په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠١٧

مرۆڤ گوڵ لە زەوی راناکێشێ!

 

پشکۆ ئەمین      


''مرۆڤ گوڵ لە زەوی راناکێشێ!'' ئەمە وتەی دیلەک مایاتورک یوکسالە کە خیزانی دەنیز یوکسالی ٤٣ ساڵی ئامەدیە کە لەزینداندا لە ٢٠١٧/٤/١١ دا شووی پێکرد. دەنیز ئەو رۆژنامەنوسە کوردەیە کە لە باکوری کوردستانەوە چوەتە ئەڵمانیا و لەوێ بوەتە خاوەنی رەگەزنامەی ئەڵمانی بەداخەوە جنسیە تورکیەکەی هەرماوە، بۆیە گرتنەکەی خراپتر بەسەریدا شکاوەتەوە!!!


دەنیز ماوەی ١٤ ساڵە بۆ رۆژنامەی دی ڤیلت (دنیا)ی ئەڵمانی وەک ریپۆرتاژ نوسێکی سەرکەوتو بە باشترین شێوە کاری کردوە، شارەزایەکی باشی هەیە لە مێژوو و زمان و جوگرفیا و کولتور و لە سیاسەت و پەیوەندی نیودەوڵەتیدا بە تایبەتی هی تورکیا و ئەڵمانیا!!

 

دەنیز و دیلەک


ئەم رۆژنامەنوسە ماوەی ١٢٨ رۆژە ئەردوگان کە تورکیای کردۆتە زیندانیکی گەورە بە بیانوی ئەندام بوون و کارکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پێ کە کە)، زیندانی کردوە و تا ئەمڕۆش دادگای نەکراوە، لەو ماوەیەدا ١١٣ رۆژی لە ژوری تاکە کەسیدابوو، رێگەیان نەدەدا کەس ببینێت و سەردانی بکات، تەنانەت دیلەک مایاتورکی خێزانیشی، تەنها تاوانی دەنیز ئەوەیە کە راستیەکانی لە تورکیاوە بۆ رۆژنامەی دی ڤێلت دەگواستەوە و دەنوسی. بێگومان ئەردوگان و تورکیاش نایانەوێت کە راستیەکان و تاوانەکانی ئەردوگان و دارودەستەکەی دزە پێبکرێت و بێتە دەرەوە و بزانرێت!!


زیندانەکانی تورکیا پڕن لە رۆژنامەنوسی زیندانی کراو، ئەوانەی کە رەخنە لە ئەردوگان دەگرن، باس لە فاشیەتی رژیمەکەی دەکەن و هاوکاریەکانی ئەو رژیمە بۆ داعش و تیرۆرستە ئیسلامیەکانی ناو سوریا و عێراق بڵاودەکەنەوە،کە هەردوو وڵاتیان بەسەریەکدا تێک و پێکدا، بونە هۆی ماڵ وێرانی و سەرگەردانی سەدان هەزارکەس!! ئەمرۆ لە تورکیادا هەرکەس رەخنەیەکی پچوک لە ئەردوگان و دەسەڵاتەکەی بگرێت، ئەوا بەجنێو دادەنرێت کە بە سەرۆک کۆمار درابێت، بۆیە بێ هیچ ئەمسەر و ئەو سەرێک و یاسا و رێسایەک و دانانی هیچ نرخێک بۆ ئازادی مرۆڤ، ئەوا دەبرێت بۆ زیندان و لەلایەن دادوەرەوە بە تاوانیک دەدریتە دادگا و تاوانێکی بۆ دادەتاشرێت!!


بەشی زۆری تاوانەکانیش لە تورکیادا ئەم دوانەن، پاڵپشتی کردنی تیرۆر و بەشداری کردن لەتیرۆردا، کەدەکاتە پشتگیری کردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان،کە لای رژێمی تورکی تەنها پێ کە کە تیرۆرستە! یاخود دەڵێن سەربە گوڵەنە،کە بە دروستکەرانی دەوڵەتی ناو دەوڵەت تاوانباریان دەکەن!


کرستیان میر سەرۆکی دەستەی رۆژنامە نوسانی بێ سنور دەڵێت کە ئیستا ١٢٠ رۆژنەمانوس لەزینداندان لە تورکیادا، کچە رۆژنامەنوس و وەرگێڕ موسیلا تولون، کیژەکوردی وانی تەمەن ٣٣ساڵ کە میردەکەشی هەر زیندانی کراوە یەکێکیترە لەو رۆژنامە نوسە ئەڵمانیایانەی کە وەک وەرگیر بۆ وەکالەت و رۆژنامەی چەپەکانی ئەڵمانیا کاردەکات، لە ٣٠.٤.٢٠١٧ دا میتی تورکی و پۆلیس و دژەتیرۆر دایان بەسەر شوقەکەیدا کاتێک کە لەگەڵ منداڵە دوو ساڵانەکەیدا نوستبوو، بە ئەمری دادوەر و بەبیانوی تیرۆر و پرۆپاگەندە بۆ تیرۆرستان واتە پێ کە کە، ئەویش دەستگیرکرا و تائێستا لە زینداندایە!


لە وڵاتێکدا قانون هەبێت و یاسا سەروەربێت، بە دیموکراسیانە کار بکرێت، دادگا دەتوانێت تەنها بۆ ماوەی ١٤ رۆژ خەڵک زیندانی بکات بێ دادگایی کردن و بەسەردا سەپاندنی سزا و تاوان، بەڵام لە تورکیادا بە ساڵ زیندانی دەهێڵرێتەوە بێ دادگای کردن!! گەرچی زۆر باس لە سەروەری یاسا و دیموکراتیەتیش دەکرێت!!


ئەمڕۆ لە تورکیادا دەیان رۆژنامەنوسی تر بەهەمان هۆ لە زینداندان، بۆیە بە تورکیا دەوترێت قەبرستانی رۆژنامەنوسان، ئەمە جگە لە دەیان رۆژنامەنوسی تورکی، رۆژنامەنوس بە رۆژی روناک لەسەر شەقامی گشتیدا بە بەرچاوی خەڵکەوە لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەشدا دەدرێتە بەر فیشەک و تیرۆردەکرێن یان رۆژنامەکانیان دادەخرێت و ماوەی کار کردنیان لێدەسەندرێتەوە، لە پاش کودەتا دروستکراوەکەوە بە دەیان رۆژنامە و تەلەفزیونی ناوچەی داخراون و خاوەن رۆژنامە و تەلەفزیون زیندانی کراون و تاوانیکیان بۆ سازدراوە، ئەردوگان و رژێمەکەی هەر بەمەوە نەوەستا کە تەنها رۆژنامەنوس و کاتیریست و ساتیرستی ولاتەکەی خۆی بگرێت، بەڵکو کەوتە پەلاماردانی رۆژنامەنوسانی ولاتانیش، داوا لەولاتەکانیان دەکات کە زیندانیان بکات یاخود خۆی دەیاندات بەدادگا وەک چۆن لەگەڵ ساتیرست یان بۆمەرماندا کردی!!


دوێنێ دەنیز لە زینداندا مەدالیای تیودور ڤۆڵفی پێ بەخشرا کە ئەم خەڵاتە بەناوی رۆژنامەنوس و سەرنوسەری بەناوبانگی رۆژنامەی بەرلین تیودور ڤۆلفەوەیە کە لەسەردەمی نازیەکاندا لە١٩٣٣دا رایکردە فەرەنسا و لەوێ لەلایەن گیستابووە گیرا و رەوانەی زیندانەکانی ئەڵمانیا کرایەوە و لە ساڵی ١٩٤٣دا لەخەستەخانەی جولەکەکانی ئەڵمانیا لە بەرلین گیانی لە دەستدا، مەدالیای تیودور ڤۆلف کەلە لایەن یەکیەتی رۆژنامەنوسانی ئەڵمانیەوە دەدرێت بەو رۆژنامەنوس و رەخنەگر و راکردوەکان لەپێناو ئازادیدا، وەک سمبولێک بۆ دەستخۆشی و ئازایەتیان لە کارەکانیاندا کە لەپیناوی ئاشتی و ئازادی مرۆڤدا کردویانە، ئەمساڵ ئەم مەدالیایە درایە ٥ رۆژنامەنوسی ئەڵمانی کە لەناویاندا دەنیز بە باشترینیان دەرچوو. ئەمە هیز و گوڕ و توانایەکی باش دەدات بە دەنیز بۆ خۆراگرتن!!


جێگەی دەست خۆشیە کە هەموو رۆژنامەنوسانی ئەڵمانی و هاوکارانی دەنیز لە دی ڤێلت و دەسەڵاتی ئەڵمانی بە هەمو حیزبەکانیەوە داوای بەرەڵاکردنی دەنیز دەکەن و لە هەوڵی ئازادکردنی دەنیزدان، داوا دەکەن کە هەمو ئازادیخوازێک بۆ ئازاد کردنی دەنیز و گشت رۆژنامەنوسانی زیندانی تورکیا بۆ ئازادی ڕا دەربڕین و نوسینی ئازاد کار بکەن و تێبکۆشن.

 

 

pshko.Amin@hotmail.de

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک