٢٨\٨\٢٠١١
من دەستنووسەکانى
خۆمم سوتاند، ئێوەش ئەوەى لاتانە بیسڕنەوە.

هەردى شەفیق
زۆر دەرگاى ئەم دەزگاى چاپ و ئەو دەزگاى چاپم کوتا، ئەهلى چەپڵەو
مەکینەى ماستاو، ئەوانەى هەموو مەعریفەیان بەشى شیعرێکى باش ناکات، زۆر
دۆست و هاوڕێى ئازیز تەقەللاى بێفایدەیان لەشوێنێکەوە چاپى بکەن
نەیانکرد، سەرەنجام گەیشتمە ئەو قەناعەتەى بیانسوتێنم و سەرى خۆم سوک
بکەم. زۆرجار قەرزم کرد بۆ ئەوەى کتێبى پێبکڕم، کرێ سەیارەى خۆمم داوە
بەکتێبێک و چەند کیلۆمەترێک ڕێگام بڕیوە، زۆرجار بڕەپارەیەکى کەم
ئەوەندەى مناڵێکى هەژارى پێ ڕازى بکرێت لەمن ئەبوو بەخەیاڵ. بەداخەوە
ئەبوو ئەو عومرەى لەکتێب و دەفتەرو ئینتەرنێتدا خەرجم کرد لەگوڵە
بەڕۆژە فرۆشتن و شتگەلێکى ترى لەو بابەتەدا خەرجم بکردایە. ئەبوو وەکو
زۆرێک لەو گەمژە حازر خۆرانەى (لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەوانەى ماندووبوونیان
کردوونى بەمامۆستا)بەقۆپیەکانى حیزب بوونە مامۆستاو بوونە شاعیرى زوڕنا
ژەن و نوسەرى نوسەر کوژو و خنکێنەرى هەموو ئەو دەنگانەى مەکینەى
ماستاوێک لەکەللە سەریانا ناخولێتەوە. هاوڕێیان بمبورن بەزمانێکى
ئەوەندە ناشیرین ئەنوسم من زۆرم دیوە لەسەر پارەى میللەت و ڕەنجى ئەو
خەباتەى میللەتێک بەنانە ڕەقو فرمێسک بەخێوى کرد خەریکى سڕینەوەو
ناشیرن کردنى کلتورى میللەتێکن، خەریکن نەوەى میللەتێک ئەکوژن ئەیکەن
بەسۆزانى. بیرمە کۆڕێکیان بۆ بەرپرسێکى حیزبى گرتبوو ئەیوت نابێت
بەحیزبەکەى جەنابیان بڵێین دز، لەبەر ئەوەى هەموو حیزبەکان دزیان تیایە!
لەوێ پێم وت باشە بۆچى من مافى ئەوەم نەبێت پاسپۆرتێک بەبێ پشتگیرى
حیزبێک دەربهێنم؟! کەهاتمە دەرەوە بەرپرسەکانى ئەو حیزبە ئەیانوت ئێمە
پشتگیریت ئەکەین!!!!وتم من قسەم لەسەر ئەوەیە پشتگیریى نەمێنێت ئەى
ئەوەى پشتگیرى نیە چی بکات؟؟ بۆیە پێش ئەوەى ئەوان باسى پشتگیریم بۆ
بکەن من پشتگیریم ناوێت. ئەمەوێت بڵێم ئەوانە بەناوى ئێمەوە پارە ئەدزن
و پارە ئەخۆن باسى خزمەت و تەڕەماش و شتى وانەکەن خەریکى برادەر چێتى و
حیزبچێتىو شتگەلێکى ترن.
هاوڕێیان ئەشێت بەیەکجارى ئیتر بیر لەوە بکەمەوە نوسین مایەى کڵۆڵیە،
مرۆ شتێک لە چەشنى گوڵەبەڕۆژ فرۆشتن، تور فرۆشتن فێر بێت زۆر لە نوسین
باشترە. ئێ خۆ ناکرێت فایلى ئەو هەمووە هەڵبدەیتەوەو بەهەمان تۆمەت
کەخۆیان لەواقیعدا وان نەتکوژن و ئەوان لەدواوە پشت ملى تۆ نەگرن.
بیرمە دواى ساڵێک لەسۆراغ کردنى کتێبێکم بەرپرسى یەکێک لەو چاپخانانەى
بەشلیف پاروى دەمى ئەو ژنە لەشفرۆشانەیان لەناچاریا ئەبن بەلەشفرۆش بۆ
خەرج ئەکەن و "خەندان محەمەد جەزا" لەئۆقیانوسێک لەتاوانا باسى ئەکات و
دواتریش کچێنیانى پێئەکڕنەوە پێى وتم "وەزیر ئەڵێت شیعر چاپ ناکەین"
کەچى هەر چەند ڕۆژێ بۆ هەرزە نوسێکى ناسکۆڵەیان چاپکرد!! ئەمە دواى
ئەوەى ساڵێک ئیمڕۆنا بەیانیان پێکردم. من پێم وایە نوسین هیچ کاتێک
لەژیانى مرۆڤ پیرۆزتر نیە مرۆڤ لەپێناویا بێدەنگى بکات بەرامبەر
حەقیقەتێکى بۆ گەن بوو، کەچى سەیرکە خەڵکێک سەرقاڵى پارە خواردنە
بەناوى نوسینەوە وەک لەچایخانەى شەعب ئەڵێن "بۆ قومار بازیش ناشێت".
بۆیە من بڕیارمدا هیچ نەنوسم و ئەوەى هەیە بیسوتێنم و داوا لەو سایتە
بەڕێزانەش ئەکەم نوسین و لاپەڕەکانى من لەسەر سایتەکانیان لابەرن و
گەلێک سوپاسى سایتگەلێکى وەک ماڵێک لەئاسمان وچراکان و دەنگەکان و
ئەمڕۆو کوردستان نێت و قەڵەم و هەڵەبجە و....هتد یش ئەکەم. تو
ویژدانتان گوناه نیە سایتێکى وەک چراکان....لەبێپارەییا هاوارى
لێهەڵبسێت و گۆڤاریش هەیە لەمەخزەنەکانا بەلۆرى کەڕو ئەکات و بەفەردە
پارەى بۆ خەرجئەکرێت!! ئەمەوێ ئەوە بڵێم هەموومان قسە لەسەر ئەوە
ئەکەین سوتاندنى کتێب سوتاندنى مرۆڤیشى بەدواوەیە، بەڵام واى بەحاڵى
ئەو ڕۆژگارەى چاپخانەو بەناو نوسەرى شڕە خۆرو تاڵانچى ئەتکەن بەگۆڕ
هەڵکەنى کتێبەکانى خۆت. ماڵئاوا هاوڕێیان و دۆستانى ئەدەب ئیتر منیش
دواى شتێکى تر ئەکەوم لایەنى کەم سەرى خۆم هەڵئەگرمو گۆشەیەکى غەریبى
ئەکەم بەماڵ. ناشمەوێ سەربوردەى ئەو ڕۆژە تاڵانە وەکو ئەرشیفى
برینەکانم هەڵبدەمەوە چەنێک ڕەزالەتم لەپێناوى کتێبێکدا ئەکێشا تا
دەستم ئەکەوت، ئەشێت کەسە نزیکەکانم ئەو ڕاستیە باش بزانن و ئەم شیوەنە
بۆخۆشم ناکەم هیوادارم و هەموو ئەوانەى دواى من ڕوئەکەنە چاپخانە ئەو
ڕاستیانە بزانن و لەو حەقیقەتە تێبگەین ئەمە کێشەیەکە خەونى هەزارن کەس
ئەکوژێت پێش ئەوەى بچن بیر لە زیندەبەچاڵکردنى خەونەکانیان نەکەنەوە.
ئاخر ئەوان بە نائومێد کردن ئەتکوژن. دواتریش ئەبێت ئەوە بڵێم
پێویستیشم بەهاوکارى کەس نیە تەنیا کۆمەکێک ئێوە بتانەوێت بەمنى بکەن
هاوکارى کەسانێکى تربکەن وەک منیان بەسەر نەیەت، دزى و فایلى
تاڵانچیانتان لابوو بۆم بنێرن چونکە من هەرگیز لەو نوسینانەم پەشیمان
نیم لەسەر ئەم دەسەڵاتەم نوسىو ئەمەوێت ئەوەشتان پێبڵێم ئەگەر ڕۆژێک
ویستیان بەنابووتکردن بمکوژن، "ئاخر ئێستا ناتکوژن نابوتت ئەکەن" بزانن
بەرلەوان من قسەى دڵى خۆمم کردووە. دواجار ئەبێت ئەوەش بڵێم ئەم
ڕۆژانەش وەکو سەردەمى بەعس ئەڕوات و ئەگەر نەمتوانى لەگەڵ ئەم
بەڵێنەشمدا ڕاستگۆبم کەئیتر نەنوسم ئەوا بیر نوسینەوەى نیشتیمانێک
ئەکەمەوە سەرکردەکانى بەبرسێتى زەللیلى ئەکەن و ئەینێرن بۆ لەشفرۆشى و
دواتریش وەک سۆزانى بەپارەى پاروى دەمى خۆى سوارى ئەبن.
ماڵپهڕی ههردی شهفیق
|