په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

من و یانەى رۆشنبیرى شەقڵاوە.

هۆشەنگ شێخ محەمەد

- بەشى دووەم -

 

 


(پێشکەشە بە گیانى بیلال بەرەکەیى)

 


لەم بەشەدا ئەمەوێت تیشک بخەمە، سەر چەند لایەنێک لە چالاکییەکانى یانەى رۆشنبیرى شەقڵاوە بەتایبەتى شانۆگەرییەکانى. بۆ خوێندنەوەى بەشى یەکەم و زانیارى زیاتر لەسەر یانەى رۆشنبیرى شەقڵاوە تکایە بگەڕێوە سەر ئەم لینکە: roshenbiry.googlepages.com

کڕى:


سەرەتا بەو شانۆ کورتانەوە دەستمان پێکرد، کە لەگەڵ فیستڤاڵەکاندا نمایشمان ئەکردن، یەکەم شانۆگەرى ( کڕى) بوولەلە یەکەمین ساڵرۆژى دامەزراندنى یانەدا پیپَشکەشمان کرد، لە 25/11/1992، کە چیرۆکێکى "عەزیز نەسین" بوو و ئێمەش بە خۆمان بۆ شانۆمان ئامادەکرد.

 

ئەوانەى لەو شانۆگەرییەدا بەشداربوون و لە یادم مابن ئەو ناوانەى خوارەوە بوون:
1. هەندرێن حەمەدەمین.
2. ئەردەلان عەبدولڵا.
3. بەختیار حەمید.
4. هۆشەنگ شێخ محەمەد.
5. هەڵمەت حەمەدەمین.
6. فەرحان ئەحمەد حەسەن.
7. نزار مستەفا.


شایانى باسە ئەم شانۆیە، هەم لە لاى خەڵکى زۆر بە باشى پێشوازى لێکراو هەم بۆ ئێمەش بەشداربووانى ئەم شانۆگەرییە سسودێکى گەورەى هەبوو، چونکە رەنگە زۆربەى زۆرمان یەکەمجارمان بوو بێینە سەر تەختەى شانۆ و شەرممان بشکێنین و بتوانین تەمسیل بکەین. ئەمە بێجگە لەو دڵخۆشییە گەورەیەى کە هەموومانى داگرتبوو بەو کارەى کە کردمان، من بۆ خۆم زۆر کەیفخۆشبووم، چونکە بڕوام نەئەکرد وا بە ئاسانى رووبەڕووى خەڵک ببمەوە و قسە بکەم و ئاسایى بێت، هەروەها ئەو بەشەى من تەمسیلم تیادا کرد، لە کۆتایى شانۆیەکە بوو دەورى کەسێکم دەبینى کە لەناو ئاوێکدا دێتە دەرێ دواى ئەوەى خەریک بوو بخنکێ، هەر بەخۆم هەندێ قسەم بۆ چیرۆکەکەى عەزیز نەسین زیادکردبوو و لەسەر زارى ئەو کەسەم گووتەوە.


جێگەى ئەوەیە ئاماژە بەوەش بدەم، چونکە من دەورم لە کۆتایى شانۆکەدا بوو، بۆیە لە کاتى پرۆڤەکاندا من تەماشاى برادەرانم دەکرد کە چۆن رۆل دەبینن هەموومان تێبینیمان دەدایە یەکترى، رەنگە من زیاتر تێبینیم دابێت، هەربۆیە هەندرێتن گووتى بۆ ئەوەى شانۆکەمان بە راستى لە شانۆ بچێت پێویستە ناوى دەرهێنەر دابنێین، تۆش زۆر تێبینیت داوە بۆیە ئەڵیێن لە دەرهێنانى تۆیە، ئەوەبوو وامان کرد شانۆگەرییەکە بەناوى نووسینى عەزیز نەسین و دەرهێنانى هۆشەنگ شێخ محەمەد بوو، بەڵام لە راستیدا و بۆ مێژووش ئەوە دەڵێم هەرگیز ئەو شانۆ جوانە لە دەرهێنانى من نەبووە، بەڵکو دەرهێنانى هەموو ئەو کەسانە بوو کە بێ ئەزموون و بێ خوێندنى ئەکادیمى و نەئەکادیمى تەنیا بە رۆحى خۆشەویستێکەوە بۆ شانۆ کاریان دەکرد.

ئەزموونێکى زۆر خۆش و سەرکەوتوو بوو و مایەى رەزامەندى هەموو ئەو کەسانە کە لەهۆڵێکى زۆر بچووکدا بەقەرەپەستانێ جێگەى خۆیان کردبۆوە. چونکە هۆڵەکە زۆر گچکە بوو بەڵام رەنگە زیاد لە سەد کەس جێگەیان ببۆوە.

دواى ئەم ئەزموونە زیاتر دڵگەرم بووین کە شانۆى دیکە پێشکەش بکەین، هەروەها هانیشى داین بەوەى هەندێ سەرچاوە لەسەر شانۆ پەیدا بکەین و بخوێنینەوە و شارەزاى هەندێ لایەنى شانۆ ببین.

مرۆڤێکى رووخاو:


دواى ئەو ئەزموونە لە ڤیستڤاڵى سەرەساڵى 1993 واتە لە 1/1/1993 من و هەندرێن حەمەدەمین شانۆگەرییەکمان پێشکەش کرد بە ناوى ( مرۆڤێکى رووخاو) کە تا ئێستاش دەستنووسى ئەو شانۆیەم لا ماوە و لە هەلێکدا ئەویش بڵاوئەکەمەوە.
هەروەها لە هەمان بۆنەدا و رۆژدا شانۆگەرى (هەراج)یشمان نمایش کرد، هەر لە بارەگاى یانەى رۆشنبیرى شەقڵاوە. 

 

ئەو ناوانەى خوارەوە تیایدا بەشداربوون:
1. هەڵمەت حەمەدەمین.
2. نزار مستەفا.
3. فەرحان ئەحمەد.
4. قادر محەمەد.
5. بەختیار محمود.
6. ئەردەلان عەبدولڵا.
7. هەندرێن حەمەدەمین.
8. یوسف مستەفا.
9. هۆشەنگ شێخ محەمەد.


لەم شانۆگەریەدا هەندێ کارى مۆسیقاى تیادابوو کە لە ئامادەکردنى ئازا عەبدولڵا بوو.

دەوڵەمەند و هەژار:


دیسان لە سەرە ساڵى 1994 دا دوو شانۆگەریمان نمایشن کردن، یەکەمیان (دەوڵەمەند و هەژار) کە کۆمەڵێ منداڵى ژیکەلە کارەکەیان ئامادەکردبوو ، (گۆڤەند سلێمان) نووسیبووى و منیش دەرمهێنا.

ئەوانەى لە شانۆیەکەدا بەشداربوون ئەمانەى خوارەوە بوون:
1. گۆڤەند سلێمان.
2. بێستون حەمەد.
3. هاوکار جەمیل.
4. تەها وریا.
5. ئارى جەمیل.
6. سەنگەر عوسمان.
7. رزگار خەلیل.
8. عەلى ئیسماعیل.
9. موزەفەر عەلى.
10. دلشێر جەمال.


چەپکێ گوڵ:


شانۆگەرى دووەم لەو ڤیستەڤاڵەدا (چەپکێ گوڵ) بوو لە نووسینى تەڵعەت سامان و دەرهێنانى خالید سلێمان.

 

بەشداربووانیش ئەمانەى خوارەوە بوون:
1. هەندرێن حەمەدەمین
2. هۆشەنگ شێخ محەمەد.
3. یوسف مستەفا.
4. زانا پێشەنگ.
5. فەرحان ئەحمەد.
6. عەدنان تەها.


 

 

 

بە بیرم دێ، لەو شانۆگەریەدا ئەگەر هەوڵى بەردەوامى هەندرێن نەبوایە، من بەشداریم نەئەکرد، چونکە لەناو پرۆڤەکاندا بووین کە کوڕە پۆرێکم مرد و تووشى تازیە بووم، بێتاقەت بووم و نەمدەویست شانۆیەکە بکەم، بەڵام هەندرێن وازى نەهێنا، لە دواهەمین پرۆڤەشدا لە سەر تەختەى شانۆ چونکە ئەو شانۆیەمان لە هۆڵى ئوتێلى سیاحى نمایش کرد،هێشتا دەورەکەى خۆم بە تەواوى لەبەر نەکردبوو، ئەوەشم بە بیر دێ کە هەندرێن تێبینى ئەداینێ و هەندێ ئەندامانى یانەش قسەیان دەکرد و دەنگەدەگیان دەهات، هەندرێن زۆر توڕەبوو، و بە توڕەبوونەوە هەموو کەسەکانى بێدەنگ کردن، بەختیار مەحمود کە دوایى بە (حاجى) ناسرا. دەیگووت ئەوە دکتاتۆرە؟!

نرخى ئازادى:


لە 14/3/1994 شانۆگەرى (نرخى ئازادى)مان پێشکەش کرد،کە لە نووسینى عەمانوئێل ئیشۆ بوو، و کاک عیرفان ئەحمەد بە دەسکارییەوە بۆ شانۆى ئامادەکردبوو و هەندرێن حەمەدەمینیش دەریهێنا.

 


شایانى باسە، ئەم شانۆیە یەکەم شانۆ بوو لە مێژووى شەقڵاوەدا کە بە تەنیا پێشکەش بکرێت و بڕگەیەک نەبێت لە فیستڤاڵێکدا، بۆ ماوەى 3 رۆژ بەردەوام بوو، و هاتنە ژوورەوەش بە بلیت بوو کە نرخەکەى (2) دینارى ئەوکات بوو. بلیتەکانیش لە بارەگاى یانەى رۆشنبیرى و کتێبخانەى شانۆ و بەردەرگەى هۆڵى سیاحى ئەفرۆشران.


ئەوانەى لە شانۆگەریەکەدا بەشداربوون ئەمانە بوون:

1. هۆشەنگ شێخ محەمەد(شۆڕشگێڕ)
2. هەڵمەت حەمەدەمین(ئەفسەر)
3. یوسف مستەفا(خویندکار)
4. بەختیار مەحمود(حاجى)
5. نەزار مستەفا(بازرگان)
6. فەرحان ئەحمەد(وێنەگر)
7. زانا پێشەنگ (سەرباز 1)
8. بیلال محەمەد(سەرباز2)
9. سەردار تەها(سەرباز3)
10. عەدنان ئیبراهیم(سەرباز4)


شایانى باسە لەم شانۆیەدا کارێکى گەورە لە رووى دەنگ و مۆسیقا و رووناکى تێدابوو، سەربارى بەکارهێنانى هەندێ تەکنیک وەک حیکایەتخوان و حەیران.


کارە مۆسیقییەکان ئازا عەبدولڵا کربووى، هەندرێن حەمەدەمین حیکایەتخوان بوو، یوسف مستەفا حەیران بێژ بوو، و کارەکانى رووناکیش بەژدار حوسێن ئەنجامى دان.لە پاڵ ئەمانەشدا ئەوەى سەرپەرشتى کارەکانى کردن و بەڕێوەى بردن ( سامان عەزیز) بوو.

من پێموایە ئەم شانۆیە کاریگەریى زۆر گەورەى هەبوو، چونکە یەکەمجار بوو تیپێکى شەقڵاوەیى لە شەقڵاوە شانۆیەکى خوەسەر پێشەکش بکات و بە بلیت بێت و کارەکانى رێکوپێک و جوان بن و جەماوەرێکى زۆر گەورە بۆ شانۆ پەیدا بکات و دیتنى شانۆش ببێتە بەشێک لە ژیانى خەڵکى شەقڵاوە، ئەوانەى هاتنە دیتنى شانۆیەکە کە بۆ ماوەى 3 رۆژ نمایش کرا، هەموو جۆرە مرۆڤێکى تێدابوو، پیاو و ژن و منداڵ و پیر و موسڵمان و مەسیحى و خەڵکانى ئەوانەى ئەندامانى یانە بوون، ئەوانەى ئەندام نەبوون، بە کورتى ئەو شانۆیە جەماوەرى شانۆى لە شەقڵاوە دروست کرد.


هەر هەمووکارەکانیش لەسەر ئەرک و ماندووبوونى یانەى رۆشنبیرى و ئەندامەکانى بوو، بۆ نموونە بۆ ئەوەى هۆڵەکە تەواو تاریک بکەین، پێویستیمان بەوە بوو چەندین بەتانى و پارچە قوماش لە ماڵەکانمان بێنین بۆ ئەوەى پەنچەرەکانى پێ قەپات کەین، بۆ کارەکانى کارەبا و رووناکى هەر هەموومان بەشداربووین. دروستکردنى لافیتە و ریکلام و ئاگادارى و بلیت دروست کردن و هەر هەموو کارەکان خۆمان ئەنجاممان دان.

مەرگ و تارماییەکان:


لە یادى هەڵەبجەى ساڵى 1993دا شانۆگەرى (مەرگ و تارماییەکان) نمایش کرا، کە لەنووسینى (عوسمان یاسین) بوو، و لە دەرهێنانى هەندرێن حەمەدەمین بوو.


ئەوانەى لەم شانۆگەرییەدا بەشداربوون:

1. یوسف مستەفا
2. هەڵمەت حەمەدەمین
3. فەرحان ئەحمەد.
4. عەدنان تەها
5. زانا پێشەنگ.
6. بیلال بەرەکەیى.
7. قادر محەمەد.


 


شێتەکانى ئەم رۆژگارە:


ئەم شانۆیە تێکستى نووسەرێکى یۆنانى بوو، و ئازاد حەمە شەریف کردبوویە کوردى و هەندرێن حەمەدەمینیش دەریهێنا. یەکێک لەو شانۆیانەى کە لە ڤیستەڤاڵێکدا نمایشمان کرد، شانۆیەکى زۆر سەرکەوتوو بوو و جەماوەریچکى ئێجگار زۆر بینییان.

 

بەشداربووانى ئەم شانۆیە ئەمانە بوون:
1. هۆشەنگ شێخ محەمەد.
2. هەندرێن حەمەدەمین.
3. فەرحان ئەحمەد.
4. زانا پێشەنگ.
5. بیلال بەرەکەیى.
6. عەدنان تەها.
7. یوسف مستەفا.


بەڕێوەبەرى شانۆ سامان عەزیز.
شایانى باسە لەم شانۆیەدا، هەندرێن حەمەدەمین رۆڵێکى زۆر جوانى گێڕا و لەدەورى پیاوێکى نەخۆش بەناوى (برایمە فەندى)و هەروەها یوسف مستەفا دوو رۆڵى لە شانۆکەدا بینى یەکەمیان کوڕى پیاوە نەخۆشەکە بوو، و دووەمیشیان نەخۆشێکى دەروونى. لە هەردووکیشیاندا زۆر سەرکەوتوو بوو.

ئەسمێلا:


لە رۆژى 25/11/1994دا. شانۆگەرى ئەسمێلامان ئەنجامدا. بۆ من خۆشترین ساتەکانى ئەو شانۆگەرییە نووسینى شانۆیەکە بوو، کە من و هەندرێن لە هەولێر بووین و لەوێ شەوانە ئەماننوسى، بیرۆکەى شانۆیەکە لەسەر ئەو کەسانە بوون کە ئەچوونە هەندەران و گەڕانەوەیان و کۆمەڵى مەسەلەى پەیوەند بەو بابەتەوە، بیرمە لە گەڵ برادەرێکى هەندرێن دانیشتین و گووتمان کابرایەک لە خارج هاتۆتەوە و دەیەوێ کچەکەى بە شوو بدات، و کەسى دەستناکەوێت!دیارە ئەو کاتەش زۆربەى خەڵکى و بەتایبەتیش گەنجان هەڵپەى چوونە دەرەوەیان بوو، بۆیە لەگەڵ ئەو کوڕە کەوتینە قسە و باسێک کە جدییانە خۆى ئەنواند و باوەڕیش بکەن زۆر لە قسەکانى ئەو شانۆیەمان لەو قسانەوە نووسین کەلەگەڵ ئەو برادەرە کردمان.

 


ئەویش شانۆیەک بوو بە تەنیا وەک شانۆ پێشکەش کراو بە بلیت بوو و نرخەکەش (3) دینار بوو و بۆ خوێندکارنیش کەمکردنەوەمان کردبوو و بە (2) دینار بوو، لە رۆژى سێیەمى نمایشەکەشدا بە ڤیدیۆ وێنەمان گرتبوو ئێستاش لە سایتى یانەى رۆشنبیرى شەقڵاوە هەیە و دەتوانرێت تەماشاى بکرێت.
شانۆیەکە لە نووسینى هەندرێن حەمەدەمین بوو.

 

دەرهێنان بە ناوى بەشداربووان بوو کە ئەمانەى خوارەوە بوون:
هەندرێن حەمەدەمین(کەسى 1)
بەختیار مەحمود(کەسى 2)
هۆشەنگ شێخ محەمەد(کەسى 3)
یوسف مستەفا(کەسى4)
زانا پێشەنگ (کەسى 5)


 

 

بەڕێوەبەرى شانۆ کاک (سامان عەزیز) بوو.کارە تەکنیکییەکانیش لە ئەستۆى ئازا عەبدولڵا بوون.
ئەگەرچى لە شانۆگەرییەکەدا رەخنە لە چوونە دەرەوە و جۆرى چوونەدەرەوە دەکرا و کۆمەڵێ پرسیار و بابەتمان وروژاند، بەڵام خۆشییەکەشى ئەوەبوو دواى چەند ساڵانێک بەشداربووانى شانۆگەرییەکە روویان کرد هەندەران و هەر یەکەیان لە وڵاتێکى ئەوروپى گیرسانەوە؟!لەو ناوانەى سەرەوە تەنیا من نەبوومە (حۆلە) کە ئەم وشەیە لەو شانۆگەریەکدا بۆ ئەوکەسانە بەکاردەهات کە لەدەرەوەن، ئیدى هەموویان بوونە (حۆلە) و تەنیا من لە کوردستان مامەوە، ئێستاش کە ئەو یادگارییانە من لە کوردستان و هەندرێنیش لە ئەوروپا دەیاننوسێتەوە، و ئەوانەشى کە دەیخوێننەوە و لە ناو رووداوەکان بوون هەموویان ئاهێک و دەیان هەڵدەکێشن و ئەڵێن (خۆزگەم بەوێ رۆژێ کا؟!!!!)

کەوتنى ژمارەکان:

 


لە رۆژى 27/8/1994 دا چیرۆکى کەوتنى ژمارەکان شێرزاد حەسەنمان کردە شانۆ، هەندرێن حەمەدەمین زۆر پێیەوە خەریک بوو تا بۆ شانۆى ئامادەکرد.ئەگەر هەڵە نەبم دوو یان سێ رۆژ نمایشمان کرد و شانۆیەکە تۆزێک جەماوەرى لە شانۆکانى دیکە کەمتر بوو، بەڵام من ئەوساش گووتم رۆژێک دادێ یەکێک بڵێت لە نۆهەت و چوارەوە لە شەقڵاوەوە کەوتنى ژمارەکان وەک شانۆ نمایش کراوە. ئێستاش دیارە ئەو کەسە منم کە وا دەڵێم، بەڵێ وابوو لە نۆهەت و چواردا کەوتنى ژمارەکانمان کردە شانۆ؟!


بەشداربووان:
1. هەندرێن حەمەدەمین.
2. یوسف مستەفا.
3. هۆشەنگ شێخ محەمەد.
4. بەختیار مەحمود.


 

 

 

 

 

باپیرە گەورە:


ئەمە کارێکى زۆر جوانى کۆمەڵە منداڵێک بوو، کە هەر لە یانە و بە ناوى تیپى شانۆى منداڵانى یانەى رۆشنبیرى شەقڵاوە دامانمەزراند. چیرۆکەکە لە نووسینى (دلاوەر قەرەداغى) بوو، هەندرێن حەمەدەمینیش دەریهێنا.بۆ ماوەى چەند رۆژێک نمایش کرا. یەکەم رۆژى نمایشەکە لە یەکشەمەى 1/10/1995 لە هۆڵى قوتابخانەى کاوێس.

 


بەشداربووانى ئەم شانۆگەرییە:
1. یەختیار مەحمود ( باپیرە گەورە)
2. رەوەند سلێمان قادر.(منداڵە قەرەچى 1) پاشا.
3. کۆچەر مەحمود وەسمان(منداڵە قەرەچى 2) وەزیر.
4. تەها وریا تەها(منداڵە قەرەچى 3) حەکیم.
5. سەروین عەزیز قادر(منداڵە قەرەچى 4) نازەنین
6. ئارى جەمیل حەسەن(منداڵە قەرەچى5) تولەمار.
7. نیان باسل خۆشناو (منداڵە قەرەچى6)
8. کەژین سلێمان سابر(منداڵە قەرەچى7)
9. حەمید مەحمود حەمید(منداڵە قەرەچى8)
10. دنیا خەلیل فەقێ حوسێن(منداڵە قەرەچى9)
11. نیان باسل خۆشناو(منداڵە قەرەچى10)
12. ئامانج خەلیل کەریم(منداڵە قەرەچى11)


بەڕێوەبەرى شانۆ (سامان عەزیز) و مۆسیقا و مکیاژ ئازا عەبدولڵا.

دیارە ئەوەى سەرەوە کورەتەیەک بوو لەو شانۆیانەى کە لە یانەدا پێشکەشمان کردن، لە ناو لاپەڕە زەرد و کۆن و بێسەروبەرکانى یانە کە تا ئێستا ماون و هەندێکیان لە لاى کاک ئازا عەبدولڵا و هەندێکیان لاى هەندرێن حەمەدەمین و هەندێ شتیش کە لە یادەوەرییەکانى مندا ماون ئەو بابەتەى سەرەوەیان پێ نووسیم، کە هیوادارم بە سوود بێت بۆ ئەو کەسانەى دەیانەوێت شتێک لەسەر شانۆى یانەى رۆشنبیرى شەقڵاوە بزانن.

بێگومان لە کاتى پێشکەشکردنى شانۆیەکان چ ئەوانەى لەگەڵ ڤیستڤاڵەکان بوون و چ ئەوانەى بە جیا بوون، دڵخۆشى و شادییەکى گەورە بوو بۆ هەموو ئەندامانى یانە و ئەو خەڵکەى دەهاتە پێش شانۆیەکان و زۆریشیان تێر پێئەکەنین، بەڵام لەوانەش خۆشتر ئەو ساتانە بوون کە هەموومان لە یانەدا کۆئەبووینەوە و یان بە ئێواران یان بە شەوان پرۆڤەمان ئەکرد.


لەو ماوەیەدا من ماڵم لە دوو شوێنى شەقڵاوە بوو، لە شانۆگەرییەکانى کڕى و هەڕاج دا لە ناو باخچان بووین، هاتووچۆى هەموو برادەران بە پێیان بوو، هەریەکەمان لە شوێنێک ئەهاتین و لەوێ کۆئەبووینەوە، لە شانۆگەرییەکانى دیکەدا لە سەرمەیدان بووم، ئەو تۆزیچک دوورتر بوو، بەڵام دیسانیشەوە بە پێیان بە خۆشییەوە ئەهاتین و ئەچووین، بەتایبەتیش لەو ماوەیەدا من و یوسف مستەفا زیاتر بەیەکەوە ئەچووین و پرۆڤەمان ئەکرد و ئەهاتینەوە.


لە شانۆگەرى کڕیدا دنیا زۆر ساردبوو، بەفر باریبوو و ببووە شەختە، منیش گوایە لە ناو دەریایەک دێمە دەر و ئەبێت لەشم تەڕ بێت.هەڵمەت حەمەدەمین جلێکى نایلۆنى هەبوو دایە من و گووتى لەبن جلەکانى دیکەت لەبەرى بکە تا سەرمات نەبێ، من لە بنەوەى تەختەى شانۆ درێژببووم تا رۆڵم دێت، هەڵمەتیش وردە وردە ئاوى بەسەر و گێلاکم دا ئەکرد و تەڕى ئەکردم؟!


بەڵام بەراستى ئەو ساتانە خۆش بوون، یەکەمجارم بوو بێمە سەر تەختەى شانۆ و لە رووى جەماوەردا تەمسیل بکەم و قسە بکەم و جوڵانەوە و بزاف و دەنگ هەڵبڕین و دەور ببینم، لەبیرمە کە دەستم بەقسە کردن کرد، کەسم لە جەماوەر نەئەدى، چاوم لەسەر کەسیان رانەئەوەستا، تەنیا زۆر کەم نەبێت لە ناو جەماوەرەکەدا (شوانم حەسەنم) بینى، کە دوایى بۆى باس کردم گووتى منداڵێک لە تەنیشتمەوە بوو، گووتى : "بەراستى ئەوە تەڕە؟!" گووتى منیش پێمگووت "نا کوڕە تەڕى چى ئەوە مادەیەکیان لە سەرى دایە خۆ ئاو نیە!" ئەویش گووتى: بەراست ئەوە تەڕ نیە؟! گووتم وسبە لێگەڕێ با تەماشا کەین.

لەدەست نیشانکردنى شانۆکاندا "هەندرێن حەمەدەمین" بە زۆرى دەستى لە هەڵبژاردنیان هەبوو، هەم خۆى حەزى لە شانۆ بوو و هەمیش بەدواى تێکستى چاکدا ئەگەڕا، دواى ئەوەش وایلێهات خۆمان دەست بەنووسینى شانۆ بکەین، ئەسمێلاممان بەیەکەوە نووسى، پیاوێکى رووخاوم نووسى، لە دواییشدا شانۆى (ژینۆ و سەفەرى خۆر)مان نووسى، بەڵام بەداخەوە تێکستى شانۆیەکە بزربوو و نەکرا بە شانۆ، کە یەکێک بوو لە خەونە گەورەکانى من و هەندرێن و لە ئەنجامى مناقەشەى چەندین شەو لەسەر خۆشەویستى و چیرۆکى عەشقەکانمان و رامانمان لە خۆشەویستى دا نووسیبوومان، زۆر شەوان هەر لە ماڵى ئەوان دائەنیشتین و تا درەنگان و بەیانیان خۆمان غەرق ئەکرد لە وشە و شانۆ و دوکەڵى جگەرە و خەون و خوڵیاى سەیر وجوان.
 


(دوو وێنەى جەماوەرى شانۆگەرییەکانى یانەى رۆشنبیرى شەقڵاوە کەتیایدا دیارە هەموو
 تەمەنەکانى تێدابوو و  هەر دوو رەگەزى  نێر و مێ ئامادەى  شانۆگەرییەکان  ئەبوون)
 


سامان عەزیز بەڕێوەبەرى زۆربەى بەرهەمەکانى شانۆگەریەکانى یانەى رۆشنبیرى شەقڵاوە.
 


ئازا عەبدولڵا کە زۆربەى کارە مۆسیقییەکان و تەکنیکییەکانى ئەنجام ئەدان.