١٧\٢\٢٠١٠
من پێت
ناڵێم بۆچى واتکرد، بۆچى هاتى، بۆ رۆیشتى... لەیادى ڤاڵانتاین.

بەشدار عهلی
عیشق و ئەوین و خۆشەویستى و دابڕان و خیانەت و جیابونەوە دوو رووى
دراوێکن،کەم عیشق و خۆشەویستى هەیە لە کوردستان بەبێ دابڕان و خیانەت
کۆتایى هاتبێت،بەپێچەوانەکەشى راستە،زۆرێک لە خیانەت و دابڕان و
جیابونەوەکان سەرەتاکەى عەشق و خۆشەویستى و توانەوە بوە لەناو یەکتردا.
بەهۆى بارودۆخ و وەزعیەتێک کە لەکوردستانادا هاتۆتە پێش،عیشق و ئەوین و
خۆشەویستى قسەیەکى قۆڕە و پولێکى سوتاو ناکات لاى گەنجان و لاوان(
هەموو عەشقى دونیا شەربەتێکى پێنایەت لە بازار،پارەى تەکسیەکى پێنادرێت
و کرێى مانگێک خانو پەیدا ناکات...) کچان و کوڕانى گەنج هێندە بیریان
لاى دوارۆژێکى ئابورى باشە نیو هێندە بیریان لە پێکەوە ژیانێکى
خۆشەویستیانە نیە( ئابوریەکى بەهێز زۆرێک لە کێشە فەرهەنگى و
کەلتورییەکانیشیان بۆ چارەسەر دەکات)،سەیارەى مۆدێل بەرز و پارە و
ئاڵتونى زۆر و خانو و دەسەڵات و کاسبى باش و سەفەرەکانى ئەوروپا و
دەرەوە، زەمانەتى سەرکەوتنى خێزانەکانە و بۆیە گەنجانیش ناحەقیان نیە
بیر و هۆشیان لاى ئەم سەرکەوتنانە بێت!!
کەم نەبون ئەو کچ و کوڕە گەنجانەى چەندین ساڵ ئاوات و خۆزگەیان بۆ
دانیشتنێک و تێرامان و نیگایەک دەخواست ،بەڵام رەشەباى بێ خانە و لانەى
و نەبونى خانو و ژورێک بۆ ژیان، بەرەو دابڕان و جیابونەوەى بردن،کەم
نەبون ئەو کچ و کوڕە گەنجانەى عشق و خۆشەویستیان لە لوتکەدا باڵاى
دەکرد بەڵام خوازبێنى و فرسەتێکى چوون دەرەوە ،لە دەبڵدا هەمووى
کوژاندەوە و کۆتاى بە هەموو شتێک هێنا،چونکە دەزانێ لەم مەملەکەتەى
ئێمە چوونە دەرەوە هاتنە ژووورەوە نان خواردن و جڵ پۆشین و پیاسە و
سەردان و تەنانەت حمامیش لەژێر چاودێرى دەوروبەرەکەیەتى و بەهۆى سۆز و
خۆشەویستیەک دووچارى دەیان کێشە و گرفتى ئابورى و فەرهەنگى و کەلتورى
دەبێتەوە بۆیە پێیان وایە( زەرەر لەنیوەى بگەرێتەوە بە قازانج
حیسابە)،چونکە لە عیشقدا جگە لە کێشە و گرفت و ناخۆشى هیچیتریان دەست
نەکەوت.
کەم نەبون ئەو کچ و کوڕە گەنجانەى تەنها پیاسەیەک و نامەیەک و
تەلەفۆنێک خەون و خولیاکانیان لێکرا بەسەراب و بۆ هەمیشە بە خاک
سپێردران و گوللە باران کران،کەم نەبون ئەو کچ و کوڕانەى تەنها لەبەر
ئەوەى رەقیان لەیەکتر نیە و یەکتریان خۆش دەوێت ،بۆ هەتا هەتا
نەیانهێشت لەیەکتر نزیک ببنەوە ،کەم نەبون ئەو کچ و کوڕانەى دەسەڵات و
عەقڵیەتى ناو گەڵى بەرپرسان و مناڵانى بەرپرس نەیانهێشت هەناسەیەکى
ئاسودە لەگەڵ یەکتر هەڵمژن..
جا لە وەزعیەت و گوزەرانێکى لەم شێوەیە،کە چارەنوس و دیاریکردنى دوا
رۆژى ئینسانەکان لەدەستى خۆیاندا نەبێت،کە پیاسە و قسەکردنێک مەرگى
لەدوا بێت،تەنها ژوورێکیان دەست نەکەوێت بۆ پێکەوە ژیان،سادەترین و
ساکارترین پێداویستیە رۆژانییەکانیان ببێت بە خەون و خۆزگە و رۆژانە
ئاهو ئاخى بۆ هەڵکێشن،کە سیستەم و یاسایەک نەبێت بۆ پاراستنى شەخێیات و
کەرامەتیان و دەستدرێژى و ئیهانە و سوکایەتى پێکردن لەسەر سەرەتاترین
حەزە تایبەتیەکانیان ببێت بە عادەتێکى رۆژانە،لە باخچە و هۆڵێکدا
نەتوانن دوو راز و نیاز بە ئازادى بگۆڕنەوە...ئیتر عەشق و ئەوین جگە لە
گاڵتەجارییەک چیترە؟! گەنجان بۆ دەستى بۆ بەرن و مێشکى خۆیانى پێوە
قاڵکەن؟!
بەم شێوەیە دەسەڵاتى سیاسى بە بەرنامە و سیاسەت و سیستەم و هەڵوێست و
کار و کردەوەکانى، گەنجان و لاوان و کچ و کوڕانى لەعەشق و خۆشەویستى
کردە دوژمن.
لە کۆتاییدا لەبەر هەست کردن بەم وەزعیەتەى کە کچان و کوڕان تیایدا
ژیاون و دەژین،لەبەر چارەنوسێکى نادیار کە چاوەڕوانى هەموو گەنجێک و
لاوێک دەکات لە کوردستان،پێویستە هەموو ئێمەى گەنجانى دڵشکا و دڵ
بریندار لە یادى ڤاڵانتاین ئەو رستەیەى (رۆژ کریم) بە هاوسۆزان و
خۆشەویستانمان بڵێین(من پێت ناڵێم بۆچى واتکرد،بۆچى هاتى ،بۆ رۆیشتى...)
بۆ ئەوەى رق و تۆڵە لە سونەت و عادەتى ئێمە جێگایەکى نەبێتەوە و بەرەو
ژیانێکى پڕ لە ئەوین و خۆشەویستى هەنگاو هەڵگرین و هەموو ئەو سەنگەرانە
تێکبشکێنین کە وویستویانە و دەیانەوێت کۆتایى بە عەشق و خۆشەویستى
بهێنن .
Bashdar_net@yahoo.com
|