٢\١٢\٢٠٢٣
مرۆڤەکان هەموویان
ئازادییخوازن!؟

دارا خونچە
هەر کەسەک دەدوێنی خۆی لە هەموو کەسەکانی دیکە پێ ئازادییخوازترە! ئەدی
کەواتە لەبەرچی تا ئێستا هەموومان بە هۆی کەمیی ئازادییەوە دەناڵێنین؟!
ئایە لەبەرئەوەیە کە ئەوانەی خۆیان بە ئازادییخواز دەزانن تەنیا بە ناو
ئازادییخوازن؟ یان هەلپەرست و درۆزنن؟ یان ئازادیی هەر لە بنچینەدا
خەون و خولیا و ئەندیشەیەکی دوور لە کەتواری ژیانی تاک و کۆمەڵی مرۆڤە
و هەرگیز ناشێ و ناکرێ وەدەستبێ؟
با واز لە راستبوون یان هەڵەبوونی ئەو تێڕوانینە بینین و لە پشت سەری
خۆمانی دابنێین کە پێیوایە ''ئازادیی پەیوەستە بە هەبوونی یەکسانیی..
واتە تا کۆمەڵی یەکسان دانەمەزرێ هەرگیز ئازادیی بە واتایە قووڵ و
پوختەکەی وەدەستنایێ و ئەو بڕە ئازادییەشی لێرە و لەوێ بە رێژەی
جوداجودا وەدەستدێن یان پارێزراو نین یان ئەوەتە تەنێ کەمینەیەکی زۆر
کەمی کۆمەڵ سوودیان لێدەبینن''.
ئەگەر بە شێوەیەکی بێ لایەنانە تەماشایەکی سیستەمی گشتیی جیهان بکەین و
لێی هووردببینەوە ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە کە دەبینین یەک سیستەمی
زۆر ناتەبا و ناکۆک بەیەکە چونکە لەسەر بنچینەی جوایەزیی چینایەتی و
بەرژەوەندییە ئابوورییە جۆراوجۆرەکان چێبووە.. ئەوەش سەرئەنجام هزر و
فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیای جوداجودای لێ بەرهەم دێ و خۆبەخۆ کۆمەڵە
روانگەیەکی ناکۆک و دژەیەک لەسەر هەر دیاردە و مژارەک چێدەکا.. ئیدی
پرسی ''ئازادیی''ش وەک سەرجەم پرسەکانی دیکە یەک پێناسەی نابی بەڵکە بە
پێی روانگە جۆراوجۆرەکانی ئەو دابەشبوونە چینایەتی و کۆمەڵایەتی و
رەوشتییانەی نێو سیستەمەکە بە شێوەی جۆراوجۆر پێناسە دەکرێ.. هەڵبەتە
هەبوونی ئەو روانگە جوایەزانەش بە لەبەرچاوگرتنی قۆناغ و لایەنە
کەتوارییەکانی ژیان زۆر بابەتییانە و سروشتییە، کەواتە ئەو دیاردەیەی
کە هەموو خەڵک خۆیان پێ ئازادییخوازە زۆر راستە و هەر تەنیا بە ناو
نییە بەڵکە بە کردەوەش ئازادییخوازن.. جا لەبەرئەوەی هەر کەسەو لە
پێناو ئازادییەکانی خۆی تێدەکۆشی بە هیچ شێوەیەک لەو رووەوە هەلپەرست و
درۆزن نین.. هەر بەو پێیەش ئازادیی خەون و خولیا و ئەندیشە نییە بەڵکە
زۆر بە رۆشنیی ئامانجی تاک بە تاکی هەموو خەڵکە!
لێ لە راستییدا ئەو ئازادییخوازییە رەگاوڕەنگ و هەمەجۆرەی خەڵک (کە
هومێدەوارم بتوانم بەو نموونەگەلەی خوارێ بەرجەستەی بکەم و ئامانجەکە
بپێکم) بەو شێوەیە:
● بڕوای بە گونجاویی و باشیی بازاڕی ئازادی سیستەمی سەرمایەداریی و
شێوازە لیبرالیزمە نوێیەکەی هەیە، واتە ئازادییخوازییەکەی ئەوەیە کە
خۆی و کەمینەیەکی کەمی کۆمەڵ ئازاد بن لەوەی لە رێی هێندەک سەرمایەی
دزراو یان داگیرکراو قازانجی بەرهەمی کار و ئەرکی وزەپڕووکێنی زۆرینەی
زۆری کۆمەڵ قۆرخ بکەن و خۆشیان تەنیا هێندەک کاری سووک و سادەی
بەڕێوەبردن و کارگێڕیی لە ئەستۆ بگرن!
● دەیەوێ بە پێی سەردەم ئازاد بی لە بەهرەمەندبوون لە مافە نەتەوەیی و
نیشتیمانییەکانی میللەتەکەی خۆی، واتە ئازادییخوازییەکەی تەنیا ئەوەیە
کە میللەتەکەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبردن و سەربەخۆیی خۆی هەبی.. لێ زۆر
ئاساییە بە ناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی ئازاد بی
لەوەی ماف و ئازادییەکانی میللەتانی دیکە پێشێل بکا و چەندەی لە
توانایدا هەبی داگیریشیان بکا تەنانەت ئەگەر زەبروزەنگ و خوێنڕشتنیشی
پێویست بی!
● زۆربەی پیاوان و ژنان لە ناخەوە پێیان خۆشە و پێیان باشە - هێندەکیان
بە قسەش دەریدەبڕن و نایشارنەوە - ژنان بە گشتیی لە نێو کۆمەڵ ئازاد بن
لەوەی کە بتوانن وەک پیاوان هەموو کارەک بکەن و هیچ جوایەزییەک لە
نیوان نێر و مێ نەمینێ.. هەروا هەموو ژنان و هاوڕەگەزخوازان - نێر و
نێر یان مێ و مێ - تا ئەوپەڕی ئازاد بن لە پەیوەندییە خۆشەویستییەکان و
لە سەرەوەی هەمووانیش ''گانکردن''، لێ ئازادییخوازییەکەی زۆرینەیان بەو
جۆرەیە کە زۆرترین قازانج لە کاری ژنانیش بکەن بە شێوە چەوسێنەرەکەی..
هەروا پتر لەدوو ئارەزووە خۆشەویستیی و سۆزدارییە خودپەرستییەکانی
خۆیان بن و کەمتر مافەکانی ئەویدیکە و کۆمەڵ بە گشتیی لەبەرچاو بگرن!
● پەیڕەوکارانی زۆربەی زۆری ئاراستە فەلسەفیی و ئایدیۆلۆژیاییەکان بە
تایبەتییش دینییەکانیان دەیانەوێ تا رادەی رەهایی زۆر ئازادانە هزری
خۆیان دەرببڕن و بیخەنە واری جێبەجێکردنیشەوە بە بێ ئەوەی هیچ کەس و
لایەنەک رێیان لێبگرن.. کەچی هێندەی لە توانایاندا هەبی
بەرانبەرەکانیان سەرکوت دەکەن تەنانەت ئەگەر دەرفەتیان هەبی زۆر بە
توندوتیژیی تا رادەی ئەنجامدانی شەڕ و کارەساتی گەورە گەورەش دژیان
دەوستنەوە و لەنێویاندەبەن!
● ''تاکگەرایی'' وەک دیارترین ئاکاری لیبرالیزمی نوێ و جیهانگیریی
خودپەرستییە سروشتییەکەی مرۆڤی تۆختر کردۆتەوە.. بە جۆرەک کە لە
سەردەمی ئێستادا سەرجەم مرۆڤەکانی لە هەموو چین و توێژەکان بە
تاکپەرستیی و تاکڕەویی داغان و ئاڵوودە کردیە، واتە تێکڕای
ئازادییەکانیان لەوە دەبیننەوە کە دەبی هەر تشتەک لە بەرژەوندییە هزریی
و مادییە خودپەرستییەکانی تاکی ئەواندا بی تەنانەت ئەگەر زیان بە
ئەوانیدکەش بگەیەنی ئەگینا بەرپەرچی دەدەنەوە و دژایەتیی دەکەن.. واتە
ماف و ئازادییەکانی ئەویدی و کۆمەڵ ئاو بیانبا ئەوان تەقەی سەریان دێ!
لە نێوان ئەو نموونانەی سەرێ و چەندین نموونەی دیکەی لەو چەشنە - کە نە
پێویست دەکا نە دەشێ هەموویان لێرە بخەینەڕوو - نموونەیەکی دیکە هەیە؛
ئازادییخوازانەکی دیکە هەن لەبەرئەوەی بڕوایان بە یەکسانییخوازیی هەیە
ئازادیی خۆیان لەوە دەبیننەوە هەمووان وەک یەک ئازاد بن، هەرچەندە
ئەوانەش ئەو ئازادییەی خۆیان پێ دروستترین و باشترینە بەڵام هەرگیز
خولیای داسەپاندنی ئەو ئازادییەی خۆیانیان لە مەژییدا نییە و نایانەوێ
رێ لە ئازادییەکانی ئەوانیدیکە بگرن ئەگەر دژ بە شارستانیەت و پێشکەوتن
و ژیان و گوزەرانی باشتر و باشتری کۆمەڵ نەبن.
سەرئەنجام.. لە نێو ئەو کۆمەڵەی ئێستادا کە جلەوی بەڕێوەبردنی لە دەستی
سەرمایەداران دایە راستییەکە ئەوەیە؛ هەموو مرۆڤەکان ئازادییخوازن، لێ
زۆرینەی هەرە زۆریان تەنیا ئازادییەکانی خۆیان لە کن گرنگە و لە
پێناویدا تێدەکۆشن هاوکاتیش ئازادییەکانی ئەواندیکەی بەرانبەریان
سەرکوت دەکەن، کەمینەیەکی زۆر کەمیشیان هەیە خوازیاری ئازادیی وەک یەکی
هەموو مرۆڤەکانن بە یەکسانیی، کەواتە ئازادیی بە شێوەیەکی گشتیی لە
قەیران دایە، لێ لەبەرئەوەی بارودۆخە خودیی و بابەتییەکانی سروشتی
بوونی مرۆڤ لەبارن لۆ گۆڕان و وەرگۆڕان و هەمیشە ژیان لە رێی پێشکەوتنی
زانست و تەکنەلۆژیا و زانستە کۆمەڵایەتیی و مرۆییەکان لە گەشانەوە و
پێشکەوتن دایە و بەرەو دوایێ ناگەڕێتەوە.. ئەوانەی دووەم هووردە هووردە
جێی خۆیان لە نێو زۆرینەی کۆمەڵ دەکەنەوە و ئامانجەکان یەک لەدوو یەک
وەدەستدەینن تا دەگەنە ئەو قۆناغەی کە مرۆڤ پێویستی بە ململانێ لەگەڵ
مرۆڤ نامینێ و ململانێی نێوان مرۆڤ و سروشت بە چڕیی دەستپێدەکا.. ئیدی
ژیان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێشدەکەوی و کەمترین ئاسوودەییەکانی مرۆڤ
ئەوە دەبی کە تێر تێر بەو قۆناغە راگوزەرەی ئێستا پێبکەنن کە ململانێی
مرۆڤ تێیدا لەگەڵ مرۆڤە و ماف و ئازادییەکانی یەکدی پێشێل دەکەن و
یەکدی دەچەوسێننەوە!
____________________________________________
سەرنج: لە نووسینی
ئەو بابەتەدا تەنیا سوودم لە نێوەرۆکی چەمک و تێگەیشتنەکانی ئەو
خەرمانە گەورە فەرهەنگییەی ئەو نووسینانە وەرگرتیە کە بە شێوە و شێوازی
جۆراوجۆر شڕۆڤەی دەستەواژەی ''ئازادیی'' دەکەن نەک وەرگرتن و
گواستنەوەی راستەوخۆی وتەکانی نێو دەقەکان وەک ئەوەی ئەکادیمیای
رەزاقورس و وەڕسکەر لە رێی ئامادەکردن و وەڕگێڕان دەیکا کە ناتوانی هیچ
تشتەکی نوێ یان جودا بە خوێنەر بگەیەنی یان هێندەک پرسیاری لە لا
بورژێنی یان بە لایەنی کەم هانیبدا ئەو خاڵانەی بابەتەکە پەیدۆز بکا کە
هاوڕا نییە لەگەڵیان تا خەریکی ساغکردنەوە و بەرجەستەکردنی
تێڕوانینەکانی خۆی بی.
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|