١٩\٨\٢٠١٦
مرۆڤ بێ نرخترین
بوونەوەرە لە (هەرێمی
بەتەمایخوا)دا؟!

شەماڵ عادل سەلیم
لە
هەرێمی بەتەمای خودا دا، هەموو شتێک نرخ و رێزو بەهایەی خۆی
هەیە تەنها مرۆڤ نەبێ ، کە بێ نرخترین سه رمایه و سامانە.
لەسایەی سەربەخۆیی و سێبەری حکومەتی کوردیدا ،ئەوە مرۆڤە برسی دەکرێت ،
ئەشکەنجە دەدرێت ، مافە سەرەتاییەکانی لێ زەوت دەکرێت ، کاردەکات و
مووچەی پێ نادرێت ، ناڕەزایش دەڕببرێت ،دەڕفێندرێت و بەدڕندەترین شیوە
ئەشکەنجە و تیرۆر دەکرێت ، لەوش سەیرو سەمەرەتر ئەوەیە ،جەللادەکان ٢٥
ساڵە دەست و پێی و دەمیان بەستوون و پێشیان دەڵێن : دە قسە بکەن ، ئەی
ئەوە نییە ئێوە ئازادن؟!
دەبێ ئەوەش بڵێم کە لەهەرێمی بەتەمای خودادا ،ئەوەی مرۆڤی بێ نرخ
کردووە حزب و حزب حزبانێیە ، حزبیش گوێ ڕایەڵی کەسی یەکەمە کە بەمیرات
کورسی و پلەو پاییەی پۆستی بۆ ماوەتەوە ،هەر بۆیە شەری مان ونەمان
دەکات بۆ پاراستنی دەسکەوتە چەورەکان کە ملکی گەلە و بە زۆری لێی زەوت
کردووە ، بۆ ئەم زەوتکردن و داپلۆسین و بێ نرخکردنی بەهای مرۆڤەکانیش ،
حزبەکان ، حەشاماتێک جەللادیان پەروەردەکردووە بۆ بەردەوام بوونی
خۆییان و پاراستنی بەرژەوەندییە حزبییەکانیان.
٢٥ ساڵە لە هەرێمی بەتەمای خودا و لەژێر سێبەری حکومەتێکی( ڕەشیدی )
کوردی خۆماڵی ، خۆکردی ، کە پێکهاتوە لە چەند حزبیکی( ناڕەشید)، نەک
تەنها بازرگانی بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان دەکەن ، بەلکو خاکی
نیشتیمانیشیان هەراج کردوەو لەقسانیش گوایە بۆ سەربەخۆیی و جاڕدانی
دەولەتی کوردی خەبات دەکەن !!
٢٥ ساڵە لەوهەرێمە بێ ناز و بێ ساحێبە دا ،حزب درۆدەکات ،بەدرۆ
هەوڵدەدات بۆ جیهان بیسەلمینێت کە ئەوە حزبە هەڵبژێردراوی ڕاستەقینەی
گەلەو ،گەلیش حزبی دەوێت و حزبیش سەرۆکی فەرماندەی دەوێت (خودا
بیپارێزێ).
٢٥ ساڵە حزب رۆڵەی ئەم هەرێمە بێ نازەی کردۆتە قوربانی
بەرژەوەندییەکانی خۆی ، شەڕیان پێ دەکات ، بەکوشتنیان دەدات ، برسیان
دەکات ، دەیانچەوسێنێتەوە ، هەر کە گوێشی لە دەنگی نارەزییەکانیان بێت
ئەوا بەبێ دواکەوتن بەدڕندەترین شێوە خەفەیان دەکات و پرسەشیان بۆ
دادەنێت و بۆشیان دەگرێی!
ئای چەندە بەبەزەیی و میهرەبانە ئەم ئەکتەرەی ناوی حکومەتی هەرێمی
بەتەمای خودایە ، ئای چەندە دلسۆزە ئەو حکومەتەی هەرێمی بەتەمای خودا ،
لەوەتەی زانیویەتی (ویداد)*ی
جوانە مەرگ تیرۆرکراوە ، ریشی هێشتیتەوەو یەخەوبەرۆکی دڕاندووەو بە پێ
خواسی و پەلەپەل قۆڵی لێ هەڵماڵیوەو کۆڵان بەکۆڵان ، جادە بەجادە ،
لەدوای بکوژی (ویداد دهوکی) جوانەمەرگ دەگەرێت و بەلێنیشی داوە هەتا
بکوژەکەی وە ک بکوژی هاوڕێکانی ( سەردەشت عوسمان و سۆران مامە حەمەو
کاوە گەرمیانی و عەبدولسەتار تاهیر شەریف ) نەدۆزێتەوەو بەسزای خۆیان
نەگەیەنرێن ، ئۆقرە ناگرێت و ناحەسێتەوەو ناخەوێ!
ئێ لۆ تێناگەن و بێدەنگ نابن ، نازانن حکومەت تازیەبارەو گەنجێکی
خێرلەخۆنەدیوی بوێرو بەئەمک و دلسۆزو نیشتیمان پەروەری لەدەست داوە؟!
___________________________
*
کات ژمێر ١٠ بەیانی رۆژی ١٣/٨ لەگەڕەکی ماڵتەی شاری دهۆک
پەیامنێری ئاژانسی رۆژ نیوز (ویدات حسێن عەلی )ناسراو بە (ویدات
دهوکی)لەلایەن جەللادەکانی قەلەم ڕفێندرا و لە هەمان رۆژ بەبرینداری
لەسەر رێگای گشتی ( هۆک سێمێل) فرێدار ، تا گەیاندرا نەخۆشخانەی شاری
دهۆک گیانی پیرۆزی لەدەست دا و گەیشتە کاروانی سەربەرزی هاوڕێیانی (سەردەشت
و سۆران و کاوەی نازدار).
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|