په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٢\٢٠٢٥

  من لە نەژیانی خۆمدا ژیاوم.

شاهۆ حوسێنی

لە مندا منداڵێک هاوار دەکا
لە مندا ژنێک شین دەگێڕێ
لە مندا کەنیشکێک
لە خۆشەویستێک دەڕوانێ
هەتیو حەیرانێک
حەیران دەناڵێ
گۆڕێک
بۆ مردووەکەی دەپاڕێتەوە
چەمێک بۆ شەپۆل و
گیانێک بۆ جەستەیەک
قاوەخانەیەک بۆ ڕێبواڕێ
لە مندا
شەمەندەفەرێک بێ گەشتیار دەڕوا
باهۆزێک بێ هاوار
بارانێک بێ هەور دەباڕێ و
زستانێک بێ ڕێبەندانە
بەفرانبارێکی بێ بەفر و
بزەیەکی بێ بەزەیی
لە مندا لێوانێک دەژین
هێشتا کچێنییان هەر ماوە
چاوانێک
کە هێشتا هەر نۆبەرەن و
گۆنایەک
کە هاواڵی گزنگی هەتاو و
تریفەی مانگەشەوە
لە مندا ژیانێک مردوە
کە خامی مردووی هیچ بیرەوەرییەک

داینەپۆشیوە
لە مندا جەستەیەک دەژیا
کە هیچ گیانێک
نەیخواستبوو
لە مندا باغچەیەک دەڕوا
کە هیچ خونچەیەک موژدەی گوڵی بۆ نەهێنا
هیچ دڵۆپە ئاوێک موژدەی ڕوان
هیچ سەوزەیەک موژدەی ژیان
لە مندا هەستێکی سڕ و
پشووسوار لە بێ هەستیی دەژیا
لە مندا هیچ منێک نەژیا
من لە نەژیایی خۆمدا ژیاوم.

 

 

shaho_huseni@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک