په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٨\٢٠١٤

منیش دەڵێم مادەی ١٤٠ جێبەجێ کرا.

جەلال محەمەد    


دوو لێدوان سەرنجی منی زۆر ڕاکێشا ، لێدوانێکیان ھی تاڵەبانی و ئەوی دیکەشیان ھی بارزانی بوو . ھەرچی گوتەکەی تاڵەبانییە لە دوای سەردانیکردنێک بۆ تورکیا ھات ، کاتێک پرسیاری دەوڵەتی کوردیان لێکرد تەنھا بە دوو وشە وەڵامی دانەوە و گوتی "خەونێکی خۆش " . ئەو کات زۆر کەس بابەتیان لەسە ئەم گوتەیە نوسی و تەنانەت زۆر کەس تاڵەبانیان وەک کەسێکی دژە دەوڵەتی کوردی پێناسە کرد ، بەڵام من ھیچ لێدوانێکم لەو بارەیەوە نەدا، نەک لەبەرئەوەی لێدوانەکەی تاڵەبانیم لەلا پەسەند بێت بەڵکو لەو ڕوانگەیەوە ھیچم نەوت توانای بەڕێوەبەرانی باشووری کورستانم باش لەبەر چاو بوو . دەمزانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە تەنھا ناوێکی زلە دەنا وەک ناوەڕۆک ھێجگار پوچەڵ بوو، یان باشتر بڵێم بەڕێوەبەرایەتیەک بوو کە ھاوشێوەی ئەو دەھۆڵە وابوو کە لە دوورەوە ھەست بە خۆشی دەنگی دەکرا. چونکە ھەم بەڕێوەبەرایەتیەک نەبوو کە توانای میلەت پاراستن و تەنانەت خۆ پاراستنیش ھەبێت، ھەم بەڕێوەبەرایەتیەک بوو کە تەواو ھەڵوەشاو و میلیشیا بازاڕی و گرێدراو بە داگیرکەرانەوە بوو . ئەم دوو دیاردەیەش ھیچ کاتێک نابێتە ئەو زەمینە سازیە کە دەوڵەتی کوردی تێدا دابمەزرێت (لەو باوەڕەدام تاڵەبانیش باش ھەستی بەو دوو دیاردەیە کردبوو).


مەبەستی ئەم بابەتە پەیوەست نییە بە دەوڵەتی کوردی و گوتەکەی تاڵەبانیەوە ، بەڵکو مەبەست لەم بابەتە ئەو گوتە ھەمەڕەنگەی بارزانییە کە زۆر کەس تورەکەیان بۆ ھەڵبەست و تورەکەکەشیان بە بەتاڵی مایەوە ، ئەو گوتەیەش ئەوە بوو کاتێک چەتەکانی داعش ھێرشیان کردە سەر موسڵ و داگیریان کرد، دەستبەجێ بارزانی گوتی "مادەی ١٤٠ جێبەجێ کرا".


کاتێک بارزانی ئەم گوتەیەی درکاند، دڵی زۆر کەسی خۆش کرد بەڵام من خەمبار . ئەوانەی بەم گوتەیە دڵخۆش بوون کەسانێک بوون کە بە چاو بیردەکەنەوە و ھەمیشە گوێیان بۆ بیستنی گوتەی ھەمەڕەگ ڕاگرتووە، ئیتر بەبێ ئەوەی بۆ بچوکترین پێشھات مێشکیان بخەنە کار ، زۆربەی ئەوانەی شاگەشکە ببوون بەم گوتەیە ئەو ئەفرادانەی حیزبی دیموکرات بوون کە نزیکەی ٣٠ ساڵە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیان فەرامۆش کردووە و بوونەتە موچەخۆری بارزانی و خۆیشیان نازانن بە چیەوە خەریکن.


خەمباری من لەوەوە دەھات کە دەمبینی کەسانێک فریوی ئەم گوتەیەیان خوردووە کە سەردەمانێک چارەنووسی بەشێک لە میلەتی کوردیان لەژێر دەستدا بوو ، چونکە من بە بیستنی ئەو گوتەیەی بارزانی، سوڵتان ھاشم و نزار خەزرەجیم بیر کەوتەوە کە ئەم دوو کەسە لە دوای عەلی کیمیایی و سەدام حسێنەوە دەھاتن لە زیندە بە چاڵکردنی کوردان و ئەنفالی بەد ناودا . کاتێک ھەوڵی بە دادگایی گەیاندنی ھەردوو تاوانبار سوڵتان ھاشم و نزار خەزرەجی درا، سەرانی باشووری کوردستان بوونە پارێزەریان و لە ھەموو سزادانێک پاراستیانن ، بیانوەکەشیان ئەوە بوو کە گوایە سوڵتان ھاشم و نزار خەزرەجی پەیوەندیان بە سەرانی باشووری کوردستانەوە ھەبووە . ھەڵبەت ئەو گوتەیەشیان ڕاستبوو کە پەیوەندی ھەبوو بەڵام نەک پەیوەندیەک کە ئەو دوو تاوانبارە ھاوکاری کورد بووبێتن بەڵکو پەیوەندییەک کە سەرانی کورد گرێدراوی ئەو دوو تاوانبارە بوون و گەورەترین زەمینەشیان ساز کردبوو بۆ جینۆسایدکردنی نەتەوەی کورد.


بە بیستنی گوتەکەی بارزانی کاتێک گوتی "مادەی ١٤٠ جێبەجێ کرا" یەکسەر خەیاڵم بۆ ئەوە چوو کە جێبەجێکردنەکە بەو شێوەیە دەبێت کە بەعسیەکان نەخشەیان بۆ کێشاوە ، ئەو نەخشەیەش ھەمان حوکمە زاتیەکەی سەدام حسێنە کە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆکی دەگرتەوە . یەکسەر خەیاڵم بۆ ئەوە چوو کە نیازی بارزانی لەم گوتەیە وازھێنان و فرۆشتنی ناوچە داگیرکراو و دابڕاوەکانی کوردستانە.


کات ھات و چوو ئەم ڕاستیە سەلما . ئەویش ڕادەستکردنی ھەموو ناوچە دابڕاوەکانی ھەردوو پارێزگای نەینەوا و ھەولێر بوو بە چەتەکانی داعش . دەنا ئەگەر ڕادەستکردنی ئەو ناوچانە نەبێت ئەی دەبێت چ ناوێک لەوە بنرێت کە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی زۆر کەمدا ھەر لە شەنگالەوە تا تلکێف ، ھەر لە زومارەوە تا مەخموور بە دەیان شار و شارۆچکە و سەدان و بگرە ھەزاران گوندەوە بۆ کۆمەڵە چەتەیەک چۆڵ بکرێت بەبێ ئەوەی بچوکترین بەرگری لە ھیچ جێگەیەک بکرێت و تەنانەت بەبێ ئەوەی ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق تەنھا گولەیەکیشیان بە ڕووی چەتەکانی داعشدا تەقاندبێت ، تۆ بڵێی تەقەنەکردن بە ڕووی چەتەکانی داعشدا سەرچاوەی لەو حیکمەتەی بارزانیەوە وەرگرتبێت کە دەیگوت "باوی چەک نەماوە" !! ؟؟ . داگیرکردنی ھەموو ڕۆژاوای ڕووباری دیجلە ھەر لە زومارەوە تا شەنگال (کە ڕووبەرەکەی لە ڕووبەری پارێزگای دھۆک زیاترە) تەنھا ١٩ پێشمەرگە شەھید دەبن کە ھەر نۆزدەکەش پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کاردستان بوون و لە ناوچەی زومار گەمارۆ درابوون.


سەرسوڕمان ئەوەیە کە لەم کاتەدا ھەموو ھەڵوێست وەرگرتنەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئەوەیە کە چەکی قورسیان بە دەست دەگات!!! ئاخر ئێوە بەو ھەموو چەکەی لە بەر دەستتاندا بوو نەتانتوانی تەنھا سەعاتێک بەرگری بکەن و تەنانەت یەک گولەشتان بەڕووی چەتەکانی داعشدا نەتەقاند ئیتر دەبێت چ سودێک لە چەکی دیکە وەربگرن کە ھەم تەقەی پێ نەکەن و ھەم ئەوەش ورەی ھێزەکەتان بێت ؟ ئاخر ئەگەر تۆ تەقە نەکەیت، ئیتر چەکت بۆ چییە ؟ خۆ بەم حاڵەی ئێستاتانەوە، ئەگەر چەکی دنیاشتان ھەبێت ھەر گورگان خوارد دەبن!!!


کەپکی حەمەد ئاغا و کڵاوقاسم، دوو گرد یان باشتر بڵێم دوو شاخی وشکەڵانی و بێ ئاوەدانین و دەکەونە پارێزگای ھەولێر . پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بە ساڵان دژ بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئەو دوو شاخە شەڕی بەرپا کرد و بە ھەزاران کەسیشی تێدا بە کوشتدا ، بەڵام ڕووبەرێکی بەرفەرەوان لە باشووری کوردستان بە خاک و دانیشتوانەکەیەوە ڕادەستی دوژمن دەکات بەبێ ئەوەی تەنھا یەک گولەی تێدا بتەقێنێت ، دەبێت ئەمە چ حیکمەتێکی تێدا بێت ئەگەر جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ نەبێت بە ڕووە پێچەوانەکەیدا ؟ ئاخر سەرنجی ئەوە دراوە ئەو ناوچانەی ڕادەستی چەتەکانی داعش کراوە لە ھەرسێ وڵاتی "قەتەر و بەحرەین و جیبۆتی بەسەر یەکەوە" گەورەترە ؟ ئایا گرنگی ئەو ھەموو ناوچانە لە گرنگی کەپکی حەمەد ئاغا و کڵاوقاسم کەمتر بوو کە ئاوھا بەبێ تەقە ڕادەستی دوژمنتان کرد و لەسەر ئەو دوو چیایەش ھەزاران کەستان کوشت و ھەزارانی دیکەشتان بە کوشتدا ؟ ئەرێ دەبێت دار و بەردی چیا وشکەڵانیەکانی کەپکی حەمەد ئاغا و کڵاوقاسم لە خوێنی زیاتر لە یەک ملیۆن کوردی ناوچەکانی (شەنگال و سنون و کەسک و ڕەبیعە و زومار و عەینزالە و تلکێف و بەعشیقە و بەھزانی و بەرتەڵە و حەمدانیە و خازر و وانک و مەخمور و گوێر و مەلاقەرە و ھەزاران گوندی دەوروبەریان ) بە بەھاتر و خۆشەویستتر بێت کە ئاوھا ئەو ھەموو خەڵکەتان بە مەرگ سپارد و لەسەر دار و بەردەکانی کەپکی حەمەد ئاغا و کڵاوقاسمیش ھەزاران کوردتان قەتڵوعام کرد؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە و ھەزاران تاوانی دژە مرۆڤانە کە لەو ناوچانەدا ڕوویداوە بۆ بەرپرسانی سەرەکی ئەو ڕووداوانە بەجێ دەھێڵم.
 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک