په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١٣

من ساکار قیبلەم بوو!!!

- بۆ ساڵڕۆژی مامۆستا ساکار -


بەهار مونزیر       


من ئەمەوێ لەم رۆژە دا پێت بڵیم و دڵنیات بکەمەوە دوای کوشتنی تۆ خۆشەوستییی کچان و کوڕانی پشدەر و بتوێن و هەموو هەرێم کەمی نەکرد . هیچ کچێک چاوترسێن نەبووە لەوەی کە دڵدارەکەی خۆی ببینێ و ئاوازی خۆشەوستیی گوێ لێبگرێ، کاروانی ڕێگەی تۆ هەر بەردەوامە و چنوورەکان، سازگارەکان و نیشتیمانەکان و... سزایان وەرگرت لەبەر ئەوەی خۆشەویستیان کرد وەک تۆ. تاوانی ئەم کچانەش سزاکەی ژمارەی نەبوو وەک تاوانەکەی تۆ کردت.

دڵنیات دەکەمەوە لەو ڕۆژەوە شەماڵ نەک تۆی بیر نەچۆتەوە بەڵکو قۆڵپەی گریانی بە بەر چاوی ئێمەوە دڵى دەیان کەس هەژاند، پێی گوتین کە ''من ساکار قیبلەم بوو و هەموو رۆژێک تا ئێستا نویژ بۆ باڵای ئەو ئەکەم''. شەماڵ بە هەناسەی پێ گوتین من نەک ساکارم خٶشویستووە بەڵکو تا ئەو رۆژەی لە دونیادا ئەمێنم هەر عاشقیم.

ساکار گیان ئەمرۆ ئەو ڕۆژە بوو کە بیستمان تۆی ئازیز لەبەر ئازادیی و باوەڕی خۆت و خۆشەوستییت گیانت درایە بەر گوللە و هەموو هەست و نەستەکانت بوونە ئەو تۆرەیەی ئیمە کە نەک لە بیرت ناکەین بەڵکو تۆ بوویتە ئەو سیمبوولەی کەسوکاری هەراسان کردوە و بە بینیی وێنەکەت نیگەرانن. ئێمەین کە دەڵێین ساکار سیمبوولی خۆشەوستییە، ساکار سیمبولی ئەو کچ و ژنانەی کوردستانە کە دەڵێن نا ئێمە مل نادەین بە بێ مافیی.. ئێمە رازی نین بەکاڵامان بکەن.

ساکار ئێستا تەنها کچی دایکی نییە بەڵکو کچی هەموو کورستانە. ساکار ئەو کچە ئازایە بوو کە ئەیویست بە شەماڵ بگا و ژیانێکی خۆش دروست بکا. ساکار ویستی لە ڕۆژی خۆشەوستییدا ئاهەنگ بگێرێ و بەرگی ئازادیی بپۆشێ، ویستیشی ئەو شەربەتە ببەخشێ بە کچانی دێ و پێیان بڵێ خۆشەویستیی جوانترین دیارییە لەسەر ئەم زەوییە.


ویستی بە هەموومان بڵێ نا بۆ کوشتنی کچانی ئەم هەرێمە.. نا بۆ ئاوەدانکردەوەی گۆڕستانەکان بە لاشەی ساکارەکان و چنوورەکان.. هەموو بڵێن خٶشەوستیی و ئازادییمان ئەوێ.. رۆژی خۆشەویستییمان ئەوێ. ئەی هەموو پیمان وا نییە پێوستمان بە شۆرشێکە کە ژنان دەربهێنێ لەم پلە دوویی و بی مافیی و کوشت و کوشتارە؟


٥
\٢\٢٠١٣
baharpda@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک