په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٦\٢٠١٣

من قەرەجم...


شوان عوسمان    


" قەرەج کە وڵاتی نیە هەموو جیهان ئەکاتە وڵاتی خۆی، کورد کە وڵاتی نیە هەموو جیهان ئەکات، هیچ وڵاتێک نابینێتەوە تا بیکاتە وڵاتی خۆی، تەنانەت لە وڵاتی خۆشیدا هەست بە هەبوونی وڵاتی ناکات.. ".
ئەوەی بێ نیشتمان بێت قەرەجە...
من قەرەجم بە نیشتمان ،کاتێک لە نیشتمان ئەبم..
نیشتمان لەمن ئەبێت ،نیشتمان بەمن قەرەجە ..
من و قەرەج چەند لەیەک ئەچین ،کاتێک لە نیشتمانێکدا وەکویەک ،ئەبینە یەک..
وەکو یەک لە هەوارێکدا ئەبینە قەرەج..
قەرەجم کاتێک لە نیشتمانێک ئەگەڕێم ،تا خۆم لە نیشتمانێک ببینمەوە..
نیشتمانێک لەمن ئەگەڕێت ،تا من بیبینمەوە..
من قەرەجم کاتێک لە قەدەرەکانی نیشتمان خۆم ئەدزمەوە، قەدەری خۆم لە شانەو بەرەو نیشتمانێکی دیکە، خۆم وقەدەرەکان رەو ئەکەم، تا لە قەدەرێکی نامۆ نیشتەجێ ئەبم...وەکو قەرەجێکی بێ نیشتمان، بەڵام کێ ئەتوانێت خۆی لە قەدەرەکانی بدزێتەوە، ئەگەر لە قەدەرەکانی نیشتمانیش دوور کەویتەوە ،قەدەر لێت دوور ناکەوێتەوە، هەمیشە لەگەلت رائەبورێت، بەیانی باشت لێ ئەکات، شەوانە لەگەلت ئەنوێ، لەگەلت نان ئەخوات...
تا سنوورێک هەبێ ،
سنوور لە پێم رائەچێت ،
سنوور نامێنێ پێی لەپێم رانەچێت..
من چەند قەرەجم...
کاتێک نیشتمانێک نابێت ،ببێتە سنووری نیشتمانی من..
چەند لە قەرەجێک ئەچم ، کاتێک بەدوای سنوورێک ،
بەدوای بۆنی هەوارێک ئەچم..
هەواریش نیشتمانێک بەمن نەبان و بە بۆنی من نەبانتر..من وەکو قەرەجێک بە کوچەکانی مێژوودا ،کۆچ ئەکەم ،
مێژوویەک منی بە قەرەج کرد..
منی لە وڵات و نیشتمان کرد..
ئەرۆم ولە مێروولەیەکی بێ باڵ ئەچم ،
تا شارو شاڕێیەک هەبێت من بەدوای خۆم دێم وئەچم ،
تا نیشتمانێک ببینمەوە..
تا لەوێدا بە بۆنی ئەو هەناسەیەک بدەم...
لە رێی نیشتمان بوو دایکم بەجێهێشت ،
لە پێناو نیشتمانیشدا بوو ،
دایکم منی بەرەو رێی هاتونەهات بەرێکرد..
کەچی نیشتمان لەساتی بە نیشتمان بوونیدا ،
منو دایکمی بە قەرەج کرد..
من قەرەجم لە نیشتمانێکی تووڕە ،
تووڕەم..
بە تووڕەیی لە نیشتمانێک ئەگەڕێم ،تا لە کابوس ودێوەزمەکانی شەڕی نیشتمان نەجاتم بێت..کێ ئەتوانێت لە موسیبەتەکانی نیشتمان، نەجاتی بێت..
من قەرەجم کاتێک نە لێرە نیشتمانێک ،ئەبینمەوە ،لە نیشتمانم بچێت..نە لەوێ نیشتمانێک ئەبینم ،نیشتمانی من بێت..
من قەت سەر لەو هاوکێشەیە دەر ناکەم ،نە نیشتمانێک لە نیشتمانی من ئەچێت ،نە نیشتمانی منیش لە نیشتمانێک ئەچێت..هیچ نیشتمانێکیش نیە لەسەر ناسنامەم ناوی هەبێت...
من لە رێی نیشتمان هەمیشە رەوەندێکم ،
بە بەندەنە رووتەنەکانی خۆم رەت ئەبم ،
باروبارگەم لە کۆڵە..
شاخ رابردووەو دەستم لێ بەر نابێ ،ئەگەڕێم لە ئومێدێک تا داهاتووم ،لە خۆم بار بکەم ،رابردوو دەستی لێم بەر نابێ...
لە هەوارێک ئەگەڕێم..
تا لە بەندەنێکە لە دەربەندێکدا ،
هەوارێکی خۆمی لێ دانێم..
هەوارێک لە کۆنەهەواری خۆم نزیکم کاتەوە ،
بەڵام قەرەج کە بێ نیشتمان بوو ،
هەمیشە لە هەوارێکی خاڵی خۆی ئەبینێتەوە...
کۆچەرو رێبوارێکی لە سەفەرم ،
هەمیشە بە هەورازێکدا هەوراز ئەچم ،
ئەڕۆم..
ئەڕۆم وهەر لە دۆم ئەچم..
هەوارێک نیە وەکو هەواری منی لێ بێت...
هەوارێک تخووبی واری من دەستنیشان بکات..
هەموو وارەکان لە یەکتر ئەچن ،تەنیا سنوورێک لە یەکیان ئەکاتەوە..
من چەند بە دەست سنوور مەلوولم ،
من چەند بە دەست بێ واری بێ سنوورم...
لە واری خۆمدا بم ،یان لە واری غوربەتیدا ،من هەر غەریبم ،هەر بێ وڵاتم..
خۆم بە غەریبی ئەبینمەوە...
هیچ وارێک نیە ببێتە واری من..
تەنیا من بە بێ وارم ،هەموو کەس واری خۆی هەیە ،
من وارێکم نیە..
من چەند بێ وارو بێوارم ،
لە ناو ئەو هەموو وارو خاکانەدا...
من هەمیشە بێوار و بێ هەوارم..
من هەمیشە لە نیشتمان ئەبم ،
نیشتمان لە من ئەبێت..
من قەرەجم ، کاتێک گوناهەکانی نیشتمان گوناهبارم ئەکەن من بە کوفرەکانی نیشتمان کافر ئەبم..تاوانەکانی نیشتمان تاوانبارم ئەکەن..من بەرلەوەی نیشتمان بناسم چەند بێ گوناهو بی تاوان بێ کوفر بووم..
نیشتمان لە بەرائەتی کردم ،
نیشتمانێک جگە لە گوناهو تاوان ورق بەرائەتێکی منداڵیم ناداتە دەست ، نیشتمانێک هەمیشە چاوی لەوەیە ،چاو لە گوناهەکانی دابخەم..کێ ئەتوانێت خۆی لە کوفرەکانی نیشتمان بێ بەری بکات ،کێ ئەتوانێت دەست لە نیشتمان بەردات..
من قەرەجم ، قەرەج منم ،
کاتێک لە نیشتمانم ، بێ نیشتمانم..لە دووریش هەر بێ نیشتمانم..
من قەرەجم لە نیشتمانێک ،
کاتێک لە نیشتماندا نامۆیی دوورەپەرێزت ئەکا، نیشتمان دوورەپەرێزت ئەکات ،
من چەند بە نیشتمان دوورەپەرێزم ،
نیشتمان بەمن دوورو دوور پەرێزە..
تا وەکو قەرەجێک بم رەو بکەم ،رەو لە وارو لەهەوارم بکەم..
بڕۆم تا رێگا هەیە..
کۆچ بکەم ،وەکو با بڕۆم ،
کۆچ لە بێ بارانی خاک بکەم ،
نەفرەت لە جوانیەکانی وڵات بکەم..
تا لە هەناسەی نیشتمانێک ببم..
تا لە مەنفادا هەناسەم خنکەی بێت ،
من پەرش ببم ،هەر لەتێکم لەلایەک لەت ببێت..
ناوم لە غوربەتێکدا بزر ببێت...
غوربەتیش تەنیام ئەکا تا لە تەنیایی ،
غەریب ببم..من تاهەتایە بە غەریبی بێنمەوە..
من رەوەندم بە نیشتمانێک ،نیشتمانێک بە من رەوەندە..
نیشتمانێک رەوەندم ئەکا...
کاتێک من لە دایک وهەوارو ماڵ وشارو گەڕەکم ئەبم..هەموویان لێم ئەبن..
من قەرەجم..
ساتێک بە ناسنامەو پەساپۆرتێکی هۆلەندی نیشتمان ئەکەم ،
لە نیشتمان ئەگەڕێم...
قەرەجی من ئەوکاتە تەواو ئەبێت ،
کە نیشتمان بەمن ومن بە نیشتمان غەریب نەبم.


٢٠١٣ - هۆلەندە
ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک