١١\١٢\٢٠٢٣
مـنداڵ و نوستـن.

محەمەد بەرزی
نوستن
بریتییە لە پشوویەکی کاتی ، سەرلەنوێ جەستەی منداڵ چالاک و بارگاوی
دەکاتەوە ، قەرەبوی وزەی جوڵە و ئەو وەرزشانەش دەکاتەوە ، کە لە ڕۆژدا
لە دەستی دەدات . ئەو زانیارییانەش دەپارێزێت ، کە بە درێژایی ڕۆژ فێری
بووە . بە تایبەتی لە کاتی خەوی خۆش و قووڵدا ، کە چاویان بەخێرایی
ناجوڵێنن . بەمەش وزە بۆ جەستەی دەگەڕێتەوە و ئەو هۆڕمۆنانە دەردەکات ،
کە بۆ گەشەی مێشکی زۆر گرنگ و بە سودن و نیشانەی تەندروستییەکی زۆر
باشن . بە پێچەوانەشەوە کەم خەویش بەرگریی لەشیان لاوازدەکات و
کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری دەروونی و ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان
دروستدەکات . بێگومان هەموو لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بۆ کاریگەریی
خراپی کەم خەوی لەسەر مرۆڤ کردووە ، دەرکەوتووە ڕێژەی لە منداڵاندا زۆر
زیاتر بووە . چونکە جەستە و مێشکیان هێشتا لە قۆناغی گەشەکردندان . بە
گشتیش ٢٥٪ بۆ ٣٠٪ی منداڵان تووشی کیشەی کەم خەوی دەبن ، بەڵام دەکرێت
لە ڕێگای کرداری ئاساییەوە چارەسەربکرێن . جا لەبەر ڕۆشنایی ئەو
توێژینەوانەی لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا کراون ، ماوەی نوستنی منداڵان
بە پێی تەمەنیان دەگۆڕێت و پێویستە بەمجۆرەی لای خوارەوە بێ:
١ - منداڵی تازەی لە دایکبوو تا یەک ساڵ ( ٠ - ١ ) پێویستی بە ١٦
کاژمێرە.
٢ - منداڵی ساوا ( ١ - ٢ ) ساڵ ، پێویستی بە ١١ بۆ ١٤ کاژمێرە.
٣ - منداڵی پێش قوتابخانە ( ٣ - ٥ ) ساڵ پێویستی بە ١٠ بۆ ١٣ کاژمێرە
٤ - تەمەنی خوێندن ( ٦ - ١٣ ) ساڵ پێویستی بە ٩ بۆ ١١ کاژمێرە.
٥ - هەرزەکار ( ١٤ - ١٧ ) ساڵ پێویستی بە ٨ بۆ ١٠ کاژمێرە.
ئەوەی شایانی باسە دەکرێت هەندێک منداڵ یەک ، یان دوو کاتژمێر زیاتر
یان کەمتر لەو ژمارانەی سەرەوە بخەون . ئەمەش بەندە بە هۆکاری بۆماوەیی
و فەسیۆلۆجییەوە . جا ئێستا با بزانین دایکان و باوکان دەبێ چی بکەن ،
تا بە درێژایی شەو بە دیار منداڵەکانیانەوە ڕۆژ نەکەنەوە و چۆن
یارمەتییان بدەن ، بێ گریان و هەرا و زیقوهوڕ ، شەوێکی هێمن و ئارامیان
بۆ دابین بکەن و خەوێکی خۆشی ئاسایی بیانگرێتە باوەش و ئارامی بدات بە
جەستەیان.
١- ژوری نوستن شوێنی پشووی نوستنە ، هەر بۆیە پێویستە نیوکاژمێر پێش
خەوتن ، لە ژوورەکەیدا کۆمپیتەر و تەلەفزیۆن بکوژێنرێنەوە و هەموو ئەو
شتانە لاببرێن ، کە سەرنجی منداڵ ڕادەکێشن وەك : پەرتووک ، یاریی
منداڵان ، ئامێرە ئەلکترۆنییەکان ، بە تایبەتیش ئەو یارییانەی ڕووناکی
دەبەخشن.
٢- پێویستە هەموو شەوێک منداڵ ڕابهێنرێت لە کاتێکی دیاریکراودا بخەوێت
. بە هەمان شێوەش لە بەیانیاندا لە کاتێکی دیاریکراودا لە خەو
هەڵبستێت. ئەگەر چی لە هاویندا ڕەنگە تۆزێک قورس بێت پابەندبن بەو کاتە
دیاریکراوانەوە ، بەڵام تـا دەتوانیت هەوڵبدە پابەندی ئەو کاتانە بێ.
٣- دڵنیابن ، کە منداڵ بە شێوەیەکی ڕیک و پێک و لە کاتی دیاریکراوی
خۆیاندا ژەمە خواردنەکانییان دەخۆن و وەرزشیش دەکەن.
٤- بەرگی نوستن لەبەربکەن و ددانەکانیان پاک بشۆن.
٥- باشترین کات بۆ ئەوەی منداڵەکەت بخەیتە جێگاکەیەوە ، ئەو کاتەیە ،
کە خەواڵووە ، نەک زەقەی چاوی بێت ، یان نوستبێت و بیخەیتە جێگاکەیەوە.
بەمەش خۆیان فێردەبن کەی بخەون . پاشان ئەگەر منداڵانی پێش تەمەنی
خوێندنگا لە نیوەشەودا هەستان لە خەو ، ئەوا بیانخەنەوە سەر جێگاکەی
خۆیان. باشتریش وایە کۆرپە لەسەر جێگای خۆتان نەخەوێنن . چونکە نووستنی
کۆرپە بە تەنیشت دایک و باوکێوە مەترسی مردنی لە ناکاوی کۆرپە زیاد
دەکات.
٦- بۆ ڕێگرتن لە ڕووناکی پەردەی تاریک بۆ ژوورەکەی بەکاربهێنە . ئەگەر
لە تاریکیش ترسا ، گڵۆپی کزی شەوانەی بۆ دابگیرسێنە . هەوڵبدە پلەی
گەرمایی ژوورەکەی کەمێک لە کاتی پێش نوستن فێنکتر بێ . پاشان ژوورەکەی
لە دەنگە دەنگ بپارێزە . یان بۆ ڕێگرتن لە دەنگە دەنگی دەرەوە ، ئامێری
ژاوە ژاو ( Sound Machine)ی بۆ بەکاربهێنە.
٧- ئەگەر منداڵەکەت بە شێوەیەکی ئاسایی نەخەوت ، یان لە نیوەشەودا
هەستا لە خەو ، هەڵی مەگرە ، هەوڵبدە بە دەنگێکی شیرین و هێواش ، یان
بە دەست لێدانێکی ئەسپایی ئارامی بکەیتەوە . خۆ ئەگەر بەردەوام بوو لە
گریان ، لەوانەیە برسی بێت ، یان پێویستییان بە گۆڕینی دایبی بێت . بە
خێرایی و هێمنی کێشەکەی چارەسەربکە و زووش ژوورەکەی بەجێبهێڵە . دیارە
نابێ ئەوەش لە بیربکەی ، ئەگەر لە کاتی نوستندا منداڵ پرخە پرخی کرد ،
ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکات . چونکە لەوانەیە کێشەی هەبێت ، یان
هۆکاری وەستانی هەناسەی بێت لە کاتی خەوتندا.
٨- کاتێک منداڵی ساوا ، خوشک ، یان برایەکی نوێی لە دایک دەبێت ، یان
ددانی تازەی دەردەچێت . یان شوێنێکی ئازاری دەبێت ، یان تووشی سەرما و
هەڵامەت و هەوکردنی گوێچکەکانی دەبێت ، ئەوا هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ
کاریگەرییان لەسەر خەوی منداڵەکە دەبێت.
٩- پێش نووستن دووربکەرەوە لە پێدانی ژەمە خواردنی قورس و کافاین و
ئەوانەی شەکریان تێدایە . ئەگەر پێویست بوو ، خواردنێکی سووک و
تەندروستی بۆ ئامادە بکە . چونکە کێشی قورسی منداڵ یەکێکە لە
هۆکارەکانی کەم خەوی . خەوی خۆش و ئاساییش ، قەڵەوی بە ڕێژەی ٣٦٪ کەم
دەکاتەوە.
١٠- تارمایی ( کابوس)ی شەوانە بۆ منداڵانی بچووک ترسناکن . چونکە بە
زەحمەت جیاوازی دەکەن لــە نێوان ڕاستەقینە و ئـەوەی ڕاستەقینە نییە .
زۆر جار بە هۆیەوە لە خەو خەبەریان دەبێتەوە و لەوانەیە دەست بە گریان
و هاوار هاوار بکەن ، خۆ ئەگەر چەند جارێکی کەم ئەم حاڵەتە دووبارە
بۆوە ، منداڵەکــە هێوربکەرەوە و زۆر بـــە ئەسپایی بیخەرەوە نـــاو
جێگاکەیەوە . ئەگەر هاوارکردنیشی نەما ، ئەوا وازی لێبێنە و خەبەری
مەکەرەوە و جێگای ترس و دڵەڕاوکێ نیە . بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو حاڵەتە
بە زۆری دووبارە بوونەوە و لە ڕۆژدا خەواڵویکرد ، ئەوا باشتر وایە
سەردانی پزیشکی منداڵان بکات.
١١- قسەکردن لە کاتی خەوتندا کیشەیەکی تری منداڵە ، کە بە زۆری لە
سووکەخەودا ڕوودەدات . هەر بۆیە پاکوخاوێنی کەشوهەوای خەوتن ، دۆخی
قسەکردن لە کاتی خەوتندا کەمدەکاتەوە ، هەرچەندە حاڵەتێکی مەترسیدار و
زیان بەخش نییە ، بەڵام ئەو کەسانە بێزار دەکات کە لە هەمان ژووردا
نوستون.
١٢- لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو منداڵەی بۆ ماوەی پێنج شەو لەسەر
یەک ، لە کاتژمێرێکی خەوتن بێبەش بێ ، زیاتر توڕەدەبێ و لە پۆلدا کەمتر
سەرنج دەدات و بە باشیش لە وانەکانی تێناگات . چونکە لەم حاڵەتەدا
تەنها بەشێکی مێشکی لە کاتی خەوتندا گەشەدەکات . ئەوەی شایانی باسە لە
زانکۆی ماسەچوسسی ئەمریکادا توێژینەوە بۆ ئەو منداڵانە کراوە ، کە تازە
فێری وشەی نوێ کراون و پاش ماوەیەکی کەم خەویان لێخراوە ، دەرکەوتووە
٨٠٪ی وشە نوێکانیان لە بیردا ماوە . بەڵام ئەو منداڵانەی نە خەوتون ،
تەنها ٣٠٪ی وشەکانیان لە بیردا ماوە و لە تاقیکردنەوەکانیشدا
نمرەکانیان بە ڕێژەی ١٠٪ کەمتر بووە لە چاو ئەو منداڵانەی خەویان
لێخراوە . ئەمەش پێمان دەڵێ خەو زۆر گرنگە و دەرمانی زیرەکی و فێربوونە
و پێویستە منداڵان زووتر و زیاتر بخەون . جا تکایە ئەم خاڵە بە هەند
وەربگرن.
١٣- زۆر گرنگە ڕۆژانە منداڵ بە بەردەوامی بجوڵێت و وەرزش بکات . تا
وزەی شارراوەی لە شی لە کاتی خەوتندا کیشەی بۆ دروست نەکات . بۆیە
پێویستە هاوکاری بکەیت بەردەوام ئەو چالاکییانە بکات . بەڵام کارێکی وا
مەکە لە پەلوپۆبکەوێ تا شەوانە باشتر بخەوێت . زۆرجار شەکەت و
ماندووبوونیان خەو لە چاویان دەتارێنێ و سەرئەنجامیش خەویان زەحمەتر
دەکات.
١٤- نوستن یارمەتی مێشک دەدات زانیاری نوێ ئاڕاستەی بیرگەی منداڵ بکات
، لە ڕێگای کردارێکی گرنگەوە ، کـە ناودەبرێت بــە چەسپاندنی بیرەوەری
( Memory Consolidation)، یان برەودان بە بیرتیژی . جا کاتێک سود لە
ماوە بە نرخەکەی نوستن وەرناگیرێت ، دەمارەکانی مێشک ناتوانن وەک
پێویست ئەو هاوکارییە بکەن و ڕێژەی بیرچوونەوەیان بەرزدەبێتەوە.
١٥- شتنی منداڵ پێش کاتی خەوتن زۆر گرنگە ، چونکە کاتێک منداڵ بە
ئاوێکی تۆزێک گەرم دەشۆرێ و لە گەرماو دێتەدەرەوە ، پلەی گەرماییجەستەی
کەمێک دادەبەزێ . ئەم دابەزینەش یارمەتی دەدات باشتر بخەوێت .
توێژینەوەکانیش ئەویان دەرخستووە ، دابەزینی یەک پلەی گەرمایی لەشی
منداڵ ، کارێک دەکات زووتر خەوی لێ بکەوێت و لە شەویشدا کەمتر خەبەری
بێتەوە . سەرباری ئەوەی هەموو پیسییەک لە لەشی دەکاتەوە ، کە بە
درێژایی ڕۆژ پێوەی نووساوە. پاشان هەموو شەوێک دووبارە بوونەوەی هەمان
خۆشتن و دانشتن بە بەردەوامی ، منداڵ ڕادەهێنێت ، کە کاتی چوونە ناو
جێگاکەی نزیکە . سەرباری ئەمانەش پێویستە دایک گرنگی بە خوێندنەوەی
چیرۆک بۆ منداڵەکەی بدات . چونکە چیرۆک یارمەتی منداڵ دەدات هەست بــە
ئارامی بکات و سەرئەنجامیش بـە قـووڵی بخەوێ.
١٦- ئەگەر هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێکران و هێشتا منداڵەکە
نەخەوت ، یان زۆر بە گران خەوت ، ئیتر ئەوە کاتی ئەوەیە سێ و دووی لێ
نەکەیت و سەردانی پزیشک بکەیت ، تا هۆکارەکەی بزانیت . یان دەربارەی
ئاستی : زیرەکی و زەین کوێری و وریایی و ڕەفتار و بزێوی و بیرکردنەوەی
لە پۆلدا ، داوای هاوکاری لە مامۆستاکەی بکەیت . لەوانەشە تەمەڵی و
کیشە و گرفتی فێربوونی ، یەکێک بێ لە هۆکارەکانی کــــەم خـــەوی.
___________________________________
تێبینی:
١- ئامێری ژاوەژاو: بریتییە لە ئامێرێکی بچوک لە
ژوری منداڵی ساوادا دادەنرێت و بەردەوام دەنگێکی وەک ژاوە ژاو دەردەکات
و ڕێگا لە دەنگە دەنگی دەرەوەی ژوورەکە دەگرێت و ژینگەیەکی ئارام بۆ
خەوتن دروستدەکات . دایکەکەش دەتوانێ لە ژوورەکەی خۆیەوە و لە ڕێگای
مۆنیتەرێکی بچووکەوە بەردەوام چاودێری منداڵەکەی بکات.
٢- بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە.
mkbarzy@hotmail.com
|