١٨\١٢\٢٠١٠
مردنى مۆمەکان.

شاخەوان برایم عەبدوڵا
بەدیار سووتانى مۆمێکەوە دانیشتبوو، چەند کتێبێک و هەندێ پەڕەى کاغەزى
نووسراوی لەبەر دەستدابوو، لەگەڵ هەر دێڕێک نووسین، زیاتر هەستى بە
ئازارێکى سەخت دەکردو هەندێجاریش بەسەرسووڕمانەوە لە توانەوەى مۆمەکەى
بەردەمى خۆى دەڕوانى و هەستى بەکۆتایى و دوا ساتە کورتەکانى ژیان دەکرد.
پێنووسەکەى خستە نێو پەنجەکانیەوەو نایە سەر ئەو نیوە دێڕە نووسینەى کە
پێشتر نەیتوانى بوو تەواوى بکات. ویستى نووسینەکانى تەواو بکات، بەڵام
دیسانەوە بۆى تەواو نەکراو کەوتەوە نێو دەریاى سەرسووڕمانەوە.
دەستەکانى لەرزە گرتبوونى و هێدى هێدى سەمایان دەکرد. تەماشایەکى
مۆمەکەى کردەوە، رووەو تەواوبوون و خامۆشى دەڕۆیشت. چاوەکانى لە ئاست
مۆمەکە مۆڵەق وەستان، تابەتەواوى کوژایەوە، ژوورەکەى بوو
بەتاریکستانێکى بەسام و ڕووخسارى هیچ لە شتەکانى ئەو ژوورەى نەدەهاتە
بەرچاو، دەستى بۆ شقارتەکە بردو دەنکێک شقارتەى داگیرساندو مۆمێکى
دیکەى ئاگردا، لە پاشماوەى مۆمە مردووەکە وردبۆوە، زۆر هەوڵى ئەوەیدا
کە بۆ جارێکى تریش دایگیرسێنێتەوە، بەڵام نەیتوانى مۆمەکە
داگیرسێنێتەوە!
هەندێ بەدیار مۆمەکەوە بیری کردەوە:
تازە ئەو مۆمە مردووە، ئیدى چۆن جارێکى دیکە زیندوو دەبێتەوەو ڕووناکى
بە ژیان دەبەخشێت؟! هەر شتێک بوونى هەبێت، ئیدى ڕۆژگارێک دێت بوونى
نامێنێت و کۆتایى بە هەموو جووڵەو بیرکردنەوەو کارەکانى دێت! بەڵام ئەو
شتەى کە لە دواى مردنییەوە جێدەمێنێت، کۆمەڵێک یادگارى تاڵ و شیرینن بۆ
دەوروبەرەکەى جێدەهێڵێت! لەگەڵ تێپەڕبوونى ڕەوتى ژیان، ئیدى
یادگارییەکانیش دەسڕێنەوەو بۆ دوایین جار کۆتاییان دێت!
تەماشایەکى میلى کاتژمێرەکەى کرد، کات بە هێواشى بەرەو بەیانى دەڕۆیشت،
پەردەى پەنجەرەى ژوورەکەى هەڵدایەوە، دونیا کازیوە بوو، مۆمەکە هێشتا
دەسووتاو بەرەوى لوتکەى پووچى دەڕۆیشت.
تیشکى زیوینى خۆر، بەهێواشى لە پەنجەرەکەوە خۆى خزاندە ژوورەکەوە،
مۆمەکە تەواو خامۆش ببوو، هەر بە ئارەزوو ویستى ئەویش داگیرسێنێتەوە،
بەڵام دیسانەوە نەیتوانى کە مۆمى دووەمیش داگیرسێنێتەوە! بۆ ماوەیەک
هەستى لە دەوروبەرى خۆى ڕاگرت و بە قووڵى بیرى کردەوە، دواتریش
دڵنیابوو لەوەى کە هەر شتێک لە شتەکان کاتێک دەگاتە جیهانى مردنەوە ،
ئیدى جارێکى دیکە زیندوو نابێتەوەو بەردەوام بەرەو بچووکبوونەوەو
نەمانى یەکجارى دەچێت! ئەمەش ڕەوتى ئاسایی سروشتەو هیچ شتێک ناتوانێت
بەر بەم ڕەوتە بگرێت کە هەر لە خۆیەوە هاتۆتە بوون.
پێنووسەکەى هێشتا بەدەستەوە بوو، دیسانەوە ویستى دێڕە نووسینەکە تەواو
بکات، بەڵام بۆى نەنووسرا، چونکە هێندە پیرو شەکەت ببووبوو کە بەهۆی
نووسینەوە ماندوو دەبوو، تواناى نووسینى وەکو جاران نەمابوو.
کەوتبووە نێو دەریایەکى قووڵى بیرکردنەوە لە مردن و تەمەنى بەسەرچووى
خۆی، تادەهات هەستى دەکرد کە بەرەو بێ هۆشى دەچوو، دواتر لەنێو
ئەندێشەو بیرکردنەوە لە مردن خەوى لێکەوت. کەوتە نێو خەوێکى قووڵەوە،
خەونى بەسەدان شتى بێ سەروبەرەوە بینى، دواتر خەونى بەمردنى خۆشیەوە
بینى، لەو خەونەیدا لەسەر تاتەشۆرێک درێژیان کردبوو و چەند کەسێکى
خەمبار دەیانشۆرد، دواتریش لە پەڕۆیەکى سپییان پێچایەوەو ئیدى بەرەو
گۆڕستانیان برد.
خەڵکانێکى تاڕادەیەک زۆر بە دیارییەوە تێکقژقژابوون، هێندەى نەبرد
خستیانە نێو گۆڕێک لەو گۆڕانەى کە هەمیشە بیرى لێدەکردەوە، پاشان هەرچى
خۆڵ و بەردى هەڵکەندراوى چاڵەکە هەبوون، هەموویان بەسەر لاشەکەیدا
کەڵەکەکرد، تەواوى خەڵکەکەى دەوروبەرى لێى نزیکبوونەوەو گوێیان بۆ ئەو
کەسەى کە هەمیشە قسەکانی بەهیچ نەدەزانى و پێى وابوو کە لە نێو دەریاى
خورافاتدا غەڵقبووە، ڕاگرت، زۆرى گوت، هەمان ئەو قسانەى پێشووى گوتەوە.
بەڵام ئەو بێ ئاگابوو لەو قسانەى کە لەسەر گۆڕەکەى کردى، دواتر تەواوى
خەڵکەکە گەڕانەوە بۆ ماڵ و سەر ئیشوکارى ئاسایی خۆیان، ئەویشیان لە لاى
مردووەکانى ئەوێندەر بەجێهێشت. نەبەهەشتى بینى و نەپەریەکانیش نایانە
باوەشى پڕ لە چێژى خۆیانەوەو نە ئاگرى دۆزەخى بینى و نە ئازارەکانى
خوداوەندیش! بەڵکو هەستى بەهیچ نەدەکرد، وەکو ئەوە وابوو کە هەر
نەبووبێت!
کاتێک هاتەوە هۆشخۆى، ئیدى ژوورەکەى تەواو ڕووناکببۆوە، پێنووسەکەى
بەدەستەوە نەمابوو، کەوتبووە سەر کاغەزەکانەوە، مۆمەکانیش هەر
بەمردوویى مابوونەوە، هەندێ هەستى لەخۆى ڕاگرت و بە قووڵى بیرى کردەوە:
ئاى کە خەونێکى خۆشم بینى، لە خەونمدا مردبووم، خۆ ئەوانەى تائێستا
باسى مردنیان بۆ کردوومە چەند بەشتێکى ترسناک و بەسامیان باس کردووە،
دڵم خۆشە کەوادەرنەچوو، ئەوان هەڵەبوون، نەبەهەشتم بینى و نەدۆزەخیش،
ئەو دۆزەخەى کە هەموو تەمەنى مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوەو ناهێڵێت مرۆڤ چێژ
لە خۆشییە سروشتییەکانى ژیان ببینێت و ئارام بژیەت!
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|