٢\١٢\٢٠١٦
مرۆڤێک لە بیری دەچێ بژی.

نەژاد عەزیز
سورمێ
''من لە نوری خۆمدا دەژیم،
ئەو پڕشنگانە دەنۆشم لێم دەبنەوە ..''.
(نیتچە)
١
زەردەخەنەی ساڵانەم
بە ھەور ھەڵواسی ..
ھەوارم ،
لەناوکی گوڵە مێلاقە دایە
لە گریانی ئەو زەردەخەنەیە دەخواتەوە
لەچاوی بارانیی ئەودا
دەڕوانێتە پێدەشت...
٢
تەمەن وێنەی ھێڵێکە ،
لە شووشەی شکاوی شەراب ھەڵبەستراوە ..
چ دەبێ ئەگەر بڕیار بدەین ،
لە ئاوی پێخوستی دڵە شکاوەکان بخوێنەوە؟
٣
سەرم بە سێبەری
پیاوە بێ سێبەرەکە کردبوو ..
پەنجەم بە ئاگر لە گۆ چوو بوون
ئەوە ، ئەو ڕۆژە
خونکاری ژیانی لێ دەتکێ ..
٤
لەمڕۆوە چاوەڕێی خۆرھەڵاتن ناکەم
لەمڕۆوە بەپێی پەتی ،
بەناو خوناوی مێرگ و کوێستانان ڕادەکەم ..
ئەوەتا شوان لە بناریدا ڕەش دەچنەوە
تەم ڕادەدەن ..
٥
ئەو ماھە چ سانتایێکی پێوە ماوە ؟
شکۆی تابانی ،
لە خوێنی مەییو دەچێ..؟
کارگەی ژاکان ..
ئەو ماھە سوێند دەخۆی کاغەزی قومارە
بە دەست قوماربازێکی شڵەژاوی دۆڕاوەوە ..
٦
شەختە گیانی بەشارەوە نەھێشتووە
ڕێ ئەستەمە
تا ئێستا نازانین
لەو دیو ئاستانە
چ دەبێ، چ دەگوزەرێ ..
٧
ئەوە چ کارێکە
بەیانییان
لەگەڵ کازیوە ھەستی
دەفتەری ئاگر
بۆ پاسەوانی کوێر بنووسییەوە ؟
٨
ئێستا مۆسیقا لە ڕەشەباوە دێ
تریفە بەشیعر دەدوێ
بێ ھاوتایە ئاوێنە ،
دۆست و نەیار
خۆیانی تیا دەبیننەوە .
بێ ھاوتایە....
٩
لێم دوور مەکەوە
خەونم دیوە
ئەمساڵ گوڵ دەردەکەم ،
گوڵی سوور ، زەرد ، سپی
لێم دوورمەکەوە !
دەستی یەکتر دەگرین
ھەستمان پێ ناکەن
بەسەری پەنجەکانمان ڕێ دەکەین
دەڕۆین تا لەو سنوورە لەعنەتییە دەپەڕینەوە ..
١٠
ئەوانەی خۆشیانویستبووی
ناھەق نەبوون
کانیی لەزەت ،
لە نیگەرانی ژنێک دەچێ
عەشق تاوی بۆ ھێناوە
ئەسڵی مەسەلە ئەوەیە
نەخشەی تەمەن..!
١١
دوور لە دەق ،
دوور لە دەقنووس .
دوور لە ئاھەنگی کز
دوور لە بەزمی ئاھەنگێڕان ،
ڕێگای لمی بیابانی گرتبوو
چاو لە خوێن
بەدوای شوێنپێی (با) وە بوو
دوور لە دەق ، لە دەقنووس ..
دوور لە ئاھەنگ ، لە بەزمی ئاھەنگگێڕان .
١٢
تەمەنی مانگ ،
بەقەد تەمەنی کەوانەی
سەر چاوەکانت بوو
ببوورە ،
مەبەستم ئەو دوو ئەستێرەیە
بە ڕۆژیش دەدرەوشێنەوە .
١٣
ئەو شەوە چەند درێژ بووەوە خودایە..
ئەو بێدارییە ،
بۆچی ڕەنگی لە ڕوواندا نەماوە ؟
خوایە ، میلی سەعاتەکان بۆ وەستاون ؟
گوڵەکانی ئینجانە ،
بەو شەوە بۆچی چاوبز لێم دەڕوانن ..؟
١٤
خەمەکانمان لە شەبەنگێک دەچن
لە سمکۆڵی ئەسپ و
ئاسۆی لێڵدا دەردەکەون ..
سەرابە ..
سەرابە ..
سەرابە ..
سەرابە ئەو خۆشەویستییە.
١٥
پیاسەم دەکرد
نازانم بۆچی ، لەبەر خۆمەوە
بیرم لە مێخەکبەندەکەت دەکردەوە
تۆیش پێت وا نییە سەرنجی ڕاکێشابم؟
کانوونی یەکەمی
٢٠٠٩
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|