٤\٦\٢٠٢٥
رەخنە:
''من پیاوێکی
رۆژهەڵاتیم'' لە دەرەوەی زمانی شیعر.
لەتیف بێوار
زمانی شیعر زمانێکی شەپۆلدارە، چونکە زمانی شیعر تەنانەت لە هی
پەخشانیش جیاوازترە، لە نێوان ئەم دوو زمانەدا جیاوازیەکی گەورە هەیەو
تەنانەت خوێنەری ئاساییش بە ئاسانی درکی پێدەکات، زمان لە شیعردا
بەیەکداچووە، هێماو ئاماژەدارە، چڕ و سرك و ئاوازدارە، بە پێجەوانەی
پەخشانەوە کە روون و ڕاستەوخۆیەو وشەی ئاوێتە بە ڕووی مەتیقییدا
ئاراستەوەردەگرێ.
(جۆن کۆهین) وای دەبینێت کە زمانی شیعر لادانە لە زمانی پەخشان، چونکە
ئەو زمانی پەخشان دادەنێت بە زمانی سفری نووسین. ئەم لادانەش زمان
دەگوێزیتەوە بۆ حاڵەتی ناباو، یان کەم بەکارهێنراو.
کەواتە زمانی شیعر دادەنرێت بە دەرچوون لە زمانی ئاسایی، وێرانکردنی
زمانی باو و بنیاتنانەوەوی زمانیێکی نوێ لە شوێنیدا، لە شیعردا وشە
زیاد لە مانایەك هەلدەگرێ، ئەدۆنیسیش وای دەبینێت کە زمانی شیعر بەوە
لە ژانرەکانی تر جیادەکریتەوە کە زمانێکی ئاماژەدارەو هەروەها دەرچوونە
لە مانای ئاسایی بەکارهێنانی ڕۆژانە و فەرهەنگییەکەی، بەو مانایەی
زمانی شیعر ئەوە دەڵێت کە ڕانەهاتووین رۆژانە بیڵێین.کەواتە زمانی شیعر
دیاردەیەکی شێوازگەریی زمانە و ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە شیوازێك بۆ
نووسینی شیعر لای شاعیر. کۆی ئەم ڕەگەزانەش بەشداردەبن لە دروستکردنی
ئەو شێوازی زمانە شیعرییەداو دەبێتە سیماو پێی جیادەکرێتەوە: وێنە،
ئەندێشە، سۆز، مۆسیقا، خوازە...
لە کۆتاییدا وەکو مالارمێ دەڵێت: شیعر بەرەنجامێکی حەتمی هەموو ئەو
هەوڵانەیە کە شاعیر بەکاری دەهێنێت لە پێناو باشکردن و بە هونەرکردنی
شێوازدا..
گەر سەرنج بدەین لە تێکستی (من پیاوێکی رۆژهەڵاتیم) کە لە پاشكۆی ئەدەب
و هونەری رۆژنامەی کوردستانی نوێی زۆنی سەوزدا لە بەرواری ٢٢/٥/٢٠٢٥دا
بڵاوکرابووەوە، تووشی نائومێدییەکی زۆر دەبین لەو بەرئەنجامەی زمانی
شیعری ئەمڕۆی کوردی گەیشتوێتێ، لەلایەکی ترەوە قەیرانی بڵاوکراوەی
ئەدەبی و هونەری کوردیمان بۆ دەردەکەوێت کە چۆن بابەتی وا لاواز
بڵاودەکەنەوە؟ دەگەینە ئەوەی بپرسین: چ ئاستێکی نزمە هەمووانی
گەیشتوونێ؟
وەکو زانراوە زەحمەترین پنت لە شیعردا دەرگای چوونە ناوەوەیەتی، لە سەر
ڕۆشنایی دێڕەکانی سەرەتاو ناونیشانەوە شاعیر سەرجەم کۆپلەکانی تر
ڕیزدەکات و دەهۆنێتەوەو بەو هەناسەیەوە ڕەوت دەکات، تا دەگاتە دوادڵۆپی
چۆڕانەوەی ئیلهامەکەی و تەواوبوونی کەرەسە و بیرۆکەی شیعرەکەی.
بەداخەوە هەندێك نووسین بە ناوی شیعرەوە لێرەو لەوێ دەنووسرێن دەبنە
هۆی تۆرانی خوێنەران لە شیعر، باش و خراپ تێکەڵ دەکرێت و ئیتر هەمووان
بەپێوەری ئەو ناشیعرانە دەپیورێن، یەکێک لەو ئەزموونە چەقگرتووانە لە
(من پیاوێکی رۆژهەڵاتیم)دا بەرچاودەکەوێت و لێرەدا وەکو نموونەیەك باسی
لێوەدەکەین.
بە پێچەوانەی دەقی پتەو و تۆکمەو فرە ڕەهەندەوە، شاعیر زۆر زاتییانە
ناونیشان و یەکەم دێڕی تێکستەکەی دادەڕێژێت و دێڕەکانی تری دواتر
هەمووی دووپاتکردنەوەی ئەم شەلوشۆقییەی زمانە. لەهەمووی گرنگتر، وەك
چۆن زمانەکەی شیعریی نییە، هەرواش بابەتەکەی زۆر سواو وبێ جوڵەیە:
(چەندان شەوم بەتەنهایی بەسەربردووە)
دەبێ منی خوێنەر چ ڕاچەنینێکم لەو دێڕەدا لا دروست بێت؟ چەند
پەیوەندی بە منەوە هەیە؟ دانەرەکەی باسی خەمێکی خۆی دەکات بە زمانی
گێڕانەوە، ئایا هەر تۆیت شەو بەتەنیایی بەسەر دەبەیت؟ گەر حاڵەتێکی
دەگمەن بووایە حەپەسان و سەرسوڕمانی لا دروست دەکردم.
هەرچەند دێڕێکیش دوای ئەمە دەنوسێت:
(لەغوربەتدا چەندان کات)
بێ ئەوەی دیقەتی ئەوە بدات کە دووبارەکردنەوەی وشەی (چەندان) کە لای
دانەرەکەی ڕەنگە زۆر بە وشەیەکی ناوازەی شیعریی دابنێت، بەهیچ جۆرێك لە
دەقی شیعریدا جێی بایەخ نابێت، چونکە ئەو وشەیە وشەی گوتارو پەخشانە،
نەك شیعریی بەڵکو هی ڕاڤەو روونکردنەوەیە، کە ئەمەش لە بازنەی
ئەفراندنی شیعرەوە زۆر دوورە.
پاشتر دێینە سەر چەند دێڕێکی تری بێگیان و بێ مۆسیقاو بێ ئەوەی هیچ
مانایەکی تر لە دووتوێدا لەخۆ بگرێت، دەنووسێت:
(زۆرجار لەدەریا راماوم
تا هێزێکی لێ وەربگرم،
ورەم باتێ)
ئێستا دەتوانین هەمان ٣ دێڕ بە تەنیشت یەکەوە بنووسین و ئەوجا
بیخوێنینەوەو بزانین ئایا دەگاتە ئاستی پەخشانیش یان هەر لە دارشتنێکی
ڕۆژانەی یاداشتەکان پتر نییە، بەم جۆرە:
(زۆرجار لەدەریا راماوم تا هێزێکی لێ وەربگرم، ورەم باتێ)
جا کاتێك زمان هێندە ناهونەریی و سادە بێتەوە ئەوا هیچ ئیستاتیك و
جوانییەك بە ناوەڕۆکیش نابەخشێت، بۆیە ئەو جێیەی کە بەختیار عەلی
دەنووسێت هەمووان بەچوار پەل لێی هەڵدێن، ئەوا دانەری تێکست سەیر نییە
بێزوی پێوەبکات تا سواری پشتی نەوڕەسێکی بەدبەخت بێت و خۆی لە چەقی
بلاوبوونەوەی شێرپەنجە و شێرپەنجەخولقەکاندا ببینیتەوە، ئەمە دیدگای
تایبەتی دانەر خۆیەتی و هیچ کارمان پێوەنەداوە، بەڵام ئەوەی جێی داخە
ئەو زمان و بابەتە سواوەیە کە ڕۆژانە لە پشتی عەرەبەکان وەکو دروشمی
دڵداری و بێوەفایی و جیهێشتن و بۆمن نەبووی بۆ گڵ بیت..دەیخوێنینەوە،
بگرە رەنگە هەندێكجار ئەو دروشمانەی سەر دیوارەکان بەهێزتربن وەك ئەوەی
کاکی دانەر، بەنوونە لەسەر دیوارێك یەکێك نووسیبووی(دڵی من کەرکوك
بوو،،دڵی تۆ کوردێکی خاکفرۆش).
لیرەدا گەر دیقەت بدەن دەردەدڵی دانەر چ جیاوازییەك دروست دەکات کە
هەرچی وەسفی ناشرین هەیە دەیخاتە پاڵ بەرامبەرەکەی و داخی دڵی خۆی
هەڵدەڕێژێت، ئەمە لە کوێ و گەڕان بە دوای ئیستاتیک و درەوشانەوەی
زاراوە بە هەناسەی شیعر لە کوێ؟
(وەلێ تۆ . .. تۆی راهاتوو
بەسەدان تۆڕ و داوی درۆ،
تۆی سەراپا لە ژیانی ماددیی نغرۆ،
تۆیەک تەنها هەر ئەوەندە
خەم هەڵدەگری
تا وەک پەڵەهەوری دووکەڵ
لە نێرگەلەکەی بەردەمتا
بە بای بدەی)
ئەم زمانە کۆڵەوارە لە هی کەسێك دەکات تازە دەستی قەڵەمی گرتبێت و
گڕوگاڵی نووسین بکات، بەکارهێنانی نێرگەلەش لێرەدا هەر وێنەیەکی
بازاڕیی وەرگرتووە، بێ ئەوەی هێندە کاتی بۆ تەرخان کردبێت تابتوانێت
وێنەیەکی هونەری مانابەخش و میتافۆڕبەخشی نوێی لێ دروست بکات.
گەر جوان لەم چەند دێڕەی داهاتوو وردبینەوە، دەبینین نەك تەنیا
زمانەکەی هی شیعر نییە، بەڵکو پڕە لە هەڵەی ڕێزمانیی، دوو (تۆ)ی لە جێی
هەڵەدا وەکو قافیە بەکارهێناوە وەك ئەوەی بیەوێت بەوە شیعرەکە
هەڵسێنێتەوە، یان دوو قافیەی بەکارهاتووی گۆران : مەستم ، مەبەستم، جگە
لەمە لە لایەنی ماناشەوە هەڵەیە، کە لەشوێنێکدا کەسی بەرامبەر بە
پەیکەر دەشوبهێنێت، لەجێیەکی تریشدا مەستی دەکات وەکو پێکی خۆشەویستی،
تەنانەت وەکو ئەوەی گاڵتە بە خوێنەرانی شیعر بکات هەر زوو قسەکانی
پێشوو لەیاد دەکات ولەهەموو قسەکانی پێشتری پەشیمان دەبێتەوەو هێندە
بەرزی دەکاتەوە دەیکاتە تاکە ڕێگاو مەبەستی ژیانی.
(قەدەر بەبێ خواستی منی نامۆ
هێنایە سەر رێگام
لەساتێکدا، پەیکەری تۆ
بووەتە جێگا سەرنجی
هەستی مەستم
تۆ بوویتە پێکی خۆشەویستی و
تاکە رێگا و مەبەستم)
هەروەها ئەم کۆپلەیەی خوارەوەش هەر درێژکردنەوەی ئەو ڕەکیکییەی پێشووەو
نازانین چۆن یەکەم دێڕ بخوێنینەوە (شیعرێکی زۆر وشەی هەمەجۆر/ بۆم
نووسیت ..) لەبری ئەوەی بۆ وێنە بنووسێت ( وشەی هەمەجۆری شیعرم بۆت
هۆنییەوە) چونکە زۆرو هەمەجۆر یەك مانان، پاشان نووسین بۆ وتار دەبێت
هۆنینەوە بۆ شیعر، بەڵام دانەر خۆشی دەزانێت کە شیعری نەهۆنیوەتەوە
بۆیە وشەی (نووسین)ی بەکارهێناوە، جگەلەمەش نە خاڵبەندی بەکارهێناوە،
نە واوی پێکەوبەستنی بەکارهێناوە، وەکو کەسێک تازە فێری زمانی کوردی
بووبێت.. ئیتر دەست دەکات بە پاکانەکردن بۆ خۆی و دەردەدڵ بەباکردن و
خۆ موقەدەسکردن و بەرامبەر شکاندن، کە خوێنەر بێزی لە خۆی دەبێتەوە کە
بەئاگا بێتەوە چی دەخوێنێتەوەو چی دەرخوارد دەدرێت بە ناوی شیعرەوە؟
(شیعرێکی زۆر وشەی هەمەجۆر
بۆم نووسیت و
ئەوەندەی مەودای تێفکرین
رێم پێبدات
جڵەوی حەزم بۆ شل کردی.)
محەمەد عومەر عوسمان نەك زۆر شاعیر بوو، بەڵکو زۆر شیعردۆستیش بوو،
ئەو راستییەی زانی بوو کە ئەگەر هیچی تازەی پێ نییە بۆ نووسینی شیعر،
ئەوا با بێدەنگ بێت باشترە وەك لەوەی شتێك بنووسێت بەرهەمەکانی
پێشووتریشی پێ داببەزێنێت، بۆیە لە ساڵەکانی دوایی تەمەنیدا هیچ
شیعرێکی بڵاوکراوەی نەبینرا.
ببین لەم چەند دێرانەی دواییدا چەند راستەوخۆ دانەری تێکست بە زمانی
قسەکردن و وشەی ناشیعریی بەردەوام دەبێت و چاکەکانی خۆی ڕیز دەکات و
منەت بەسەر کەسی بەرامبەردا دەکاتەوە و تا وای بچوك دەکاتەوە هەمووان
هەستی بەزەییان بۆ کاکی دانەر بجوڵێت و بڵێن وای چەند جوامێرە؟
(لە زۆر قۆرت و بەندا بوومە لەمپەر
بۆ رێگەنەدان بە مردنت)
باوکردنەوەی ئەم شتانە نیشانەی ئەوەیە ئەو بڵاوکراوانەی ئەم جۆرە
دەقانە بڵاودەکەنەوە بە هیچ جۆرێک لە بەرخاتری شیعر بڵاوی ناکەنەوە،
چونکە ئەم سەرەقەڵەمانەی لێرەدا ئاماژەمان پێیان کرد نەك لای
شیعردۆستان، بەڵکو لای خوێنەرانی ئاسایی ڕوونە کە هیچی بەسەرشیعرەوە
نەداوەو بگرە دەبێتە پەڵەیەك بەسەر سەلیقەو دیدگاو شەفافییەت و
ئاراستەی کارکردنی ئەوانەی لەسەر ئەو دامەزراوە بە ناو ئەدەبی و
هونەریانە کاردەکەن، بگرە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ئەو پاشکۆیە جاران زۆر
باشتربوو، گەر دەمیش بکەیتەوە دەڵێن: خۆ هەر ئێمە وانین، ئیتر مرۆڤ هیچ
قسەیەکی بۆ نامێنێتەوە.
|