په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٥\٢٠٢٦

من شاعیر نیم.


ئەرسەلان مەحمود      


دەمێکە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنە میدیاییەکان یان تەنانەت دانیشتنە گشتی و تایبەتەکانی دۆستاندا، هەرکاتێک باس هاتبێتە سەر ناسناوەکەم، وتوومە من شاعیر نیم. ئەمە لای منەوە گوزارشتێکی سادەیە لە ناسنامەیەکی ڕاستەقینە، بەڵام زۆرجار لە بازنەی لێکدانەوە جیاوازەکاندا، مانا جەوهەرییەکەی خۆی بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست ون دەکرێت. هەن بەبێ متمانەیی یان تەوازعێکی ساختە وێنای دەکەن، گوایە حەزێکی شاراوەی دەرکەوتنی لەپشتەوە بێت؛ هەشن بە جۆرێک لە خۆبەزلزانی و خۆهەڵکشان بەسەر ناونیشانەکاندا دەیناسێنن. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەمە نە لاوازییە و نە هەوڵێکیشە بۆ باڵادەست بوون؛ بەڵکوو تێبینییەکی ساردی خۆناسینە، بە هۆی زۆر دووبارە بوونەوەی ئەم باسە لەم ستوونەدا دەمەوێت ڕەهەندە فکرییەکانی ڕوون بکەمەوە.

پێش هەر شتێک، پێویستە لەسەر ئەو ئاڵۆزییەی فکرییە کەوتووەتە ناوەرۆکی ئەم پرسەوە بووەستین. لە سەدەی بیستەمدا، سنووری نێوان ڕەگەزە ئەدەبییەکان بەرەو کاڵبوونەوە و ئاوێزانبوون چوون. ڕۆلان بارت لە (خۆشییەکانی تێکست) و مۆریس بلانشۆ لە (فەزای ئەدەبی)دا، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوەتەوە تێکست پێش ئەوەی بچێتە خانەی ناونیشانەوە، تێکستە. تیۆری کلاسیکی ژانر، ئەوەی لە ئەرستۆوە تا کرۆچە درێژ دەبێتەوە، لە بەردەم لێشاوی ئەدەبی مۆدێرندا چۆکی داداوە. وەک ژاک دێریدا لە یاسای ژانردا ئاماژەی پێدەدات: هەر تێکستێک بەشدارە لە چەند ژانرێکدا، بێئەوەی بە تەواوی ببێتە بەشێک لە هیچ کامیان. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە باوەڕم پێیەتی و ساڵانێکە بەرگری لێدەکەم: تێکستەکان لەسەر هێڵی سنووری دەژین، نەک لە ناو قاڵبە داخراوەکاندا. بۆیە کاتێک کەسێک لەسەر شاعیربوون یان نەبوونی منێک دەپرسێت، لە چوارچێوەیەکی فکرییەوە دەدوێت خۆی لە بنەڕەتدا جێگەی گومانە.

هەڵبەتە پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا ئەوەی من دەینووسم شیعرە یان نا؟ چونکە ئەمە حوکمێکی پاشوەختەیە و لە دیمانەی نێوان تێکست و خوێنەردا لەدایک دەبێت. ت. س. ئێلیۆت کاتێک (زەوی پووچ)ی دەنووسی، یان کلاریس لیسپێکتۆر کاتێک خەریکی (حەواری ژیان) بوو، نیشتەجێی ئەو دڵەڕاوکێیە نەبوون ئاخۆ بەرهەمەکەیان چییە. ئەم خەمە جۆرییـە کارەکتەری سەر مێزی ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەکانە، نەک نووسەر. ئاندری ژید دەڵێت: هونەرمەند ئەو کەسەیە لە ئاست فۆڕمدا کوێر بێت؛ ئەمە بەو مانایەی نابێت لە کاتی کردەی نووسیندا، فۆڕم ببێتە بت و ڕێگری لە تەقینەوەی گوزارەکان بکات. ئەگەر خوێنەرێک لە تێکستێکی مندا شیعرییەت دەبینێت، ئەوە مافی ئەوە؛ ئەگەر یەکێکی تر بە پەخشانێکی دەزانێت، ئەوەش هەر دروستە. بۆ من، دیمانەی جۆری کارێکی پاشکۆیە و هەرگیز نابێت ببێتە چەقی پرۆژەکە.

ئەوەی دەیکەم، یان هەوڵدەدەم بیکەم، تێکشکاندنی فۆڕم و دروستکردنی پرسیارە؛ کنەوپشکنینە لە دیدێکی ڕەخنەییەوە. ئەمە پێناسەیەکی پرۆژەیییە نەک تەنیا ستایلێکی نووسین. کاتێک نیتشە لە (زایەڵەی تراژیدیا)دا فۆڕمە کلاسیکییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە، نە شاعیرێکی پەتییە و نە فەیلەسووفێکی فۆڕماڵ؛ کاتێک واڵتەر بنیامین لە پڕۆژەی پاساژەکاندا شیکار و خەیاڵ و یادەوەری تێکەڵ دەکات، خۆی لە هیچ نەخشەیەکی پێشوەختەدا نابینێتەوە. مێژووی فکر پێمان دەڵێت: گەورەترین تێکستەکان لەو ناوچانەدا لەدایک بوون هیچ ناونیشانێکیان بۆ دانەتاشراوە. من کاتێک دەنووسم، شتەکان بۆ ناو فۆڕمی شیعر کۆناکەمەوە، بەڵکوو تاقیدەکەمەوە، پرسیاری لێدەکەم و دەیشکێنم تا بزانم ئەوەی کەوتووەتەوە پشتەوەی دیواری ئەو فۆڕمانەوە چییە. ئەم پرۆسەیە لە ڕۆمان، وتار و ڕەخنەشدا هەمان کارلێکی هەیە.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە کەلتووری ئەدەبی خۆمان بدەم؛ چونکە بەبێ ئەم سۆنگەیە، باسەکە لە فەزایەکی ئەبستراکتدا دەمێنێتەوە. لە ئەدەبی کوردیدا، بە تایبەت لە بزووتنەوەی نوێگەریی دوای حەفتاکان، ناسناوی شاعیر بوون بووەتە جۆرێک لە پلەی شەرەفی، بەسەر هەرکەسێکدا دەبڕێتەوە چەند ڕستەیەکی موزیکدار بنووسێت. ئەمە کێشەیەکی کەلتوورییە: نیشانەی لاوازیی پێناسەی پیشەیی نووسین و کەمیی فەرهەنگی ڕەخنەییە. جیاوازییەک هەیە لە نێوان تەکنیکێکی زمانەوانی و نووسین وەک کارێکی فکری. کاتێک بۆدلێر (گوڵەکانی شەڕ)ی نووسی، شاعیر بوو چونکە تەمەنێکی بۆ هۆنراوە تەرخان کردبوو؛ بەڵام پۆل ڤالێری لە تێبینییەکاندا، بێباک بوو لەوەی ئاخۆ ئەوەی دەینووسێت فەلسەفەیە یان شیعر. کرافت پیشەیەکی سەربەخۆیە و عومرێکی دەوێت، بەڵام ئەوەی من دەیکەم لە بەرەیەکی تری نووسینەوە سەرچاوە دەگرێت؛ نە کەمترە و نە زیاتر، تەنها جیاوازە.

دواخاڵ بمەوێت لەسەری بوەستم، ڕەهەندە مێتاتیۆرییەکەیەتی: ئەم ناڕوونییە لە ناونیشاندا، خۆی بەشێکە لە پرۆژەکە. ئەوەی کار لەسەر تێکشکاندنی فۆڕم دەکات، ناتوانێت خۆی بخاتە ناو چێوەی فۆڕمێکی دیاریکراو. کاتێ سۆکرات دەڵێ تەنها ئەوە دەزانم هیچ نازانم، ئەمە بێدەسەڵاتی نییە، بەڵکوو بنەمای فەلسەفەی ڕەخنەییە. شاعیربوون یان نەبوون، پرسیارێکە نامەوێت وڵامێکی کۆتایی و ڕەهای بدەمەوە؛ مانەوە لەناو پرسیاردا جەوهەری نووسینی منە. ئەمە ئەمانەتدارییە بەرامبەر بەو کارەی ئەنجامی دەدەم و ڕێزگرتنیشە لە خوێنەر، تا بزانێ کاتێک دێتە ناو ئەم تێکستانە، ڕووبەڕووی ژوورێکی داخراو نابێتەوە کلیلەکەی تەنها شیعر بێت، بەڵکوو دەرگەیەکی کراوەیە بۆ هەموو ئەو پرسیارانەی هێشتا وڵامێکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود