په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٢\٢٠١٨

منیش حەزم دەکرد، زۆریشم حەزم دەکرد.


زاھیر باھیر      

 
لەو پۆستانەی کە لە فەیسبوک دایاندەبەزێنم سەبارەت بە کرێکاران و بزوتنەوەکەیان و ھەندێک بڕگە و ڕاگەیاندنی مارکس ، زۆرێک لە ھاوڕێ و برادەرکانم لەبری ئەوەی وەڵامێکی کەتوارانەم بە بەڵگەوە، نەک لە بڕگەی کتێبەکەناوە بدەنەوە ، دێن بەوەی کە خۆیان دەیانەوێت تاوانبارم دەکەن.


ئەوان ئەوە تێناگەن کە منیش وەکو ئەوان دڵسۆزی کرێکاران و چەوساوەکان و بزوتنەوەکەیانم ، بەڵام دوی واقیع کەوتوم و دەکەوم لە بینینی شتەکانا، نەک عەوداڵی حەز و خەیاڵی خۆم و بڕگەی ناو کتێبەکان . بۆ ئەمەش لێرەدا دەڵێم:


• منیش حەزم دەکرد چینی کریکاران و بزوتنەوەکەیان وەکو ئەوە وابوایە کە مارکس باسی کردون ، بەڵام بە داخەوەم کە لە واقیعدا ئەوە نابینم.


• منیش حەزم دەکرد کە ئەوە ڕاستبوایە کە کرێکاران چینێکی یەکگرتون و ئامادەگی شۆڕشیان تیادایە. چینی کرێکاران گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سەردەمی مارکس- وە بەسەردا ھاتوە . لە سەردەمی ئەواندا کرێکاران چینێک، توێژاڵێکی چیانیەتی بوون ، ھەل و مەرجی کارکردنیان وەک یەک بوو ، تا ڕادەیەک مووچەیان، مافەکانیشیان لە کارگەیەکد وەک یەک بوو . بەڵام ئیستا کرێکاران ھەر لە خودی کۆمپانیایەکدا دابەشکراون لانی کەم بەسەر ئەم بەشانەدا: کرێکاران بەرھەمھێن، ئای تی ، پارێزگاری تەکنیکەڵی ماشینەکان، بەشی ڕێکلامە و گەڕان بەدووی بازاڕا، بەشی ساخکردنەوەی کاڵا،حەرەس و پاکەرەوەی بینا و ناو کۆمپانیاکە، بەشی مامەڵەکردن لە تەک خەڵک تەنھا لە ڕێگای تەلەفونەوە، بەشی پۆست و گەیاندنی بەرھەمەکان بە شوێنی خۆیان، بەشی ئەدمین ..... ھەر یەک لەمانە ھەلومەرجی کارکردنیان جیاوازە ھەر بەو شێوەیەش موچە و مافەکانی دیکەیان جیاوازە ... لانی کەمیش دابەشبوون بەسەر ٣ تا ٤ نقابەدا.... ئەمانە ھەمووی وایان کردووە کە کرێکارانی تەنھا کۆمپانیایەکیش، شارەوانییەک [ کەلە شارەوانییەکانا کرێکاران دابەش بوون بەسەر زیاتر لە ١٠ بەشدا] زۆر زەحمەتە بتوانن بە یەکەوە مانگرتنێک ئەنجام بدەن من خۆم بە درێژایی ٢٣ ساڵ جەند جارێک ئەمەم بینیوە... ئیدی لەوە گەڕێ کە کرێکارانی شارێک یا چەند کۆمپانیایەک بەیەکەوە چالاکییەک ڕێکبخەن.


• منیش حەزم دەکر کە ھەموو خەڵک کرێکاران بوونایە ، بەڵام بە داخەوە کە وا نییە چونکە لە نێوانی کرێکاران و بەڕێوەبەرەکان و دەستەبژێر و پیاوانی دەوڵەتا چەندەھا توێژاڵی دیکە ھەن، وەکو: بێ کاران ، خانەنشینکراون ، قوتابی ، کەمئەندام و خاوەنپێداویستی تایبەتی ، ئەوانەی لەسەر سۆشیالن، پەڕلەمانتارەکان ، دکتۆر و ڕاوێژکاری تەندروستی و پارێزەرە گەوەرەکان، کاسبکاران ، میدڵ مەنیجەر [ بەڕیوەبەرە ناوەنجییەکان ] ، ئەوانەی کە لە بۆرسەکانا کار دەکەن ، یاخود لە بانقەکانا بەڵام بە پارەیەکی باش زۆری تر کە ئەمانە ژمارەیان زۆر زیاترە لە ژمارەی کرێکاران . بۆ ئاگاداریت ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی لە بریتانیادا بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نقابەی مەرکەزی ئەمڕۆ، ١٢/١٢/١٨ تەنھا ٢.٦ ملیۆن کرێکاران ، کە دەیەیەک لەمەوبەر دووقات بوون . ئەوانەی کە دەڵێن کە کرێکاران بەشی ھەرە زۆرینەی کۆمەڵی وڵاتان پێکدەھێنن بێ بەڵگە و لە خۆشەویستیانەوە بۆ کرێکاران قسە دەکەن . منێکیش کە بە بەڵگەو ئامارەوە قسە دەکەم ڕقم لە کرێکارە و دووژمنی کرێکارانم و دژایەتی مارکس دەکەم....


• منیش حەزم دەکرد کە بزوتنەوەی کرێکاران لە ئان و دەقەی بنیاتنانی کۆمەڵی سۆشیالیستی دا بوایە بەڵام بە داخەوە کە دەڵێم بزوتنەوەی کرێکاران لەو پەڕی پاشەکشە و تێشکاندایە . لە سەرەتای ٨٠ کانەوە تا ئێستا لە پاشەکشەدایە و نەک ھەر نەیتوانیوە لە ھیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا شتێکی نوێ بەدەستبھێنێت بەڵکو زۆربەی ئەوانەشی کە بەدەستھاتبوو لێیان سەنرایەوە. بە واتایەکی دیکە جەنگی کرێکاران چەند دەیەیەکە، تەنھا جەنگی بەرگرییە نەک ھێڕشبردن.


• منیش حەزم دەکرد وەکو مارکس وتویەتی کە کرێکارن لە حیزبی خۆیانا خۆیان ڕێکبخستایە ، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێکخراوی سروشتی کرێکاران حیزب و ڕێکخراوی سیاسی نییە بەڵکو نقابەیە ، واقیع پێمان دەڵێت کە خەباتی کرێکاران خەباتی ئابووریانەیە نە سیاسیانەو نە دەسەڵات . ئەوەی کە کۆمەڵی سۆشیالیسی دەخوازێت و دەیەوێت بزوتنەوەی کرێکاران فەزای ئابووریی تێپەڕێنن و ببنە چینێکی سیاسی و دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا دروست بکەن، ئەوانە توخمە چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانە لەناو کرێکارانا ، نەک خودی چینی کرێکاران.


• منیش حەزم دەەکرد کە ئەزمەکەی ئێستاو پێشتریش ئەزمەی سەرمایداریی بوایە ، بەڵام بە داخەوە ئەزمەی ئێمەیە ، خەڵکە ، جەماوەرە . من ئەمەم بە وتار و بە پۆست بە ئامارەوە ڕونکردۆتەوە.

 

١٣\١٢\٢٠١٨ - لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک