|
١٣\٧\٢٠٢٦
من کێم؟

سۆران محەمەد
چاوەکان
لە نێوان پرسیار و وەڵامەکانا دەتروکێن.
ڕووناکییەکان:
لە تاریکییدا لەدایک دەبن و
بۆ تاریکی دەگەڕێنەوە.
لە ڕێگادا
کەس ناوێرێ سەیریان بکا.
هێشتا
نهێنی ڕووناکی نەزانراوە.
وتیان:
هەموو شتێك ڕێژەییە
تەنانەت ڕاستیش،
بۆیە کووچەکانی وا چۆڵە..
کەچی
دەمی وەڵامەکان
هێندەی باڵای شەو بەرینە
بۆ هەڵوشینی پرسیارەکان،
ئەو پرسیارانەی هەموو دەیکەن:
من کێم؟
هەمیشەش وەڵامەکە؛
گەڕانەوەیە، بێ گەیشتن.
لە کۆتایی ڕێ
بیرکردنەوە بە تەنیا دەمێنێتەوە.
خۆی شوێن نییە،
بەڵام ڕێگای
هەموو شوێنەکان دەکێشێ.
|