په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٥\٢٠٢٢

    من و تۆ دوو خەیاڵی تەواونەکراوین.


دڵگەش قادر

تۆ،
جوانترین ماچی بەسەر لێومەوە
درێژتیرین قەسیدەی به سەر زمانمەوه
جوانترین نیگای له نێو دیەمەوه
ئەی میلی کاتژمێری تەمەنم
تۆ ئەو خۆرەی که ئاوانابی
له نێو خەیاڵـما جوانترین کۆشکی
که لێتەوه دەڕووانم بۆ شەپۆلەکانی دەریا و
من ئاوێزانی ئەو گریانه دەکەی
که له ماچێك کەوتنەخوارەوه
دوو گوڵ له نێو یەک گوڵداندا
دیلی دوو خەیاڵن
که ئازادییش ناتوانێ دیلیان بکا
دوو باڵن لەسەر فڕێنی پشتی نەوڕەسێکا
دوو دێرین له قەسیدەیەکی نەنووسراو
من خەون بەو رۆژانەوه دەبینم
که له ماڵی تۆ سەرخەوێ بشکێنم
تۆ خەون بەو رۆژانەوه دەبینی
که له ژێر ساباتێكا
یەکتری بنووسینەوه
تۆ خەیاڵ دەکەی لەسەر زمانت دیل بم
من خەیاڵ دەکەم
لە نێوچاوتا ماڵێك به زمانی عیشق
بینا بکەین.
من و تۆ
دوو خەیاڵی تەواونەکراوین.


٢١\١١\٢٠١٩ - سلێمانی

 


    لە مەگروون پیرتر.
دڵم لە نێوانی دوو جار خولانەوە و
دوو جار بەجێهێشتن لەسەر پەڕەکانی مەلوولیی
لێدەدا
لێدانی دڵ
گێڕانەوەی ئەو غەمگینیانەیە کە کەوتن نەیتوانی دایببڕێ
گوشینی ئەو یادگارییانەیە
کە خەیاڵ لە یادەوەریماندا گنگل دەدا
ئەوە ئێمەین ناتوانین لە خۆمان دوورکەوینەوە
ئەوە تۆی پەنجەی شایەتمانت لە نێوان دوو سێودا ونکرد
ئەوە منم لەسەر خوانی چێژ بەجێمام
هاتنەوە
هەنگاوێکە بۆ بینیاتنانەوەی خەیاڵ و
ساڕێژکردنی ئەو وێنانەی نەمانتوانی تەواوی بکەین
چ دەبوو ئێستا لە نێو نەسیمی بەیانیانی ئەزمەڕ ون نەبام
وننەبوون خەیاڵێکی پووچە لە گۆیژە کەوتەخوارەوە
ئێستا لە مەگروون پیرترم
لە ئاسمانی فرمێسکەوە دەکەومە نێو چاوانت
ئێمە دوو نەوڕەس بووین
لەسەر گوڵێکی مۆر
خەریکی جوانترکردنی خەیاڵ بووین.


سلێمانی
dlirojhelat@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک