په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠١٠

من وەکو تۆ نیم.


حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ


هەردووکمان لە توولە رێگاکانى مرۆڤ بوونماندا ماڵ لەیەک و شەریکین ، من و تۆ پەرچەم و ئاڵامان یەکە، و لەیەک نیشتمان و یەک زێد و یەک خاک و خۆڵدا پەروەردە بووین، وەکو یەک تەپ و تۆز و خۆڵبارانى ئەم وڵاتە هەڵدەمژین و هەناسەى پێدەدەین، وەکو یەک گڕەوگەرما حەشرمان پێدەکات، من و تۆ یەک ئاین و یەک زمان و یەک کەلتوور و یەک مێژووى یەک فەرهەنگى هاوبەشمان هەس، من و تۆ شەرم و ترس و خەوى ناخۆش لە مێشکماندا لە زەینماندا گەرایان خستووە رۆژانە درق دەدەن و دەجوقێن، وەکو یەک نیگەرانى لەباوشمان دەنێت و چاوەڕوانى دەمانخواتەوە، وەکو یەک خەونى وەنەشەى و پرتوقاڵى دەبینین و هیواکانمان تاکو کوێ هەتەر بکات دەڕۆین و هەر ناگەینە هەوارو مەنزڵ، من و تۆ وا خەریکە بە دیار چاوەڕوانییەوە چاو کز و پیر دەبین و گۆچان و گاڵۆک دەکەینە پاپشت و هاوڕێمان، تەنانەت من و تۆ وەکو یەک دەمرین و بەدەست بەتاڵى ماڵئاواى لە ژیان دەکەین.


بەڵام من لە تۆ ناچم تۆ تۆڕە و چەموور من ئارام و لەسەرخۆ، تۆ زاڵم و بێدەربەست من مەزڵوم و بەپەرۆش ، تۆ شەڕانى و بێبەزەى من لیپاولیپم لە دڵ گەورەى و سۆز ، تۆ لە شوشە تاریکەکانى باڵە خانە و ئەپارتمانە بەرزەکانەوە دەڕوانیتە رچە رۆیشتنى مێروولە ئاساى مرۆڤەکانى سەرشەقام من بۆخۆم لە شەقامدا دەڕۆم و مرۆڤەکان گەورە دەبینم ، تۆ شەیداى پوول و پارە منیش ئەوەى بە خەیاڵمدا نەیەت پارەیە ، تۆ بوویتە بە دەستاڕ منیش گەنمە کوتەى بەردەستم ، تۆ ئەنانى و خۆپەرست و لوت بەرز ، تۆ فیز زل و دڵ رەق و لە خۆباى تۆ چاو برسى و بەهەڵپە و چڵێس و نەوسن تۆ ... تۆ ... تۆ....


دەى با لەئەزموونەکانى ژیان فێر بین من و تۆ وەکو یەک بین بۆ جوانیەکانى ژیان بڕوانین ، تێبگەین من و تۆ هیچ نین چونکە دەمرین و دەبینەوە بە خۆڵ رەنگە لە خۆڵبارینێکدا مرۆڤەکانى دواى خۆمان قەڵس و هەناسە سوار بکەین.

 


husin2008@yahoo.com