٢٥\٦\٢٠٢٤
منداڵ و
چیڕۆکەشیعر، ''خرتێ'' بە نموونە.

ئەرسەلان حەسەن
بەرایی.
مێژووی چیڕۆکەشیعر لەئەدەبی کوردی بە گشتی و ئەدەبی منداڵان بە تایبەت
دێرینە و شاعیران و نووسەرانی کوردییش ئاوڕییان لێداوەتەوە و بە نووسین
و وەرگێڕان، مەڵۆیەکییان خستووەتە سەر خەرمانی
چیڕۆکەشیعری منداڵان و
خەرمانێکی پڕ پیت و بەرەکەتییان وەسەریەک ناوە.
چیڕۆکەشیعر، لە چیڕۆک و شیعر پێکهاتووە، واتا هەم
چیڕۆکە و هەم شیعر و
بە شیعر چیڕۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە یان (لەڕووخساردا شیعـرە و
لەناوەڕۆکـيشدا
چیڕۆکە. بنەما و پێویستییە سەرەکییەکانی شیعـر و
چیڕۆکیشی تێدایە). کەواتە
چیڕۆکە شیعر بنەماکانی
چیڕۆک و شیعریشی
تێدایە و لەچیڕۆکەشیعردا هەم شیعر و هەم
چیڕۆک بەهەموو بنەماکانیانەوە
دەخوێنینەوە.
داهێنەری چیڕۆکەشیعر.
شاعیری فەرەنسی (لاڤـۆتین: ١٦٢٠ـ ١٦٩٥) بەداهـێنەر و پێشەنگی
چیڕۆکەشیعـری ئەفسانەیی بۆ منـداڵان لەجیهانـدا ناسراوە و
چیڕۆکەشیعـری بۆ منداڵان نووسیوە و وەرگـێڕدراونەتە سـەر زۆربـەی
زمانەکانی گەلانی جیهان بەزمانی کوردیشەوە.
شاعیرانی کوردیش بەنووسینی
چیڕۆکەشیعر ئەدەبییان دەوڵەمەند کردووە
بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، لە ئەحمەد شەوقی بەڕەچەڵەک کورد بگرە تا
بێکەس و پیرەمێرەمێرد و زێوەر و لەتیف هەڵمەت و ئێستەیش ئەمین محەمەد و
عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی و فەرید ڕاژین و ...هتد.
فەرید ڕاژین و
چیڕۆکەشیعری منداڵان.
فەرید ڕاژین شاعیرێکی گەنجی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و
چیڕۆکەشیعر دەنووسێت و لەوبوارەدا جێ پەنجەی دیارە و چەند جارێک خەڵات
کراوە و لێرەدا دەمەوێت ئاوڕێک لە
چیڕۆکە شیعری (خرتێ) بدەمەوە، کە
چیڕۆکە شیعرێکە و دەیکەمە مشتێک لە نموونەی خەرواری ڕوانین بۆ
شیعرەکانی دیکەی.
چیڕۆکەشیعرەکە
باسی بەچکە سمۆرەیەک (خرتێ) دەکات دوای وەرگرتنی مۆڵەت لەدایکی تا بۆ
یاریکردن (کایەکردن) لەماڵ بچێتەدەر، هەر چەند دایکی پێیدەڵێت زۆر
دوورنەکەوێتەوە، بەڵام بەدەم یاریکردنەوە(کایەکردنەوە) لەبیری نامێنێت
و لەماڵ دووردەکەوێتەوە و بەماڵەوە نازانێت تا دەگاتە بەردێک و لەوێ
دەنگێک دەبیستێت و سەرنج دەدات دەبینێت ڕێوییە، بەچکە سمۆرەکە زۆر
دەترسێت، بەڵام قەلەڕەشێک (قاڵاو) لەوێ لەسەر دارێک دەبێ و پێیدەڵێت
ڕاکە و وەرە سەردارەکە و بەچکە سمۆرەکە دەچێت و قەلەڕەشەکە لەوێ
ناونیشانی ماڵیانی لێ دەپرسێت و ئەویش بەچاوی پڕ لەفرمێسکەوە پێیدەڵێت،
بەڵام قەلەڕەشەکە دەیەوێت فریوی بدا و دەڵێت ماڵێکی خۆشم بۆ تۆ هەیە و
دەیەوێت بەبیانوی خواردنی خۆش بیباتە کونەکەوە و دوای پشوودان
دەتبەمەوە ماڵەوە. سمۆرە باوەڕی پێدەکات، بەڵام پەپولەیەکی لێ پەیدا
دەبێت و بەنهێنی پییدەڵێت: قەلەکە درۆ دەکات و دوژمنتە و قسەی دایکیشی
بیردەکەوێتەوە، کە وای پێگوتووە و ناونیشانەکەشی باڵدارێکی بۆر و ڕەشە
و دەنگیشی ناخۆشە، بۆیە یەکسەر بەدزی قەل و ڕێوی دەستی پەپولە دەگرێت و
بەیەکەوە هەڵدێن، پاشان ماندوو دەبێت و داوای ئاو دەکات و کەروێشکیش
لای کیسەڵ ئاوی بۆ دێنێت. دوای پشوودان خەوێ دێت و خەریک دەبێت خەوی لێ
بکەوێت گوێی لەدەنگێک دەبێت و دەیناسێتەوە دەنگی دایکییەتی و خێرا
بەرەو دایکی ڕادەکات و خۆی دەخاتە ئامێزی و داوای لێبووردنی لێ دەکات و
پاشان سوپاسی پەپولەکە دەکات.
شێوازی نووسینی
چیڕۆکەشیعر.
سەرەتا دەبێت بزانین شێوازی نووسینی
چیڕۆکەشیعر بۆ منداڵان: (سوکوئاسان
و ڕەوان و بێگرێ وگۆڵ و تەبا بێت بە قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان..
بەزۆریش چیڕۆکەشیعـر هـێمایییە و لەسەر زمانی باڵندە و ئـاژەڵان
دەینووسن و دەیگـێڕنەوە).
دەتوانین بڵێین
چیڕۆکەشیعرەکە سوکوئاسان و ڕەوان و بێگرێوگۆڵە و تەبایە
بەو تەمەنەی بۆی نووسراوە و دەتوانن بەئاسانی ئەزبەری بکەن و ماندوو و
هەناسە سوار و بێ بێزاریان نەکات و لەخوێندنەوەی بەردەوام بن، واتا لێی
بێزار نابن تا وەلای بنێن و نەیخوێننەوە.
چەند نموونەیەک لە
چیڕۆکەشیعرەکە:
خرتێ کە لە خەو هەستا
تا لای دایکی نەوێستا
یان
خرتێ بەچکە سمۆرەس
خۆی وا ئەزانێ گەورەس
یان
ئەمن ماڵی خوەشم هەس
کە تایبەت بە سمۆرەس
یان
جا پەپوولەیش وتی پێ
ئیتر ئاگات لە خۆ بێ
خرتێش کردی سپاسی
وتی ئەتۆ زۆر خاسی
وێنە لە چیڕۆکەشیعرەکەدا.
پەیوەندی وێنە و شیعر و
چیڕۆک لەئەدەبی منداڵاندا پەیوەندییەکی
پەرچکەرەوە و پتەوە و زۆرجار وێنەی ناڕوونی و ئاڵۆزیی
چیڕۆکەکە بۆمنداڵ
ڕووندەکاتەوە و وادەکات بەئاسانی تێی بگات، واتا گەر منداڵ لە
چیڕۆکەشیعرەکە نەگەیشت، دەکرێت بەدیتنی وێنەکە لەمەبەستی
چیڕۆکەشیعرەکە
بگات. بۆیە پێویستە وێنەکێش کە وێنە بۆ
چیڕۆکە شیعرێک دەکێشێت، زۆر
بەوردی و پاش چەند جارێک خوێندنەوەی
چیڕۆکەشیعرەکە ئینجا وێنەکە بکێشێت،
چونکە ئەگەر وێنەکە پەرچکەرەوەی
چیڕۆکە شیعرەکە نەبێت و بەوێنە
چیڕۆکەشیعرەکەمان بۆ نەگێڕێتەوە، ئەوا باڵانسی وێنە و
چیڕۆکەشیعرەکە
تێکدەچێت و میزاجی منداڵ دەشێوێنێت.
لەم چیڕۆکەشیعرەشدا، هەر لاپەڕەیەک وێنەی تایبەت بەخۆی هەیە و
وێنەکێشەکە توانیویەتی بە سەلیقەیەکی زۆر لێهاتووانە، جوان، ورد و
نوێگەرییانە وێنەکان بکێشێت، کە بێگومان دەتوانم بڵێم زوو سەرنجی منداڵ
بۆخۆی کێش دەکات و بەدڵنیایییەوە منداڵان لە وێنەکانەوە لە
چیڕۆکەشیعرەکە دەگەن و چێژی تایبەتی لێوەردەگرن، ئەگەر هێشتا فێری
خوێندنەوەش نەبووبن، چونکە دەزانین منداڵ سەرەتا لە وێنەوە دەست پێ
دەکات و پاشان خوێندنەوە.
لوت سپی و خرتێ.
لوت سپی فیلمێکی کارتۆنی بەرهەمی کەناڵی کودساتە و لەگەڵ خرتێ باسی
بەچکە سمۆرەیەک دەکەن. ڕاستە لە هەندێک شتدا یەکناگرنەوە، بەڵام یەک
کۆتاییان یەکە و دەتوانین بڵێین شاعیر لەکاتی نووسینی ئەم
چیڕۆکەشیعرە
سیلەی چاوێکی لەسەر فیلم کارتۆنەکە بووە و کاری تێکردووە.
ئەنجام.
چیڕۆکەشیعری (خرتێ) بە زاراوەی ئەردەڵانی (سنەیی) نووسراوە، بەڵام مەرج
نییە ڕێگر بێت لەوەی هەموو منداڵانی کورد بیخوێننەوە و وەکو ئاو و دۆ
ئەزبەری بکەن، بەڵام تێی نەگەن. بۆیە لەگەڵ هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی
زیاتر بۆ شاعیر فەرید ڕاژین، دەخوازم لەمەودوا خۆی لەو وشانە
بەدووربگرێت بەدنیا پاک و بێگەردەکەی منداڵ نامۆ و نەشیاون و کوردی نین
و لە کوردیدا وشەی گونجاو و جوانتر هەیە و هەر چەند ئەم
چیڕۆکەشیعرە (خرتێ)
زۆر درێژ نییە، بەڵام
چیڕۆکەشیعرەکانی دیکەی درێژن و دەکرێت لەمەودوا
ڕەچاوی ئەمەش بکات و بەزمانێک بنووسێت هەموو منداڵانی کورد تێی بگەن.
__________________________________________
سەرچاوەکان:
چیڕۆکەشیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورد... ڕەزا شوان.
خرتێ، فەرید ڕاژین، چاپەمەنی زانست، چاپی یەکەم ساڵی١٤٠٠ی هەتاوی،
وێنەکێش: شەقایەق نوسرەتی.
hasan_arsalan@yahoo.com
|