١١\١٠\٢٠١٥
منیش دەڵێم ''کەس
بەدیلی کاک مەسعود نییە''.

جەلال محەمەد
تەواوی لایەنگرانی پارتی دەڵێن بۆ پۆستی
سەرۆکی هەرێم کەس بەدیلی کاک مەسعود نییە، بێگومان منیش هەمان بۆچوونم
هەیە بەڵام بە شێوەیەکی واقعیانە نەک وەک لایەنگرانی پارتی
تەنهاعاتیفیانە بە بنەما بگرم، چونکە ئێمەی کوردەواری کوشتەی عاتیفەین
و ئەو عاتیفەیەش وەها دەمانخاتە گێژاوەوە کە هیچ کاتێک ڕاستیەکان بەدی
نەکەین.
بۆ نموونە ئەگەر واقعیانە لە دە سەڵ تەمەنی سەرۆکایەتی کاک مەسعود
بڕوانین ئەوا زۆر ڕووداوی سەرسوڕھێنەر دێنە پێش چاو کە ھیچ بەرپرسێک لە
جیھاندا بیری لە ڕووداوی لەو جۆرە نەکردۆتەوە کە دووچاری گەلەکەی بکات
. بەشێک لەو ڕووداوانەش کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی کاک مەسعوددا
ڕوویاندا بریتین لە:
١- لە کارەساتی دڵتەزێنی شەنگال ، کە بە پێی ئاماری وەزارەتی شەھیدانی
حکومەتی ھەرێم (ئەگەرچی بە کەمیشەوە گوتراوە) ٤٣٥ ھەزار مرۆڤ ئاوارە
بوون، ١٨٠٠ کەس کۆمەڵکوژ کران، لە گوندی کۆجۆ ٤٠٠ پیاو پێکەوە لە
گۆڕێکی بە کۆمەڵدا نێژران، زیاتر لە ٥٠٠٠ ئافرەت دەستدرێژییان کرایە
سەر و وەک کۆیلە فرۆشران، ٦٠٠ پیر و منداڵ لە برسان مردن، زیاتر لە ٥٠٠
کەس بێ سەروشوێنن، ١٤ پەرەستگەی ئێزیدی تەخت کران. بڕوانە ئەم لینکە:
https://www.facebook.com/yousfmhamad87/videos/893853207317212
٢- زیاتر لە چارەکێکی باشووری کوردستان بەبێ ھیچ جۆرە بەرگریکردنێک
ڕادەستی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) کرا ، ئەو ڕووبەرەش لە شەنگالەوە تا
مەخموور و لە تەلکێفەوە تا حەمدانیەی دەگرتەوە، کە دەیان شار و زیاتر
لە ھەزار گوند لە خۆ دەگرێت.
٣- ئاشکرا کردنی ھەموو داھاتی ژێر زەوەی باشووری کوردستان و
دامەزراندنی سەدان کۆمپانیای چاوچنۆکی داگیرکەران ، کە بەم کردەوەیەش
گەورەترین قەیران بۆ ئەو ناوچانە دروست کرا کە بە درێژایی مێژوو ھیچ
گرفتێکیان نەبوو.
٤- واژۆکردنی گرێبەستی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیای داگیرکەردا، کە بە پێی
ئەم گرێبەستە تا ٥٠ ساڵی دیکە داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە نرخێکی
ھێجگار کەم بە تورکیا دەدرێت ، ئەم کردەوەیە تاوانێکی ھێندە گەورەیە کە
باوەڕ ناکەم لە مێژووی کورداندا تاوانی ھێندە گەوەرە ئەنجام درابێت.
٥- ڕێگە گرتن لە گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆسەر ھەرێمی کوردستان ،
چونکە بە گوتەی پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا ھەم نوری مالکی و ھەم
ھادی العامری لاریان نەبووە ئەگەر مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و ئەو
ناوچانە بگەڕێنەوە بۆسەر ھەرێم ، بەڵام ئەوەی ڕێگری لە جێبەجێکردنەکە
کردووە عارف تەیفور بووە کە بە نوێنەرایەتی سەرۆکی ھەرێم دژی
گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بووە.
٦- خەندەوق ھەڵکەندن بە ڕووی ڕۆژاوای کوردستاندا و گەمارۆ خستنە سەر
دانیشتوانەکەی تاکو لە ناچاریدا تەسلیم بە جەبھە النوسرە و دەوڵەتی
ئیسلام(داعش) ببن.
٧- ئاژاوە سازکردن لە ڕۆژاوای کوردستان و ھاوکاریکردنی تورکیا بۆ
کۆکردنەوەی ئەو بەعسیانەی کە لە ترسی تۆڵەکردنەوە پەرتەوازە ببوون و پڕ
چەککردنیان بە ناوی (پێشمەرگەی ڕۆژاوا)وە . بڕوانە ئەم لینکە:
https://www.youtube.com/watch?v=k_ShrxsBgn8&feature=youtu.be
٨- بڕینی بژێوی خەڵک و داگیرکردنی تەواوی شوێنە گشتیەکان ، کە بە
باوەڕی من ھیچ جیاوازیەک لە نێوان زەوتکردنی بژێوی و زەوتکردنی
ئازادیدا نییە (ھەرچەندە ھیچ جۆرە ئازادیەک لە سایەی ئەو دەسەڵاتەدا
بەدی ناکرێت).
٩- ھەوڵدان بۆ بە مەزھەبیکردنی دۆزی کوردان و سازکردنی فیتنەی دینی و
مەزھەبی لە نێو کورداندا ، بەھۆی ئەو ھاوپەیمانیە ترسناکەی لە نێوان
تورکیا و پارتی و داعشدا پێکھاتووە.
١٠- بە دەسەڵاتگەیاندنی ئەندامانی بنەماڵە و تیرۆرکردنی سەدان ڕۆشنبیری
ڕەخنەگر لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی ، نموونە تیرۆرکردنی زەردەشت عوسمان و
سۆرانی مامە حەمە و .....ھتد.
ئەم چەند خاڵە مشتێکە لە دەریایەک کردەوەی ھاوشێوە لە سەردەمی
سەرۆکایەتی کاک مەسعوددا ،کە باوەڕ ناکەم ھیچ کەسێکی دیکە ئەگەر پۆستی
سەرۆکایەتی ھەرێم وەربگرێت کردەوەی قێزەونی لەو چەشنە قبوڵ بکات ،
لەبەرئەوە منیش دەڵێم بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم ھیچ کەسێک بەدیلی کاک مەسعود
نییە.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|