١٥\٣\٢٠١٦
من کە نان نییە
بخۆم، چی لە پیوازی ئەنگۆ بکەم.
هەژێن
تکایە بۆ تێگەییشتن لە مەبەستی ئەم نووسینە، هەوڵبدە پێشتر تووڕەیی
ئایدیۆلۆجی لە ئایین و کینەدۆزیی ناسیونالیستیت لە عەرەبیبوونی قورئان
وەلابنێی، تاوەکو بەو چەشمە ئایدیۆلۆجییانەی چەپ و ناسیونالیزم
تێڕوانینەکانی من نەبینیت و ناچار بە تۆمەتبارکردنم بە داکۆکیکردن لە
ئایین نەبیت.
کێشەی ئێستای خەڵکی هەرێمی کوردستان، دەرگیری خەڵکی نەدار و بێدەسەڵاتی
هەرێمی کوردستان پێخەمبەربوون و نەبوونی موحەمەدی کوڕی عەبدوڵا، کێ
نووسینی قورئان و دروستی و نادروستی قورئانەکەی عەلی و عوسمان نییە،
کوردبوون و نەبوونی زەردەشت نییە. کێشەی نەداران و بێدەسەڵاتانی هەرێمی
کوردستان نەبوونی ئازادییە، نەبوونی مافە سەرەتاییەکانە، نەبوونی
مووچەیە، نەبوونی دادپەروەریییە، کێشەی خەڵك هەبوونی گەندەڵی و دزی و
مشەخۆری و ملهوڕیی و جێکەوتەبوونی دیکتاتۆرییە؛ خەڵکی هەرێمی کوردستان
لە ئێستادا دەژی و گیرۆدەی کێشەکانی ئێستایە نەك ڕووداوەکانی چواردە
سەدە لەمەوپێشی خێڵە بتپەرسەتکانی مەککە و مەدینە و دانانەوەی بەردی
سپی [بەردی زەردەشتی] لەجێی بەردە ڕەشەکەی موحەمەد.
من ناڵێم با ڕەخنە لە ئایین و بە ئایدیۆلۆجیکردنی ئایین نەگیرن، هەرگیز
داخوازییەکی ئاواش لە کەس ناکەم، چونکە من خۆم سی و چوار ساڵ لەمەوپێش
بەهۆی پارادۆکسەکانی نێو دەقی قورئان و حەدیسەکان و گێڕانەوە
مێژووییەکان و وێنا و پاشبنەماکانی گوتەکان و دەمێك ئاخاوتنی یەزدان
وەك [کەسی یەکەمی تاك] و جارێك وەك [کەسی یەکەمی کۆ] و زۆر جاریش
ئاخاوتن وەك [کەسی سێیەمی تاك] لەبارەی [خۆی] و هەروەها ناکۆکبوونی
ئایین بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و زانیاریی مرۆڤ
و بەڵگە مێژووییەکان و سەلماندنە زانسیتییەکان، بە باوەڕنەبوون بە
ئایین و بێبنەمابوونی هێزی ئاسمانی گەییشتووم.
بەڵام لە کاتێکدا کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەر شەقامە و خەڵکی
خەریکی مانگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی سەروەران و مشەخۆرانە، خەریککردنی
ناڕازییان بە پرس و کێشەکانی چواردە سەدە لەمەوپێش، ئەگەر
هاریکاریکردنی دەسەڵاتداران نەبێت، ئەوا لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران
دەبێت. چونکە ئەوانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتدارن، نە
موحەمەدی کوڕی عەبدوڵا و نە یارانی ئەو و نە داعش و نە بۆرجوا-
داگیرکارانی عەرەب و فارس و تورك، بەڵکو پارتییە سێکیولاریستە
ناسیونالیستەکانی کوردن، تەنانەت پارتییە ئیسلامییەکانیش نین، هەرچەندە
دەسەڵاتداریی ئەوانیش لە هی سێکیولاریستە ناسیونالیستەکان خراپتر دەبێت
و بە بۆچوونی من هەر کەس فەرماندار و دەسەڵاتدار و سەروەر بێت، تەنانەت
ئەگەر خودی منیش بم، هەر ملهوڕ و مشەخۆر و نوێنەری بۆرجوازی دەبێت، هەر
کەس بێت، هەر پارێزەری دارایی تایبەت و کاری کرێگرتە دەبێت و چەوسێنەری
خەڵكی نەدار و بێدەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.
لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، تەنانەت ئەگەر لەم ساتەدا پارتییە
ئیسلامییەکانیش دەسەڵاتدار بن، ئەوا دیسانەوە هەر کاتی خەریککردنی خەڵك
بە پرسی پێخەمبەربوون و نەبوونی موحەمەد، دروستی و نادروستی قورئان،
باشی و خراپی ئەم ئایین و ئەو ئایین نییە، بەڵکو کاتی هەڵخراندن و
هاندانی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵاتە بۆ خۆبیرکردنەوە، بۆ خۆڕێکخستن،
خۆبڕیاردان و خۆبەڕێوەبەریی، چونکە ئەوە تەنیا پارتییە ئیسلامییەکان
نەبوون، کە لەنێو پارلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای چەند-ژنە'یان بۆ
پیاوان پەسەند و ڕەواکرد، بەڵکو زۆرینەی پارتییە سێکیولار -ناسیونالیستەکانی
کورد بوون، ئەوە خواستی نوێنەرانی بۆرجوازی کورد بوو، ئەوە فەرمانداریی
هەرێمی کوردستان و پارتییە سێکیولاریستەکانی بوون، کە مانگانە چەندین
ملیۆن دۆلاریان بۆ گروپ و پارتییە ئیسلامییەکان دابینکرد . ئایا لە
بارێکی وەك ئێستادا سەرەکیکردنی پرسی باوەڕی ئایینی، ببێجگە لە
سەرنجلادان و خەریککردنی خەڵكی ناڕازی لە پرسە سەرەکی و دەستبەجێکانیان،
دەتوانێت هیچی دیکە بێت و بەهیچ کوێیەکی دیکە بگات؟
هەڵبەت دەزانم، کە ئاتەئیست و چەپەکانی کوردستان دژی ئاوا سەرنج و
ڕەخنەیەکن، من گومانم لە دڵسۆزی و پاکی لایەنگرانی ئەو دوو ڕەوتە نییە،
بەڵام هەموو بەڵگەکان و لۆجیك سەرنجی ئێمە بەرەو ئەوێ دەبەن، لە ڕاسەری
ئەو دوو ڕەوتەوە کۆمەڵێك کەسی هەلپەرست هەن، کە هاوبەرژەوەندی
دەسەڵاتدارانن و بە ئامانجەوە لەم ساتەدا خەڵکی ناڕازی بە پرسی لاوەکی
و کەسییەوە خەریکدەکەن.
ئەگەر کەسانێكی تووڕە لە ئایین، ئاوا بیردەکەنەوە، ساخکردنەوەی
پێخەمبەرنەبوونی موحەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا و ئاسمانی-نەبوونی قورئان، پرس
و کێشە و داخوازیی سەرەکی ئێستای خەڵکی هەرێمی کوردستانە، دەبا
بفەرموون بڕۆنەوە سەنگەرەکانی جەنگی ئوحد و خەندەق و خەیبەر..تد و
هەوڵی تێکشکاندنی لەشکرەکەی موحەمەد بدەن و بەر بە ئەنفالی جووەکان
بگرن و نەهیڵن دواتر ئەو لەشکرە بگاتە کوردستان و ئێران و ئەندەلوس.
هیوادارم هیچ نووسەر و هیچ کەسێکی دیکە ئەم ڕەخنەیە بە کەسیی نەکێسێتە
سەر خۆی و وەك هاندەرێك بۆ بەخۆداچوونەوە و گەڕانەوە بۆ سەر پرسە
دەستبەجێ و سەرەکییەکانی ژیان و ئازادی خەڵکی هەرێمی کوردستان
لەبەرچاویبگرن. ئەوە تێڕوانین و تێگەییشتنی منە لە هەر کۆڕ و پاگەندە و
سیمینارێك، کە لەم ساتەدا خەڵکی نانخواز بە پیوازخوازییەوە خەریکدەکات،
هەرچەندە ئاوا هەوڵێك هاندەرەکەی دەسەڵات و بەرژەوەندی دەسەڵاتداران
نەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە سەرەنجام بە خزمەتکردنی ئامانجەکەی دەسەڵات
[واتە خەریککردنی خەڵك و دوورخستنەوەی لە ناڕەزایەتی بەرانبەر دەسەڵات]
تەواودەبێت.
من لەتەك یەزدانەکانی سەرزەوییە، لەتەك بۆرجوازی کورد و لەتەك
دەسەڵاتخوازانە نەك لەتەك یەزدانی ئەفسانەیی نێو خۆشباوەڕیی نەداران و
بێدەسەڵاتان. هەر کەس و هەر ڕەوتێك، کە دژی ئەم تێڕوانینەیە و جەنگی
دەیەوێت جەنگی سەر شەقامەکانی خەڵک لەتەك دەسەڵاتداران نادیدەبگرێت و
دەخوازێت نەداران و بێدەسەڵاتان واز لە جەنگی دەسەڵاتداران و
سەرمایەدانی کورد بهێنین و ئەوان بۆ مشتومڕی بوون و نەبوونی یەزدان و
پێخەمبەربوون و نەبوونی موحەمەد و ئاسمانیبوون و نەبوونی قورئان
بانگەوازدەکات، پێویستە سەرەتا پێداویسبوون و سەرەکیبوونی ئەو جەنگە
بسەلمێنێت و وەڵام بە سەرنج و ڕەخنە و پرسیارەکان دەربارەی پاگەندە و
هەوڵەکانی خۆیان بدەنەوە:
ئایا جەنگکردن دژی بوونێکی ئەفسانەیی بێجگە لە ئەفسانەسازیی و
ئەفسانەبوونی خەون و بیرۆکە و ئامانجەکانی خود، هیچی دیکە دەگەیێنێت و
هیچ سەرەنجامێکی دیکە دەبێت؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، کە چەپ و دەسەڵاتخوازانی بەناو "سۆشیالیست"
لە ئاسمانی ئایدیالیزمی ئایدیۆلۆجییەوە دابەزنەوە سەر زەمینی کەتوارە
کۆمەڵایەتییەکان و جەنگی یەزدانە کەتوارییەکان و کۆمپانییەکانیان و
بەرهەڵستی داگیرکردن و تاڵانی و تایتبەتیکردن و پارتییکردنی کەرتەکانی
بەرهەمهێنان و کەرتە خزمەتگوزارییەکان بکەن؟
ئایا جەنگکردن لەتەك بوونە ئەفسانەییەکان سەلماندنی ئایدیالیستبوون و
دابڕانی خود نییە لە پرسە کەتوارییەکانی سەر گۆی زەمین؟
ئایا ئەو فەرماندارییە [حکومەتە] پارلەمانیی و تێکنۆکرات و سێکیولاریست
و "شورایی" و "کرێکاریی" و "سۆشیالیستییەی"، کە خۆیان پاگەندەیدەکەن و
دەیکەنە نووشتەی چارەسەری هەموو دەردەکان و ڕزگارکەری چەوساوان، هەر
زەمینیکردنی هەمان دەوڵەتی یەزدانی ئاسمانەکان و ڕەواکردنی سەروەریی و
مشەخۆریی دەستەبژێرەکان نییە بەناوی "خەڵك"، "گەل" ، "نەتەوە" ،"نیشتمان"
، "چین"؟
١٢\٣\٢٠١٦
ماڵپهڕی ههژێن
|