٣٠\٣\٢٠١٣
من و وشە!

نەهرۆ
پێش ئەوەی وشە دابێ، کویلەکان کە پێکەوە ئیشیان دەکرد، بەدەرکردنی دەنگ
هاو دەنگی خۆیان بۆ یەکتر پێشان ئەدا، بەڵام بە درێژایی مێژوو دەنگ
گۆرا بۆ وشە، ئافەرین، دەست خۆش، دەم گەرم، ماندوونەبیت، کاتێکی خۆش،
نووش گیانت، عافیەت، پیرۆزت بێ، وشەگەلێک کە هانی مرۆڤ ئەدەن بۆ
بەردەوام بوون لە ژیان!
منیش یەکێکم لەو کەسانەی کە وشە کارم تێ دەکا بە هەردوو دیوەکەی ئەرینی
و نەرینی، بەشێوەیەک ئاوێتەی وشە بووم ئەنجام بووم بە کویلەی وشە،
وشەکان پەستم دەکەن، وشەکان دڵنیاییم پێ دەبەخشن، تەلاری ناوەوەم لە
وشە بونیادنراوە، کەواتە لەباتی کۆشکی کەڵپووچ کۆشکێکی فانتازی لە ناخم
دایە، کەرەستە سەرەکیەکانی وشەن، بەواتایەکی تر وشە دوستمە، وشە
دراوسێمە، وشە رابوردوومە، وشە ئێستامە، وشە ئایندەمە، وشە ئەو
رایەڵەیە کە ئەمبەستێتەوە بە ژیان، وشە پەیژەمە بۆ سەرکەوتنە سەر
بنمێچی ئازادی، ئازادی خۆم لەوەدا دەبینمەوە، بەهەر جۆری بمەوێ کایە
لەگەڵ وشەکان دا دەکەم، وشە کەشتی منە لە نێو دەریای گرفت بۆ گەیشتن بە
کەناری دڵنیایی، وشە ئامۆژگاریم دەکا، وشە ئاکارەکانم دیاری دەکا، وشە
بزە ئەخاتە سەر لێوم، وشە وەک تۆپ وایە کە بیکێشیت بە دیوارێک دا بە
ئاراستەی خۆت دەگەرێتەوە ( هەموو کردەیەک کاردانەوەی هەیە بە قەدەر یەک
بەڵام بە ئاراستەی جیاواز) هێزی کیمیاوی فیزیاوی وشە لەم یاسایە بەدەر
نییە!
لەرێگای وشەوە فێری زانست بووم، هەر کاتێ ماندوو بم ئەچم لە دەریای
وشەکان مەلە دەکەم، لەسەر کەناری وشە جەستەم ڕادەخەم، دەروانمە ئاسمانی
وشە، تیشکی خۆری وشە گەرماییم پێ دەبەخشێ، کاتێ دەستم بە تاڵ دەبێ
وشەکان دەبنە هەنگاوم بەرەو کتێبخانە ڕامدەکێشن، ساتێک لە نێو وشەی
کتێبەکان پشوو ئەدەم، پێکەوە سەما دەکەین، دەست ئەکەینە ملی یەکتر،
چەند وشەیەک سەرنجم ڕادەکێشێ ئیدی دەبێ لەو دەرگایە بچمە ژوورەوە
وشەکانی دووتوێ کتێبەکە هەڵدەمەوە، ئەو رۆژانەی زیاترین وشە دەبنە
میوانم زیاتر شاگەشکە دەمگرێ!
هەموو وشەیەک دوو چاو و مێشکێک لە پشتەوەیە، هەندێ وشەش هەن
لەمیانەیانەوە تێکرای مرۆڤایەتی ئەبینم!
( بتراندرسل ) دەڵێ دۆزینەوەی زانیاری نوێ، خۆشی و خۆشاو بە مرۆڤ
دەبەخشێ، منیش کاتێ نهینی و مەوداکانی وشەیەکی نوێ ئەدوزمەوە دەگەمە
لوتکەی ئورگازمی ئافرەتانە، بۆ زانیاری ماوەی ئۆرگازمی ئافرەت درێژترە!
شەوان لەگەڵ وشەکان دا دەنووم، وشەکان دێنە خەونم، هەندێ جار کابوسم بۆ
دروست دەکەن، هەندێ جاریش خۆشبەختی، وشەکان جیهانی بەتاڵیم پر
دەکەنەوە، بەتایبەتی لە شوێنێک دا کە تەماس لەگەڵ ئینسانەکان زەحمەت بێ
! برادەری وشە ئاسانترە، گەرچی دەڵێن لەرووی عەمەلییەوە دە ئافرەت
سفورە لەبەر کا، باشترە لە هەزار لێکوڵێنەوە دەربارەی قەدەغە کردنی
حیجاب ! بەڵام من سیحری وشە مەستم دەکا، مانگێ جارێ بوتڵێ شەرابی وشەی
قرمز دەکڕم دوو کڵاسی وشەی تەنیایی لێ دەخۆمەوە ئیدی مەست دەبم بە وشەی
رەنگاو رەنگ، لە وشەکان جوڵانەیەک دروست دەکەم تیایدا پاڵ دەکەوم
دەروانمە ئاسوی وشە، رۆمانێکی پر وشە بەدەستەوە دەگرم، دەکەومە
هەڵچنینی وشەکان، وەک نوقڵ دەیانمژم، ئەو وشەیە تەڵخ بێ زۆر لەسەری
راناوەستم فرێ ئەدەمە دەرەوە، ئەو وشەیەش شیرین بێ دەمەوێ زورترین کات
لە دەمم دا بمێنێتەوەو تام و چێژی لێ وەردەگرم.
وشە فێری خۆشەویستی یی کردم، خوشەویستیش فێری وشە، لای من وشەو
خوشەویستی ئاوێزانی یەکن، ئەگەر وشەیەک لێم زیز بێ وا دەزانم دونیا بە
سەرم دا رووخاوە، هەندێ جار رەشەبای خەیال وشەکانم لێ یاخی دەکا، کەچی
دوای ماوەیەک وەک کوترێ دەستەمۆ دەگەرێنەوە بۆ هێلانەکانیان!
لەرێگای شیعر و چیرۆک و رۆمانەوە، وشەکان دەمبەستنەوە بە رایەڵی ژیان،
بۆ ساتێک لە ژێر خەیوەتی وشە لەنگەر دەگرم لە کاتێک دا ئاسمانێ وشە بە
خۆڕ دائەکا، دەنگی بارانی ژێر خەیوەت چێژێکی تایبەتی یی هەیە!
وشە باڵم لێ دەڕوێنێ فێری فڕینم دەکا بەڵام من پەپۆلەیەکی پێکراوم لە
شەرێکی نابەرامبەردا تەنیا باڵەکانم لە وشەی ساغ دروست کراوە، هەر بۆیە
دەتوانم بە ئاسمانی ئەندیشەی پر وشەدا بفڕم، دەست بدەم لە وشە
تابووەکان، وشە نامۆکان، ئەو ووشانەی بە ئاسانی دەستەمۆ ناکرێن.
لای من وشە دەبێتە ئینسان لەسەر پێ دەروا دوو گویچکەو دوو چاوی هەیە،
دەماندوێنێ دادگاییمان دەکا، لە زیندانی وشە زیندانیمان دەکا!
کاتێ دەچمە ژوورە تاریکەکەم لە چەشنی مۆم وشەیەک دائەگیرسێنم، لەبەر
رووناکی وشە دونیا گەشتر ئەبینم، کاتێ برسییم دەبێ دەچم دەرگای
سەلاجەکەم ئەکەمەوە چەند وشەیەکی سارد دەردێنم و بابۆڵەیەکی وشە لێ
دروست دەکەم ئیدی برسییەتیم دەشکێ، مەسیح دەڵێ ئینسان تەنیا بە نان
ناژێ!
هەندێ جار وشەکان وەک مناڵ لاساییمان دەکەنەوە گاڵتەمان پێ دەکەن بەڵام
ئێمە دەبێ بە چەند وشەیەکی جوان ژیریان کەینەوە.
بروانە ململانی و کێشمەکێشەکانی جیهان، لەسەرەتا دا هەموو بە وشە
دەکرێ، گەر چی لە پشت وشەوە نان خۆی حەشار داوە بەڵام نانیش بە حزبی
وشەو رێکخراوی وشەو دەوڵەتی وشە دێتە بەرهەم.
وشەکان دەبنە دروشم، نهێنی جەنگی هەڵبژاردن بە وشە بە رێوە دەچێ، بت
پەرستەکان خوایەکی کەڕو ڵاڵیان هەڵبژارد تا دواتر جووەکان هاتن پینج
سەد ساڵ دیالۆگیان لەگەڵ چەمک و دەسەڵاتی خوایان کرد و ئاینێکی ئاسمانی
یان داهێنا کە پڕە لە وشەو مانای نهێنی!
وشەکان لە خانەکانی مێشکی مرۆڤ دان لە هەمان کاتدا رەنگدانەوەیان هەیە
لە فەزاو بۆشایی ئاسمان، زانست و سیستەمی سیمیائیە ئاشکرای کردووە کە
وشەکانی مێشکی مرۆڤ دەبن بە عەلامە و سیمبول و رموز لە فەزای خارجی دا
ئەوجا وەک زانیاری دەگوزرێنەوە!
کەواتە فەزا پرە لە وشەی نهێنی، وشەی ئاڵۆز، وشەی نەزانراو، وشە بە
زمانە جیاوازەکان، وشەی سادە، وشەی قووڵ، هەر وشەو ئاستی خۆی هەیە،
سیمبولی خۆی هەیە، کلیل و قوفڵێ خۆی هەیە، کەواتە هەر وشەیەک کۆدێکە!
ئەمرۆ لە دونیای ئەنترنێت وشەو ژمارەکان دەبنە کۆدی نهێنی، بانقەکان بە
وشە دەکرێنەوە، بازرگانی بە وشەوە دەکرێ، وشە ئەسپی ئەم دونیایەیە، یا
بەرەو لوتکە دەمانرفێنێ یا پشتمان لە ئەرز ئەدا، قوڕ بەسەر ئەو کەسانەی
غافڵن لە هێزو سیحری وشە ! بۆیە من شەیدای وشەم، ئەگەر وشەکان
کۆبکرێنەوە دەبنە مەعریفە، مەعریفەش بە واتای دەسەڵات، ئەوەی وشەی
زورتر لابێ دەسەڵاتی زیاترە!
لەم کاتەدا مەرج نییە، هەموو وشەیەک هێزی پۆزەتیڤی هەبێ، هەندێ وشەی
وەهمیش هەن بوونەتە دەسەڵات خەڵکانێک بەرێوە دەبەن، میکانیزمی وشە
ئەوەیە وەهم دەخوڵقێنێ، هەموو وشەیەک وەهمێک لە پاڵ دایە، ئینسان مەست
دەکا، ئەگەر وەهمێکی زانستی بوو ئەوە دەبێتە کردارو ئەنجامی بەرچاوی
دەبێ، بەڵام ئەگەر وەهمێکی غەیبی بوو ئەوە تەنیا فریودانی ئینسانە بە
وشەی بریقەدار.
وشەکان دەمانجوڵێنن ئێمەش لە رێگای وشەوە خەڵک دەجوڵێنین، وشە خودە،
وشە بابەتە، ئەگەر وشە نەبێ ناتوانین پێناسەی خۆدو بابەت بکەین، وشە
شوناسە، ئێمە لە رێگای وشەوە کەسایەتی مرۆڤ هەڵدەسەنگێنین.
وشە خشڵ و زێڕ نییە بە خۆمان دا هەڵیواسین، وشە لە ناخمان جیگیرە،
داکەندنی زەحمەتە، کە بووین بە خاوەنی وشە دەبین بە خاوەنی خۆمان، ئەوە
وشەکانن فێری پانتایی ئازادیمان دەکا، ئەوە وشەکانن سەبرو شکیبائی و
ئوقرەمان پێ دەبەخشێ، وشەکانیش ئەگەر نەکرێنە کردار لەهەناوی مێشکمان
قەوزاخە دەگرێ، وشە دەبێ رەها بکرێ، هەموو کەسێ پیویستی بە گێڕانەوە
(ناراتیڤ) هەیە، دەبێ هەموو ئینسانێ لە رێگای کردەی گێرانەوە بفرێ لە
شەقەی باڵ بدا، هەر چەند سانسوری خەفەکەری کۆمەڵایەتی وشەکانمان
زیندانی دەکاو فلتەری بۆ دائەنێ، بەڵام دەتوانین بەشێوەیەکی میتافوری
وشە لەو زیندانە ئازاد بکەین.
نووسەر لەرێگای گێرانەوە روڵی (تەراپی) چارەکردن ئەگێری، ئەم کایەش لە
رێگای بەکارهێنانی وشەی شیاوەوە لە شوێنی گونجاوەوە ئەبێ، تاقە وشەیەک
هێزی ئەوەی هەیە ئینسانێک بروخێنێ لە هەمان کاتدا تاقە وشەیەک بۆی هەیە
ئینسانێک دروست بکا ! کاتێ ئێمە وەک پروفیشوناڵێکی سایکۆلۆژی
لەبەرانبەر کەسێکی رووخاو داین گوێمان لە وشە داهێزراوەکانی ئەبێ لەمەر
خۆی و دەربارەی ژیان، دەبێ ئێمە وشەکان و چەمکەکانی بۆ راست بکەینەوەو،
ئەنجامەکان بە هۆی لوژیکی ببەستینەوە بەم شێوەیە لە رێگای وشەوە رزگاری
دەکەین لەو حاڵەتەی کە تیادایە، کەچی ئینسانە نەفامەکان هەر وشەیەک
بەسەر زاریان بێ دەیڵێن بە بێ ئەوەی بیر لە کاریگەریی بکەنەوە!
وشە ئەگەر ئازاد نەکرێ دەکەوێتە بەر رەشەبای بیرچوونەوە، ئێمە لە رێگای
وشەوە شارەزای ئەزموونی خەڵکانی تر دەبین، کەواتە وشە پردە لەسەر
دەریای نهێنی، بەدرێژایی میژوو وشە قوربانی یی خۆی هەبووە، کەسانێک لە
رێگای دەربرینی وشەوە تیرور کران، تەنیا وشەکانیش دەتوانن داکوکی لە
خوێنی بە ناهەق رژاوی ئەوان بکات، ئەگەر بمانەوێ قوتابخانەی ئازادی
دروست بکەین دەبێ دیوارەکانی بەکەڵپووچی وشە هەڵچنین، پەیڤی نەگوتراو
تیایدا باس بکرێ، پیروزی و قودسیەت بۆ ئازادی دەربرینی وشە
بگێردرێتەوە، ئەگەر وشە نەبوایە هەق لە ژیر ناهەق نرکەی دەهات!
کونتەرگراس و نەجیب مەحفوز و ئورهان پاموک و مو یان و ئیبسن و کنوت
هامسون لە رێگای وشەوە خۆیان و گەلەکانیان بە جیهان ناساند، وشە
پەیامە، پردە، ئینسانەکان بەیەکتر دەبەستێتەوەو شەتەکیان دەدا، لە
رێگای وشەوە سەر دەکەوینە سەر بنمێچی مەعریفە، دەرگاکانی مەعریفە بە
وشە دەکرێنەوە، کەواتە وشە کلیلە، کلیلی نهێنیەکانی ژیانە، وشە جیهان
بەرەو پێشەوە دەبا، وشە بەها ئینسانیەکان جێگیر دەکا، سکاڵای دڵی خۆمان
لە رێگای وشەوە دەردەبرین، وشەکان شوێن و زەمانی رووداوەکان دیاری
دەکەن، لەو شوێنەی وشە مرد بێ، ژیان مردووە، دەرگای ژیان بە کۆدی وشە
دەکرێتەوە، زمان لە رێگای وشەوە دەئاخفێ، وشە بن و سەری زمان دەرئەخا،
وشە پێمان دەڵێ هەق لە کوێ و ناهەق لە کوێ خەوتووە!!
٢٨\٣\٢٠١٣
- نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ
|