په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠٢٦

    من ژیانم خۆشدەوێ!


تاڤگە سابیر

ژیانیش گەڵایەکی ناسکە لە ناو ئەم لافاوەدا
وەك چۆن دڵی منیش تنۆکە شەونمێکە لە سەکۆی ئەم خۆرەدا
دەبوو بتزانیبا ...
من بەم گیانە سیوانکەییە
بەرگەی شەوەکانی بیابان ناگرم
بەم گیانە بەفرینەوە
ئەم سەرگوزشتە گەرمانەم بۆ ناخوێندرێنەوە
بەم زمانە سپیەوە
لە ناو ئەم تووتییە ڕەشانەدا ھەڵناکەم
بەم دەستە پاکانەوە
لەسەر سفرەی ئەم قەلەباچکە دزانەدا
فریای پارووێك ناکەوم
دەبوو تۆ... بتزانیبا
ھەرگیز ناتوانم لەگەڵ ئەو شەوانەدا جووت بم
بوونەتە بکوژی مانگ و ئەستێرە و نەیزەکەکان
ناتوانم بەم جلە کاغەزییانەوە
بە ناو ئەم ھەموو پەتا و باران و گەردەلوولانەدا تێپەڕم
دەبوو بتزانیبا
ئەگو ئێوارەیەكت لەگەڵ مندا دۆڕاند
ھەموو ئێوارەیەكت دۆڕاندوە
ئەگەر شەوێکی شووشەییت لە نێوانماندا شکاند
رێزی ھەموو شەوەکانت شکاندوە
ئەگەر سپێدەیەک لەخەو ھەستای و
ڕوخساری منت نەبینی
تا ''ڕۆژی دوایی''
دەسخەڕۆی ڕەنگەکان دەبی
تۆ نازانی چۆن پەنچەرەکانی خۆم شکاند لەم دۆزەخەدا
لە ناو ئێوارەکاندا چۆن خنکام!!!

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک