٩\٢\٢٠٢٤
منداڵی ترسنۆک و شەرمن.

محەمەد بەرزی
بە گشتی هەموومان منداڵەکانمان بە بوونەوەرێکی زۆر هەستیار دەزانیین .
واش بیردەکەینەوە ، کە نابێ بە هیچجۆرێک ڕێگا بدەین ماندووبن و خەم و
ئازار بکێشن . هەر بۆیە هەموو خەون و خولیا و بیرکردنەوەیەکمان تەنها
ئەوەیە ، بە هەموو شێوەیەک یارمەتییان بدەین ، بەبێ ئەوەی ڕێگایان پێ
بدەین تواناکانی خۆیان دەربخەن . جا یان لە ئەنجامی خۆشەویستی بێ
سنورەوەیە ، یان لە بێ ئاگاییەوە ئەو کارە دەکەین . بێ ئاگا لەوەی
منداڵانیش دەتوانن ئاگاداری خۆیان بن وکارەکانی خۆشیان ئەنجام بدەن .
بۆیە پێویستە سنورێک بۆ ئەو خۆشەویستییە زۆرە دابنرێت ، کە هۆکاری
سەرەکی ترسنۆکی و شەرمنی منداڵە . چونکە ئەنجامدانی هەموو شتێک بۆ
منداڵ خۆشەویستی نییە ، بەڵکو داوەشاندن و کرمێکردنی ناخی منداڵە و
داهاتووی وێران دەکات . خۆ ئەگەر بەردەوام لە هەموو شتیکدا یارمەتی
بدرێت ، لە داهاتوودا کەسێکی ترسنۆک و شەرمن و لەرزۆک و بەزیو دەردەچێت
، ناتوانێت سەربەخۆ و ئازادانە داکۆکی لە خۆی بکات، لە هەموو کێشە و
ئاستەنگێک دەپرینگێتەوە و هەرگیز سەرکەوتوو نابێ و وەک ترسنۆکێک
بەردەوام چاوی لە یارمەتی دایک و باوکی و دەوروبەری دەبێ . ئەوەی
شایانی باسە کەسایەتی منداڵ پەیوەندی بە سروشتەوە نییە ، بەڵکو
ڕاستەوخۆ بەستراوە بە کاریگەری ژینگە و جۆری پەروەردەکردنی دایک و
باوکییەوە . ڕەنگە هەندێک منداڵ لە تاریکی و سێبەری خۆشیان بترسن ، یان
نەتوانن لەبەرامبەر کەسانی نامۆدا قسە بکەن و لەگەڵ دایک و باوکیشیاندا
زۆر شەرمن و داخراوبن . لەم کاتانەدا پێویستە دایک و باوک بە خۆیاندا
بچنەوە و ژیرانە ئەو ترسانە بڕەوێننەوە ، تا لە گەڵیاندا گەورە نەبن .
پاشان نابێ هەرگیز دایک و باوک زمانی زبر و توند و توڕەی وەک : ( تۆ
منداڵێکی ترسنۆکی ... کەسێکی بێ کەڵکی ) بەرامبەر بە منداڵ بەکار بهێنن
. تا ترس و دڵەڕواوکێ و هەستێکی خراپ لە دەروونی منداڵەکەدا هێلانە
نەکات . هەر بۆیە ئەرکی دایک و باوکە وەک فریادڕەسێک ، بەرلەوەی بیر لە
ئامۆژگاری و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان بکەنەوە ، بە وردی لە هۆکارەکانی
شەرمنی و ترسنۆکیان بکۆڵنەوە . پێویستیشە ئەم خاڵانەی لای خوارەوەش
لەبەرچاو بگرن :
١ - ئەگەر منداڵێک لە منداڵییەوە لە چوارچێوەی بازنەیەکی پاراستنی
بەهێزی دایک و باوکیدا ژیابێ ، ئەوا منداڵەکە دەرفەتی ئەوەی نەبووە بە
خواستی خۆی هەڵسوکەوت بکات و ڕێگای پێنەدراوە ئازایەتی خۆی دەربخات .
هەموو بڕیاری هەڵسوکەوتەکانی لە پشت پەردەوە دراون . ئەرکی منداڵەکەش
ئەوەبووە بێ خواستی خۆی پابەندی ئەو بڕیارانە بێ . ڕەنگە لەم
حاڵەتانەدا دایک و باوک لایان وابێ ئەوە خۆشەویستی خۆیانە بۆ
منداڵەکەیان ، بەڵام لە ڕاستیدا خۆیان فریو دەدەن ، چونکە ئەو
هەڵویستانە ئارەزووی منداڵەکەیان ناهێڵن ، تا خۆی کارەکانی بە شێوەیەکی
سەربەخۆ ئەنجام بدات و لە دواڕۆژیشدا ئازایەتی خۆی دەربخات .
٢- کاتێک منداڵ لە باوەشی دایک و باوکیدا گەورە دەبێ ، خۆشییەکانی
تەنها سنوری ناو ماڵەکەیە ، ئەو کەسانەی دەورووبەریشی تەنها دایک و
باوک ، یان کەسانێکی بە تەمەنن و ناشتوانێ منداڵی هاوتەمەنی خۆی ببینێت
. هەر بۆیە ئەگەر منداڵ لە ژینگەیەکی داخراودا بژی ، بە جارێک بێزار
دەبێ ، وردە وردەش کەسایەتی دادەبەزێت و هەلی گفتوگۆکردنی ئازایانەشی
لەگەڵ کەسانی تردا لەدەستدەدات و تەنها لەگەڵ چەند کەسێکی دەورووبەری
خۆیدا ڕادێت .
٣- ئەگەر منداڵەکەت باوەڕی بە خۆی لاواز بوو ، ئەوە لەبەر ئەوەیە لە
جیاتی ئەوەی هانی بدەیت ، ئامۆژگاری زۆری دەکەیت .
٤- کاتێ منداڵەکەت نەیتوانی داکۆکی لە خۆی بکات ، نیشانەیە لە تەمەنێکی
بچووکدا و لە بەردەمی خەڵکیدا بەجۆرێک ئامۆژگاریت کردووە ، بە تەواوەتی
شکاندووتە .
٥- ئەگەر منداڵەکەت دەستبەرێ بۆ شتێک ، کە هی خۆی نییە . ئەوە لەبەر
ئەوەیە کاتێک شتێکی بۆ دەکڕیت ، ڕێگا نادەیت بە خواست و ئارەزووی خۆی
شتەکانی هەڵبژێرێت .
٦- ئەگەر منداڵەکەت ڕێزی لە هەستی کەسانی تر نەگرت ، نیشانەیە لە جیاتی
ئەوەی بە جوانی قسەی لەگەڵدا بکەیت ، بەردەوام فەرمانی پێدەکەیت و
مێشکی دەکرۆژی .
٧- کاتێ منداڵەکەت بێزار و تووڕەیە ، ئەوە لەبەر ئەوەیە زیاتر گرنگی بە
ڕەفتارە خراپەکانی دەدەیت و کەمتر بە ڕەفتارە باشەکانی .
٨- ئەگەر منداڵەکەت بە ئەنقەست بێزاری کردی ، ئەوە لەبەر ئەوەیە ، تۆش
بە ڕادەی پێویست سۆز و خۆشەویستیت بەرامبەری نییە .
٩- کاتێک منداڵەکەت گوێی لە کەسانی تر دەگرێت و گویێ لە تۆ ناگرێت ،
ئەوە نیشانەیە ، بێ بیرکردنەوە و کوێرانە بڕیاری خێرا لە ئەنجامەکان
دەدەیت .
١٠- ئەگەر منداڵەکەت یاخی بوو ، دیارە زیاتر گرنگی بە بۆچوون و
بیرکردنەوەی کەسانی تر دەدەیت ، نەک ئەوەی ڕاستە .
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم : منداڵ ئەگەرچیش شاد و دڵخۆشبێ ، بەڵام
ژاوە ژاوی شەر و ئاژاوەی نێوان دایک و باوکی ترس و دڵەڕاوکێ دەخەنە
ناخی دڵییەوە . هەمیشە ئەو ترسەش لە دەروونی منداڵەکە نابێتەوە .
بێگومان دایک و باوکی توڕەش کاریگەری گەورە لەسەر کەسایەتی منداڵ
بەجێدەهێڵن . کەواتە هۆکاری سەرەکی شەرم و ترسنۆکی منداڵ خێزانە نەک
سروشت . هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک بە ئاگابن و لە شەڕ و ئاژاوە
خۆیان بە دووربگرن . پاشان پێویستە دایک و باوک سێ شت بە باشی ئەنجام
بدەن ، تا یارمەتی منداڵەکەیان بدەن ، بە تەواوی لـە کەموکورتییەکانی
کەسایەتییەکەی ڕزگاری بێت.
یەکەم : ڕێنمایی دەروونی : شەرمنی منداڵ کێشەیەکی دەروونی و کەسییە ،
هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک هەوڵی چارەسەکردنی بدەن . لەکاتی کێشەدا
، کە منداڵەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدایە ، پێویستە دایک و باوک کیشەکەی بە
هەرا و هەلوەسە و تووڕە بوونەوە نەگرن ، بەردەوام منداڵەکە هێوربکەنەوە
و بە منداڵەکەش بڵین: (ئەوەی ڕوویداوە کیشەیەکی ئاساییە). پاشان واز لە
فشار خستنە سەری بهێنن و تۆنی دەنگتانی بەسەردا بەرزمەکەنەوە ، تا ناخی
بە تەوای هێوردەبێتەوە .
دووەم: شەرمکردنی منداڵ هەڵەیەکی گەورە نییە ، بۆیە پێویستە دایک و
باوک بە خۆیاندا بچنەوە و پشتگیری و هانی منداڵەکەیان بدەن و واز لە
تووڕەبوون و هاتوهاوار و سەرکۆنە بهێنن.
سێیەم: ئەگەر منداڵ شەرمن بوو ، دیارە هۆکارێکی لە دواوەیە ، کە دایک و
باوک نازانن ئەو هۆکارە چییە . بۆیە پێویستە کێشەی پچووکی بۆ گەورە
نەکەن ، تا منداڵەکە بتوانێ ئازایانە ڕووبەڕوویان ببێتەوە . خۆ ئەگەر
توانی لە کاتی کیشەدا خۆڕاگربێ ، شەرمی ناخی بە شێوەیەکی سروشتی
نامێنێت .. جا ڕێی ڕاست ئەوەیە ، وەک باڵندەیەکی ڕۆحسووک منداڵ ئازاد
بکەین ، تا بتوانێ خۆی بڕیاری خۆی بدات . ڕەنگە لە سەرەتادا هەڵە بکات
و بڕیاری خراپیش بدات ، بەڵام هەڵە و تاقیکردنەوەی خراپ ، ئەزموونی بە
سوودن بۆی و دەتوانن فێری بکەن چی ڕاستە و چی هەڵەیە . بە مەش زیاتر
متمانەی بە خۆی دەبێت و لە بەردەمی کەسانی تردا ، نە دەترسێت و
نەشەرمیش دەکات .
__________________________________________________
تێبینی: ئەم
بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە.
٢٧\١\٢٠٢٤
mkbarzy@hotmail.com
|