په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠١٢

من ناوم پێستە!


نەهرۆ           


من سەرەتا لەپانتایی جەستەی مامزێک دا بووم، وەرزەکە بەهار بوو، گژوگیا زۆر بوو، مامزەکە بەکەیفی خۆی دەلەوەڕی کە تێر ئەبوو لە کانیاوە سازگارەکان ئاوی دەخوادەوە، لەگەڵ هاوەڵەکانی ڕەویان دەکرد، بەڵام رۆژێک شکارچییەک لێ پەیدا بوو، بەگولەیەک مامزەکەی کردە نیچیری خۆی، منی لە جەستەی مامزەکە داماڵاند، گۆشت و ئێسکەکەی پارچە پارچە کرد، بەڵام منی بە یەکپارچەیی هێشتەوە، تەنانەت کونیشی تێنەکردم، سەرەتا خۆیی پێوە کردم و لەبەر رۆژ هەڵیخستم هەتا وشک بوومەوە، ئەوجا منی برد بۆ بازاڕو فرۆشتمی، کەوتمە دەست بازرگانێکی چاوچنۆک، ئیشی سەرەکی یی ئەوەبوو پێست بەنرخی هەرزان بکڕێ و بەکۆمەڵ بیانفرۆشێتەوە، لەگەڵ کۆمەڵی پێستی دیکە براین بۆ کارگە، لێرەدا من ناتوانم سەرەگوزەشتەی پێستەکانی دی بگێرمەوە، تەنیا چارەنووسی خۆم لە بیرە، لە کارگا جارێ دیکە خراینە ئاو و خوێیەوە، بەدار کەوتنە گیانم هەتا خۆشە کرام، ئەوجا منیان رەوانەی کارخانەی تۆپ دروست کردن کرد! کۆمەڵی ئافرەتی نیمچە ساغ لەو کارخانەیەدا ئیشیان دەکرد بەڵام بەپێ نەخشە هەر گروپێک ئیشی دیاریکراویان هەبوو بەڵام هەموو رۆژی سەعات نۆ بۆ ماوەی چارەکێک وەرزشی جەستەیان دەکرد، ئافرەتێکی باڵا بەرز مامۆستایان بوو، رۆژێکیان چرپاندی بە گوێم دا، گووتی تەمەنم چل ساڵە تا ئێستا پیاوم نیە، بەڵام کچێکم هەیە تاڕادەیەک ژیانمی پرکردۆتەوە!


دوای کاتی وەرزش ئافرەتێک کەوتە گیانم بە مەقەس، بەشەش گۆشەیی پارچە پارچەی کردم، ئافرەتێکی دیکە پارچەکانی دووران بەقەد یەکەوە، تۆپێکی خڕیان لێ دروست کردم، خرامە عەمبارێکەوە کە پڕ بوو لە تۆپ، بازرگانێک هات چاوی پیاخشاندین کەوتە مامەڵە کردنمان لەگەڵ دەفتەرداری عەمبارەکە، هەندێ لە تۆپەکان بۆنی گیای تەڕیان لێدەهات، ئیدی براین و دابەش کراین بەسەر ئەو دوکانانەی کەل وپەلی وەرزشی دەفرۆشن بەڵام ئەو دوکانداری من لای بووم وردە واڵەی زۆری هەبوو تەنانەت ئاوی پونگ وزەعزورو مزراحی مناڵانیشی هەبوو، لەبیرمە هەینی بوو مامۆستایەک هات، من و یوڵداشێکم کڕی، بردینی بۆ قوتابخانەیەکی دوور، دوور لە شارستانیەت، دوور لە یەکسانی، لەبەر ئەوەی دەرەبەگێک دەسەڵاتدار بوو لەو گوندە، زیندانی کراین لە ژووری وەرزش، تەنها لەوانەی وەرزش دا ئازاد دەکراین، بەپێ توانا مناڵەکان شەقیان تێهەڵئەداین، دواتریش خراینە کونجی تاریکی ژوورەکەوە، قوتابخانەکە ئاوی نەبوو، کابرایەکی پیر هەبوو بەکەروجلیکان لەرووباری گوندەکە بەیانیان زوو پێش ئەوەی رووبارەکە پیس بێ ئاوی دەهێنا بۆ قوتابخانەکە، بۆیە کلیلی قوتابخانەکە لای کابرای ئاوهێنەر بوو، ئەم کابرایە کورێکی هەبوو لە پۆلی پێنجەم زۆر بزێو بوو حەزیشی لە تۆپی پێ ئەکرد، روژێکیان شەیتان کەوتە کەللەی کە کلیلەکە لە باوکی بدزێ و ژووری وەرزشی کردەوەو منی دزی! خستمیە ژێر کراسەکەیەوە، بۆن ئارەقەی جەستەی دەهات، ئاخر وەک من بزانم خانەوادەکانی ئەم گوندە، ئەوەی دایکی هەبوایە هەفتەی جارێک حەمامیان دەکرد یان بە هاوینان لە رووبارەکە مەلەیان دەکرد، بەڵام ئەم کوڕە لە مێژ بوو دایکی مرد بوو، تەنانەت رۆژێکیان مامۆستا شانەیەکی هینا کە بەقژیا هینا چەند ئەسپێیەک بەربونەوە سەر دەفتەرەکەی! ئەم کوڕە منی بە پەلە پەروزی برد بۆ ماڵەوە، لە حەوشەکەیاندا منی دانا، تیشکی خۆر زۆر بەهێز بوو، ئینسان حەزی بە قسەکردن دەکرد بۆیە ئەویش کەوتە دوواندنم، پێگووتم ئەی تۆپی تازەو جوان تۆ تاک وتەنیای منیش بێدایکم، ڕاستە من تۆم دۆزیوەتەوە ببورە دزیوە بەڵام ناتوانم پاریزگاریت لێبکەم، لەوانەیە مامۆستای وەرزش گومانم لێبکا و بزانی، ئەوجا لە قوتابخانە تڕۆ بکریم، باشترین هەنگاو ئەوەیە بتفرۆشم، خەڵکی گوند تێکرایان هەژارن، کەس شک نابەم پارەیەکی باشم بداتێ و دڵم رازی بکا، تەنیا کوڕی کوێخا لە مێشکم ئامادەیە تەنانەت حەزی لە تۆپی پێیە، منی لە ماڵ شاردەوەو خۆی چوو بۆ دەرەوە زۆر چاوی گیڕا هەتا کوڕی کوێخای دۆزییەوە، یەکسەر پێگووت، شتێکم دەست کەوتووە تۆ زۆر حەزت لێیە بەڵام دەبی بەڵێنم پێبدەی لای کەس نەیدرکێنی کە لە منت کڕیوە، هەروەها تۆ وەکو من نییت، تۆ کوڕی گەورەی گوندی، مامۆستای وەرزشیش ناتوانێ لێت بسێنێتەوە، دوایی ئێوە پارەو موڵکتان هەیە، دەتوانی بڵێ من لە بازاڕ کڕیومە، کوڕی کوێخا گووتی کەواتە تۆپە، دەبێ پێم بڵێ بە چەند دەیفرۆشی، ئەویش گووتی نیو دینار، کوڕی کوێخا پێگووت گوێرمامش بەواتای نەدی بدی روبعە دیناری بەسە!


کوڕی کوێخا منی کڕی و بردمی بۆ حەوشەکەیان، حەوشە نەبوو کاروان سەرای بوو، چەند ساتێک شەق شەقانی پێکردم، وەک کویلەیەکی بێئاسۆ لەزەتم لەئازارەکانی خۆم وەردەگرت، پێم وایە کوڕە هەژارەکان ماسۆشین، کوڕە زەنگینەکانیش سادیین!


کەماندوو بوو، منی خستە ژیر خۆیەوە، لەسەرم دانیشت، منی هیناو برد پێدەچوو بییەوێ خۆی رەحەت بکا بەڵام تڕێکی لێبەربووەوە!


باش بوو زوو لەسەرم هەستا ئەگینا بۆنی تڕی کوڕە کوێخایشم ئەکرد، ماڵی کوێخا گەوەڕیکی گەورەیان هەبوو، منی فرێدایە نێو گەوەڕەکەوە، بۆن تەپاڵەی مانگا دەهات، سەرەتا پێ وەڕس بووم بەڵام دوایی لێڕاهاتم، روانیمە ماڵی کوێخا وەکو قەڵای جەنگ هاتە بەر چاوم، بەکەڵپووچی برژاو بونیاد نرابوو، بەڵام ماڵەکانی تر لە قوڕ دروست کرابوو، لەناخم دا دەنگێک پێگووتم ئەو ماڵەی کوێخا وەکو پیرامیدەکانی میسر لە جیزە وایە بەرەنجی هەژاران دروست کراوە ئەوانەی کەتەنیا بەپیازو خورما ژەمەکانیان بەرێ دەکەن! شوێنی ئیسراحەت و خەوم لە گەوەڕەکە بوو وەک ئەو نیمچە دێوانانە کە لە باغەکانی کوێخا ئیشیان دەکرد و لەگەوەڕ دەنووستن!


رۆژێکیان کوڕی کوێخا منی برد بۆ گوڕەپانی گوندەکە، هاوتەمەنەکانی لێخڕبوونەوە، ماوەیەک بە فیزەوە لەبەردەم مناڵەکانی دی یاری بەمنی کرد، نەیهێشت کەسی دیکە دەستی پێمبکەوێ یان شەقم تێهەڵدا، یەکی لە مناڵەکان هاواری لێهەستاو گووتی ها ئەمە تۆپی قوتابخانەکەیە، کوڕی کوێخا یەکسەر توڕە بوو و هەڵچوو پێگووت پۆخ یە بەواتای گوو بخۆ، جارێکی دی ئەو قسەیە نەکەی، دوای چەند رۆژێک مامۆستای وەرزش زانی من دزراوم و لای کوڕی کوێخام، بەڵام مامۆستای وەرزش لەخۆی دەترسا، نەیتوانی ڕاستەوخۆ کوڕی کوێخا تۆمەتبار بکا، لەبەر ئەوەی پێشتر بەبەر چاوی مامۆستاوە دارودەستەکەی کوێخای گوند گەلەکۆمەیان لە چەند کەس کردبوو بە بیانوی جۆراوجۆر تەنانەت خەڵتانی خوێن کرابوون یا چەند جێیەکیان شکێنرا بوو!


لەبەر ئەوەی نیوەی گوندەکە خزمی پلە دووی کوێخا بوو، نیوەکەی دیکەش لە ژێر رکێفی ئەوان دا بوون!


ئەگەر کوێخا بگوتبایە ماست ڕەشە دەبایە ئەوانیش بڵێن ڕەشە، کەس نەیدەتوانی لەقەلمڕوی کوێخا یاخی بێ، پێیەکی ناو شوڕش بوو پێیەکەی تری ناو ڕژیم.


منیش سەرەتا وەک پێستێک دوایی وەک تۆپێک، هیچ دەسەڵاتێکم نەبوو نییە! تەنیا یادەوەری نێو مێشکم دەنووسمەوە.


ئیدی دوای دەوامی قوتابخانە بە دوو سێ سەعات، کوڕی کوێخای گوند منی وەک تۆپێک هیناو مناڵەکان لێکۆبوونەوە، کوڕی کوێخاش بە کەیفی خۆی و بەهەوای دڵ یاریچی یی هەڵدەبژارد، سەرەتا لە خزمەکانی خۆی هەڵدەبژارد دواتر ئەگەر پیویستی بکردبایە قەلەندەرێکی بێکەسیش ئەخستە یاریەکەوە، رۆژێکیان مناڵێکی هەژار زۆر حەزی لە یاری بوو، چەند هەوڵی دا کوڕی کوێخا ڕازی نەبوو، نازانم بۆ ڕقی لەو مناڵە دەبوەوە، دوایی گووتیان ئەوە قوتابییەکی زیرەکە ئێرەیی پێ دەبەن، ئەم مناڵە ئەگەر بچووبایە بۆ یارییش کتێبێکی قوتابخانەی پێدەبوو چاوی پیا دەخشاند، ئەو رۆژەش کتێبێکی پێبوو بە دڵشکاوی لە دەرەوەی گۆڕەپانەکە دانیشت، بەتاسەوە سەیری یاریەکەیان ئەکرد، لەو دەمەدا زۆر خۆی بە نامۆ هاتە پیش چاوی لە کانگای دڵەوە دەیگووت گوناهی من چیبوو لەم گوندە لە دایک بووم تەنانەت باوکیشم لە بنەرەت پەیدابووی ئەم گوندە نییە، ئەی بۆ چی چارەنووسی ئێمەی تووش کرد!


ئەو رۆژەی کە یارییان دەکرد رووباری گوندەکە وشک ببوو، چڵکاوی ماڵان پیا دەهات، یەکی لە یاریزانەکان شەقیکی لێدام کەوتمە ناو چڵکاوەکەوە، ئای کە بۆنی ناخۆش بوو، سییانەیەکی مۆر ڕەنکی خوڵەمێشی قەترانی بوو!


کوڕی کوێخا بە مناڵە دانیشتووەکەی دەرەوەی گۆڕەپانەکە کە کتێبێکی بە دەستەوە بوو گووت، برۆ تۆپەکە بێنە، ئەویش گووتی ناو سییانەکەی چۆن بێهێنم، کوڕی کوێخاش بێ چاوەڕوانی شەقێکی لەسەری داو کتێبەکەی دڕاند!


کتێبەکەی دەستی میژوو بوو، لەو دەمەدا کبریای مناڵەکە بریندار بوو، لەلایەک نەیانهێشت یاری بکا خۆی بەکەم هاتە پێش چاوی، دووەم لەرووی فیزیکییەوە شەقێکیان لەسەری دا، سێیەم کتێبەکەیان دڕاند، مناڵەکە یەکسەر گەڕایەوە ماڵەوە، کە چاوی بە دایکی کەوت دەستی کرد بەگریان بە کوڵ دەگریاو پێگووت کوڕی کوێخا لێداوم و کتێبەکەی دڕاندوم، دایکیشی لە وەڵام دا گووتی کوڕم وسبە، دەسەڵاتی ئەوانمان نییە، دەبێ بێدەنگی هەڵبژیرین، مناڵەکە سەراپا گیانی بوو بە دڵەڕاوکی، چۆن سبەی بچێ بۆ قوتابخانەو کتێبەکەی دڕاوە، بەهەر کلۆجیک بوو بەیانی مامۆستای میژووی تێگەیاند، لەو بروایەدا نەبوو مامۆستای میژوو ئەوەندە میهرەبان بە دەنگیەوە بێ، پێگووت کوڕم ئەوان ئەمرۆ دەسەڵاتیان هەیە وەک تۆپ شەق شەقان بە میژوو دەکەن و زاتی ئەوەشیان هەیە کتێبی مێژوو بدڕێنن بەڵام کوڕم سوڕ بزانە میژوو لەکەس خۆش نابێ بەتایبەتی ئەوانەی زوڵم و زورداری ئەکەن، رۆژێک دا دێ ئاداریان بەسەر پادارەوە نامێنێ، ئیدی خەڵک بە ئازادی ویەکسانی وخۆشەویستی دەژێن، لە بری نەفرەت کەسەکان رێزی یەکتر دەگرن!


ئیدی کەس لەبەر هەژاری دزی ناکا، کەسیش لەبەر نەداری لەکایەکانی ژیان دەرناکرێ، لەبری چڵکاووسییانە ئاوی سازگار بە رووبارەکان دا دێت و یاسایەک دەر ئەچێ، پاریزگاری لە ئاژەڵە بێگوناهەکان بکا، هیچ ڕاوچییەک ناتوانێ مامزەکان ڕاو بکا کە دەبنە هێمای جوانی بۆ چیا سەر کەشەکانمان!

______________________________________________________
- تەکنیکی ئەم چیرۆکە لە رۆمانێکی ئورهان پاموک وەرگیراوە بەناوی من ناوم سوورە.


نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک