من پشتیوانی لە
نانبڕین دەکەم.
عەلی مەحموود محەمەد
ئۆلیڤەر بیسانسینۆ کرێکاری پۆست سەرۆکی گروپێکی چەپگەرا لە فەرەنسا، لە
دوا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا لە ساڵی 2007 بە 3000 ئەندامەوە
ملیۆن و نیوێک دەنگی هێنایەوە .ئەم پیاوە چەپگەرا خاکییە بەیانیان
کرێکاری پۆستە ، وەکو هەموو کرێکارانی دیکە ماڵ بە ماڵ و دوکان بە
دوکان و فەرمانگە بە فەرمانگە دەگەڕێت و پۆستیان بەسەردا دابەش دەکات،
ئێوارانیش سیاسەت دەکات و سەربەرزانە باس لە ڕزگاری چینی کرێکار و
بەشمەینەتان دەکات ، کاندیدی سەرۆکایەتییە و پارتەکەی بەڕێوە دەبات ،
لە جیاتی وەرگرتنی ئیمتیازات مانگانە بە ڕێک و پێکی ئابوونەوەی خۆشی
دەدات،کرێچییەو خاوەند هیچ کەناڵێک ڕاگەیاندن و خانووی فەرعەونی و گرد
و تەپۆلکە نییە، ئەم نموونەیە تەنها بۆ پەندە و هیچی دی .
ماوەیەکە ینک کەوتۆتە مانگانە بڕین و گواستنەوەو دەرکردنی ئەو بەشە لە
کادران کە لەگەڵ لیستی گۆڕاندان ، بێشک لەم جیهانە کەسێک نییە لەگەڵ
نان بڕیندا بێت مەگەر ینک و پدک ،لێ من بە پێچەوانەی ئێوە لێرە
بیردەکەمەوە ئەم نان بڕینە بە سۆسیال –فاشیزم نازانم ، بۆ ؟،هیوادارم
ئەگەر هەڵەم ڕاستم بکەنەوە ، ئەگەریش ڕاستدەکەم لێگەڕێن نانبڕاوانی
سیاسەت با لە برسا بمرن.
سەرەتا با بزانین ئەمانە کێن و ئەم نانەیان چۆن پەیدا کردووە کە ئێستا
بە واژۆی قەڵەمە سەوزەکەی مامە دەبڕدرێت .ئەم بەڕێزانە ئەو بەشە لە
جەماوەرن تا ئێستا بەشداربوونە لە گەندەڵییەکانی دەسەڵات لە سەر
بنچینەی تەسکییە و ئەندامبون لە ینک دامەزراون و مانگانەیەک باش یان
وەزیفەیەکی نایاب یان خانەنشینییەکی نا موستەهەقیان وەرگرتووە وەکو
تەواوی گەندەڵکارانی دیکەی ناو هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە تەنها لەبەر
ئەوەی ینک بوونە و هیچی دیکە لە نازو نیعمەتا ژیاون ، نان پەیداکردنی
ئەمانە لەسەر بنچینەی لێهاتووی و خزمەت و ڕەوایی نەبووە ، بەشێک زۆری
ئەمانە تاکو چەند ڕۆژیک لەمەوپێش شەریکە بەشی تاڵانکردنی سەروەت و
سامانی کوردستان بوونە و بەشداربوونە لەو گەندەڵکاریانە و ئیمتیازاتیان
لێوەی دەستکەوتووە و لە لیستی ڕەشی جەماوەردان، واتە بەشی زۆری ئەمانە
بەشێکن لە چینی بۆرژوادزەکانی کوردستان ، بە چونیان بۆ بەرەیەکی دیکە و
بە بانگەشەی گەورە پاک نابنەوە لە گەندەڵییەکان ،ئەمانە بە ڕاستی هێزی
کۆنترا گۆڕانن.ئاخر کەی ڕەوای هەقە خەڵک نان نەبێت بیخوات هەزاران و
دەیان هەزار موچەخۆری حیزبی لە کوردستاندا لە هەموو ئیمتیازاێکیان بۆ
دابینکراوە تەنها لەبەر ئەوەی لە ناو حیزبدا بوونە،زۆربەشیان تەنها
لەبەر ئەو ئیمتیازاتە پەیوەندیان کردووە ، بەشێک لەمانە کە سەنگەر
دەگوازنەوە دەیانەوێت لەم گۆڕانکارییە شوێنی باشتریان دەسکەوێت و
متمانەیان بە لاکەی دیکە نەماوە ،دەنا ئەوانە ئەهلی دژایەتی گەندەڵی و
گۆڕانکاری و داکۆکی لە مافی خەڵک نین. بەشی باش لەمانە وێڕای مانگانەی
حیزبی، بە پلەی بەرزی سەربازی و کاڕگێڕی خانەنشینکراون لە کاتێکدا هیچ
بەرهەمێکیان لە ڕابردوو و ئێستا بۆ گەل نەبووە ،لە داهاتووش هیچیان لێ
هەڵناکڕێنین، ئێمەش زەقەی چاومان هاتووە و ماڵ و منداڵمان جەمی
خواردنەکانمان کەمکردەوەو چای خواردنەوە لە ماڵەکانمان قەدەغەکرا و
گۆشت تەحرم و پەنجەرەی ماڵانمان بۆی فرۆشت ،ئێستاش پێمانی دەفرۆشنەوە .ئەوانەی
وا ئێستا دەرەکرێن بۆ یەکێکیان نەهات بڵێت گەلۆ : ئەم ئیمتیازاتەی
دەیدەن بە ئێمە ناڕەوایە ، با مانگانەکەی ئێمە بۆ هەژاران و لێقەوماوان
بێت ، کێ هات بڵێت چۆن منتان بە فەرماندەیی خانەنشین کردووە یان وەزیر
و گزیر ئاخر ڕۆژێک لە ڕۆژان من نە فیشەکم بۆ ئەم گەلە تەقاندووە و نە
کارێک بە سودم بۆی هەبووە ، ...... ، هەموو وەریان گرت و خواردیان و لە
ناهەقیەکە شەریک و بێدەنگ بوون، ئێستاش کە لە ڕیزی داخیلەکە نەمان ئەوا
مانگا مرد و دۆ بڕا .
ئەم بەڕێزانە معاش خۆری حیزبن و حیزبیش بە ناڕەوا دەستی بەسەر سەروەت و
سامانی گەلدا گرتووەو تەخشان پەخشانی دەکات ، ئەگەر بڕیار بێت
لێپرسینەوەی دادپەروەرانە هەبێت پێویستە هەموو دادگایی بکرێن بەمانەی
وا ئێستا مانگانەکەشیان دەبڕدرێت .
ئەم دەرکراوانە حیزب دایناون لەسەر بودجەی دەوڵەت کراون بە ماڵ ، کە لە
حیزب نامێنن ئەوا مانگانە دەڕوات و ئیمتیازاتی حیزبایەتی نامێنێت ،
چونکە ئەوەی وەریدەگرن بەرامبەرە بە کاری حیزبایەتی و ملکەچی بۆ
سیاسەتەکانی ، خۆ بە کار و پسپۆری نەگەیشتوونە بەو پلە و پایەیە، ئەگەر
بڕیار بێت ئەوانە لە حیزب دەرکرابێتن و شەرعییەتی ئەندامەتیان نەمابێتن
ئەوا ئیمتیازاتەکەشیان نامێنێت ، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی میلەتە و
پێویستە ئێمە داوای بڕینی موچەی هەموو ئەوانە بکرێت لە کوردستان نانی
سیاسەت دەخۆن و بوونە بە بازرگانانی سیاسەتکردن بەسەر گەلەوەو ئەوانەشی
لە ڕێگەی بەشی حیزبەوە کاری بەرزیان دەستکەوتووە.
ئەرێ گەلۆ ، کام بەرپرسی مام ناوەندی هەبووە ، بە چاک و خراپەوە ،
گەندەڵ و پاکیزەییەوە ، بە کارێکی هاکەزایی ڕازی بووبێت و بە ڕەنجی
شانی نانی پەیدا کردبێت ؟؟، تاکو ئێستا لەگەڵ دەرکردنیا نان بڕاو بێت و
ناڕەوایی بەرامبەر کرابێت؟؟.بۆیە من نەک لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئیمتیازاتی
دەرکراوان نیم ، بەڵکە بانگەوازی دەرکردنی هەموو ئەوانە دەکەم نانی
سیاسەت دەخۆن، نانی سیاسەت و حیزبایەتی دەبێت لە کوردستانا ببڕدرێت .
Alimahmud2001@yahoo.com
|