١\١٠\٢٠٢٥
منداڵ و ئینتەرنێت.

محەمەد بەرزی
لە
ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئینتەرنێت لایەنی زۆر باش و بە سوود و کارای هەیە وەک
: بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕیی و ئە ندامانی خێزان . ئامرازێکی
زۆر بێ هاوتایە بۆ پەروردە و کات بەسەربردن ، پڕە لە یاری و بابەتی
هەمەچەشنە و زانیاری بێ ئەندازەی جیاواز ، بەڵام هەرگیز بۆ منداڵان
جێگایەکی باش و سەلامەت و ئەرێنی نییە ، چونکە ڕێگا بۆ توندوتیژی خۆش
دەکات ، لێوان لێوە لە دیاردەی دزێو و بابەتی ڕووت و سێکسی . ڕێگا لە
خەوتن دەگرێت و کات بە فیڕۆ دەدات . پڕیشە لە کەسانی نیازخراپی درۆزن و
دەم لووس و فێڵباز ، کە بۆ منداڵان جێگای مەترسین و دەتوانن بە ئاسانی
لە خشتەیان بەرن و مێشکیان پڕکەن لە ژەنگ و ژار . هەر بۆیە پێویستە
منداڵان لە زیانەکانی دووربخرێنەوە و بپارێزرێن و یارمەتیان بدرێن بە چ
شێوازێک بەکاری بهێنن ، تا تووشی ئاستەنگ و مەترسی نەبن و گەورەترین
سود لە لایەنە باشەکانی وەربگرن ، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو
تەکنەلۆژیا ئەلکتۆنییە پێشکەوتووە پیشکەشی جیهانی دەکات.
ئەوەی شایانی باسە دایکان و باوکان دەبێ چاک ئەو ڕاستییە بزانن ،
منداڵانی ئەمڕۆ لە جیهانی ئینتەرنێتدا دەژین و گەورە دەبن ، زۆر جار لە
دایک و باوک و گەورەکان زیاتر ئاشنای بەرنامە و بابەتە نویێ کانن ، لە
وانیش زیاتر بەکاری دەهێنن ، هەر بۆیە مەحاڵە لە ئینتەرنێت
دووربخرێنەوە . بەڵام دەکرێت سەلامەتییان بپارێزن و لە مەترسییەکانیش
دووربخرێنەوە . بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پەیوەندی باشیان لەگەڵ منداڵدا
هەبێ و بە جوانی باسی مەترسییەکانییان بۆ بکەن ، چونکە سەلامەتی
بەکارهێنانی کۆمپیتەر ، پەیوەندی بە زمانی شیرین و هێمنی و دانانی یاسا
و ڕێنماییەکانەوە هەیە ، هەر بۆیە لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ چەند
ئامۆژگارییەک دەکەین ، کە بۆ دایکان و باوکان و گەورەکان گرنگن:
١- دڵنیابن تەمەنی منداڵەکەتان گەیشتۆتە ئاستێک کە دەتوانێ بچێتە سەر
ئینتەرنێت . ئاشکرایە منداڵانی ئەمڕۆ بە بەراورد بە ڕابوردوو زیاتر
دەستییان بە تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت دەگات ، خۆ بڵاوبوونەوەی مۆبایلە
زیرەکەکان ، کە ئینتەرنیتییان لەگەڵدایە پڕن لە یاری و بابەتی سەرنج
ڕاکێش ، کارێک دەکەن منداڵان بتوانن لەگەڵ کەسانی سەرتاسەری جیهاندا
چەند کاتێک بەسەربەرن . هەر بۆیە زۆر پێویستە دایکان و باوکان تەمەنی
ڕێگاپێدراوی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بزانن و لە هەندێک ماڵپەڕی وەک
ئێنستگرام و تیکتۆک دووریان بخەنەوە . بێگومان ئەمڕۆ لە وڵاتێکی وەک
ئەمریکادا ، کەمترین تەمەنی منداڵ بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت بریتییە لە
( ١٣ ) ساڵ . زۆرجار منداڵ و خێزانەکان ئەو تەمەنە یاساییە پشتگویێ
دەخەن . بۆیە گرنگە دایکان و باوکان و مامۆستاکان پابەندی تەمەن بن و
ئەو بەرنامانە بەکارنەهێنن ، کە مەرجی تەمەن ناگرنە خۆیان.
٢- ئینتەرنێت لایەنی زۆر چاکی بۆ منداڵان هەیە ، دەتوانن بەکاری بهێنن
بۆ ڕاپۆرتەکانی قوتابخانە و پەیوەندی کردن لەگەڵ مامۆستا و هاوڕێ و
خێزانەکانیان . بەڵام بەکارهێنانیشی مەترسیی لەگەڵدایە . وەک بابەتی
نەگونجاو و کەسانی خراپ ، کە خۆیان وەک منداڵ ، یان هەرزەکارێک
نیشاندەدەن و بە فیڵ و درۆ بە دوای هاوڕێی نوێدا دەگەڕێن . لەوانەیە
داوای زانیاری کەسیی لە منداڵەکە بکەن ، وەک ناونیشان و ژمارەی تەلەفون
. هانییان بدەن پەیوەندییان پێوە بکەن و سواری ئەقڵیان بن . هەر بۆیە
پێویستە دایک و باوک ئاگاداری ئەوەبن منداڵەکانیان لە ڕێگای ئۆن
لاینەوە چی دەبینن و چی دەبیستن ، کێ دەناسن و چیش لە بارەی خۆیانەوە
باس دەکەن . لەم حاڵەتانەدا پێویستە ئامرازەکانی پاراستنیان بۆ
بەکاربهێنرێن ، چاکتریش وایە بەردەوام چاوکراوە و چاودێری
چالاکییەکانیان بن.
٣- بەرنامەی بۆ دابنێن سەبارەت بە کات و چۆنییەتی بەکارهێنانی
ئامێرەکان. پاشان بە دەم و لەبزی شیرینەوە ڕاستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵدا
بکەن و بزانن لەگەڵ کێدا پەیوەندی دەکات و باسی چی دەکەن و چ جۆرە
بابەتێک بڵاودەکەنەوە.
٤- هاوکاری بکەن چۆن زانیارییە تایبەتییەکانی خۆی بە چاکی بپارێزێت ،
چونکە ئەگەر نەتوانێ بیپارێزێت ، لە لایەن کەسانی ترەوە دەبینرێن و
لەوانەیە خراپ بەکاربهێنرێن و بە گران لەسەریان بکەوێتەوە.
٥- کات و کەشێکی لەبار بۆ منداڵەکەتان دروست بکەن ، تا تەنها پەیوەندی
لەگەڵ هاوڕیێ و ئەندامانی خێزان و خۆتاندا هەبێت . یارمەتی بدەن
زانیارییە خراپەکان بناسێتەوە و لێیان دووربکەوێتەوە . ئاشنای
یارییەکان و سایت و زانیارییە متمانەپێکراوەکانی بن ، پاشان کاتی
خۆتانی بۆ تەرخان بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ماڵپەڕە خراپ و
زیانبەخشانەی منداڵ بە لاڕێدا دەبەن.
٦- ئەرکی دایکان و باوکانە ڕێگای گونجاو بۆ پاراستنی منداڵ بگرنەبەر ،
وەک سڕ ( بلۆک ) کردنی ئەو بەرنامانەی بۆ منداڵ ناگونجێن و هیچ
بەرهەمێکی باشیان لێ هەڵناوەرێ ، پاشان دانانی وشەی نهێنێ بۆ کڵومکردن
و نەکردنەوەیان . بەمەش خێزان و ئامێرەکان پارێزراودەبن و بە دووریش
دەبن لە ڤایرۆس و بەرنامەی زیانبەخشی نەگونجاو.
٧- کاتێک منداڵەکەتان دەستدەکات بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت ، قسەی
لەگەڵدا بکەن دەربارەی ئەو بابەتانەی دەیخوێنێتەوە و تەماشایان دەکات .
بزانن بە پێی تەمەنی و لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە لەگەڵ کێدا بە بەردەوامی
پەیوەندی هەیە و لەگەڵ کیشدا گفتوگۆ دەکات . لێی بپرسن سەردانی چ
ماڵپەڕێک دەکات . پاشان لیستێکی بۆ دروست بکەن و پێکەوە سەیری بکەن .
گویێ لە منداڵكەکەتان بگرن و بگەنە ڕێککەوتن لەسەرئەوەی چ بەرنامە و
بابەتێک بۆ خێزانەکەتان گونجاوە . ئاگاداریشی بکەنەوە وریا بێت لە
چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا و شوێنی خۆی بە نهێنی بهێڵێتەوە .
پێویستیشە بەردەوام ئەوەشی بۆ دووبارەبکرێتەوە ، کە ئینتەرنێت گشتییە و
تایبەت نییە تەنها بۆ خێزانەکەیان.
٨- پێویستە شاشەی ئامێرەکان لەبەرچاو بێت ، تا بتوانن چاودێری
بەکارهێنانی ئینتەرنێتی منداڵەکەتان بن ، بە تایبەتیش منداڵی بچووک .
پاشان زۆر پێویستە کۆمپیتەرەکەی لە ناوەندێکی کراوەی ماڵەکەدابێت ، وەک
هۆڵی دانیشتن ، تا بە ئاسانی چاودێری منداڵەکەتان بکەن سەیری چ شتێک
دەکات . پاشان بۆ ئەوەی نەشتوانێ موبایلەکەی بە ئینتەرنێتەوە
ببەستێتەوە ، کارێک بکەن ژمارەی نهێنی تۆڕی ئینتەرنێتەکە نەزانێت . تا
نەتوانێ بێ ئاگاداریتان پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە بکات . سەرباری
ئەمانەش ڕێگا مەدەن ئامێرەکان لە ژووری نووستنی منداڵدا دابنرێت.
٩- لە ماڵپەڕەکانی یاری و سۆشیال میدیادا ، هەندێک کەس تەنها بۆ
هەراسانکردن و گاڵتەپێکردنی کەسانی تر دەچنە سەرئینتەرنێت . پێویستە
ڕێگری لەو کەسانە بکرێن کە بێزاریان دەکەن و ئەو هێرشبەرانەش سڕبکرێن .
منداڵەکەشتان فێربکەن لەو جۆرە کەسانە ئاگادارتان بکەنەوە و هەموو
پەیوەندییەکی نەخوازراویش کڵۆم بکات ، تا تووشی زیان نەبێ.
١٠- ئینتەرنێت ڕێگا دەدا منداڵان ئاشنای بابەتەکانی گەورە ساڵان بن .
پێویستە ڕێگریی لەمە بکرێت . دەکرێت هەندێک بەرنامە بەکاربێت بۆ ڕێگرتن
لە چوونە ژوورەوەی منداڵ بۆ ئەو جۆرە ماڵپەڕانە.
١١- فێڵبازەکان وەک ماری سڕ خۆیان مەڵاس داوە ، دەزانن منداڵان بە دوای
یاری و گۆرانی و مۆسیقای بێ بەرامبەدا دەگەڕێن . جا ئەگەر منداڵەکەت
کلیک لەسەر یەکێک لەو بەستەرانە بکات ، لەوانەیە ڤایرۆسێک دابەزنێت و
توانای کۆمپیتەرەکە ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە . باشترین چارەسەریش بۆ
ئەم دۆخانە بەکارهێنانی دژە ڤایرۆسە ، کە ڕێگا لە بەرنامە زیانبەخشەکان
دەگرێت.
١٢- لەگەڵ ئەوەشدا ئینتەرنێت هۆکارێکی زۆر باشە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری
و پەروردە و کات بەسەربردن ، بەڵام سایتە مەترسیدارەکان ، مەترسی لەسەر
منداڵ دروستدەکەن . بۆیە پێویستە ڕێگاکانی سەلامەتی بگرنەبەر وەک :
ڕێگانەدان بە بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانەی دایک و باوک و گەورەکان
بەکاریان دەهێنن . چاودێریکردنی ئەو ماڵپەڕانەشی منداڵەکە بەکاریان
دەهێنێ . پاشان بە پێی تەمەنی منداڵەکە ماوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی
بۆ دیاری بکەن . ئەمڕۆ شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن منداڵانی تەمەنی
( ٥ بۆ ١٧ ) ساڵ ، نابێت لە ڕۆژێکدا دوو کاژمێر زیاتر لەسەر شاشەکان بن
. هەربۆیە زۆر گرنگە چاودێریان بکرێن تا خوویان خراپ نەبێ ، بە تایبەتی
منداڵانی پچکۆلە . گرنگیشە منداڵەکەتان ڕازی بکەن پابەندی کاتی
بەکارهێنانی ئینتەرنێت بێ . بۆ نموونە هەرجارێک تەنها نیوکاژمێر لەسەر
شاشەکان بێ و کاتی کوژاندنەوەشییان بـۆ دیاری بـکەن . پاشان زۆر
پێویستە لە کاتی دیاریکراودا و پێش نووستن ( وای فای ) ماڵەکەتان
بکوژێننەوە ، تا هەمووان پشووبدەن و کەسیش نەتوانێ ئینتەرنێت
بەکاربهێنێ . سەرباری ئەمانەش دەکرێت هەندێک ڕۆژ بۆ پشوو دیاری بکرێت و
ئینتەرنێتی تێدا بەکارنەهێنرێت ، هەمووان کاتەکانی خۆیان بە شتی ترەوە
خەریک بکەن . ئاگاداریش بن دەهری و تووڕە نەبن و نیگەرانی و ترس و
دڵەڕاوکێ نەخەنە دڵیانەوە و ڕێگریی لە بەها زۆرەکان و لایەنە باشەکانی
ئینتەرنێت نەکەن ، کە ئەمڕۆ پێشکەشی منداڵانی دەکات.
١٣- ئاگاداری منداڵەکەتان بکەنەوە لە مەترسی و زیانەکانی بڵاوکردنەوەی
وێنە و زانیارییە کەسییەکانی وەک : ( ناو ، ژمارەی تەلەفون ، ناونیشانی
ماڵ، ئیمێڵ و ناوی قوتابخانەکەی ) . خۆ ئەگەر منداڵەکە ویستی وێنەیەک ،
یان زانیارییەک بڵاوبکاتەوە ، وا باشترە پیش بڵاوکردنەوەی ئێوەی لێ
ئاگاداربکاتەوە . فێری بکەن تەنها پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەشدا بکات ،
کە ناسیاون و متمانەتان پێیانە . ئاگاداری بکەرەوە ئەوەی لە
ئینتەرنێتدا بڵاودەکرێتەوە هەمیشە دەمێنێتەوە ( هەندێکجار دەکرێت پیش
ئەوەی کەسانێک بیبینن بسڕێتەوە ، بەڵام زۆرجار پیش سڕینەوەیان بینراون
) . هەر بۆیە پێویستە منداڵ بۆ پاراستنی وێنەو زانیارییەکانیان
بەردەوام وریابکرێنەوە . پاشان بۆ ئەوەی بزانن منداڵەکەتان لەلایەن
کەسانی فێڵبازەوە کراوە بە ئامانج ، ئەوا پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانە
بن:
١- بەسەربردنی کاتی زۆری منداڵەکە لەسەر ئینتەرنێت ، بە تایبەتی لە
شەودا.
٢- تەلەفوونکردنی کەسانی نەناسراو بۆی.
٣- دیاری نەخوازراو لە ڕێگای پۆستەوە.
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵێم : زۆر پێویستە دایکان و باوکان بە باشی گویێ
لە منداڵەکانیان بگرن و نیشانیان بدەن دڵسۆزن بۆیان و گرنگی بە
هەموولایەکی ژیانیان دەدەن . کارێک بکەن لەهەموو کێشە و گرفتێکدا
بگەڕێنەوە بۆ لاتان . تا بزانن هەرچییەک ڕووبدات پەناوپشتن بۆیان .
ئەوەی زۆریش گرنگە: پێویستە خۆشتان نموونەیەکی جوان و پاک و بێگەردبن و
بەباشی ئینتەرنێت بەکاربهێنن ، لا لە وێنە و ڤیدیۆی ڕووت و ماڵپەڕە
سێکسییەکان و زمانی پیس و کوشتن و توندوتیژی و ماددەی هۆشبەر و
کحولییەکان نەکەنەوە ، تا منداڵەکانتان چاوتان لێ نەکەن.
______________________________________
●
تێبینی:
بۆ ئەم بابەتە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزیی وەرگیراوە.
mkbarzy@hotmail.com
|