١١\١٢\٢٠١٤
من کاتێک دەمەوێ
قسە بکەم سەرتاپای زمانم لە زمان دەبێت،
لە زمانی خۆم دەبم، زمانی تۆم لێ دەڕوێ...

شوان عوسمان
کە تۆ دەڕۆی ،
سەفەر دەکەی ،منیش ئەڕۆم ،
بەڵام لەگەل خۆم نا ،
وەکو تۆ ،
لەگەل تۆ ئەکەومە رێ...
دێم ئەبم بە سێبەرێک و
لێت نابمەوە..
وەکو خۆت بە تۆوە ئەنوسێم ،
نەک بە خۆم...
من بە تەنیا لێرە ناتوانم بمێنمەوە ،
ئەڕۆم بۆ سەفەرێک و
خۆم بەسەفەرێکخەریک ئەکەم...
مانەوەم لێرە بەبێ تۆ بۆمن شتێکی زۆر ناگەیەنێت ،
تا باسی بکەم...
جگە لە تەنیاییەکی خۆکوژ نەبێت ،
کە من خۆمی پێ ئەکوژم...
کە تۆ قسە دەکەی من دەبمە زمان ،زمان لە هەموو جێیەکم دەڕوێ ،
زمانم گڕوگاڵی زمان دەکات..
بەڵام حەز ئەکەم ببمە گوێ ،گوێیەکانیشم گڕوگاڵ بکەن..
تا گوێیەکم لای تۆ بێت ،
گوێیەکەی دیشم گوێت لێ بگرێت...
تۆ دەتوانی لەبڕی منیش قسەیەک بکەی ،
کاتێک تۆ دەتەوێ..
چونکە رازەکانی من نهێنی نین ،
نهێنیش نابن بە تۆوە....
ئەوان هەر هەموویان لە ناخی تۆدا دەژین...
دوای قسەکانی تۆ هیچ پەیڤێک نامێنێ ،
تا من تەواوی بکەم ،
شتێک بلێم...
کە تۆ بەدڵ دەڕوانیت ،جارێکیش بە چاو و
لە چاو بڕوانە ،
با چاوم بدوێت..
بەرلەوەی من بدوێم...
کە بە چاویش دەدوێی ،لەبڕی چاو ودڵی منیش بڕوانە..
بزانە چ دەبینی جگە لە خۆت ،
تارمایی خۆت لە رەنگی من دەبینی ،یان نا..
تۆ لە دەنگی منیشدا دەنگت هەیە،دێ و دەچیت ،
وەکو کوارگێکی رەش لەناو بەفرێکی سپیدا..
دەنگت لەناومدا دەنگ دەداتەوە ،
قەیناکە تۆ بە دیدی منیش بدوێ ،
خۆ کفر نیە گوناهیش نابێ ،کاتێک بێدەنگ دەبم...
من بێدەنگ نیم ،
تۆ وادەزانی ،هەرواش دەبینی..
من سەرتاپای هەستم پڕە لە تۆ ،لە زمانی تۆ...
نەستم چاوەڕێی وشەکانی تۆیە ،
ئەگینا من هەمیشە ئەدوێم ،بە چاوی تۆ بەدڵی خۆم نا..
بەڵام چ بکەم تۆ هەستیان پێ ناکەی ،
کاتێک من ئەدوێم...
من چاوەڕێم ،تا تۆ بێی بە زمانی تایبەت بە خۆت ،
تەرجەمەی هەموو زمانەکانی من بکەی...
بە دەنگی خۆت ،
کاتێک بێدەنگ ئەبم ،
لە دەنگ ورەنگی زمانی خۆم ئەبم...
٣\١١\٢٠١٤
- هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|