١٧\٧\٢٠١٠
من لێرە نیم.

هێمن ڕەئووف
بەم بانگە
ناگەڕێمەوە.. من دوورترم لە دووری
دەمێکە ئەم هەوارەم جێهێشتووە و زەمەنێکە کۆچەرییەکی وونبووم
نائاگا مەبە هاوڕێم.. من لێرەنیم..
ئەم پەیکەرە جوڵاوە من نیم
زەمانێکە لەم هەسارەیە نەماوم و جێژوانم لە ڕۆخی ئەستێرەکاندایە
ساڵانێکە لە ژێر سێبەری مانگدا بەناو گوڵە پەموی هەورەکاندا گەرمیان و
کوێستان دەکەم
ئەم بەژنە سارد و سڕەم.. ئەم منەی دڵنەواییە بۆ تۆ
لە مێژە درەختی بەر- با- یەکەو سەما بۆ ئەم ئاوازە سەپاوەی ژیان دەکات
دەمێکە ئەم ڕۆحەم،
ڕێبوارێکی ئەبەدییە و چیتر ناشێ بێتەوە
بێ ئاگا مەبە هاوڕێم
چیتر بەدیار ئەم پەیکەرە دارینەمەوە ڕامەمێنە
بە هیوا مەبە کاسی نیوە لە شەرابمان لێکدەینەوە،
چاوەڕێ مەبە پێکەوە پێکەکان هەڵدەین و نهێنییەکانی ڕابردوو بۆ یەکتر
بگێڕینەوە
سەفەرەکان ساڵانێکە ڕۆحم دەگێڕن
تازە هیوای گەڕانەوە خۆی لەجەستەی ئەم کۆچە داماڵی
تازە قەدەرم تێکەڵی هەنگاوەکان بووە و ڕوانینم ڕاهاتووە بە کاڵکردنەوەی
سەرابەکان
ئێوارە نییە بەدوای خۆرئاوابووندا لە ئاسمانەکاندا وێڵ نەبم و
شەو نییە ئەستێرەیەک دەرگا بۆ نامۆییم واڵا نەکات
ساتێکم نییە بێ دۆشدامانم لە نهێنییەکانی ئەم کۆچە تێپەڕێت
زوو زوو لە دەربەندی بەهەشتەکاندا
دەستەوئەژنۆ لەم خودایە دەپاڕێمەوە
زوو زوو دەپرسم
تۆ ئەی کۆچ .. ئەی خودای هەموو ڕێگا و ڕێبوارەکان
کەی دەست لەم بەندە ماندووە هەڵدەگریت
بۆ چ وێستگەیەکت هەڵگرتووم و کەی لە خۆتم دەکەیتەوە؟
دەپاڕێمەوە و دەڵێم
وا شەکەتیم چێژی هەموو ئازارەکانی چەشت و
گەڕانەوەم هەموو هەرگیزەکانی تێپەڕاند و وێستگەکەشم هێشتا لە
وێنەکاندایە
کەی دەگەمە دوا هەوار؟
ئەی شاهم کۆچ..
کەی دیوارە نوێیەکانم پێدەناسێنیت
کەی پەنجەرەیەک دەکەیت بەیەکەم هاوڕێم و
کەی گوڵبەدەستێک بە باوەشێک گلەییەوە دەمبەستێت بەخۆیەوە و
بە هاوارێکی شێتانەوە دەڵێت ئێرەیە دوا وێستگە و ئیتر سەفەر لەباوەشی
هیوای گەڕانەوەدا دەنوێ،
ئیتر تۆ لێرەیت لێرە، ئیتر سەفەر کۆتایی هات و کۆچ جێی هێشتیت و لێرە
لەگەڵ مندا،
دەفڕیت و
دەفڕیت و
دەفڕیت.
حوزهیرانی
٢٠١٠
ماڵپهڕی
هێمن رهئووف
|