١٩\٩\٢٠٢٢
من
و سێبەرەکەم.

خولیا
حوسێن
ورد ورد
ڕێدەکەین
جارێک لە پێشمەوە
جارێک لە دوامەوە
جارێک لە لای ڕاستە و
هەندێک جاریش لە لای چەپەم
هێواش یان خێرا
لەگەڵ هەنگاوەکانی من
خۆی دەگونجێنێت و
دەڕوا
سێبەرەکەم
بە باشی و
خراپیەکانم
بە جوانیی و
ناشرینیەکانم
بە هەبوونیی و
نەبوونیەکانم
لە حەسانەوەیی و
لە کاتی ماندوێتیەکانم
دادوەرییم بەسەردا ناکا
خودم چۆنە
وەکو خۆم منی قبووڵە
چاوەڕێی گۆڕانم ناکا
سێبەرەکەم
هەرگیز جارێک
خیانەتی لێ نەکردووم
هەر بە تەنها
سێبەرەکم
بۆ ئەزموونیش
قەت قەت
جارێک
خیانەتی لێ نەکردووم
هەر بە تەنها سێبەرەکەم
بە بێ پیلان
هەر جارەی بەرامبەر تاڤگەیەکی زیوین
ڕووبارێکی درێژ درێژی
بە بێ سەرەتا و
کۆتایی
لە نێو دارستانێکی چڕ
یاخود لە دەم دەریایەکی
دوور، دوور
دەگیرسێینەوە
من و سێبەرەکم
هەر سێبەرەکەم و
خۆم
پێیەکانمان رووت دەکەین و
بە هێمنی قاچەکانمان لە زیخ و لمی
دەم کەنارەکان دەخشێنین و
هێواش هێواش
دەڕۆینە ناو
قووڵی دەریا
بێدەنگین
سێبەرەکم و
من
بێ دەنگ، بێ دەنگ
شل، شل
خۆمان دەدەینە دەستی شەپۆلەکان و
ون دەبین لە نێو
شینی شەپۆلەکان
ون، ون
لە نێو لەزەتی ونبوون
من و سێبەرەکم
باس لە چێژی بەرکەوتنەکانی جەستە و
ئاو و
زیخ و
لمی دەم کەنارەکان ناکەین و
هێمن هێمن
دوور، دوور، دوور
دەڕوانینە شەپۆلە بێ شومارە
دوورترەکان و
بیر لە هیچ شتێک
ناکەینەوە
جگە لە چێژی ئاوێزانبوونی
ئاو و جەستە و
لەو چرکە ساتە ئەفسووناوییەی
کە دەڕوات و نایەتەوە.
کەنەدا
ماڵپهڕی خولیا حوسێن
|