٣\١\٢٠١١
من.

نیا کامیل
من بزمارێکم
سێبەرى سەرى زلى چەکوش
کە داهێنانەوەى بۆ سەر سەرى من
بۆتە ئارەزوو، کردارى هەمیشەیى
هەمیشە و لە هەموو شوێنێک لەگەڵمایە.
ئازارى پیاکێشانى لە ناخى دڵمایە.
من بزمارێکم،
بە زۆر تەختەى، نەرم و ڕەقدا داکوتراوم
زۆر نووشتاومەتەوە
بە زەبرى هەمان چەکوش
ئەو چەکوشەى، کە دایکوتاوم
سەرلەنوێ.
دووبارە، هەڵکێشراومەتەوە.
من بزمارێکم
دوو دانى درێژى چەکوش
بێ ڕەحمانە، لە گەردنم
بۆ هەڵکێشانەوەم، گیرکراوە
لەسەر پشتى
رەقى ئاسن
پشتى کووڕم ، ڕاستکراوەتەوە
تا سەر لەنوێ.
بە ناخى تەختەیەکى تردا
دامکوتێتەوە، چەکوش.
من بزمارێکم
ویژدانى ساردى چەکوش
لەسەر دەستى خۆم، تەنانەت
دایکوتاوم. بێئەوەى هەست
بە ئازارى ناخى من بکات.
من بزمارێکم
لێم ناگەڕێ،
رقى چەکوش
هەتا ئەو ڕۆژەى
بەسەر سەرى ئەودا
دانەکوترێم.
nyakamil@hotmail.com
|