٧\٨\٢٠٢٥
منداڵ، کەرەسە
نییە؟!

برایم فەڕشی
١
منداڵ.
منداڵ بەو کەسە دەگوترێ کە لە لایەنی بیۆلۆژی، کەسایەتی، تێگەیشتن،
بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت لە حاڵەتی گەشەکردن و فێربووندایە. لە قانوونی
وڵاتان باس لە مافی منداڵ کراوە، هەرچەند لە زۆر وڵات مافی منداڵ
پێشێل دەکرێ. ناسینی منداڵ، بوون و جێگە و پێگەی وەک ئینسان وخاوەن ماڤ،
گرێدراوی تێگەیشتنی کۆمەڵگا، بنەماڵە، فەرهەنگ، ئایین، حکومەت و
سیستەمی ئێرە و ئەوێیە!
لێکۆڵینەوە و سەرنجی بەردەوام ئەوەی دەرخستووە کە منداڵ بەر لە
دایکبوون پاش بەسەرئەنجام گەیشتنی پرۆسەی گەشەی مێشک و ئەندامان ،
تاقیکردنەوەکانی لە ڕێگای هەر پێنج هەستی خۆییەوە لە ناو مێشکیدا
تۆمار دەکرێ. بۆ وێنە ئەو ماڵەی بەردەوام مۆسیقای لێ بڵاودەکرێتەوە،
کارتێکەریی لە سەر هەستی منداڵ پاش لە دایکبوون دەمێنێ و ڕەنگە لە
بەردەوامیدا منداڵەکە هۆگریی بە مۆسیقا پەیدا بکات. ئەوە ئەو منداڵانەش
دەگرێتەوە کە نەک بە ویستی خۆی، بە ویستی دایک و باوک و بنەماڵە بۆ
مەبەستی دینی، قەومی، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک دەکرێنە کەرەسەی دەستی ئەم و
ئەو!!
منداڵ لە ڕێگای بیستن، بینین، دەست لێدان، چێشتن، بۆنکردن لە گەڵ
دنیای دەوروبەری ئاشنا دەبێت و تاقیکردنەوە و زانیاریی پەیدا دەکات.
کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە ئەوە دەردەخەن کە منداڵ هێدی هێدی دەور و ڕۆڵی دایک
و باوک بەرانبەر بە خۆی هەست پێدەکات و ئەوە دەتوانێ بە هەر دوو باری
خاس و خراودا بکەوێت. واتە پێوەندی هەر دوو لا بەرەوە تێگەیشتن لە یەک
و لە بەرچاوگرتنی ماف و ئازادی هەر دووک لا بچێ، یان بەرەو گوێڕایەڵ
بوون و گوێڕایەڵ کردنی منداڵ!
بە پێچەوانەی تێگەیشتنی گشتی، منداڵ سەرنج دەداتە سەر هەر شت و
تێگەیشتنی خۆی پەیدا دەکات، ئەوە دەکەوێتە سەر هەڵسوکەوتی دەوروبەر کە
چۆن لە گەڵ منداڵ و تێگەیشتن و هەڵسوکەوت و بیروبۆچوونی ئەو بجولێنەوە.
هەر منداڵێک لێهاتووە و دەتوانێ لێهاتوویی خۆی بەکار بێنێ، ئەوە
کەوتۆتە سەر کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، فێربوون و
بارهێنان کە چۆن لە گەڵ منداڵ و کەسایەتی منداڵ، هەڵسوکەوت بکەن و
منداڵ چەندە وەک خۆی وەرگرن و چەندە ڕێگا بۆ ئازادی و گەشەساندنی
کەسایەتی ئەو ئاواڵە کەن!
دایک و باب و کۆمەڵگا ئەگەر بەو تێگەیشتنە گەیشتبێتن، ڕێگا و
ئیمکانی سەرهەڵدانی سروشتی بە منداڵ ببخشن و هاوڕێی و پشتیوانی
گەشەکردنی منداڵ بن و بە هۆی فەرهەنگ، ئایین، داب و نەریت و چەشنی
کۆمەڵگا و سیستەمی حوکمڕانی ڕێگریی نەکەن، ئەوە منداڵ لە هەموو
بوارێکدا گەشە دەکات.
منداڵ گەر هاوڕێی بکرێ و سەرنج بدرێتە سەر هەڵسوکەوت و ئاکار و جموجۆڵ
و داواکانی، لایەنەکانی لێهاتوویی خۆی دەردەخات، ئەوە هونەر و ویست و
خواست و هەست و لێهاتوویی هونەریی منداڵیش دەگرێتەوە. ئەڵبەت ئەوەش
هەیە کە منداڵ لە بواری هونەر و بواری تر، ڕەنگە بکەوێتە دوای دایک و
باوک و کەسانیتر، یان دایک و باوک و کەسانی تر منداڵ وەشوێن خۆیان بدەن.
ئەمە گرنگە منداڵ خۆی بەسەر ویست و خواست و هەستی خۆیدا زاڵ بێت و بە
هاوڕێی گەورەکان ڕێگای خۆی پەیدا بکات، نەک ئەوەی کەسانیتر بیخەنە سەر
ڕێگای خۆیان. جیهانی منداڵ جیهانی گەورەکان نییە و ئەم جیهانە گەر لە
منداڵ وەربگیرێ، داهاتووی لێ وەرگیراوە. منداڵ تێگەیشتن و جیهانی
منداڵی خۆی هەیە و دەبێ بپارێزرێ و لە لایەن گەورەکانەوە تێک نەدرێ، کە
مخابن لە زۆر شوێن، لە وانە کوردستان، جیهانی منداڵی، منداڵ هەم تێک
دەدرێ و هەم وێران دەکرێ. ئەوە بواری هونەریش دەگرێتەوە.
٢
ئەدەبیاتی منداڵان.
زمان، فۆڕم، شێوە، بابەت و ناوەرۆک لە ئەدەبیاتی منداڵاندا هەمووی لە
دەوری بوون و ژیان و فانتێزی و تێگەیشتن و ویست و خواست و هەست و
کەسایەتی و دەوری منداڵ لە ناو بنەماڵە، کۆمەڵگا، باخچەی منداڵ، فێرگە
و شوێنەیتر دەخولێتەوە. گرینگی ئەدەبیاتی منداڵ جگە لە لایەنی زمان،
گەشەساندنی کەسایەتی و بەخشینی ئازادی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی ئازاد و
خوڵقاندنی هەلومەرجە بۆ تێگەیشتن لە خۆ و لە ژیان و دەوری خۆ.
٣
شانۆی منداڵان.
شانۆی منداڵان هەموو لایەنەکانی ژوور و دەرەوەی منداڵ دەگرێتەوە. فۆڕم،
زمان، بابەت، ناوەرۆک، فانتێزی، هەڵسوکەوت، داڕشتن و نواندن، هەمووی
دەبێ گرێدراوی منداڵ خۆی بێت. جیهانی منداڵ تایبەت بە خۆیەتی و دەبێ
ئەو دەرفەتەی بۆ بڕەخسێ ئەم جیهانە وەک خۆی نیشان بدات. شانۆی جیهان
لەم بەستێنەدا سەدەکان بە لاڕێدا چووە و گەورەکان جیهانی خۆیان و
تێگەیشتنی خۆیان لە منداڵ و جیهانی منداڵ کردۆتە شانۆ بۆ منداڵ، کە
زۆرجار فرۆشتنی جیهانی ئیدئۆلۆژیک، هۆنەریی، فەرهەنگی، سیاسی،
کۆمەڵایەتی، دینی ، ئیداریی و حکومەتی و حزبی گەورەکان بووە، نەک
منداڵ . ئەمە بە سەر ئەدەبیات و مۆسیقای منداڵیش هاتووە.
٤
مۆسیقای منداڵان.
مۆسیقای منداڵ ناوی بە خۆوەیە و دەبێ تێکست، مێلۆدی، داڕشتن، بابەت و
ناوەرۆک، گرێدراوی ژیان و هەست و ویستی منداڵ بێ و ئەوەی پێببەخشێ کە
منداڵ خۆی گەرەکیە. گەرەکییە بچڕێ، هەڵپەڕێ، فێربێ، خۆش بێ، چیرۆکی
ژیانی خۆی بگێڕێتەوە یان فانتێزی خۆی بێنێتە زمان. گرنگی مۆسیقای
منداڵان لەوەدایە کە زمانی ئاخاڤتنی پێش دەخات. لێهاتوویی جولەی لەشی
زیاد دەکات، ڕیتم و سیستەمی ڕیتمیک لە منداڵدا بەهێز دەکات. هەست و
حاڵەت و میمیک قووڵتر دەکات، کاری هاوبەش و گشتی و هاڕمۆنی پەیداکردنی
کۆمەڵایەتی وەپێش دەخات و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و تاکە کەسی منداڵ و
تێگەیشتن لە یەکتر بەهێز دەکات. مۆسیقا تەنیا چڕین و گوێگرتن نییە.
٥
سیاسەت بۆ منداڵ.
گەلێک لە ئێمە بە هەڵە لە سیاسەت بۆ منداڵ و بەرانبەر منداڵ
تێگەیشتووین. سیاسەت بۆ منداڵ هەیە و دەکرێ منداڵ لە گەڵ سیاسەت ئاشنا
بکرێ بۆ ئەوەی مافی خۆی لە ناو بنەماڵە، باخچەی منداڵان، فێرگە و
کۆمەڵگا بناسێ و بتوانی داوای مافی خۆی بکات و لە هەمانکات پارێزگاریی
لە مافی خۆی لە ناو بنەماڵە و دەرەوەی ماڵ بکات. بەڵام لە زۆر لە
کۆمەڵگاکان منداڵ کەرەسەن لە دەست بنەماڵە و دامودەزگای دەوڵەتی، حزبی،
دینی و شوێنیتر. لە زۆر لە کۆمەڵگاکان نە منداڵ خۆی دەزانێ مافی چییە
نە بنەماڵە و کۆمەڵگا، تێگەیشتنیان لە منداڵ و مافەکانی هەیە.
لە سەردەمی نازیسم گەلێک منداڵ بۆ مەبەستی حزبی و حکومەتی، سیاسی و
ئیدئۆلۆژیک بە ناوی منداڵانی هیتلێر کۆ کرابوونەوە بۆ جێبەجێکردنی
مەبەستی فاشیستی. حکومەتی خومەینی دەیان هەزار منداڵی ژێر ١٤ ساڵیان بە
ناوی ئیسلام ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی ئێران و عێراق کرد و وەک کەرەسە بۆ
چوونە سەر مەیدانی مین و کاری تر بەکاریان هێنان و بە کوشت چوون. لە
تورکیا منداڵ لە دایک و باب دەستێندرا و ڕادەهێندران بۆ ئەوەی وەک "موعەلیم
و کاربەدەست" بگەڕێنەوە کوردستان، بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی تواندنەوە و
ئاسیمیلاسیۆن.
مخابن لە ناو کورد زۆر کچ و کوڕی ژێر هەژدە و چاردە ساڵ لە هەموو
بەشەکانی کوردستان بۆ زۆر مەبەستی دینی، ئیدئۆلۆژیک، حزبی، حکومەتی و
گرووپی بەکارهێندراون و ئێستاش بەکار دەهێندرێن و جگە لەوە بە ناوی
هونەر، مۆسیقا، شانۆ و بواری تر منداڵ بۆ مەبەستی گەورەکان
بەکاردەهێندرێن و تێکستی وا بەناوی شانۆ، مۆسیقا و کاری تر لە دەمی
منداڵەوە دێتە دەر ،کە دوورە لە ویست و خواست و مافی ئەوان.
کۆمەڵگای ئێمە مخابن زۆر جار شاگەشکە دەبن بەو دەورەی کە خراوەتە
ئەستۆی منداڵ. مێدیای حزبی و دەوڵەتی و ناحزبی و سۆسیال مێدیا و زۆر
نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و موعەلیم خۆیان گەشگە دەیانگرێ، کاتێک
فیلم و ویدیۆی ئەو منداڵان دەبینن کە بۆ ویست و خواستی گەورەکان بەکار
هێندراون. هەر لێرەوە داهاتووی زۆر لەو منداڵانە وێران دەکرێ.
منداڵێک کە لە سەردەمی منداڵی خۆی وەک منداڵ نەژیابێ، لە ژیانی
داهاتوویدا ئاکامەکەی دەبینرێ. سەردەمی منداڵی هەتا کۆتایی ژیان، لە
گەڵ مرۆڤ دەمێنێ و لێی جیا نابێتەوە و بەردەوام دەور لە ژیانی
ڕۆژانەیدا دەگێڕێ. ئەو منداڵەی ئازاد و بە پێی سرشت و سروشتی خۆی گەورە
نەبووبێ، گرفتی کەسایەتی سەردەمی منداڵی، لە هەموو بەستێنێکی ژیانیدا
خۆی دەردەخات.
٦
زۆر لەو گەورە ساڵانەی ژیانی منداڵیان ئاسایی نەبووە، هەرچەند ڕەنگە
لەم بوار و لەو بوار سەرکەوتوو بووبێتن و ناو و دەنگیان بووبێ، بەڵام
ژیانی پڕ لە پەرێشانی سەردەمی منداڵی، داهاتووی ئەوانی تووشی پەرێشانی
کردووە. گەلێک وێنەی بەرچاو لە ئاستی جیهان و کوردستان هەبووە و هەیە،
بە تایبەت ئەوە خۆی لە کەسایەتی سیاسیی کەسانی وەک هیتلێر و ستالین و
زۆری تر، دەرخستووە. کەم نین ئەو هونەرمەندانەی لە بواری نەققاشی،
مۆسیقا و هونەری تر تووشی ئاڵۆزیی دەروونی و کێشەی کۆمەڵایەتی بوون. زۆر
لەو منداڵانەی لە لایەن بنەماڵە و کۆمەڵگاوە وێران کراون و تووشی بشێوی
و ئالۆزی هاتوون، داهاتووی ناسەقامگیریان پەیدا کردووە و بەشێک لەوان
خۆیان لە دەرەوەی کۆمەڵگا دیتۆتەوە و تووشی زیندان و خۆکوشتن و حاڵەتی
تر هاتوون.
٧
هونەر بۆ منداڵ گەلێک پێویستە، بەڵام ئەو هونەرمەندانەی لە گەڵ منداڵ
کار دەکەن، دەبێ منداڵەکە خۆی بکەنە ناوەندی هونەر، نەک ئەوەی منداڵ
بکرێتە کەرسەی هونەر و ویست و خواستی گەورەکان.
نووسەری ئەم دێڕانە وەک شانۆ پێداگۆگ، وشە و ڕستە و ئیدەی خۆی ناخاتە
ناو دەم و مێشکی منداڵ، بە پێچەوانە وشە و ڕستە و بابەت و ئیدە لە
منداڵ خۆی وەردەگرێ. منداڵ خۆی دەوری سەرەکی لە پڕۆسەی نووسینی
شانۆنامە و دەورگێڕاندا دەبینێ، نەک بە پێچەوانە.
فێربوون ئەوە نییە وەک ،،پلاتۆن،، ئازادی فێربوون و بیرکردنەوە لە
خوێندکار وەرگیرێ و مێشکی بکرێتە مجری و سەنندووقی فێرکار و موعەلیم و
ئوستاد و پرۆفیسۆر. فێربوون پرۆسەیە و ئەم پڕۆسەیە لای هەر تاکە کەسێک
ڕەوتی خۆی هەیە و دەبێ ئەم ئازادییە هەبێ و ئەم پرۆسەیە دوور لە هەر
چەشنە فشار و ویستی باڵادەست سەر بگرێ.
پڕۆسەی فێربوون لە لایەن هەر کەس خۆیەوە، بەڕێوە دەچێ، نەک ئەوەی کەسێک
لە سەرەوە وەک دەگوترێ فێریان بکات. مرۆڤ چ منداڵ و چ گەورە، خۆی فێر
دەبێت و دەبێ هاوڕێی بکرێت و هەلومەرج و ئیمکانی بۆ دابین بکرێ، نەک
ئەوەی دەنکە نیسک لە پشت ملی دابنرێ و کتێب بخرێتە بەردەستی و پێی
بگوترێ: ،، بخوێنە و فێر بە، ئەگەر ئەو دەنکە نیسکە لە پشت ملت
بەربێتەوە، دەتکوژم." ئەوە بە سەر هاوپۆلێکی ئێمە هێندرا. ئەو کەسەی
ئاوا فێر دەکرێ، هەم خۆی وێران دەکات و هەم کۆمەڵگا.
٨
ژیان ئەو کاتە چێژ بە مرۆڤ دەبەخشێ، کە کەس هەر لە منداڵییەوە خۆی
بووبێت، نەک کۆپی و دەستکردی ئەم و ئەو و سیستەم و کۆموڵکا، حکومەت و
دامودەزگا. کەم نین ئەو کەسانەی لە خۆیان و ژیانی ڕۆژانە و ئەو کارەی
دەیکەن و ئەو شێوە ژیانەی هەیانە، ڕازی نین. ئەوەش تەوفیر ناکات،
کەسەکە لە ناو قەسر و کاخ دادەنیشێ. یان لە سەر شەقام.
زۆر جار ئەم پرسیارە لە منداڵ و گەورە و بچووک دارا و نەدار دەکەم کە،
ڕازی لە ژیانت؟، نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی ئاڵمانی لە تەمەنی هەشتا و
یەک ساڵیدا لە دوا کتێبیدا دەنووسێ:،، ئەگەر تێگەیشتنی ئێستام هەبایە،
ڕێگایەکی دیکەم بۆ ژیان هەڵدەبژارد.
ئەوانەی من ئەم پرسیارەم لێ کردوون زۆربەیان پزیشک، نووسەر،
فێرکار(موعەلیم)، دەروونناس، ژۆڕنالیست و خاوەن دامودەزگا و شیرکەت یان
هونەرمەندی کۆمەڵگای ئاڵمان بوون. زۆربەیان وڵامەکەیان ناڕازیبوون لە
کار و پیشە و ژیانیان بووە، لە بەر ئەوەی بەشی هەرە زۆریان هەڵبژاردنی
کار و پیشە و خوێندنیان هی خۆیان نەبووە.
لەم ڕۆژانەدا کەسێکی بەناوبانگی وەرزش لە ڕێگای مێدیاوە دەیگوت: ،،
هەموو ئەو میداڵانەی وەرمگرتوون و لە ملم کراوە، ڕازیم ناکات، لە بەر
ئەوەی لە ناوەوە پەرێشانم.
بۆ ئەوەی منداڵەکانمان لە ئێستا و داهاتوو پەرێشان نەکەین، ڕێگا بدین
خۆیان بن، نەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێ. هەر کام لە ئێمە گەورەکان باشترە
خۆمان وڵامی ئەم پرسیارە بدینەوە، کە چیمان ویستووە، چیمان دەوێ و
چیمان کردووە؟
لە بواری هونەر، ئەوە هەڵە و زیانمەندە، قسە و ویست و شیعر و نووسینی
گەورەکان، لە زاری منداڵەوە دەربێت، ئەو کۆمەڵگا و ئەو شوێنە هونەرییەی
ئەم کارە دەکەن، ڕەنگە خۆیان شاگەشکە بن بە کارەکەیان، بەڵام ئەوان
دەبنە هۆی وێرانکردنی منداڵ بە ناوی هونەر، سیاسەت، ئیدئۆلۆژی، دین،
حکومەت، وڵات، نەتەوە.
٢\٨\٢٠٢٥
ماڵپەڕی
برایم فەڕشی
|