په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠٢٢

مرۆڤ جارێک دەژیێ!


ئەرسەلان مەحمود    


بەردی بناغەی ژیانێکی باشتر، خۆ باشتر کردنە، هەمووان دەخوازن ژیانێکی باشتریان هەبێت، بەڵام کەس نایەوێت خۆی باشتر بکات، ئـەو ڕێگەو پاڵنەرانەی مرۆڤ دەگەیەننە کەنارو ناوچەی ژیانێکی باشتر، زۆرن، تەنانەت لەژماردن نایەن، کــەچی زۆرینەی ڕەهـا یەک ڕێگــەیان هــەیەو بەیەک ڕێگەدا دەیانەوێت بگەن، ژیانێکی بـــاشتر تاقیکردنەوەی نــوێ و ئەزمونکردنێکی باشتری دەوێت، نەک کوتانەوەی کەرەستە کۆنەکان.

باشتر بوون، با گۆڕکێ و خۆگۆڕکێ نییە لەڕواڵەتدا، دۆزینەوەی لاوازیەکانیش نییە لەوانی تردا، گـەڕانە، کـنەو پشکنینە لەخۆتدا، ئەوەی لەوانی تردا دەست دەکەوێ، زۆر کەمخوێنە، ساتییە، هیچ نییە لـەدوور مەودادا، گەوهەرەکە خــۆتیت لەخۆدایەو بـرۆ بیدۆزەرەوە لەخۆدا، بڕۆ هـەڵوەستەو هەڵوێستەکـانت بگۆڕە، ئیرادەو هێزو بــوێــری دیاریکردنی لاوازییەکانت لەخۆدا بیناو بونیاد بنێرەوە، مرۆڤی چاپوک لەسەر کەوڵی ئەوانیتر ناخەوێ نالەوەڕێ!!

ئەم وزەو تەرکیزە زۆرەت لەسەر ئەوانیتر، تــاکــەی بەفیڕۆ ئەدەی، بڕۆ خەیاڵت لەخۆدا کۆبکەرەوە، پێش ئەوەی واقیـع بسەپێنێتە سەرت و بتشێوێینێت لەخۆدا، بڕۆ بگۆڕە لەخۆدا، هیچ کەسێک نـاتوانێ بـەتـەنهـا گـەورە بێت، بەڵام هەمووان دەبێ باشتربن لەخۆدا، ئەوەی ونە خۆتیت لەخۆدا، بردنەوەکانمان لەیەکتر دۆڕاندنە، پێکەنینەکانمان بەکەوتنەکانی یەکتر شەرمەزارییە، گەمارۆدانی یەکتر نا ئەخلاقییە، شەڕ بکە بۆ باشتر کردنی خۆت.

باشترین سەرەتا، وازهێنانە لەقسە، جێبەجێکردنە، دورکەوتنەوەیە لەوتی وتی، خۆخەریک کردنە بەخۆت، زانین بەس نییە، دەبێ جێبەجێ بکـەین، خۆزگە نابێ بەهیچ ئەگەر بەکردەیی نەکەین، لەبری فێڵەکانمان دەبێ خەونەکانمان خۆشبوێت، دەبێ لەپێناو هێنانە دی خەونەکـانمان تێبکۆشین، بۆ خەونەکانمان بژین نەک بۆ ترسەکان، هیـــچ ترسێک نییە لـەبەردەم جێبەجێکردندا خۆی بکا بەمۆتەکە، با دەست لــەوەهمەکان هەڵگرین، ڕێگەکان پڕن لەکەوتن بەڵام نەسەرکەوتن کۆتاییەو نەشکست کوشندەیە، کاتێک خۆت هەی.
نوێریترین کردارێک بتەوێ بیکەیت ئەوەیە، هێشتا بەدەنگێکی بەرز بیر لەخۆت بکەیتەوە، سبەی کاتێک دەبێت بەهی تۆ ئەمڕۆی بۆ ئامادە بکەیت، پرسیار مەکە ئەوانی تر دەتوانن چیت بۆ بکەن، خۆت بخەرە ژێر پرسیارەوە دەتوانی بەچیبگەی، دڕندەکان ڕاستەقینەن، تارماییەکان هەن بەڵام ترسانکترین سات لەبەردەم تۆدا ئەمانە نین، پێش دەستپێکردنە، دەستپێبکە، مرۆڤ جارێک دەژییەت، بەڵام ئەگەر لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ بێت بەسیەتی.

نازانم بۆچی دەبێ دەست بخەینە ناو ژیان و تایبەتمەندی یەکترەوە بۆچی دەبێ خراپ کەڵک لەپەیوەندییەکانمان وەرگرین، ئـەم چاوچنۆکی و ئیرەییە زۆرە چییە بەرامبەر بەیەکتر هەمانە، هەمووان بـەنیازی ئەوەی بگەنە پرۆسەی تەواکاری بەدوای ئەوانیتردا دەگەڕێن، هیچ کەسێک نییە بەدوای خۆیدا بگەڕێ و خۆی هاوسەنگ بکات لەخۆیدا، هــێزی فـــــرە ناکۆک چۆن لەدڵێکدا جێگەیان دەبێتەوە، خۆشەویستی چــۆ دەتوانێت لەدڵێکدا نیشتەجێ بێت ڕقی تێدایە، ناتوانم هیچ لەم دەبڵ مۆڕاڵییە تێبگەم!!

بیر لەوە دەکەمەوە، ئیدی منیش دەست بەڕاهێنانی مێشک بکەم!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک