٢١\٨\٢٠١١
مرۆڤ .. ئەو دەمەى
لە دەرەوەى نەریتى کۆمەڵگەکاندا دەبیندرێ.

بێستون حەسەن
هەمیشە وابووە و وەهاش بەرگوێمان کەوتووە کە چەپڵە بەدەستێک لێنادرێ ،
ئەمە زادەى ڕاستییەکە کە ئەشێ گەلێک مانا هەڵبگرێ و زۆرێک خوێندنەوەى
جیاجیاى لەبۆ بکرێ بەتایبەت بابەتێکى هەستیارى وەک پەیوەندى مرۆڤ بە
تاکەکانى ترى نێو کۆمەڵگاوە کە دواجار لەچوارچێوەى بەها ئەخلاقییەکاندا
ئاستى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەدیار دەکەوێ.
مرۆڤ گەر بیەوێ لەپڕێکا بگات بەهەموو ئەو ئارەزووە ڕەنگاوڕەنگانەى کە
هەیە لەخەیاڵیا بێگومان هەڵەدەکا تا ئەو ئاستەى بەر تانەو تەشەرى
دەوروبەرەکەشى دەکەوێ ، مەبەست لەمە ئەوەیە کە هەندێ لەمرۆڤەکان
دەیانەوێ بۆگەیشتن بە هەریەک لەو ئاوات و خواستانەى کە لەدەرەوەى
سنوورى تواناکانیەتى بگا بەوەى یاخى بێت لە دەورو بەر و تەنانەت نەریتى
خێزان و کۆمەڵگەکەشى . کە ئەمە زۆرجار بە ئاقارێکى نەگەتیڤ و ناشیاویدا
دەبا بۆ خودى مرۆڤەکە و تەنانەت خێزانەکەشى.
یاخود پەنا دەبا بۆهۆکار گەلێک کە لەتوانستى ئەم بەدەرە و ڕووبەڕووى
جۆرەها کاردانەوە و کارەسات ئەبێتەوە کە بەدەر لەمانە تەنها و تەنها
پەشیمانى ئەچێژێ و لەبەردەم حاڵەتێکدا خۆى ئەبینێتەوە کە زۆرجار بەدەرە
لە چارەسەر و پینە کردن بۆى . بۆیە ئەشێ هەمیشە عەقڵ و مەنتق دوو
هۆکاربن کە مرۆڤەکان بیانکەنە پێشەنگى کردەوەکانیان ، دەنا گەر بەهەر
هۆیەکى ترەوە بیئەو نەریت و بەرکەوتنى راستەوخۆى کۆمەڵگەکەت وەلاوە
بنێیت و وابزانى دوورکەوتنەوە و یاخى بوون لەوانە ئەتگەیەنێتە ئامانج ،
بێگومان تاسەر ئێسقان کارێکە هەڵًەیە و دەرئەنجامى خراپى لێ چاوەڕوان
دەکرێ.
زۆرجار بینیومانە هەموو ئەوانەى لەودیو یاساکانى مرۆڤبوون
و کۆمەڵگەوە ویستویانە بەجۆرێک لەجۆرەکان پلەبەندى باڵاو دیار وەدەست
بخەن تا ناوو شوهرەتێک بەدەست بێنن ، توشى داڕمانى عەقڵ و کەرتبوونى
بارى دەروونى بوونەتەوە بەوەى ناشێ و ناکرێ بەتەنها هەموو کارێکت
پێبکرێ و بتوانى بە ئامانج بگەى ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە با مرۆڤ
هەمیشە چاوەڕێى دەستى کەسانى تر بێ ، نەخێر ... چەندە گرنگە پشت
بەتواناو ئیرادەى تاکەکەسى ببەستى مەرجیش بەهەمان شێوە لەوکارانەى کە
بەتەنها نابرێ بەڕێوە هەمیشە یاوەرێکت بۆخۆت و کارەکانت بونیاد بنێیت .
سەرەڕاى کارامهیی بیرکردنەوە و بەکارهێنانى عەقڵ وەک سەرچاوەیەکى
هەرگرنکى بە ژییان بون و ڕاست بینینى دونیا لەدیدێکى عەقلانییەوە .با
بەهەموومانەوە کاربکەین تا هۆشیارى تاک بە ئاڕاستەیەکدا بەرین تەواوى
مرۆڤەکانى تر و کۆمەڵگەش لێیەوە سوودمەند بن و بیرى نوێ و کارى جوان و
سوودمەندانە ببەخشینە دەوروبەر با بخوێنینەوە تا لەهەموو ئەو شتانەى
لێى نەگەیشتوین لەتاف و سەردەمانێکى پێش خۆماندا هەبوون پێى بزانین و
هۆکارێک بن تا خۆمان و نەوەکانى دواى خۆشمان بە ڕێگەیەکى ڕاستدا
ببات.بەردەوامى بۆهەموو ئەوانەى کە تەنها کەسێک بە ڕێگەى باشدا دەبا و
هۆشیارى بڵاوەکاتەوە.
ماڵپهڕی بێستون حهسهن
|