ھەموو حەز و توانایەکییەوە بەشداری ناکا .

٨ ـ لە قوتابخانەدا ، لە کاتی پشووی نێوان وانەکاندا .. یا لە پۆلدا دەمێنێتەوە .. یا دەچێتە گۆشە و پەنایەکی قوتابخانەکەی و .. تێکەڵ بە قوتابییەکان نابێ .

٩ ـ لە تاقی کردنەوەکانی خوێندندا .. حەز دەکات بە نووسین تاقی کردنەوەکان بکات .. شەرم دەکا و دەترسێ لەوەی ، کە راستەوخۆ و رووبەڕوو لەگەڵ مامۆستکانیدا دابنیشێ یا راوەستی و ، وەڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە .. بۆیە حەزی لە تاقی کردنەوەکانی زاری نییە .

١٠ـ ئەو ئازایەتییە ئەدەبییەشی نییە ، کە ئەوانەی نایانزانێ .. لە پۆلدا لە مامۆستاکانی بپرسێ .. بە دەگمەنیش بەشداری لە دیالۆک و گفتوگۆکان دەکا .. حەزیش ناکا مامۆستا پرسیای لێ بکا .. یا بۆ سەر تەختەڕەش ھەڵی بستێنێ .. یا لە بەردەم قوتابییەکانی پۆلەکەیدا رای بگرێ .

١١ـ زۆر جار کە میوانی نامۆیان دێ .. بە ھەردوو دەستی چاوی خۆی دەگرێ .. یا گوێیەکانی دەگرێ .. بۆ ئەوەی نەیان بێنی و گوێی لە دەنگیان نەبێ .. چونکە وا ھەست دەکا کە سەرنجی دەدەن و رەخنەی لێ دەگرن .

١٢ـ کە یەکێک پرسیارێکی لێ بکا .. بە کورتی و بە دەنگێکی نزم وەڵامی دەداتەوە .. زۆر جار تەنھا بە " بەڵێ " یان " نا " وەڵام دەداتەوە .. لەوە دەترسێ ، کە بەھەڵە وەڵام بداتەوە و شەرمەزار بێ .

١٣ـ کە جلوبەرگێکی تازە لەبەر بکا .. یا سەری بتاشێ ، قژی ببڕێ .. شەرم دەکا .. واھەست دەکا کە جلە تازەکەی لێ نایە ، یا جوان تەراش نەکراوە ‏و .. خەڵکی سەرنجی دەدەن و گاڵتەی پێ دەکەن .

١٤ـ بەشداری لە زۆربەی چالاکی و خۆشییە کۆمەڵایەتییەکان ناکا وەکو ( شایی و ھەڵپەڕکێ ، چەپڵەلێدان ، ئاھەنگی جەژنی لە دایک بوون ، سروود و گۆرانی ، و سەیرا ن و گەڕان ، بەزم و رەزم و ، ... ) .

١٥ـ شێوازی بە ھەڵە پەروەردەکردنی ، لە لایەن دایک و باوکییەوە ، کە زۆر وشەی ( شوورەییە ) لە رووی دەدەن ، بۆ نموونە ئەگەر کیژۆڵەیەک لەگەڵ کوڕێکدا ببینن ، کە پێکەوە قسە یا یاری دەکەن .. یەکسەر سەرزەنشتی دەکەن کە ئەمە ( شوورەییە) و نابێ دووبارەی بکاتەوە و .. دەبێ لەگەڵ کچاندا یاری بکا .

‌١٦ـ دەتوانین لە میانەی ئەو وێنانەی کە دەیانکێشێ .. منداڵی شەرمن بناسین .. بۆ نموونە : ئەگەر وێنەی خانوویەک بکێشێ .. لە گۆشەیەکی لاپەڕەی دەفتەری وێنەکێشانەکەیدا بە بچووکی دەیکێشێ .. دەرگا و پەنجەرە بۆ خانووەکە ناکا .. رەنگاوڕەنگیشی ناکا ، یا رەنگی کەم بە کار دەھێنێ .. ئەم نیشانەیەش ھەموو منداڵێکی شەرمن ناگرێتەوە .. منداڵی واھەیە شەرمنە و وێنەکێشێکی باشە .

‏١٧ـ کە گوزارشت لە خۆشیش بکا .. زەدەخەنە دەکا و .. زۆر کەم پێ دەکەنێ .

ھۆیەکانی شەرمی منداڵان.


زۆر بە کورتی و بە چڕی ، لەم خاڵانەی لای خوارەوەدا ، باس لە گرنگترین ھۆیەکانی شەرمی منداڵان دەکەین :

١ـ شەرمی زکماکی ، یەکێکە لە ھۆیە سەرەکییەکانی شەرمی منداڵان ، منداڵ ھەر لەدایک دەبێت شەرمنە .. ھۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دایکی یا باوکی یا ھەردووکیان شەرمنن .. ئەم خەسڵەتەشیان دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکانیان .. پزیشکە دەروونناسییەکانیش بە شێوەیەکی زانستی و بە بەڵگە و بەراوردکردنەوە ئەم راستییە دەسەلمێنن .

‌٢ـ ئەو منداڵانەی بە ھۆی کەم دەرامەتی خێزانییەوە ، رووبەڕووی نەبوونی دەبنەوە .. وەکو منداڵانی ھەبووەکان ، پۆشتە و تێر و تەسەل و نازدار ناژین و .. وەکو ئەوان پێداویستییەکانیان بۆ دابین نەکراوە .. وەکو ئەوانیش دڵخۆش و .. بەختەوەر نین .. کە خۆیان بەراورد بەو منداڵانە دەکەن .. لە رووی جلوبەرگ و خۆراک و جێی نووستن و چارەسەری پزیشکی و ، خەرجی و خەرجکردنیان ..
دڵیان بە خۆیان دەسووتێ و ، ھەست بەوە دەکەن کە لەو ھاوڕێیانەیان کەمترن .. شەرم دەکەن کە لێیان نێزگ ببنەوە و تێکەڵیان ببن .

‌٣ـ نابەڵەدیی دایکان و باوکان و ، شێوازی نادروستییان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیاندا ‏کە رێزێکی ئەوتۆ لە کەسایەتی منداڵەکانیان ناگرن .. دەیانەوێ بە توندوتیژی و ، بە چاوسوورکردنەوە ھەموو شتێک بەسەر منداڵەکانیا‌ندا بسەپێنن .. بیر لەوە ناکەنەوە کە سەردەمی ئەمڕۆ ئەو سەردەمە نییە کە ئەوان تیا ژیاون .. بە قسەی زەق و رەق و ناشیرین و رەخنە و لۆمە رووشکێنیان دەکەن .. بێگومان ئەم قسە ناشایستانە کار لە منداڵان دەکەن .. بە تایبەتیش ئەگەر لە بەردەم ھاوڕێکانیاندا پێیان بوترێ .

٤ ـ پاراستن و چاودێری پتر لە پێویستی منداڵان لە لایەن دایک و باوکیانەوە ، لە ترسی ئەوەی تووشی ھاوڕێی خراپ نەبن و ، گوێیان لە قسەی سوک و چرووک نەبێ و ، خووی ناشیرین و قێزەوەن فێرنەبن .. راستە کە چاودێری و ئاگاداریی منداڵان پێویستە .. بەڵام زیادەڕۆیی .. وا لە منداڵان دەکا کە باوەڕیان بە خۆیان نەبێ و .. شەرم دەکەن و گۆشەگیر دەبن و ، بە گومان و دوودڵییەوە لە مندڵانی تر دەڕوانن .. شوێنی دڵنیاییش بۆ ئەوان تەنھا ماڵەوە و پەنای دایک و باوکیانە .

٥ ـ بەناز بەخێوکردنی منداڵ و ، نازپێدانی زیاد لە پێویست لە لایەن دایک و باوکییەوە .. بۆ نموونە ھەموو شتێکی لێ دەکەن بە ( بڤەیە ) .. نایەڵن خۆی ماندوو بکا و ، ئەو کارانە بکا کە دەتوانێ بیان کا ، یا خۆی تاقی بکاتەوە لە کردنیاندا .. ھەموو داخوزییەکانیشی بۆ دابین دەکەن .. ئەم زیاد ناز پێدانە ، وا لە منداڵ دەکا کە پشت بە خۆی نەبەستێ .. کاتێ کە ھاوڕێکانی دەبینێ زۆر کاریان لە دەست دێ .. لە بەردەمیاندا رادەمێنێ و شەرم لە خۆی دەکا و تەریق دەبێتەوە کە ئەم دەستەوستانە و ، تەنھا سەیریان دەکا .
لە لایەکی کەشەوە ، گوایە ئەم دایک و باوکانە منداڵەکانی خۆیان زۆر خۆش دەوێ ، چاوپۆشی لە ھەڵەکانیان دەکەن .. سەرزەنشتیان ناکەن و .. سزاشیان نادەن .. ھەموو ئەم ھەڵوێستانە بە زیانی ئەو منداڵە شەرمنانە دەشکێنەوە .
بۆ نموونە منداڵێکی بەناز بە خێوکراو .. ئەگەر لە شوێنێکی تردا ، داوی شتێ بکا و بۆێ نەکەن .. شەرم دەکا و تەریق دەبێتەوە .. چونکە ھەموو شوێنێ ماڵێ خۆیان نییە و .. ھەموو کەسێکیش وکو دایکی و باوکی نازی راناگرن .

٦ ـ بایەخ نەدان و پشتگوێ خستنی منداڵ و لێ نەپرسینەوەی ، کە ئەمەیان بە پێچەوانەی خاڵی پێنجەمەوەیە .. ئەم منداڵە وا ھەست دەکا ، بێ کەسە و کەس خۆشی ناوێ و ، کەسیش بایەخی پێ نادا و شایانی رێزگرتن نییە .. ئەم ھەست کردنەش وا لە منداڵ دەکا ، بڕوا و متمانەی بە خۆی نەبێ و .. گۆشەگیر دەبێ و شەرم دەکا کە تێکەڵی منداڵانی تر ببێ .

‌٧ ـ گاڵتە پێ کردن و توانج لێ گرتن و تەریق کردنەوە و شەرمەزارکردنی منداڵ . کە قسەیەک بکا و قسەکانی بە دڵی گەورەکان نەبێ .. لێی توڕە دەبن و قسەکەی پێ دەبڕن و ، گاڵتەشی پێ دەکەن و پێی پێ دەکەنن .. بۆ نموونە پێی دەڵێن :
( فڵتەفڵت مەکە ، لەوچە لەوچ مەکە ، چەنەبازی مەکە . یا دەمت داخە ، ... )
بەبێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاوبگرن ، کە منداڵە و ، زمانێکی منداڵانەی ھەیە ..
راڵف بۆس دەڵێ : " تا تەمەنی سیانزە ساڵیم وام دەزانی کە ناوم دەمت داخەیە "

٨ ـ ئەو منداڵانەی لە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوکیان بێ بەشن ( مردوون ، یا لە یەکتری جیابوونەتەوە ) .. کزۆڵە و مات و مەلوول و ھەناسەساردن .. بە زۆری شەرمن و گۆشەگیرن .

٩ ـ زیاد نازدان بە منداڵی تاقانە .. یا کوڕێک لە نێوان چەند خوشکێکدا .. یا خوشکێک لە نێوان چەند برایەکدا .. زیادەڕۆیی لە نازپێدان و خۆشەویستی .. منداڵ شەرمن و گۆشەگیر و خۆپەرست دەکات .

١٠ـ ھەست نەکردنی منداڵ بە ئاسوودەیی و دڵنییای .. وا لە منداڵ دەکا کە متمانەی بە خۆی نەبێ و ، ئازایەتی ئەنجامدانی کاری سەرکێشی نەبێ .

١١ـ رێبازی سەقەتی سستەمی فێرکردن .. تا ئەمڕۆش لە زۆربەی قوتابخانەکانی کوردستاندا ، پەیڕەویی سستەمی سەد ساڵ پێش ئێستا دەکەن .. بە تەڵقین کردن و ‏تووتی فێرکردن منداڵان فێردەکەن .. وا لە منداڵان دەکەن تەنھا گوێ بگرن و وەربگرن و ، قسەکانی مامۆستاکانیان دووبارە بکەنەوە .. رێک دابنیشن و نەجووڵێنەوە .. ئەم سستەم و رێبازە کۆنە ،‌ زۆر لە رۆڵ و تواناکانی منداڵان کەم دەکاتەوە .. بە درێژایی وانەکان ، ھەر مامۆستاکانن تەوەرەی سەرکین و .. ھیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ و دەمەتەقێ و پرسیار و وەڵام و دیالۆگ ناھێڵنەوە .. منداڵان وەرست و بێزار دەبن .. بواریان بۆ نامێنێتەوە کە لە رێی گفتوگۆ و پرسیارکردن و وەڵامدانەوە گوزارشت لە توانا و بۆچوونەکانی خویان بکەن و .. ترس و شەرمی خۆیان بشکێنن .. زۆربەی مامۆستاکان گوێ بە رەچاوکردنی جیاوازی تاکیش لە رووی زیرەکی و زەین و ھۆش و کەمئەندامیی جەستەییەوە نادەن .. وەک یەک لە ئاستی توانای منداڵان دەڕوانن .. بە داخەوە یارمەتییەکی ئەوتۆ بە منداڵی پێویست بە یارمەتی نادەن .

١٢ـ مامەڵە نەکردنی دروستی دەق گرتووی مامناوەندی لەگەڵ منداڵدا ، لە لایەن دایک و باوکییەوە .. یا زۆر خۆشیان دەوێ و زۆر بە دەوریا دێن و ، زیاد لە پێویست نازی پێ دەبەخشن و .. زۆر نەرم و رووخۆش دەبن لەگەڵیدا و .. رۆژی سەد جار بە ساقەی دەبن .. کەچی جاری واش ھەیە بە پێچەوانەوە ، زۆر بە توندوتیژی و بە ‌رەقی و بە زەقی رەفتار و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و روویان لێی گرژدەکەن .. یا بە جارێ پشتگوێی دەخەن .. ئەم شیوازە مامەڵەکردنە ناگیرە .. منداڵ تووشی شۆک و دڵەڕاوکی و بێ باوەڕی و شەرم دەکا .

١٣ـ لە روودانی ھەندێ دەستەواژەی زەقی نەگونجاو بە منداڵان .. بۆ نموونە : ( ژنت بۆ دەھێنم ، دەتدەم بە شوو ، ... ) ئەو منداڵانەی کە ئەم جۆرە قسانەیان لە روودەدرێ شەرم دەکەن و تەریق دەبنەوە ، لەوانەیە ئەو جێیە بەجێ بھێڵن .

١٤ـ کەمئەندامی ، وەکو : ( شەل و گۆجی ، کەڕی ، لاڵی ، نابینایی ، کورتەباڵایی ، لاوازی و قەڵەوی ، یا ھەست کردنی بەوەی کە جوان نییە ، لووتی ناشیرینە ، یا چاوی یا گوێی یا لێوەکانی وان ، یا گەنم رەنگە ، رەش پێستە ، ... ھتد ) ھەموو ئەو ھەستانە ئەوەی لا دروست دەکەن .. کە ناتەوە و خۆێ لە ھاوڕێکانی بە ‌کەمتر دەزانێ .. بۆیە شەرم دەکا و گۆشەگیر دەبێ .. ھێندەش تێکەڵ بە منداڵان نابێ .. لەوە دەترسێ و شەرم دەکا ، کە بە سووکەوە لێی بڕوانن و بە ناوی کەمئەندامییەکەیەوە ناوی بەرن .. بۆ نموونە : ( فڵانە کوێر ، فڵانە شەل ، فڵانە درێژ ، فڵانە لووتە ، فڵانە رەش ، فڵانە قەڵەو ، ... ھتد )

١٥ـ ناکۆکی و شەڕی نێوان دایک و باوک و ، ئاژاوەی خێزانی .. منداڵێک لە سایەی خێزانێکی ناتەبای وادا گەورەبێ .. ھەست بە ژینگەیەکی ئاسوودە و بە ئارامی و شادی و بە بەختەوەری ناکا و .. دووچاری شەرم و ترس دەبێ و .. کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی خراپی لە ژیانی ئەمڕۆ و داھاتووشیدا دەبێت .

١٦ـ زیادەڕۆیی لە چاودێری و تیشک خستنەسەر منداڵ ، لەلایەن مامۆستاکان ‌و گەورەکانەوە .. منداڵ تووشی شەرم و ترس و نا ئارامی و نا ئازادی دەکا .

١٧ـ شەرم کردن ، منداڵ تووشی تەنگەژە و پاڵەپەستۆی دەروونی و ، کێشەی فسیۆلۆژی دەکا .. وەکو : سەر ئێشە ، سک ئێشە ، ھەناسە سواری ، نەرمەکۆکە ، دڵەخورپێ ، بێزاری ، کەم خواردن .

‌١٨ـ منداڵی شەرمن ، ھەر بە ھۆی شەرمکردنەوە ، رقی لە قوتابخانەیە ، چونکە بۆ ئەو شوێنی ترس و نائارامی و شەرمەزارییە .

١٩ـ بەراوردکردنی منداڵ ، لە لایەن دایک و باوکی و مامۆستاکانییەوە ، بە منداڵانی لەو زیرەکتر و پشکەوتووتر و بەختەوەرتر ھەڵەیە و .. کار دەکاتە سەر دەروونی منداڵ و ، تووشی شەرم و خۆبەکەمترزانین لەو منداڵانە دەکا .

٢٠ ـ زۆر رەخنە لێ گرتن و ، زۆر لێپێچینەوە و ، زۆر لۆمەکردن و ، زۆر تەریق کردنەوە و ، زۆر تووڕەبوون لێی بە تایبەتیش لە بەردەمی ھاوڕێکانیدا .. منداڵ تووشی شەرم دەبێ و .. ئەو ھەستەی لا دروست دەبێ کە ناتوانێت کارێکی راست و باش بکا .. ھەمیشە لەوە شەرم دەکا و دوودڵە ، کە کارێکی ھەڵە بکا و رەخنەی لێ بگرن ، یا پێی پێ بکەنن و توانجی لێ بدەن و شەرمەزاری بکەن .

٢١ـ ئەو منداڵانەی ، کە زۆر شوێنی نیشتەجێ بوونیان دەگۆڕێ و .. تێکەڵ بە کۆمەڵێک منداڵی نامۆ و نەسراو و ، رووبەڕووی مامۆستایانی تازە دەبنەوە .. شەرم دەکەن و دەترسن .. رەنگە ئەمەیان شەرمێکی کاتی بێ و نەمێنێ .

چارەسەرکردنی شەرمی منداڵان.


ئەو چارەسەر و پێویستییانە چین .. بۆ ئەوەی منداڵی شەرمن و گۆشەگیر بکەن بە مندالێکی ئاسایی و کۆمەڵایەتی .. زۆر بە کورتی لەم خاڵانەدا باسی چۆنییەتی چارەسەرکردنی منداڵانی شەرمن دەکەین :

١ـ پێویستە جۆری ئەو شەرم کردنە بزانن کە توشی منداڵەکەتان بووە .. شەرمی تێکەڵبوونە لەگەڵ کەسانی نامۆدا ، شەرمی بەشداری کردنە لە چالاکییەکانی پۆل و قوتابخانەکەیەیدا ، شەرمی ترسی بەشداربوونە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا ، شەرمی پۆشینی جلوبەرگی تازەیە ، شەرمی ترسی قسە بە ھەڵەکردنە بە تەلەفۆن ، شەرمی خوێندنەوەیە لە پۆلدا ، شەرمی خۆبەکەمزانینە ، ... ھتد .

٢ ـ بە ھیچ کلۆجێک نابێت دایک و باوک و مامۆستاکان ، بە منداڵی شەرمن بڵێن تۆ ( شەرمن ) ی ، لای خەڵکیش باسی شەرمکردنی مەکەن .


تۆژینەوەکانی تۆژێنەران ، جەخت لەسەر ئەوە دەکەن .. خستنە پاڵی ئەم جۆرە وشانە : ( شەرمنۆک ، گەمژە ، لاسار ، بێ دەسەڵات ، ترسنۆک ، بێ کەڵک ، تەمەڵ ، دەمردوو ، گەلحۆ ، خوێڕی ، ... ھتد ) کاردانەوەیەکی خراپیان لەسەر ھەست و دەروونی منداڵی شەرمن دەبێت و ، شەرمنتر و گۆشەگیرتر دەبێت .

٣ ـ پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستایان ، ببنە پێشەنگ و نموونەی باشی کۆمەڵایەتی و ، خووجوانی و رەوشت بەرزی .. چونکە منداڵان چاولێکەر و لاساییکەرەوەن ، لە ئەمانەوە گەلێ شت وەردەگرن و فێردەبن .. لەم رووەشەوە پسپۆرانی پەروەدە ، ئامۆژگاریی دایکان و باوکان دەکەن ، کە پەیڕەوی و بەرجەستەی ئەو جۆرە رەوشتە کۆمەڵایەتییانە بکەن .. کە منداڵەکانیان بەرەو کرانەوەی کۆمەڵایەتی وشەرم نەکردن و تێکەڵبوون دەبەن .. بۆ نموونە : با لە
ئێوەوە فێربن و چاوتان لێ بکەن ، کە بە کەسانێک دەگەن ، دەست پێشکەربن لە ( رۆژتان باش ) یا ( ئەم کاتەتان باش ) .. وا رابھێنرێن کە بە روویەکی گەش و خۆشەوە ، بە زمانێکی نەرم و شیرینەوە پێشوازی لە میوانان بکەن و بە گەرمی بەخێرھاتنیان بکەن .. بەشداری لە گفتوگۆ بکەن و .. قسە بەکەس نەبڕن و ، بە ھێمنی و بە دروستی ، داکۆکی لە را و لە بۆچوونەکانی خۆیان بکەن .. ئەم جۆرە ھەنگاوانە باشانە .. گیانی بەشداری کردن و لەیەک نێزگبوونەوە و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی ، لە بیر وھەستی منداڵانی شەرمن و گۆشەگیردا دەڕوێنێ .

‌٤ ـ پێویست دایک و باوک یارمەتیی منداڵەکەیان بدەن ، بۆ ئەوەی بە باشی لە خۆی بڕوانێ و خۆی بەکەم نەزانێ ، چونکە منداڵی شەرمن ، متمانە و باوەڕی بە توانی خۆی نییە .. لەوە دەترسێ کە لە ھەوڵە کۆمەڵایەتییەکانیدا شکستی بھێنێ و رەتی بکەنەوە .


رۆڵی دایک و باوک و مامۆستاکان لەم رووەوە ، ئەوەیە کە جەخت لەسەر ئەوە بکەن ، کە شکستھێنانی جارێ یا دوو جار ، کۆتایی ژیان و جیھان نییە .. بەڵکو رێگەیەکە بۆ باوەڕ بەخۆبوون و درێژەدان بە تێکۆشان و سەرکەوتن ، پێویستە مرۆڤ لە ھەڵە و لە شکستییەکانی خۆی وانە و پەند وەربگڕی و ، راستیان بکاتەوە .. دەتوانن نموونەی زیندووی میژووی چەندین گەورە و کەڵەناودارنی جیھانیان بۆ بگێڕنەوە .. کە ھەردەم بێ ھیوا نەبوونە و ، لە سایەی بڕوایەکی بەھێز و ئیرادەیەکی پۆڵایین و کۆڵنەداندا ، دوای چەندین شکستی و .. لە دوای چەندین کەوتن و ھەڵسانەوە .. توانیویانە سەرکەوتن بەدەست بھێنن .

‌٥ ـ نابێ دایک و باوک ، لە بەردەم ھاوڕێکانی و خەڵکی تردا ، لە منداڵەکەیان گرژ و توڕە ببن و ، رەخنەی لێ بگرن و سەرزەنشت و لۆمەی بکەن و ، قسەی زەق و رەقی پێ بڵێن و ھەستی ئازاربدەن .. بەڵکو دەکرێ بە شێوەیەکی راست و دروست وای لێ بکەن کەخۆی ھەست بە ھەڵەکانی بکا و ، لێیان پەشیمان بێتەوە و داوای لێبووردن بکا و ، راستیان بکاتەوە .

‌٦ ـ یارمەتیی منداڵەکەتان بدەن ، بۆ ئەوەی جار لە دوای جار باشتر بە لای باشیدا بگۆڕێت .. فشاریش مخەنە سەری بۆ ئەوەی کارێک بکا ، کە لە توانای ئەودا نییە ، یا حەزی لەو کارە نییە و ، نە توانین و ئەنجام نەدانی ئەو کارە ، ببێتە ھۆی شەرمەزاری و تەریق بوونەوەی ‏.


لەگەڵیدا بەو ھەنگاوانەش دەست پێ بکەن ، کە کەمتر رامان و دامانی دەکەن .. بۆ نموونە : ھانی بدەن بە زەدەخەنە و بە رووخۆشییەوە پێشوازی و بەخێرھاتنی میوانان بکا .. ئەگەر لە جاری یەکەمدا شەرم بکا و ، ئارەزووی قسەکردن و ، دانیشتنی لەگەڵیاندا نەبێ ، زۆری لێ مەکەن .. بابمێنێت بۆ جاری دووەم و جاری سێیەم .. بەم شێوەیە ھێدی ھێدی شەرمی دەشکێ و رووی دەکرێتەوە و ، تێکەڵ دەبێت و ، لەگەڵ باری کۆمەڵایەتیدا رادێ و ئاسایی دەبێتەوە .

٧ ـ منداڵەکەتان ھان بدەن ، بۆ ئەوەی گەشە بە بەھرە و توانا و بە حەز و بە ئارەزووەکانی بکا .. ئارەزووەکانی خۆتان مەسەپێنن بە سەریدا .. یارمەتیی ئەوەی بدەن ، کە بەسەر ھەستی خۆبەکەمزانین و بێ دەسەڵاتیدا زاڵ بێت .

٨ ـ منداڵەکەتان سەرپشک بکەن ، با بە سەربەستی و ئازادی ھاوڕێکانی خۆی ھەڵبژێرێ .. با جۆر و رەنگی جلوبەرگەکانیشی بە دڵی خۆی بن .. نەک ئێوە چیتان بە دڵە دەبێ ئەوەی بوێ و ئەوە لەبەربکا .. ئەوش ناڵێم نابێ شارەزایی و را و تاقی کردنەوەکانی خۆتان بۆی باس نەکەن .

‌٩ ـ منداڵەکەتان لەسەر وەرگرتن و بەخشین رابھێنن .. ھانی بدەن کە پەیوەندی لەگەڵ منداڵانی تردا ببەستێ .. کۆمەڵایەتی بێ و رووحی یارمەتیدان و ھاوکاری ھەبێ .. بە کۆمەڵ ژیان و پێکەوە کارکردنی ھەنگ و مێروولەی بە نموونە بۆ بھێننەوە .. ھانی بدەن ھەردەم گەشبین بێ و رەشبین نەبێ .. ھەموو ئەم جۆرە بیرۆکانە ‌، دەبنە ھاندەرەی و ، دەبنە ھۆی متمانە و باوەڕبەخۆبوونی .

١٠ ـ کە منداڵەکەتان کار و سەرکەوتنێکی باشی بە دەست ھێنا .. ستایش و ئافەرین و دەستخۆشیی لێ بکەن و پێخۆشحاڵیی خۆتانی بۆ دەربڕن و .. خەڵاتی بکەن .. بەڵام خەڵاتەکەتان لە ھەمان کاتدا بێ .. چونکە منداڵ لە کات تێ ناگا و ئارامی نییە و ، ناتوانێت بۆ ماوەیەک چاوڕێ بکات.

‌١١ ـ منداڵەکەتان ھان بدەن ، کە باوەڕی بە شەرم نەبێ .. با تێکەڵی کەسانێکی نامۆ ببێ .. تا کەسانی نامۆ بناسێ و بدوێنێ ترسی دەشکێ و شەرمی نامێنێت .

١٢ ـ با دایک یا باوک ، سەرگوزشتەی ژیانی خۆی بۆ منداڵەکەی باس بکا .. کە چون بە منداڵی شەرمی دەکرد و .. دواتر شەرمی شکاوە و ، بووە بە کەسێکی ئاسایی و کۆمەڵایەتی .. بە ھۆی بەشداری کردنیشی لە چالاکییە وەرزشی و ھونەری و کۆمەڵایەتییەکانی قوتابخانەکەیان و لە دەرەوەدا .. چەندین دەسکەوت و سوودی لە سایەی کرانەوە و شەرم شکاندنەکەیدا بە دەست ھێناون .

١٣ ـ لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکەتاندا ، شانۆگەریی ( میوان و خانەخوێ ) ساز بکەن .. با منداڵە شەرمنەکەتان ، ‏ڕۆڵی خاوەن ماڵ وەربگرێ .. ئێوەی دایک و باوکیشی رۆڵی میوانتان ھەبێ .. با شەرمی بشکێ و فێری ئەوەبێ ، کە بە زەردەخەنە و بە روویەکی گەش و خۆشەوە .. پێشوازی و بەخێرھاتنی میوانەکان بکا .. ئەگەر ھەمان شانۆگەریتان دووبارە کردەوە .. رۆڵەکان بگۆڕن .. با ئەم جارەیان منداڵەکەتان رۆڵی میوانێک بنوێنێت .. ئەمە رێگایەکی زۆر باش و ئاسانە بۆ کرانەوە و چارەسەرکردنی شەرم و ترس و گۆشەگیریی منداڵەکەتان .

١٤ ـ ھانی منداڵەکەتان بدەن ، ئەو ئازاییەتە ئەدەبییەی ھەبێ ، کە بەبێ ترس و شەرم بە راشکاوی گوزارشت لە ھەست و نەست و ، لە را و بۆچوونەکانی خۆی بکا ، توانای خۆشی بسەلمێنیێ و .. ئەو ھەلانەش لە دەستی خۆی نەدات کە بۆ پشکەوتنی بۆی رەخساون یا دەرەخسێن .. لەوەش دڵنیابێ کە دایک و باوکی و مامۆستاکانی .. گوێی ڵێ دەگرن و رێز لە را و بۆچوونەکانی دەگرن .

١٥ ـ منداڵەکەتان ، بە شێوەیەکی خراپ لەگەڵ منداڵانی لەو باشتر و زیرەکتر و بە تواناتر و بەختەوەرتر بەراورد مەکەن .. بۆ نموونە لە رووی مەدەن کە :
( دیلان لە تۆ باشترە ، جوان لە تۆ زیرەکترە ، نمرەکانی شڤان لە نمرەکانی تو بەرزترن ، تۆش چاو لە گەشبین ی خوشکت بکە ، ... ھتد ) ئەم بەراوردکردنانە دەبنە ھۆی شەرمکردن و خۆبەکەمزانی و ھەست کردنی کەمتوانیی منداڵەکەتان .

١٦ ـ خۆشەویستی و سۆزبەخشین و رێزگرتن لە کەسایەتیی منداڵەکەتان .. زۆر گرنگ و بەسوودن .. رێخۆشکەرن بۆ زانینی ھۆکارەکانی شەرم و گۆشەگیریی منداڵەکەتان و .. رێگاکانی چارەسەرکردنیشیان ئاسانتر و کورتر دەکەنەوە .

١٧ ـ پێویستە دایک و باوک ، لایەنە بەھێز و بێ ھێزەکانی منداڵەکەیان بزانن .. پاڵپشت و ھاندەری خاڵە بەھێزەکانی بن و بەردەوام بێ لێیان و زیاتریش گەشیان پێ بکا .. چارەسەری پێویست و دروستیش بۆ خاڵە لاوازەکانی بدۆزنەوە .

١٨ ـ مندالەکەتان ھان بدەن ، بۆ ئەوەی لە قوتابخانەکەی و ، لە دەرەوەی قوتابخانەکەشیدا لە چالاکییە وەرزشی و ھونەری و ئەدەبی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەشداری بکات .. واش بکەن کە لە چالاکییە تەنیاییەکانی دووری بخەنەوە ، وەکو دانیشت بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەردەم تەلەفزیۆندا ، یاری کردن بۆ ماوەیەکی درێژ بە ڤیدیۆ و ئەتاری و پلەیستێشن .. ئەگەر کرا لە ماڵەوە فێری ھەڵپەڕکێ یا گۆرانی یا ھەر چالاکییەکی ترێ کۆمەڵایەتی بکەن .. بە مەبەستی رووکرانەوە و شەرم شکاندن و ، ھاوکاری و ئەنجامدانی کاری بە کۆمەڵ .

١٩ ـ ھێندە لە پارێزی منداڵەکەتان مەبن و ، زیادەڕۆیی لە وریابوونیدا مەکەن و ھەموو کاتێکتان بە ئەوەوە بەسەر مەبەن .. وریاش بن کە لە منداڵانی خەڵکی بە جیاوازتر و بە زیاتری مەزانن .. مەڵێن لە دڵمان نایەت و تاقانەیە و نابێ ھیچ بکات .. ئەگینا لە دابین کردنی ھەموو پێداویستییەکانیدا پشت بە ئێوە دەبەستێ ..


پێویستە وا رای بھێنن کە ئەو کارانەی بۆێ دەکرێ با بیکا .. بۆ نموونە خۆی جلوبەرگەکانی لەبەربکا و خۆی خۆی بڕازێنێتەوە و خۆێ جلەکانی ھەڵواسێ ..
پارەی بدەنێ با بچێ لە فرۆشگاکەی نێزگ ماڵتان کیلۆیەک پەتاتە یا ترێ بکڕێ .. با خۆشی رەنگی جلوبەرگەکانی ھەڵبژێرێ .. ئەم کارە بچووکانە ، بڕوای بە توانای خۆێ پێ دەبەخشن و .. سەربەست دەبێ لە بنیاتنانی کەسایەتی خۆیدا .

٢٠ ـ پێویستە بە چاوی یەکسانییەوە ، مامەڵە لەگەڵ کچەکەتان و کوڕەکەتاندا بکەن و .. جیاوازی مەکەن لە نێوانیاندا .. وشەی ( شوورەیی ) ش ، مەکەن بە کۆسپ و بەربەست لە رێی خواست و ئارەزووەکانی کچەکەتان .. یا ھەر لەبەر ئەوەی کە مێینەیە ، ھەموو شتێکی لێ بکەن بە نابێ و بە ( بڤە ) یە .

٢١ ـ بە تەنیای و بە پەنھانی ، منداڵەکەتان لە ھەڵەکانی ئاگادار بکەنەوە .. بە شێوەیەکی ئەوتۆ کە رووشکێنی مەکەن و ، ئازاری ھەست و دەروونی مەدەن .

٢٢ ـ ناکۆکی و کێشەکانی نێوان دایک و باوک و ، مشومڕ و ھاواریان لە بەردەم منداڵەکەیاندا .. کاریگەرییەکی خراپی لەسەر دەروونی منداڵەکەیان دەبێت و لە ژیانی داھاتوویدا بە خراپی رەنگ دەدەنەوە .

٢٣ ـ ھانی منداڵەکەتان بدەن کە بەشداری لە ‏( ئاھەنگی جەژنی لە دایکبوون )ی ھاوڕێکانیدا بکات و دیارییان پێشکەش بکات .. ساڵانەش لە یادی جەژنی ساڵڕۆژی لە دایکبوونی خۆیدا .. ئاھەنگ سازبکات و بانگی ھاوڕێکانی بکات ..
بەشداری کردنی لەم بۆنانەدا زۆر بەسوودن و ، دەبنە ھۆی ترس رەوانەوە و کرانەوە سارێژکردنی شەرم وگۆشەگیریی و . تێکەڵ بوونی بە منداڵانی تر .

٢٤ ـ کە دایک و باوک بۆ میوانی دەچن ، پێویستە منداڵەکەشیان لەگەڵ خۆیاندا بەرن ، بەبێ ئەوەی کە پێش وەخت ھەڕەشەی لێ بکەن و ، کۆمەڵێک مەرجی بۆ دابنێن .. وەکو ( لە شوێنێک دابنیشە و ھەڵمەستە ، دەست بۆ ھیچ مەبە ، قسە نەکەیت ، ... ‌) .. لە جیاتیی ئەم ھەڕەشانە .. با دایک و باوکی بە زەردەخەنەوە چەند ئامۆژگرییەکی بکەن ، مەبەستیان لە سەردانەکەیان بۆ روون بکەنەوە .. ئەم سەردانانە شەرمی منداڵ دەشکێنێ و ، تێکەڵ بە خزم و ئاشنا و ھاوڕێکانی دایک و باوکی دەبێت و ، تێکەڵی منداڵەکانیان دەبێت .

٢٥ ـ پێویستە ژینگەی ماڵەوەی منداڵ ، زەمینەیەکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی و خۆشی و ئاشتی و تەبایی و نەرم و نیانی و رێزگرتن و لێبووردەیی بێ لە نێوان ئەندامانی خێزانەکەیدا .. منداڵی شەرمن لە ماڵێکی وەھادا گەورە ببێ .. ھەست بە دڵنیای و ئاسوودەیی دەکا و ، شانازی بە خێزانەکەیانەوە دەکا .

٢٦ ـ ھانی منداڵەکەتان بدەن ، لە ئاھەنگێکی قوتابخانەکەیدا ، یا لە بۆنەیەکدا وتەیەک پێشکەش بکات ، بۆ نموونە : لە رۆژی دایکدا ، لە رۆژی مامۆستادا ، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ، لە رۆژی جیھانی منداڵاندا ، لە یادی ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد دا ، یا لە ھەر بۆنەیەکی تردا بێت ..
دەستخۆشی و ئافەرینی لێ بکەن و .. دیارییەکشی پێشکەش بکەن .

‌‏٢٧ ـ ھانی منداڵەکەتان بدەن ، لە کاتی قسەکردن لەگەڵ یەکێکدا ، ئاسایی بێت و شەرم نەکات و ، چاوی ببڕێتە چاوی .. بەم شێوەیە رووی دەکرێتەوە و ترس و شەرمی نامێنێ .

٢٨ ‌ـ کاتێ کە منداڵە شەرمنەکەتان ، لەگەڵ خوشک و براکەیدا ، گرژی دەکەوێتە نێوانیانەوە .. لێی گەڕێ و ، بزانە خۆی چی دەکا و، چۆن چارەسەری دەکا.

٢٩ ـ پێویستە دایک و باوکی منداڵی شەرمن و گۆشەگیر ، پەیوەندییەکی باش و راگۆڕینەوەی بەردەوامیان لەگەڵ گەڵ پسپۆری دەروونی و لەگەڵ قوتابخانەکەی و مامۆستای رابەری پۆلەکەیدا ھەبێت .. تا پێکەوە و بە ھاوکاری لە ھۆکارەکانی شەرم کردنی منداڵەکەیان بزانن و .. چارەسەری پێویستی بۆ دابنێن.

٣٠ ـ بێگومان رۆڵی قوتابخانە و مامۆستاکان .. لە رۆڵی ماڵەوە و دایک و باوکی منداڵ کەمتر نین و ، ھەردووکیان تەواکەری یەکترین .. پێویستە مامۆستاکان بەبێ جیاوازی کردن لە نێوان قوتابییەکاندا ، بە دڵێکی گەورەوە و ، بە ھەست کردن بەو پەیام و ئەرکە گرنگ و پیرۆزەی لە ئەستۆیاندایە .. بە خۆشەویستی و سۆزێکی دایک و باوکانەوە بیان لاوێنن ، بە زەردەخەنەی ناسک و بە زمانێکی شیرین و بە روویەکی گەش و خۆشەوە ، مامەڵە لەگەڵ قوتابییەکانیاندا بکەن .. بە منداڵی خۆیان ، یا بە خوشک و برا بچووکی خۆیانیان بزانن .. ئەم منداڵانە ئامانەتن لە بەردەست مامۆستاکاندا.

پێویستە ھەموو ساڵێک رۆژی یەکەمی دەست پێ کردنی خوێندن .. وەکو رۆژێکی جەژن بێت .. چەند چالاکییەکی ھەمەڕەنگەی کۆمەلایەتیی خۆش پشکەش بکرێن‏ .. منداڵە تازەکانی پۆلی یەکەمینیش ، کە یەکەمین رۆژی ھاتنیانە بۆ قوتابخانە .. یەک یەک خۆیان بناسێنن وچەپڵەیان بۆ لێ بدەن .. شیرینیشیان پێ بدەن .. تا ئەوەی قوتابییە ‌تازانە ، قوتابخانە بەشوێنی ترس و بێزاری نەزانن.

نابێ مامۆستاکان منداڵانی شەرمن پشتگوێ بخەن و پەراوێزیان بکەن .. بەڵکو پێویستە زیاتر لێیان نێزگ ببنەوە و زیاتر ھانیان بدەن و یارمەتیان بدەن .. وایان لێبکەن کە ترس و شەرمیان نەمێنێ و .. بەشداری لە چالاکییە ھەمەجۆرەکان و لە تیپ وگرووپەکانی پۆلەکەیان و قوتابخانەکەیان بکەن و .. رۆڵیان ھەبێت .. تا ئەو ھەستەیان لا دروست بێت کە مامۆستاکان خۆشیان دەوێ و بایەخیان پێ دەدەن .. گۆشەگیرییان نامێنێ و لەتیپ و گرووپەکان و لە ناو پۆلەکەشیاندا ، ئازایەتی و حەزی خۆدەرخستن و خۆبردنەپێشەوەیان لادروست دەبێت ، پەیوەندی ھاوڕێتی دروست دەکەن و.. بناغەی ژیانی کۆمەڵایەتی بنیات دەنێن.

پێویستە ئاماژەی ئەوەش بکەین ، کە ئەو ھەنگاوانەی سەرەوە .. تەنھا چارەسەرن .. مەرج نییە ھەموو منداڵێکی شەرمن ، پێویستی بە ھەموو ئەو چارەسەرانە ھەبێت .. چونکە ھەر منداڵێک تایبەتی مەندیی خۆی ھەیە .. لەوانەیە شەرم کردن لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازی ھەبێت .. بۆ نموونە لەوانەیە منداڵێک لە خوێندنەوەدا شەرم بکا .. بەڵام لە قسەکردن و لە گفتوگۆدا ئاسایی بێ و شەرم نەکا .. شەرم بکا ھەڵپەڕێ .. بەڵام لە یاری دا شەرم نەکا.

باشییەکانی شەرمی منداڵان:

سەرەڕای لایەنە نێگەتیڤەکانی شەرمی منداڵان .. ھەندێ لایەنی بەسوود و باشیشی ھەیە:


١ ـ منداڵی شەرمن ، لە قوتابخانەدا ، لە کاتی وتنەوەی وانەکانەکان لە پۆلدا .. گوێگرێکی باشە و بە وردی سەرنج دەدا و ھۆش و بیری لای مامۆستاکەیەتی.
٢ ـ منداڵی شەرمن ، زۆر بە کەمی تووشی کێشە و گرفت و ئاریشە دەبێ.
٣ ـ منداڵی شەرمن ، لە لای گەورەکان خۆشەویستە.. چونکە مامەڵەکردن لە گەڵیدا ئاسانترە.
٤ ـ منداڵی شەرمن ، لەلای ھاوڕێکانیشی خۆشەویستە.. چونکە بێ وەیە و شەڕانی نییە.

لە کۆتاییدا ، دەمەوێ ئەوە دووپات بکەمەوە .. کە ھاوکاری کردن لە نێوان ماڵ و قوتابخانەدا ، لە نێوان دایکان و باوکان و مامۆستاکاندا زۆر گرنگە و پێویستە .. بۆ ئەوەی پێکەوە پلانێکی یەکگرتوو دابنێن و نەخشەڕێگایەکی باشی کارکردنیان ھەبێ .. بۆ چارەسەرکردنی شەرم و گۆشەگیریی مندالەکانیان.


٣\١١\٢٠١٢ - نەرویج ‏

 

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک