٧\٥\٢٠١٣
مرۆڤبـوون.

یوسف خەلیل
مرۆڤ.. هێندە بونەوەرێکی سەرسەختە.. کە ئامادەیە رووبەرووی گەورەترین
زل هێزی گەردوون ببێتەوە.. بەس بەچۆکا نەیەت! زۆر جار بەهەڵەشدا دەچێ
بەڵام لەپێناو مانەوەیدا گیانی خۆی دەبەخشێ بەڵام ئامادە نیە بڵێ
هەڵەم! ئایا ئەم کاردانەوەیە مرۆییە یا پێچەوانەکەیەتی و کە تەنها هێزە
هەموو هەستەوەرەکانی قۆرخ کردووە؟!
هێز وزەیەکی خراپ نیە بەڵام نەزانینی بەکارهێنانی بەخراپ دەشکێتەوە!
چونکە تەنها بۆ خۆپاراستن و بەرگریکردنە لە شوناسی مرۆڤبون نەک لە
ئاژەڵبوون! بەڵام نەبوونی هۆش.. هێز بەرەو ئەو ئاقارە دەبات.. واتە
ئەوەی تا ئێستا هێزی بەو ئاقارە بردووە هۆش نەبووە بەڵکو گێلی بووە!
بەڵام کاتێک ئەم بوونەوەرە مەزنە بەچۆکا دێت بێگومانبن خاڵی لاوازی
داوە بەدەستەوە.. ئێدی هەر کەم و کورتیەک بێت.. گرنگ ئەوەیە توانیویەتی
ئەو بونەوەرە سەرسەختە ببەزێنێ! واتە زۆر کاریگەر نەبێت هەرگیز ئامادە
نیە بەچۆکا بێت، ئەگەر تەنیا (دوای لێبوردنیش بێت) کە ئەو پەڕی مرۆ
ڤبونی تێدا بەرجەستە دەبێت..!
کێشەکە لەوەدایە ئەم مرۆڤە سەر سەختە تەنها خۆی نیە بەڵکو بیئەکەش
هاوتایە لەگەڵیدا.. واتە هەر لە بوونەوە و لە سەرەتای دروستبونی
ئادەمیزادەوە (پیاو + سروشت + کەلتور + دین) لە هێزدا خۆیان
بینیوەتەوە.. خۆ ژنیش هەمان بونەوەرە خاوەنی هەمان سەرسەختیە بەڵام
نەیتوانیوە لەگەڵ نێردا هاوتا بێت ، چونکە ژن تەنها سۆز زاڵە
بەسەریدا.. پیاویش تەنها هێز زاڵە بەسەریدا.. (سۆز و هێز واتە نەرم و
رەق) ئەی چیبکات تا پێی بگاتەوە و بەهاوتایی بمێنێتەوە ؟ بۆیە مێینەیی
خۆی پێ دەبەخشێت!! ئەمەش دەبێتە خاڵی لاوازی نێر و بەئاسانی لە خشتە
دەبرێت بەمەش ژن هاوتا بوونی خۆی بەدەست دێنێت و پێکەوە جیهان دەگرنە
دەست و ئایندە دیاری دەکەن..
ئەم بێنە و بەردەیەم بۆیە هێنایەوە تا لە سروشتی مرۆڤ بگەین کە چەندە
سەرسەختە و ئامادە نیە بۆ هیچ بەربەستێک بەچۆکدا بێت ؟!
کاتێک نەخۆشی یا کەم ئەندامی یەخەت پێدەگرێت ، زۆر جار بەدەستی خۆت نیە
، چاوت کردۆتەوە وابوویت .. یا بەهۆی پەیدا کردنی بژێوی ژیانەوە وای
لێبەسەرهاتووە ، لەم ئامارەدا رێژەیەکی کەم بەهەڵە بەکارهێنان.. تووشی
لە دەست دانی ئەندامێکی جەستە بووەتەوە.. هەندێ لەم نەخۆشییانە
ئاسایین و رۆژانە رووبەروومان دەبنەوە و بەئاسانی لەناویان دەبەین ..
بەڵام (نەخۆشی درێژخایەن + کەمئەندامی) هەمیشەین و بەردەوام شەڕت لەگەڵ
دەکەن تا لەناوت دەبەن!!
پێویستە هەموومان ئەوە بزانین ئەو مرۆڤە نەخۆشانە هەر تەواوکەری ئەو
مرۆڤە سەرسەختانەن کە بە درێژایی مێژوو جیهانیان خستۆتە ژێر ڕکێفەوە!
ئێستا کە گیرۆدەی ئەو نەخۆشیانە بوونەتەوە، ئەرکی ئەوانی دیکەیە
دەستیان بگرن تا هەستنەوە.. خۆ مەرجیش نیە ئەم دەست گرتنە هەڵیان
سێنێتەوە و ئەندامی جەستە یا چارەسەری نەخۆشیەکەیان بکات، بەڵام
هەستکردنیان بەمرۆڤبونیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە.. دڵخۆش دەبن بەوەی هاو
ڕەگەزەکانیان هەستیان پێدەکەن و بۆ خەمەکانیان نیگەرانن!! هەر ئەمەشە..
مرۆڤبـــون بۆ هەمیشە گیانێکی دیکە بەخۆی دەبەخشێتەوە..
خۆشەویستی دەکاتە پەیامی ژیانی و لێرەوە هەنگاو بەرەو سبەینێ دەنێت کە
زۆر جیاواز تر بێت لەمرۆ...
Yousif_kazh@yahoo.com
|